پەرلەمانتاریت یان ڕۆژنامەنووس!؟
ئاسۆ عه‌بدول له‌تیف

تۆ پەرلەمانتاری ناو كەمینەیەكی پەرتبووی شێواوی بێ گوتارو بێ دیسپلینی عێراقێکی شۆڤێنی و مەزھەبیت، لەو عێراقەی ھەموو چەمکێکی سیاسی و فەرھەنگی و ئابووری لە پاشەکشەدایە بە خودی ھەڵبژاردن و دیموکراسیەتیشەوە، بیھێنە پێشچاوی خۆت لەو پەرلەمانەی عێراقی بەناو یەکگرتوو تۆی کورد ئیتر ھەر رەنگ و ھەر حیزبێک ھەیت یاسات پێدەرناكرێ و شوناسی کوردبوونیشت پێ ناپارێزرێت، ناشتوانی دۆخی کەرکووک چاک بکەیت و تاکە مادەیەک بۆ ئەوشارە کە مادەی 140 ی دەستورییە جێبەجێ بکەیت، ئیتر شرۆڤەی دۆخی کوردو کەرکووکیش مەکە لەسەر شاشە تۆ رۆژنامەنوس نیت، ناشتوانی بڕیار لە مافی چارەنوسی گەلەکەت بدەی، باشتر وایە بەو بچووكیەی خۆتەوە دابنیشی و رێگربە لەوەی ئەوەندە سەوداو مامەڵەت پێوە نەکەن و تۆش نەبیتە بەشێک لە شانۆگەری و موزایەدەی ناڕەوا دژی فراکسیۆنەکانی دی، چیت پێباش بوو دەنگی بۆ بدە لە قازانجی نەتەوەكەت، بەڵام دەنگت زوڵاڵ بێت و شەرمن مەبەو بیری گرێبەستی لابەلاو كۆكردنەوەی پارەو كڕینی شوقەو ژنی دووەم و خوپەرستی و خۆفرۆشی بۆ حەشدو نەزعەی مەزھەبی و ئەنفالی نوێ مەکەرەوە، بیر لەوەش مەكەرەوە دوای چوار ساڵی تر چەن پارەت كۆكردۆتەوەو چۆن دەبیتە خاوەن پارە، بیر لەوە بكەرەوە سبەی دوای چوار ساڵ ئایا دەنگدەرەكانت لەباوەشت دەگرن، یان تف و نەعلەت و كۆمێنتی نەشیاوت تێدەگرن و وەک نەفرەتیی سەیرت دەکەن، بیر لەوە بکەرەوە چی بۆ کوردو ناسنامەی کوردبوون و قەوارەکەی دەکەیت.

تۆ پەڕلەمانتاریت نەک رۆژنامەنووس، ئیدی نیشتیمانپەروەریی و خاکی بوون مەفرۆشە پێمان، وەک پەرلەمانتارێک پەیامنێری نھێنی و چوتەچوتی فەیسبووک مەکە بەناوی شرۆڤەو گەیاندنی زانیاریەوە، وەک پەرلەمانتارێک بازرگانی مەکە بەدەنگی خەڵکەوە، چیتر مەڵێ منیش وەک تۆ میدیاکارم، نەخێر تۆ ئێستا پارێزەری تۆپەڵێک فیکرو ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندی حیزبیت، ئەوەبە خۆت حەزت لێیەو وەک خۆتبەو گەمە بە شعوری دەستەجەمعی خەڵکی مەکە، ئەگەر ئەوەندە عاشقی کاری میدیایی بوویت بۆچی رێگایەکت ھەڵبژارد کە شەرمەزاربیت و شەرم بکەیت لەبەردەم پرسیاری خەڵک و برسێتی و قاتوقڕی و نەخۆشی و نەداری و کارەساتەکانی کۆمەڵگادا، بەراست بۆچی ئەوەندە کاری میدیایی و کاغەزو رەونەقی چاپ و دەزگای ڕۆژنامەنووسی کوردی دەغەزار بووە بەدەست گروپێک مرۆڤی ھەلپەرستەوە، تۆ کە ئەوەندە حەیرانی ئیمتیازو پارەو کورسیت چیتر پێویست ناکات بەرگی رۆژنامەنوسی و میدیایی بپۆشیت و لەگەڵ مەڕ ئاوو لەگەڵ گورگی ھار گۆشت بخۆیت، ئێستا تۆ دەزانیت ئیدی كورسی ناو په‌رله‌مان ئه‌رزشێكی ئه‌وتۆی نه‌ماوه‌ و شەیتەنەت حوکمی دەکات و ته‌نها بۆ دڵخۆشكردنه‌و ره‌قه‌مگه‌لێكی بێ ئیعتیباره‌ له‌ رووی كردارییه‌وه‌، تۆش ناتوانیت لە میدیاوە خۆت بکەیتەوە بە فریشتە، له‌ ئاینده‌ی عێراقی نوێشدا ئه‌وه‌ كورسی نییه‌ حوكم ده‌كات، به‌ڵكو دەستوەردانە ئیقلیمیەکان و تارمایی و رێككه‌وتنه‌ ژێربه‌ژێرو نهێنیه‌كانەو تۆ ئیتر بەشێکی لەو سەفقە ژێربەژێرانەو مەیەرە سەرشاشەو عەنتەریات مەنوێنە بۆمان بۆ نمایش و سەمای خەڵەتێنەرو ئیرھابی فیکرو خۆ بەپاڵەوانزان و ئەویتریش بە ترسنۆک، تۆ ئیتر میدیاکار نیت و بەدەنگی بەرز ئەمە بڵێ و شەرم مەکە تۆ بەشێکی لە ئاڵووێری سیاسی، چ پەڕلەمانتارێک ئازادە لەو پەڕلەمانە پێم بڵێ بەو وردە ئیسلامیە بۆرجوازیانەشەوە کە دوێنێ بەڵێنی گەورەیان بە ھەڵەبجەداو بڕیار بوو پارەی بۆ بھێنن لای عه‌بادی و مالیکی بۆ دروستکردنی تەلارو ھۆڵی گەورەو دواتر شەرمەزار بوون و کەچی ھێشتا وەک مەیموون لەم شاشە بۆ ئەوشاشە خەریکی ماکیاژی خۆیان و شرۆڤەی میدیایی بێتام و بێلەزەتن.

 ڕۆژنامەنووس کاراکتەرێکی زیندووی کۆمەڵگایە، کەس بە ئاسانی نابێتە رۆژنامەنووس، ھەمانکات کاری ڕۆژنامەنووسی پیشەیەو مامەڵەیە لەگەڵ داتاو وشەو ھەواڵ و ڕەگەزیی بنچینەیی زانیاریی دروست و راستدا، ڕۆژنامەنووسی راستەقینە بەپێی مۆڕاڵ و پەیام و میساقی شەرەفی ڕۆژنامەگەریی کاردەکات و سیخوڕو کۆیلەو داردەست و ماکینەی ئایدۆلۆژیی نییە، پەڕلەمانتاریش رۆحی گەلەو دەبێت بە ویژدانێکی تەندروستەوە کاربکات و ئیشی خۆی بکات نەک ئیشی خەڵکیتر!


K24

AM:02:08:22/10/2018