له باشووری كوردستان ده‌یان كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانی‌و لۆكاڵی‌و ناو پاره‌یی بوونیان هه‌یه، رۆژانه‌و شه‌وانه، له رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرد، یان ئامێری ناوخۆیی په‌خشه‌وه سه‌ر به‌دواماڵدا ده‌كه‌ن، هه‌رچی به‌رنامه‌ی بێ له‌زه‌ت‌و بێتام هه‌یه پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، هه‌رچی درامای توڕدراوی ناو زبڵخانه‌ی وڵاتانی دراوسێ هه‌یه، ده‌یهێنن و ده‌یكه‌نه خۆراكی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و هه‌رچی كلتووری كورده‌واری و رێسا خۆماڵییه‌كانه تێك و پێكی ده‌شكێنن!
له نمونه‌یه‌كی روون و بێ پێچ و په‌نادا، له‌م كه‌ناڵانه زۆرترین پڕوپاگه‌نده بۆ كاڵای توركی، زنجیره دراما‌و فیلمی توركی، كه له ناوه‌ڕۆكدا دژه كورده‌وارین ده‌كرێت و دووباره‌و سه‌دباره‌و هه‌زار باره ده‌كرێنه‌وه، باشه پرسیاری راست ئه‌وه‌یه بۆچی زۆرینه‌ی پڕوپاگه‌نده بۆ كاڵای توركی بكرێت؟، بۆچی ئه‌م هه‌موو دراما‌و فیلمه توركیه دۆبلاژبكرێن و له‌م كه‌ناڵانه‌وه په‌خش بكرێن؟، ئایا ئه‌م ماسته مویه‌كی درێژی تێدا نییه‌و ئه‌مه‌ش به ئامانج ناكرێ؟.
سه‌یره! باشه وتمان زۆربه‌مان تێبینی ئه‌وه‌مان كردووه، هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له لایه‌ن ده‌رو دراوسێكانی به گشتی‌و، توركیا به تایبه‌تی هه‌وڵی خه‌ساندن و دادۆشین و داهێزراندنی ده‌درێ، به‌ڵام ئه‌وه چی لۆژیك و حیكمه‌تێكه وا خه‌ڵك داد‌و بێدادی قات و قڕی و برسێتیه‌تی، كه‌چی هه‌ر كۆمپانیایه‌ك یان كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك له ژێر ده‌مامكی جیاجیا‌و به‌ناونیشانی جیاجیا، كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی قیت ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌م ژه‌هره ده‌رخواردی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌ده‌ن.
خاوه‌ندارێتی ئه‌م كه‌ناڵانه دیار‌و نادیارن، دیارن وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنیان له لایه‌ن كۆمپانیایه‌ك یان كه‌سێكه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ، نادیارن كه‌س نازانێ سه‌رچاوه‌ی دارایی و به‌ده‌ستهێنانی پاره‌یان له كوێوه‌یه، ئه‌مه نه‌ك مایه‌ی تێڕامان‌و پرسیار، به‌ڵكو شوره‌ییه‌كی گه‌وره‌یه له هه‌رێمكدا كه‌ناڵێك هه‌بێت و كاری په‌خش و وه‌شاندن بكات، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی دارایی و پاره‌و خه‌رجییه‌كانی نادیاربێت، كه‌واته خاوه‌ندارێتی فه‌رمی و ئامانجداری سه‌ره‌كی نادیاره و ئه‌مه‌ش رێك پێچه‌وانه‌ی یاسا‌و رێساكانه له هه‌ر شوێن و جێگه‌یه‌ك یان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بێت.
تێناگه‌م! باشه وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگا فه‌رمییه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێم ئیشیان چییه؟، ئایا ته‌نیا بۆ ئه‌وه درووستبوون كه چه‌ند هه‌زار كه‌سێك تیایاندا دابمه‌زرێ؟، ئایا له‌خۆیانیان پرسیوه وه‌زیفه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان چییه؟، یان ئه‌وه‌ش راسته گومانی ئه‌وه بكه‌ین كه خاوه‌ندارێتی ئه‌م كه‌ناڵانه زۆر له‌وان گه‌وره‌ترن و ناتوانن به‌رامبه‌ریان بوه‌ستنه‌وه؟، ئه‌گه‌ر وابێت و ئه‌و گومانه راست ده‌رچێ، ئه‌بێ بێژین له باشووری كوردستان شا رۆیه‌و له به‌رده‌م مه‌ترسی چه‌ندین مه‌ترسیدایه، له‌نێویاندا مه‌ترسی داگیركردنی رووناكبیری و كلتوری و هونه‌ری، كه ئه‌گه‌ر وابڕوا چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی تر، ئه‌نجامی به‌رچنه‌ی تاڵاوی ژه‌هرو ئازاره‌كه‌ی ده‌چنینه‌وه!!
كوردستانی نوێ