‌نەوشیروان مستەفا پێی وتم، راستەوخۆکەتم بەدڵ نەبوو
ژاڵه‌ محه‌مه‌د
نەوشیروان مستەفا پێی وتم، راستەوخۆکەتم بەدڵ نەبوو!!!
وەک وەفایەک بۆ پیاوێکی تێکۆشەر و ماندوو


لە رۆژی 28ی 4ی 2015 مەسعود بارزانی بە مەبەستی هەواڵپرسین لە باری تەندروستی مام جەلال سەردانی سلێمانی کرد، دەنگۆی ئەوە هەبوو سەردانی نەوشیروان مستەفاش بکات، هەر بۆیە من لە گەڵ ستافەکەم لە گردەکە لە چاوەڕوانیدا بووین بۆ ئەوەی روماڵی هاتنەکەی بارزانی بکەین، لە دوای راستەوخۆیەکی من لە بەردەم مەکۆی سەرەکی گۆڕان کە تایبەت بوو بە سەردانەکەی بارزانی، لە گردی زەرگەتەوە سەیری خوارەوەم کرد بینیم کاک نەوشیروان لە حەوشەی ماڵەکەی لە سەر کورسیەکی پلاستیکی بە تەنیا دانیشتبوو، منیش لە گردەکە دەرچووم بەرەو ماڵەکەی بەڕێزیان، کە گەیشتمە ئەوێ داوای بینینیم کرد، بەڵام پاسەوانی بەر درەگاکە وتی کاک نەوشیروان نایەوێت بۆ لێدوانی رۆژنامەوانی کەس ببینێت لە سەر هیچ بابەتێک، بەڵام من کۆڵم نەداو و بانگم لە یەکێک لە کوڕەکانی کاک نەوشیروان کرد کە لە حەوشەی ماڵەکەدا بە پێوە وەستابوو، پێم وت دەمەوێ کاک نەوشیروان ببینم بەڵام ئەویش وای ئەزانی بۆ لێدوانە و وتی چاوەڕێ بکەن، مەبەستی ئەوە بوو کە کاک نەوشیروان ئاگادار بکاتەوە، دوای ماوەیەکی کورت لە چاوەڕوانی هیچ دەرئەنجامێکم دەست نەکەوت هەر بۆیە خۆم لە پاساری حەوشەکەوە، سەرم هەڵبڕی و بانگی کاک نەوشیروانم کرد و دەنگی خۆمم پێ گەیاند و وتم کاک نەوشیروان ئەمەوێ بتبینم. 


یەکسەر لای کردوەوە و لە سەر کورسیەکەی هەستاو و ئاماژەی بە کوڕەکەی و پاسەوانی بەردەرگاکە کرد کە من بچمە ژوورەوە بەڵام بە بێ مایک و کامێرا، کە لێی نزیک بوومەوە سڵاوم کرد و تەوقەی لەگەڵ کردم. وتم کاک نەوشیروان هیچ قسەیەکت هەیە لە سەر سەردانەکەی بارزانی؟ پێکەنی و داوای کورسیەکی کرد و پێی وتم فەرموو دانیشە، لە کاتی دانیشتنەکەدا یەکسەر پێی وتم، راستەوخۆکەتم بەدڵ نەبوو، وتی، بۆ دەڵێی پێدەچێت بارزانی سەردانی نەوشیروان مستەفا بکات، بازرانی نایەتە ئێرە و سەردانی من ناکات، ئەگەر دڵنیا نیت کە سەردان دەکات یان نە، مەیڵێ، منیش پێم وت کاک نەوشیروان ئی بەرپرسەکان زۆر جار زانیاریمان نادەنێ بۆیە رۆژنامەنووس ناچارە بڵێ " پێ دەچێت یان لەوانەیە ". ئیتر بزەیەک هاتە سەرلێوی و وتی، ئەوش هەیە، دواتر دوای موناقشەیەکی زۆر لە سەر هاتنەکەی بارزانی بۆ سلێمانی باسی بەهاکانی هەواڵی کرد و دۆخی ژنان و بەشداری کردنیان لە بوارە جیاوازەکانیش بەشێک بوون لە قسەکانمان، وتی، ئێمە درگامان واڵایە بۆ ژن، بەڵام رەخنەشی هەبوو لەوەی کە ژنان خۆیان هەوڵ نادەن بۆ بەرەوپێشچوونی خۆیان و سەلماندنی تواناکانیان، وتی، من هەمیشە پشتیوانی ژنانم و لە ناو گۆڕانیشدا بواریان بۆ رەخساوە بۆ ئەوەی تواناکانی خۆیان بسلمێنن.

من لێدوانم بیر چوو بووەوە و کات زۆر بەخێرایی تێپەڕ دەبوو، خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، هەستم کرد دڵخۆش بوو بەوەی کە من لەوێ بووم، وەک چۆن من حەزم ئەکرد بەردەوام بم لە گفتگۆکردن لە گەڵ کاک نەوشیروان و سود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو پیاوە مەزنە. بۆ یەکجار نەمبینی جگەرەیەک بکێشێت بەڵام چەند جارێک لەگەڵ پێکەنینەکەیدا ئەکۆکی، چەندین جار لە کاتی قسەکردنیدا سەیری باخەکەی ئەکرد و دار چنارەکان و گوڵەکانی بووبوونە جێگای تێڕامانی.

من وتم کاک نەوشیروان لە کاتم گرتی، پێی وتم ئەم ئێوارەیە لامان بمێنەوە، پێی وتم، زۆربەی ئێواران لە حەوشەکەی دادەنیشێت و ئەتوانم سەردانی بکەم.

هەستاینە سەر پێ بۆ ئەوەی من بڕۆم، کە تەوقەم لە گەڵ کرد سێ شتی پێ وتم، وتی، بەردەوام بە لە کارەکەت و خۆت پێبگەیەنە تا ئەتوانی خوێندنەوەت زیاد بکە، پێی وتم، لە کاتی قسەکردندا، هەرچیم وت، تۆ موناقشەت لە گەڵ کردم و نەتوت بەڵێ وایە، سێهەم شت کە پێی وتم وتی، تۆ داوای رەسم گرتنت نەکرد لە گەڵ من، من پێکەنیم وتم کاک نەوشیروان ئەوەتا هەمیشە لێرەی چ پێویست بە رەسم دەکات، لە کاتی رێگا رۆشتن بەرەو دەرگای حەوشەکە جارێکی تر زۆر بە جوانی تەوقەی لە گەڵ کردم و بەڕێی کردم. کە هاتمەوە ناو سەیارەکە بۆ ئەوەی بەرەو کەناڵ بەڕێ بکەوین سەیرم کرد کامێرامانەکەم ناو سەیارەکەدا خەویی لێ کەوتبوو کە هەستا لە خەو وتی، ژاڵە بۆ ئەوەندەت پێ چوو؟ بێدەنگ بووم و لە کاتی رۆشتنی سەیارەکە بەروە کەناڵ، سەرم هەڵبڕی و لەم دیو دیواری ماڵەکەیەوە سەیری کاک نەوشیروانم کرد کە سەرقاڵی ئەو دارچنارانە بوو کە لە سەر دەستی ئەو ئێستا گەورە بوون.


وێستگه‌ نیوز 


AM:12:57:17/06/2017