ئەو ڕۆژانەی کە لە ئێزگە بووم
گه‌زیزه‌

کاتێ خوێندکاری بەشی هونەری شانۆی ئەکادیمیایی هونەرە جوانەکانی زانکۆی بەغدا بووم، زۆرترین و جوانترین ڕۆژی هونەری و خوێندنم بۆ خۆم تۆمار کرد، ڕۆژگارێک پڕ بوو لە چالاکیی جۆراوجۆر، نمایشی شانۆیی، خوێندنەوەی بەردەوام، سەیرکردنی فیلمی جۆراوجۆر لە پەیمانگای بەریتانی، کە ئەو کاتە ئێمە لە بەشی ناوخۆییدا بووین لە بابولموعەزەم، هەم کۆلێجەکەمان و لە هەمان کاتیشدا بەشی ناوخۆییەکەمان لە یەکەوە نزیک بوون و بە پێ بەناو کۆڵان و گەڕەکەکانی ئەوێدا هاتوچۆمان، دەتوانم بە رۆژە جوانەکانی ژیانی خۆمی دابنێم، بەتایبەت لە بەهاراندا کە بەلای ماڵە گەورەکانی ئەو کۆڵانە گەورانەدا دەڕۆشتین بۆنی چرۆی وەریوی گوڵی درەختی پرتەقاڵ بە جۆرێک دڵ و ڕۆحتی دەتەنی، وات دەزانی جوانی و بێگەردیی ئەو گوڵە سپییە بچووکانە وەک مرواری بەسەرتا دەبارێن، ئێستاش بەهەر شوێنێکی دونیادا بۆنی گوڵی وەریوی بەهارانەی پرتەقاڵ بکەم، ناتوانم یادەوەرییەکانی ئەو کاتە لەیاد بکەم، زۆربەی ماڵەکانی ئەو گەڕەکانە ماڵی دەوڵەمەندان بوون.

 خانووی گەورە و باخ و حەوشەی پڕ لە درەختی خورما و پرتەقاڵ و لیمۆ، بە جۆرێک کە لەمبەر و ئەوبەری ماڵەکان درەختەکانیان ئەوەندە بەتەمەن بوون لق و پۆپەکانیان دابویانەوە لە یەکتری، لە هەندێ شوێنێدا بە ئاستەم ڕووناکایی ئاسمانت دەبینی، هەر رۆژەی بە رێگایەکدا دەڕۆشتین، تەنانەت پەیمانگای بەریتانیش هەر لە هەمان ناوچە بوو کە زۆرینەی ئێواران بۆ سەیری فیلم و خوێندنەوەی کتێب دەچووین، من هەر لەو ڕۆژانەوە بەرنامەکانی ژیانی خۆم زۆر بە رێکوپێکی دادەڕشت، هەستم دەکرد تاکە شتێک کە زۆر بەنرخ بێت و دەبێت زۆر بایەخی پێ بدەم تەنیا (کات)ە تا بتوانم هاوسەنگییەک لەنێوان کار و خوێندن و گەڕانەکانمدا بگونجێنم.

 هەفتانە یەک یان دوو ڕۆژ لە ڕادیۆی کوردی لە بەغدا تۆمارکردنی بەرنامەم هەبوو، بەرنامەکەش تایبەت بوو بە منداڵان، هەتا چەند ساڵێکی سەرەتا هاوڕێی ئازیزم (رزگار کەریم) بەرنامەکەی ئامادە دەکرد و منیش پێشکەشم دەکرد، دواتر کە ئەو کۆلیجی تەواو کرد، ئیتر خۆم بەرنامەکەم ئامادە دەکرد و پێشکەشم دەکرد، بۆیە کاتی ئامادەکردنیش پێویستی بە خوێندنەوە و هەڵبژاردنی بابەتی هەمەجۆری تایبەت بە منداڵان بوو، کە ئەوەش گەڕان و ماندووبوونی زۆری دەویست و دواتریش نووسینەوەیان بە دەست و بە شێوەیەکی جوان، چونکە پاش تۆمارکردن لە ئێزگە لێیان وەردەگرتم و لای خۆیان هەڵیان دەگرت.

 ئەو کاتەش کۆمپیوتەر نەبوو، تەنانەت بۆ گەڕانی بابەتەکانیش دەبوو هەر بچوومایەتە کتێبخانەی زانکۆ، ئەگەر هەندێ بابەتم دەست بکەوتیایە وەرم دەگێڕایە سەر زمانی کوردی، هەموو هەفتەیەکیش کە کاتی تۆماری بەرنامەکە دەهات دەبوو خۆم بەتەنیا بچم بۆ ساڵحییە، کە دەکەوتە ئەوبەری ڕووباری دیجلەوە.

 پێش ئەوەی رادیۆی کوردی بەغدا بچێتە ئەو دامەزراوە گەورەیەی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەغدا، خۆی بەتەنیا لە بینایەکی کۆندا بوو لەسەر سووچێکی ساڵحییە، بەڵام دواتر گواسترایەوە بۆ ئەو بینا گەورەیەی کە پێی دەگوترا دامەزراوەی گشتیی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەغدا، کە بریتی بوو لە چەند ژوورێک و ڕاڕەوێک بە جیا، بەڕاستی شوێنێکی زۆر گەورە و جوان بوو، ڕۆژانە هونەرمەندە عێراقییەکانم لەوێ دەبینی، سەرجەمی تایبەتمەندییە هونەرییەکانی تێدابوو، لە ستۆدیۆی گەورە، گۆڕەپانی جوا، چێشتخانە و کافێی جوان، پاشان کە خوێندنم تەواو بوو، یان هاوینان کە دەگەڕامەوە سلێمانی، مانگانە یان دوو مانگ جارێک دەچوومەوە بۆ بەغدا و بەپێی مانگەکە چەند ڕۆژێک دەمامەوە تا بەشی ئەو مانگە بەرنامە تۆمار بکەم.


باسنیوز  

AM:09:17:10/06/2018