ڕۆشنبیر و خزمەتکردنی سیستم
لەشکر قادر ڕەسوڵ


لەزۆربەی کۆمەڵگەکانی دونیادا گرنگیەکی زۆر بە تێز و تیۆر و نوسینەکانی ڕۆشنبیر دەدرێت، بەهۆی ئەوەی کەسی ڕۆشنبیر ئەو بیرو بۆچونانەی کە دەری دەبڕێت نزیکترن لە حەقیقەت، یاخود دەکرێ ئایدۆلۆژیا نەبن. سروشت و تایبەتمەندی پێگە مەعریفیەکەی ڕۆڵێکی گرنگی پێدەدات بۆ بەشداریکردنی لە سیستمی کۆمەڵایەتی و کلتوری و پڕۆسەی سیاسیدا. 

ئەرکی ڕۆشنبیر توێژینەوە و نوسین و بەرھەمھێنانی مەعریفەیەکی تیۆری-بابەتیە لەسەر واقیع، بەمانای تیۆریزەکردنی واقیع. ھەروەھا ئەرکی ڕۆشنبیر بیرکردنەوە و دروستکردنی گومان و پرسیاری قوڵە لەسەر واقیع، لەھەمانکاتدا بیرکردنەوەیە لەدەرەوەی عەقڵیەتی گشتی و تێگەشتنی گشتیەوە. یان دەتوانرێ بگوترێ کاری ڕۆشنبیر پەردەھەڵماڵین و قسەکردنە لەسەر نەگوتراوەکان، شیکار و خوێندنەوەکانی ناکەونە ژێر کاریگەری سایکۆلۆژیای جەماوەر و ئاپۆڕا.

 ستراتیژ و بیرکردنەوە و بەرھەمھێنانی مەعریفەی ڕۆشنبیر نابێ لەژیر ڕۆحێکی دیسپلینکراو و چەپێنراودا بێ. لەم نیگایەوە ڕۆڵی ئەم پێکھاتەیە لەئاراستەکردنی کۆمەڵگە و سیستەم  دەردەکەوێ و کاریگەری ئیجابی بەسەر گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کلتوری و سیاسیەوە دەبێت و تێگەشتنێکی نوێ لای ھاوڵاتیان دروست دەکات. دەشێ ئەو بەشداری و بەرهەمهینانی مەعریفەیە لەداهاتوودا لەکلتورێکی خودی و لۆکاڵیەوە بگۆڕێ بۆ کلتورێکی بابەتی و یونیڤێرساڵی.

لەکۆمەڵگەی کوردیدا، لەپێش ڕاپەڕینەوە کێڵگەی ڕۆشنبیری بەتەواوی لەلایەن پارتە سیاسیەکان مۆنۆپۆڵ و کۆنتڕۆڵ کرابوو، بەجۆرێک نوخبەی ڕۆشنبیر ڕاستەوخۆ لەناو فەزای بزوتنەوە سیاسیەکاندا لەپاڵ نوخبەی سیاسی خۆی دەبینیەوە. هەرچەندە لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەم ئاراستەیە بە ئەندازەیەکی زۆر نەگۆڕاوەی هەمان میکانیزمی کاردکردن دەبینین کە نوخبەی ڕۆشنبیر دەبەستێتەوە بە دونای سیاسی ئێمەوە. لەکاتێکدا ڕۆشنبیر پێویستە خۆی لە لایەنداری هەموو ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بپارێزێ و لەدەرەوەی بزوتنەوە سیاسیەکان خەریکی ئەرک و ئینتاجی فیکری و مەعریفیەکانی خۆی بێ. ئەزموونی سیاسی پێمان دەڵێ مێژووی دونیای سیاسی ئێمە مێژوویەکە لەبەکارهێنانی ڕۆشنبیران و بەلاڕێدابرنی وشیاری کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان. ھەتا ئەو بارودۆخی ھەنووکەی ھەرێمی کوردستان نوخبەی روناکبیر و نوخبەی سیاسی ھاریکاری یەکتربوون بۆ خوڵقاندنی ئەم دۆخە.  بەومانایەی چۆن نوخبەی سیاسی بەئەرکی خۆی ھەڵنەستاوە بەھەمان شێوە نوخبەی ڕۆشنبیریش نەیتوانیوە بەئەرکی خۆی ھەستی. دەرئەنجامی ئەمە خوڵقاندنی دۆخێکی لەم چەشنەیە و ئەم ئێستایە بەرھەمدێنێ.

لێرەدا لەناو "سێ" پانتایی گرنگ ئەرکی ڕۆشنبیر لەپەیوەندیدا بەدونیای خۆمان دەخەینەڕوو:

(١)
کایەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر:  لەئاستی کۆمەڵایەتیدا دەیان دیراسەی کۆمەڵناسی (Sociology) لەسەر ڕۆشنبیران هەیە، لەبەر ئەوەی کەسی ڕۆشنبیر لە پەراوێزی پاڵنەرە کۆمەڵایەتیەکان و ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیدا دەژیت و پاڵنەرە کۆمەڵایەتیەکانی زۆر لاوازن، پێگە کۆمەڵایەتیەکەی پێگەیەکی زۆر (نا- دینامیک)یە، کەسی ڕۆشنبیر پێگەکەی زۆر یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە واقیع وەک خۆی تێبگات. 
ئینسانی ڕۆشنبیر کاریگەری مانا کۆمەڵایەتیەکان، وە ململانێکانی ناو ژینگە کۆمەڵایەتیەکەی لەسەر نیە. پێگەکەی یارمەتیدەرە کەمتر هۆشیاری ساختە (mistake consciousness) لە پەیوەندیدا بە واقیعەوە بەرهەم بهێنێت. ئەگەر بەم پێوەرە کۆمەڵایەتیانە بڕوانینە ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینین کەمترین کات لەپەراوێزی پاڵنەرە کۆمەڵایەتیەکان مەعریفەیان بەرھەمھێناوە، بەڵکو نوخبەی ڕۆشنبیر بەھاوکاری ئایدۆلۆژیای سیاسی کاریگەری خراپی ھەبووە لەسەر بەلاڕیدابردنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لای ئینسانی دونیای ئێمە.

(٢)


پانتایی سیاسی و ڕۆشنبیر: لەناو پانتایی سیاسیدا ئەرکی ڕۆشنبیرە کە ئاسۆی بیرکردنەوەی بزوتنەوە سیاسیەکان فراوانتربکات و بیرکردنەوەی نوێی پێ ببەخشێ، زۆرجار روناکبیرانی دونیای ئێمە دەکەونە ژیار کاریگەری ئایدۆلۆژیای هێزێکی سیاسی دیاریکراو یاخود دەکەونە ژێر کاریگەری سایکۆلۆژیای جەماوەر و ئاپۆڕاوە. لەپشت ئەمەوە ڕوناکبیر وەزیفەی خۆی ون دەکات کە پرسیار و گومان و بیرکردنەوەی بەردەوامە. پرسیارەکانی سەبارەت بە واقیع و ژیانی سیاسی ون دەکات و زۆرجار ناتوانێ خۆی لەکەسێک ئاسایی یاخود کەسێکی سیاسی لەناو بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان جیا بکاتەوە. ئەرکی روناکبیرە کە کاربکات بۆ گۆڕینی تێڕوانینی ئینسانی ئیمە بۆ ژیانی سیاسی.

(٣)


ئاستی کلتوری و ڕۆشنبیر: ئەرکی ڕۆشنبیر ئاراستەکردی فیکرو بیرکردنەوەی تاکە نەک بەرزکردنەوەی سایکۆلۆژیای جەماوەر لەسەر بنەمای سیاسی و عاتیفی. زۆر جار بونیادی کاری ڕوناکبیرانی دونیای ئێمە ناتوانێ لەفەزای سیاسیەوە بگوازێتەوە بۆ فەزای کلتوری. ڕوناکبیر بۆ دروستکردنی گۆڕانێکی ڕادیکاڵی دەبێ پانتی سیاسی تێپەڕێنێت و کارباکات بۆ مامەڵاکردن لەگەڵ سیستەم و ڕیشە کلتورییەکان. تاکە ئێستا ڕوناکبیران لەسەر گۆڕینی بونیادی کلتوری کاریان نەکردووە. ئێمە پێش ئەوەی بونیادێکی سیاسی خراپمان هەبێ بونیادێکی کلتوری خراپمان هەیە کە مێنتەڵێتی خێڵ و ئاین و سیاسەت و.....ھتد ڕۆڵی هەبووە لەدروستبونی ئەم کلتورە. بەبێ بیرکردنەوە لەناو کایەی کلتور و دروستکردنی گومان و پرسیاری قوڵ لەسەری، ئێمە ناتوانین ئەو مۆدێلەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان تێپەڕێنین.


AM:06:18:18/07/2017