‌ بەختیار عەلی
عه‌زیز ره‌وف

ئەوەی دەمبەستێتەوە بە كوردەوە ئەو قەڵەمانەن كە مایەی شانازین، ئەو قەڵەمانەن كە بە هەر پێوەرێك بێت خۆشحاڵ بین بەوەی كە كوردین وەك هەر گەلێكی تر لەسەر ئەم ئەستێرەیە دەژین. ئەوەی من بە كوردەوە دەبەستێتەوە نە كردەی ناشرینی سیاسیەكانە نە كردەی پیاوە تەقلیدیەكانی كۆمەڵگە و نە كردەی دژە ژیاندۆستی پیاوانی ئاینی و ئایدۆلۆژیە، بەڵكو ئەوەی دڵخۆشم دەكات كە كوردم ئەو مرۆڤە جوانانەن كە هەڵگری تێكستی جوان و كتێبی بەنرخ و دنیابینیەكی ترن كە هەرگیز بە هیچ پێوەرێك كوڕی ئەو كەلتورە سیاسیە ناشرینە نین كە ئێستایان ناشرینتر و تادێت دنیای ئێمە تاریكتر دەكەن.

بەختیار عەلی ئەو قەڵەمەی بۆ ئێمەی تازە خوێنەر لە سەرەتای نەوەتەكاندا ناوێكی نوێ بوو. دەقەكانی نێو كتێبی " گوناه و كەرنەڤەڵ" لەنێو خۆماندا دەستاودەستمان پێ دەكرد و بیرمە پارەی كتێبەكەم نەبوو، شەوێك بردمەوە ماڵەوە و هەموویم نوسیەوە. دواتر بەختیار و هاوڕێكانی گۆڤاری "ڕەهەند" دەردەكەن و لانی كەم لەو زەمەنەدا ئاراستەی خوێنەری ئێمەیان بەرەو تێكستی كوردی بردو "كۆمەڵگەی پرسە" و كۆی تێكستە فەلسەفییەكان كۆپی دەكران و لەنێو خوێندكارانی زانكۆدا دەستاودەست دەكران. بیرمە لە 1999 سێ ڕۆژ نەهاتمە دەرەوە و ڕۆمانی "ئێوارەی پەروانە" م خوێندەوە و بۆ یەكەم جار دوای خوێندنەوەی چیرۆكی "تەنیایی" شێرزاد حەسەن، تێر و پڕ گریام.

لە ئیستادا خەڵاتی "نیلی زاکس" وەکو باشترین نووسەر و نوێنەری ئەدەبیاتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبەخشرێت بە بەختیار عەلی . وەك دەبینین بەختیار عەلی سنورەكان دەبڕێت و دەبێتە نوسەرێكی جیهانی، گەورەترین خەڵانی نوسەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرێت، كەچی زۆر بە بێدەنگی تێدەپەڕێت و یەك تەلەفزیۆنی كوردی ڕێوەڕەسمەكەی نەگواستەوە وەك ئەوەی وشەكانی بەختیار عەلی بە كۆسپێكی بەردەم خۆیان و حزبەكانیان ببینن. بەختیار عەلی سنورەكان دەبڕێت و ئەوەی تا دێت دەم و چاویان وەك گورگی لێ دێت تادێ ناشرینتر دەبێت ئەو بەرپرسە تەمەڵ و تەوەزەلانەن كە مۆدێلی حوكمڕانی كوردیان وەك خراپترین مردێلی دنیا پیشانی جیهاندا و خۆیان و ئەزموونەكەیان لەگەڵ خۆیاندا نابووت كرد. ئەوە ئەگەر بەرپرسێكی گەندەڵ بۆ عەمەلیاتی مایەسیری یان بۆ پڕكردنەوەی ددان سەفەری دەرەوەی بكردایە، ئەوا سەردێڕ ی زۆربەی هەواڵی تەلەفزیۆنەكان دەبوو، بەڵام خەڵاتكردنی نوسەرێكی گەورەی وڵات بەبێدەنگی تێدەپەڕێت.

سڵاو لە بەخیتار عەلی، تا تۆ هەبی شانازی بە كوردبوونمەوە دەكەم.


وێستگه‌ نیوز 


AM:04:10:12/12/2017