رۆژی سێشه‌ممه 11/7/2017 سه‌ته‌لایتی گه‌لی كوردستان له به‌رنامه‌ی راسته‌وخۆی «ئه‌مڕۆ» میوانداریی به‌نده‌یان كرد، به‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی كه له‌م رۆژه‌دا له ساڵی 1993دا كوردستانی نوێ وه‌ك یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی دوای راپه‌ڕین مۆڵه‌تی ره‌سمیی له وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه به ژماره (1).
به‌رنامه‌كه بۆ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر رۆڵی كوردستانی نوێ له كاروانی رۆژنامه‌نووسیی كوردیدا‌و رۆڵی له پێگه‌یاندنی سه‌دان كادری بواری نووسین‌و په‌یامنێریی‌و رێپۆرته‌ر‌و ته‌كنیكی كاری رۆژنامه‌ی كاغه‌زی له رۆژگارێكدا كه باشووری كوردستان بێبه‌ش بوو له هه‌ر ناوه‌ندو ئه‌كادیمیا‌و په‌یمانگه‌و كۆلێجێكی تایبه‌ت به‌بواری میدیا.
بێگومان ئه‌م هه‌نگاوه‌ی گه‌لی كوردستان وێڕای ئه‌وه‌ی رێزلێنانێكه له كوردستانی نوێ وه‌ك رۆژنامه‌ی دایك له دوای راپه‌ڕین‌و رۆڵی له كاروانی میدیاییدا، دیكۆمێنتكردنی مێژوویه‌كه كه ته‌نانه‌ت له‌بیر زۆرێك له‌وانه‌ش چۆته‌وه كه ئه‌مڕۆ له‌ژێر چه‌تری سه‌ندیكادا ئاڵای به‌رگریی‌و داكۆكیی له‌مافی رۆژنامه‌نووسانیان به‌رزكردۆته‌وه، به‌ڵام مخابن یه‌كه‌م پێشێلكاریی‌و غه‌در له مێژووی كوردستانی نوێ لای خودی ئه‌و سه‌ندیكایه‌وه لێی كرا، بۆیه ئه‌مه‌م به ده‌رفه‌تێك زانی تا سوپاسی گه‌لی كوردستان بكه‌م كه ده‌ستپێشحه‌ربوو له به‌رزڕاگرتنی ئه‌و مێژووه‌و پێشی خودی كوردستانی نوێشی دایه‌وه.
هه‌ر لێره‌وه گازانده‌یه‌ك ئاراسته‌ی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌م، چونكه كوردستانی نوێ جگه له‌و رۆڵه‌ی له كاروانی رۆژنامه‌نووسیدا گێڕاوێتی له 26 ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا‌و وه‌ك یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی دوای راپه‌ڕین، ته‌مه‌نی نه‌ك هه‌ر ده‌كه‌وێته پێش ته‌مه‌نی سه‌ندیكاكه‌وه، به‌ڵكو ته‌مه‌نی له ته‌مه‌نی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش درێژتره، به‌ڵام وه‌ك رێزگرتن له‌سه‌روه‌ریی یاسا‌و بڕیاره‌كانی حكومه‌ت، یه‌كه‌م رۆژنامه بوو له ساڵی 1993دا به‌ده‌نگ بانگه‌وازی حكومه‌ته‌وه چوو بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت‌و مۆڵه‌تی ژماره (1)ی وه‌زاره‌تی وه‌رگرت به‌ئیمزای یه‌كه‌م وه‌زیری رۆشنبیریی كوردستان شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان شێركۆ بێكه‌س كه به‌ده‌ستی موباره‌كی ئیمزای له‌سه‌ر مۆڵه‌ته‌كه كردووه.
كه‌چی مخابن، له دوای ده‌رچوونی یاسای كاری رۆژنامه‌نووسی له ساڵی 2007، پێدانی مۆڵه‌ت به رۆژنامه‌و گۆڤار‌و بڵاوكراوه‌كان وه‌ك ئاسانكارییه‌ك‌و ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادیی زیاتری ده‌رچوواندنی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان، پێدانی مۆڵه‌ت له‌ده‌ستی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی سه‌ندرایه‌وه‌و درایه ده‌ستی سه‌ندیكا كه وا بڕیاره له‌حكومه‌ت شه‌فافتر‌و عه‌داله‌ت تر بێت‌و داكۆكیكاری رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووسان بێت، به‌ڵام یه‌كێك له‌و كارانه‌ی سه‌ندیكا كردی، دواكارییه‌ك بوو له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان كه ساڵانه مۆڵه‌ته‌كانیان نوێ بكه‌نه‌وه، له‌وه‌شدا كوردستانی نوێ وه‌ك پابه‌ندیی به بنه‌ماو یاسا‌و رێساكانه‌وه، ده‌ستپێشخه‌ربوو له نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌ی، كه‌چی «سه‌ندیكای داكۆكیكار» یه‌كه‌م شوێن كه غه‌دری لێ‌كرد، كوردستانی نوێ بوو، گۆڕانكاریی له ژماره‌ی مۆڵه‌ته‌كاندا كرد‌و مۆڵه‌تی ژماره (1)ی به‌خشی به‌و گۆڤاره وه‌رزییه‌ی كه خودی سه‌ندیكا ده‌ریده‌كات‌و مۆڵه‌ته‌كه‌ی كوردستانی نوێی كرد به ژماره (2).
پێناچێت ئه‌مه له‌هیچ شوێنێكدا روویدابێت كه به‌بێ روونكردنه‌وه‌یه‌كی ماقوڵ‌و دروست ده‌ستكاریی مێژوو و ژماره‌ی مۆڵه‌تی رۆژنامه‌یه‌ك بكرێت كه ته‌مه‌نی له ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ش‌و سه‌ندیكا ته‌وافوقییه‌كه‌شی درێژتر بێت، رۆژنامه‌یه‌ك بێت كه به‌درێژایی 26 ساڵ «ماوه‌ی دوو مانگی نه‌بێت به‌هۆكاری دۆخی شه‌ڕی ناوخۆ» له‌هیچ قۆناغێكدا له‌كاروانه‌كه به‌جێ نه‌ماوه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا 7312 ژماره‌ی لێ ده‌رچووێندراوه، جگه له‌وه‌ی سه‌دان كادری كارامه‌و شاره‌زاو لێهاتووی بۆ كایه جیاجیاكانی میدیا‌و سیاسه‌ت‌و ئیداره پێگه‌یاندووه كه ئێستا ئه‌گه‌ر له كوردستانی نوێ-ش نه‌بن، ماڵی ده‌یان كه‌ناڵ‌و ناوه‌ندی میدیایی‌و رووناكبیرییان ئاوه‌دان كرۆته‌وه‌و یه‌كه‌م وێستگه‌یان له كوردستانی نوێ-وه ده‌ستپێكردووه‌و به‌ده‌یان مامۆستای زانكۆ كه بڕوانامه‌ی به‌رزی ماسته‌ر‌و دكتۆرایان هێناوه له‌ئه‌كادیمیا پراكتیكییه‌كه‌ی كوردستانی نوێوه ده‌ستیان پێكردووه.
مخابن، سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌بێ حسابكردن بۆ ئه‌و مێژووه پرشنگداره، وه‌ك گۆڤارگه‌ل‌و رۆژنامه گه‌لێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ‌دا كرد، كه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی داراییدا بنه‌وبارگه‌یان پێچایه‌وه، یان هه‌ندێكیان له‌دوای مۆڵه‌ته‌كانیانه‌وه له‌ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست زیاتریان پێ ده‌رنه‌چوێندرا.
كوردستانی نوێ