میدیاو جەنگی وێنەکان
ئازاد ئیبراھیم
چینییەکان وتویانە "وێنەیەک کاریگەری سەدان و ھەزاران وشەی دەبێت"
ڕەنگە ھەرئەم بۆچوونەیش وای لەمیدیاکان کردبێت، لەکۆن و لەئێستایشدا؛ بەردەوام لەناکۆکییە سیاسی و ئابووری و وەرزشی! و ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا، بگەڕێنەوە بۆ پەیامی وێنەو جەنگی وێنەکان.

جەنگی وێنەکان کە زیاتر لەسەروبەندی تێکشکانی وڵاتێک لەبەرامبەر وڵاتێک و لایەنێک لەبەرامبەر لایەنێکیتردا دەردەکەوێت. ئەم جەنگە مێژوویەکی قوڵ و درێژی ھەیەو بەپێی جوگرافیای میدیاو کۆنترۆڵکردنی میدیا، لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر دەگۆڕێت. ھەندێکجار "پێکدادانی میدیاکان"یشی پێدەوترێت.

لەئەمریکادا، لەچەند وێستگەیەکدا ئەم جەنگە دەرکەوتووە. کاتێک ئەمریکا لەجەنگی ڤێتنام تێکشکا، بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکانی پشتی بە ھەندێک وێنەی کۆن بەست کە لەدوای تەواوبوونی جەنگیش نەزانرا ئەو کوژراوانە کێبوون و چۆن میدیای ئەمریکی وێنەکانی بڵاوکردنەوە. جەنگی ئەمریکاو ئیسپانیاو دوورگەی ھاوای و پاشان عێراق! یەکێکیترە لەو وێستگانەی میدیای ئەمریکی شەڕی وێنەکانی تێداکرد، بەڵام بەھۆی پیشەییبوون و ئیتیکی میدیاییەوە لەئەمریکادا ئەم جەنگە درێژە ناکێشێت.

لەعێراقیشدا، ئەم جەنگە لەماناو جۆرەکانیدا مێژوویەکی گەورەی ھەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ھەشت سەدە پێش ئێستا (١٢٢٨). سەدام حسێن و دەسەڵاتەکەی وێنەی سەردەمی "خواریزم"یان بەکارھێنا کە ناوچاوی کەسەکانی ناو وێنەکان لەشێوەی پیتی (X ی لاتینی) داخکرابوو. میدیاکانی بەعسیش لەجەنگی نەیارەکاندا بەکاریان دەھێناو ھەندێکجار لەمەیدانەکانی ناو بەغداددا لەڕێگەی وێنەکانەوە ھەمان کرداری دووبارە دەکردەوە.

لەجەنگی ئێران و عێراقدا، لەبەرزۆر کوژراوەکان، ڕۆژنامەنووسەکەی ڕۆژنامەی ئێندیپێندێنتی بەریتانی نەیتوانی داتای تەواو بدات بەدەستەوە چەمکی "فەرشی لاشەکان"ی بەکارھێنا، بەڵام میدیای بەعس نەک واقیعی جەنگەکەی نەگواستەوە بەڵکو ھەندێک سەربازی کوژراوی جەنگی عەرەب ـ ئیسرائیلیان خستەسەر شاشەو بەکوژراوی ئێرانی ناوی بردن.
ئەگەرچی بینەری ناوخۆی عێراق نەیاندەتوانی ڕاستی وێنەکە ئاشکرابکەن، بەڵام ھەرزوو لەئاستی دەرەوەدا وێنەکان ڕەدکرانەوەو مێژووی کوژراوەکان ئاشکرا کرا.

میدیاو جەنگی وێنەکان، لەمێژووی سۆڤییەتدا ھەیە کاتێک لەئەفغانستان لەبەرامبەر ئەمریکادا دۆڕا. لەمێژووی ئێرانی شاھەنشاییدا ھەیە. لەتورکیایش لەمێژووی جەنگی نێوان تورکیاو گەریلاکانی PKKدا ھەیە. لەمیانمارو بەنگلادشیش ھەیە. لەیەمەنیش جەنگی نێوان سعودییەو حوسییەکان لەشاری "تەعز" ھەیە. لەسوریایش لەدوای ساڵی ٢٠١١ەوە بەئاشکرا ھەیەو بەردەوامە.

 

لەباشووری کوردستانیشدا دەمێکە میدیاکان مێژووی ئەم جەنگەیان دووبارەکردووەتەوە.
ھەر چەند ڕوژی ڕابردووبوو لەڕووداوەکانی میانمارەوە میدیا ئیسلامیی و ئیخوانییەکان کەوتنە خۆداڕنین بۆ وێنەی چەند مناڵ و ژنێک گوایە بەدەستی ناموسڵمانەکان کوژراون و دەستدرێژی کراوەتەسەریان. بەڵام دواتر دەرکەوت وێنەکە باشووری ئەفریقیایەو ڕاستی ڕووداوی میانماریش جەنگی موسڵمان و ناموسڵمان نییە، بەڵکو لەوەوە سەریھەڵداوە کە سێ گەنجی موسڵمانی رۆھینگیایی دوو کچی بودی لەخێڵی "ئاراکان"ی ناموسڵمان ئەگرن و پاش ئەوەی بە کۆمەڵ دەست درێژی سێکسی دەکەنەسەریان، بەدڕندانەترین شێوە دوو کچەکە دەکوژن و ھەڵدێن.

لەدوای ڕووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەری کەرکوکیشەوە، ھەمان جەنگی وێنەکان لەڕێگەی میدیای حیزبی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پێترۆقەڵەمەکانەوە دەستی پێکردووەتەوە.
لەھەندێک ناوچەی کوردستاندا میدیاکان مێژووی ئەم جەنگەیان زیندوکردووەتەوەو گەڕاندویانەتەوە بۆ ئەو وێنانەی کە نەبەژینگەو نەبەڕووداوو نەبەنەتەوەو زمان، ناکەونەنێو مێژووی کوردو کوردستانەوە.
بۆیە بینیمان ھەرزوو ئەو وێنانە ڕەدکرانەوەو ھەرچی بینەری وشیارە نەکەوتنەژێرباری ھزرو ژەھری ئەو میدیایانەوەو ئەو میدیایانەیش ڕاستەوخۆ جەنگی وێنەکانیشیان دۆڕاند.

بەپێی ئاگایی ئێمە، یەکێک لەو وێنانەی کە ھەندێک لەمیدیا چەواشەکارەکانی باشووری کوردستان ئیشیان لەسەرکردووە، وێنەی تێکشکانی دەبابەیەکی جۆری "ئەبرامز M١ Abrams"ە کە ساڵی ٢٠١٢ داعش لەموسڵ ٧٠ دەبابەی لەوشێوەیەی ئەمریکای تێکشکاندووە. بەڵام بەشێک لەمیدیاکانی باشووری کوردستان بەدەستکەوتی چالاکییەکی ١٩ی ئۆکتۆبەری "پردێ" باسی دەکەن. بەڵام ئەمەیش شتێکی ناڕاستەو جگە لەقوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان ھیچ سوودی بوو و نایشی بێت.

یەکێکیتر لەوێنەکان وێنەی ژمارەیەک کوژراوی سعودییە لەشاری "تەعز"ی وڵاتی یەمەن. کە لەجەنگی نێوان سوپای یەمەن و سعودییەو حوسییەکاندا کوژراون. بەڵام میدیا بێئیتیک و ناپرۆفیشناڵەکان بەم وێنانە ئاگری جەنگ خۆش دەکەن و پێیانوایە پیشاندانی ئەو وێنانە لەسوودی کوردە، لەکاتێکدا بۆ بینەرێکی بێئاگا ئەو وێنانە لێکەوتەی خراپی دەبێت و گریمانەیەکی تەواوە لەگەڕەکێکەوە بۆ شارێک و بۆ وڵاتێک ئاگری شەڕەکە خۆش بکات.

ئەگەر سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم میدیایانە دانەنێن، ئەوا ئەم جەنگەی میدیا بۆ مەبەستێک دەیکات، زیانێکی زۆری بۆ کوردو پێگەی سیاسی باشووری کوردستان دەبێت و توشی کارەساتی خراپترمان دەکاتەوە.

كوردستان نیوز 


AM:05:55:25/10/2017