ماڵئاوایشمان لە NRT کرد
بابان ئه‌نوه‌ر
دوای شەش ساڵ و شەش مانگ کارکردم لەکەناڵی NRT دواجار بۆ ھەمیشە ماڵئاواییم لەھەموو ئەو ئازیزانە کرد کەڕۆژگارێک کارم لەگەڵ کردوون و سوپاسی بەڕێوەبەری گشتی کەناڵەکەش دەکەم کە سەرەرای ماوەی تەواوبوونی گرێبەستەکەم قبوڵی کرد ماڵئاواییان لێ بکەم، سوپاس بۆ کاک شاسوار عەبدولواحیدش کەتائەم وەختە توانیمان پێکەوە کاربکەین کە جگەلە کار و خۆشەویستی و ھاوڕێیەتی مەرجێکی تری لەسەر من نەبووە..
جیاواز لەو ھەموو ئارەزووەی بۆ پیشەکەم ھەمبوو بەڕاستێ کارکرد لە ئێن ئار تی قورس و تاقەت پروکێن بوو ئەو شەش ساڵەی لەوێ کارم دەکرد گەنجێتیمی گەیاندە لێواری پیربوون ، بەڵام چونکە کارەکەم خۆش دەویست ھەستم پێ نەدەکرد ئێستا کەوازم ھێناوە دەزانم چەند ماندووم ، ئێستا دەزانم چەند ھەورازی سەختم بڕیوە چەندین جار لەمردن نزیک بوومەتەوە ، چەندین جار لەسەر ئێن ئاڕ تی ڕووبەڕوو سکاڵاو لێپرسینەوە بوو کەتا ئێستاش دۆسێی ھەندێکیان لەدادگا یەکلایی نەبووەتەوە بەڵام ھێشتا ھەر ئێن ئاڕتیم خۆش دەوێ..

بەدرێژایی شەش ساڵ جگەلەوەی کارم لەو کەناڵە کردوە بەردەوام بینەری ئێن ئارتی بووم لەھەرماڵێک دانیشتبێتم پێش ئەوەی پەرداخێ ئاوم بۆ بێنن داوای کۆنترۆڵی تەلەفزوێنەکەیانم کردووە ، لەھەر چاخانەیەک چایەکم خوادبێت پێش داواکردنی چاکە داوای گۆڕینی کەناڵەکەم دەکرد.

بەڵام ئیتر لەمەودوا وانابم ئیتر بەیەکجاری لە ئێن ئارتی دور دەکەومەوە لەمەودوا دەمەوێ خەیاڵم بەشتی ترەوە مەشغوڵ بکەم و بیر لە ژیانێکی تر بکەمەوە
لەمڕۆوە بەشوێن کارێکی نوێدا دەگەرێم من کوڕی پیاوێکی فەقیرم ھەرکارێکی ترم دەستکەوێ دەیکەم تانەمرم لەبرسا ، ئیتر دەمەوێ بەشێوازێکی تر نان بۆ کچە تەمەن شەش ساڵانەکەم پەیدا بکەم نانێک وەک نانی دەستی باوکم کەبەعارەقی نێو چاوی خۆی بۆی پەیدا کردووین تا گەورەبووین منیش کچەکەم ھەر بەوشێوە گەرە دەکەم تا بۆ ھەمیشە سەربەرز بێت..

من تەمەنی گەنجیم بەخشی بە NRT تا لەڕێگایەوە خزمەت بەکەسانی ھەژار و بێ دەسەڵات و زوڵم لێکراو بکەم و بتوانم دەنگیان بگەیەنم ، سوپاس بۆخوا توانیم دەنگی سەدان خەڵکی بەدبەخت و چارە ڕەشم بگەیەنم و دەیان دۆسیەو گەندەڵی و سەدان بابەتی ڕۆژنامەوانیم بڵاوکردەوە، کەتەنیا قازانجی خەڵکی ھەژاری تیابووە بۆیە سەرەڕای ھەموو ئەو ماندوێتیە ویژدانم ئاسودەیە..

بەھۆێ کاکرکردنم لە ئێن ئاڕتی دڵی سەدان دۆست و کەسی خۆشەویستی خۆم لەسەر ئێن ئاڕتی لە خۆم زویر کرد ، لەمڕۆوە لە ھەوڵی بەدەست ھێنانەوەی دڵی ئەو خۆشەویستانەمدادەبم کەبەھۆی کارەکەمەوە لەمن ڕەنجاون ، دەڕۆم داوای لێبوردن لەھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ڕۆژگارێک بۆ ھەر مەبەستێک بوو بێ نیگەرانم کردوون..

داوای لێبوردن لە خێزانەکەشم دەکەم کە ئەوانم لەھەموو کەس زیاتر بەخۆمەوە ھیلاک کردووە سەدان ئێوارە لەسەر سفرە نانی گەرمم لەگەڵ نەخواردوون ، دەیان شەو بەتەنیا بەجێم ھێشتوون ھەزاران جاریش بەھۆی کارەکەمەوە دڵیانم خستۆتە مەترسیەوە و ھەمیشە خەمیان بووە منیان لەدەست بچێ ، بەڵام ئیتر بەو شێوەیە نابم ھەرگیز جارێکی تر بەتەنیا بەجێیان ناھێڵم و ھەرگیز کارێ ناکەم ئەوانی تیا بکەم بەقوربانی..
بەڵام وەک چۆن ژیان بەردەوامە منیش بەردەوام دەبم دوای پشوویەکی کورت و سەفەرێکی دورو درێژ لەوڵاتانی ئەوروپا دیسان بەردەوام دەبین ، بەڵام ڕەنگە لەشوێنێکی تر و بەشێوازێکی تر بۆیە جارێکی تر دەڵێم ماڵئاوا NRT ماڵئاوا ھەموو ئەو کەسانەی بەھۆی کارەکەمەوە ناسیمن و خۆشەویستیتان بۆ بەجێ ھێشتوم..
دوبارە سوپاس و ڕێز و خۆشەویستیم ھەیە بۆ سەرجەم کارمەندانی ئێن ئاڕ تی و بم بوورن کە نەمتوانی پێش ماڵئاوایی کردن دەستی یەک بەیەکتان بگوشم..

AM:06:08:10/08/2017