سپی و وەرزی نوێ
ڕەوا بورهان

چرکە بە چرکە ئاستەنگەکانی میدیای ئەهلی گەورە دەبێت، هیچ ساتێکی مێژووی میدیایی کوردی هێندەی ئێستا تاریک نییە، ئەمڕۆ ئاستەنگەکانی میدیای ئەهلی سەدانجار گەورەتر بووە لەو ساتەی کە یەکەمین ڕۆژنامەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان دوای ڕاپەڕین بڵاودەکرێتەوە، ئەو ڕۆژنامەیەی دووساڵە دوالاپەڕەکانی لێکناوە و نابینرێتەوە، لەم شەوە زەنگە تاریکەی میدیای ئەهلیدا سپی مۆمی پێنجەم ساڵەی تەمەنی بە دنیایەک خەونی گەورەوە دادەگیرسێنێت.

میدیای ئەهلی هەر لەسەرەتایی دروستبونییەوە لە 5/11/2000دا لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەداو ئاستەنگی گەورەدابووە‌و هەیە، ئەمرۆ ئەحزابە سیاسیەکان پارەیەکی زۆریان هەڵرشتووە تابتوانن کۆمەڵێک میدیای سێبەر و کاراکەتەری میدیای سێبەر دروست بکەن کە کاریان بێماناکردنی کاری میدیایە لەلایەک‌و لەلایەکی دیکەش دەیانەوێت سەرنجەکان لەسەر میدیای ئەهلی کەمتر بکەنەوە، کە ئێمە پێدەنێینە ساڵی پێنجەمی لەبەردەم سەرجەم ئەو تەحەدا گەورانەداین، ئەوەی دڵخۆشی کردوین ئەوەیە خەونێک‌و ویستێکی گەورەمان هەیە کەبتوانین میدیایەکی جیاواز پێشکەش بکەین، میدیایەک کە زیاد لە وێنەیەک بگوێزێتەوە و لەئازارەکانی خەڵکەوە نزیکتربێت، بێلایەنتر بێت‌و هاوسەنگانە تر‌و لەسەروو هەمووشیەوە هێڵی سووری گەوجاندنی ئینسانی ئێمە دەبێت، کە ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکان بە ملیۆنان دۆلاریان بەخشیوەتە میدیاکانیان بۆ ئەو کارە.

ئێمە دەزانین ئەوەی لەبەردەمماندایە سەختە، دەزانین بێ گرفت نابین، دەزانین ئێمە لەکاپیتانی کەشتیکەی نۆح دەچین کە دواجار ناتوانین هەموو بونەوەر‌و هەموو مرۆڤەکان رزگار بکەین، بەڵام بێگومان دەستبەرداری ئەو خەونەش نابین و میدیایەک پێشکەش بکەین بەو ئیمکانییەتە کەمەی کە لەبەردەستماندایە کە باکی نە بە چاوسوورکردنەوە بێت و نە باکی بەو تۆمەتانە بێت کە ڕۆژانە ئاڕاستەی دەکرێت.

لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا زۆرێک هاوکار و درێژە پێدانی سپییەوەبوون، زۆرێکیش دەیانویست بێ هیوامان بکەن و لەو باوەڕەدابوون کە میدیاکە شەش مانگ تێپەڕناکات و دادەخرێت، بەڵام ئەمڕۆ سپی پلان بۆ وەرزێکی نوێی کارکردنی دادەنێت، وەرزێک کە سەرنجی لەسەر گەشەپێدانی بلۆگە بۆ سەرجەم ڕووداوە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان و جیهان، دەیەوێت لەو ژاوەژاوە بەرفراوانەی کە دەبیسترێت گەشە بە گفتوگۆیەکی هێمن بدات و زیاد لە دیدگایەک بەردەوام بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکان بخاتە ڕوو.

سپی خەونی گەورەی هەیە، هەنگاوی گەورەی ناوە و ئێستا یەکێکە لە ماڵپەڕە پڕخوێنەرەکانی هەرێمی کوردستان و دڵخۆشیشین کە ڕۆژ بەرۆژ خوێنەری ئەم ماڵپەڕە بەرفراوان دەبێت، بەڵام ئەمە هەموو چاوەڕوانی ئێمە نییە، گرفتی ئابووری کە ئەو چەند میدیا کەمە ئەهلیەی کە هەیە گرتووەتەوە لە ئێستادا بە سەخترین شێوە دامەزراوەی میدیایی سپی گرتووەتە خۆی، ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە ناوەستین هەوڵەدەین لەگەڵ ئەوەشدا گەشە بکەین.

ئەمڕۆ نەک ئەوەی حزبەکان لە ڕێگەی پارەیەکی زۆرەوە ڕۆژنامەنووسانی میدیای ئەهلی دەکڕن، بەڵکو بەشێک لەو سەرمایەدارانەی لە هەرێمی کوردستاندان و ئەو کۆمپانیایانەی کە هەن کەمترین ڕیکلام لە میدیای ئەهلیدا دەکەن، نەک لەبەر ئەوەی کە ئەو میدیایە کاریگەر نییە، نا بەڵکو لەبەر ئەوەی ستایشیان ناکات و ئەوان دەیانەوێت لە جیاتی لەبەرامبەر ڕیکلامدا کۆمەکی میدیاکان بکەن، لە بەرامبەر ستایشدا پارە بە میدیای ئەهلی ببەخشن و سپیش ناچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.

لەم چەند ساڵەدا و ئێستاشی بەسەرەوە بێت ئەوەی پاڵپشتی سەرەکی دامەزراوەی میدیایی سپی بووە، ئەو نوسەر و ڕۆژنامەنوسانە بوون کە خۆبەخشانە و بێ بەرامبەر بە بێ ئەوەی چاویان لە هیچ پاداشتێک بوون بۆ سپیان نوسیوە و ئێمە لە یادیان ناکەین و بە هاوکاری ئەوان هەنگاو بۆ وەرزێکی نوێ سپی دەنێین و هیوادارین لەگەڵماندا بەردەوام بن.

AM:10:31:14/06/2017