كریس كوچیرا چی بۆ کورد کرد؟
عەزیز ماملێ
كریس كوچیرا ناوی دوو كەسه. یەکەمیان بە نێوی " پۆل مۆبێك " كه ڕۆژی ٣١ی مانگی ژووئیه تووشی ڕاوەستانی دڵ بوو و له ڕۆژی یەكی مانگی ئووت له نەخۆشخانه كۆچی دوایی كرد۔ ئەوەی دیكه" ئیدیت مۆبێک " خانمەکەیەتی كه وێنەهەڵگری دامەزراوەی "كریس كوچیرایه "۔ مەڵبەندی كریس كوچیرا خاوەن ماڵپەڕی :

کە ئەو ماڵپەڕە هەر بەردەواومە و لە ڕێگای وێنەکانی مێژووی کورد دەخاتە بەرچاو و لە ڕووی ئارشیڤەوە گەنجینەیەکەی پڕ بەهای لە مێژوو و خەباتی کوردی تێیدا کۆکراوەتەوە کە هەر دێ و زیاتر بەربڵاوتر دەبێت. 

بەداخەوه  " پۆل "  کە لە ناو کورددا هەر  بە ناسناوی " کریس کوچیرا " دەناسرێت، هەر چەند به هۆی نەخۆشی پاركینسۆن نەیتوانی درێژه  بە كاره بەنرخەكانی بدات، بەڵام له ماوەی ٤٦ ساڵ پیوەندی و تێکەلاوی لەگەڵ بزاڤی کورد خزمەتێکی بێوێنە و بە نرخی بە نەتەوەوەی کورد کرد. گرینگترین تایبەتمەندی نوسەر وڕۆژنامەوانی وەک کریس کوچیرا لەوە دابوو کە بەردەوام و لە هەل ومەرج گەلێکی دژواردا چ لە شاخ و چ لە شار سەردانی کوردیان دەکرد. یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧١ سەردانی باشوری کوردستان کرد و چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی ڕێکخست و هەر لەو سەردەمەشدا لەگەڵ د. قاسملو ئاشنا بوون و ئەوەش بوو بە سەرەتای پیوەندییەکی نیزیک و دوور و درێژ. لە لوبنان چاویان بە ئۆجالان کەوت و لە ئیتالیاش لە دۆخێکی دژوار کە ئۆجالان تێیدا بەسەر دەبرد، سەردانیان کرد.لە سوریا دیداریان لە گەڵ مام جەلال پێکهێنا و لە گووندی " تووژەڵ " ی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیمانەیان دووپات کردەوە و لە سلێمانییش درێژەیان پێدا. 

 گشت ئەو سەفەر و چاوپێکەوتن و وتووێژی رۆژنامەوانیانە لە ناو میدیاکانی فەڕەنسا و ئورووپا بڵاوکراوەتەوە کە لە خۆیدا ڕۆڵ و دەورێکی گرینگیان لە ناساندنی پرسی کورد بینی و توانیان لە بەرانبەر رەوش و دۆخی کورددا بەرچاوڕونی  بە ڕای گشتی ئورووپا بدەن و ببنە پردێک لە نێوان کورد و دنیای دەرەوە.

کریس کوچیرا لە ناو میدیا فەڕەنسادا سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو لە هەمبەر دۆزی کورد بوو کە هەر کات سەبارەت بە ڕووداو یا  باسێک ناوی کورد هاتبا گۆڕێ، ئەو جوامێرە بە زانیاری و شارەزایی چڕ و پڕ وەک کوردیناس و ڕۆژنامەوانێکی بە ئەزموون بەرسڤی پرسیارەکانی میدیاکانی دەداوە و وەک پارێزەرێکی بە تواناش هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکان دەکرد.

کریس کۆچیرا کۆمەڵگەی کوردەواری لە ڕووی سیاسیی- کۆمەڵایەتی و تەنانەت داب و نەریت وەک بەری دەست دەیانناسی و هاوکات خۆشیان لە کارەسات و پەژارە و خۆشییەکانی کوردستان بەشدار دەزانی و بە هەموو هەست و توانا چاویان لە ڕووداوەکان دەکرد و بە نووسینی وتار یا ڕوونکردنەوەیان بۆ میدیاکانی وەک، لۆمۆند، لۆمۆند دیپلۆماتیک و گۆڤارە جیا جیاکان دەنگی نەتەوەیەک بوون کە بە ڕۆژانە لە ژێر زووڵم دابووە.

 دوو کتێبی پڕناوەڕۆک و بە نرخ لە سەر دیرۆکی خەباتی کورد بە هەر دوو زمانی فەڕەنسیی و ئینگلیزی نوسی و بە لێهاتوویی بۆ خۆێنەرانی ئورووپایی مێژووی کوردیان شیکردەوە.

هەندێک دەبێژن کە کوچیرا لە فلان لایەن یا فلان بەرپرسی حیزبی نیزیکبووە و لاینەگری لە لایەنێکی تایبەت بە زیانی ئەوەی تریان کردووە. ئەگەر بە چاوپێداخشاندنێکی ورد لە ناوەڕۆکی نووسراوەکان بە تایبەت لە دوو کتێب کە لە سەر مێژووی کورد نوسراوە بڕوانین، ئەوسا تێدەگەین بە پێچەوانەی ئەو قسە وباسانە  کوچیرا وەک نووسەرێکی  بێ لایەن و پرۆفێشنال شرۆڤەیان بۆ ڕووداوەکان کردووە و پەنجەیان خستۆتە سەر کردەوە نالەبارەکانی بەرپرسانی کورد و لە سۆنگەی ڕەخنەگرانەوە شیکاریان کردووە.

من لە ساڵی ١٩٩٩ لە دوای دەرچوونی کتێبی " خەونی سەربەخۆیی " ئەو دەرفەتم بۆ هەڵکەوت کە ئەو کتێبە وەرگێڕمە سەر زمانی فارسی کە پاشان بەرێز کاک حەسەن رەستگار بۆ کوردی وەریگێراوە. لەو کتێبەدا بە وردی تیشکیان خستۆتە سەر زۆڵم و زۆرداری دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و هاوکاتیش چاویان بە سەر هەڵە و هەڵوێستە ناڕەواەکانی سەرکردایەتی کورد چ لە ڕۆژهەڵات یا باشوری کورستان یا ئەو کەسانە کە پیوەندی فرەتریان لە گەڵیان بووە نەبستووە و لێیان خۆش نەبوونە. 

کریس کۆچیرا لە ڕووی دڵسۆزی بەڵام بە تووڕەیی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ جیابوونەوەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد و وەک نارەزایەتییەک پییوەندیان لەگەڵ هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکرات [ حدکا – حدک ] پچڕانبوو سەڕەرای تکای من بۆ دیتنن و چاوپێکەوتن میدیاکانیان جا لە کوردستان بێ یا پاریس پشت گوێ دەخست و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوون لە گەڵیان دابنیشن و پێش مەرجیان یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بوو.

کریس کۆچیرا ژیانێکی سادە و ساکاریان بەرێوەبرد و تا ئێستاش لە کرێنشینی دابوون. یەکجار کە لە گەڵ سەرمایەدارێکی کورد لە پاریس سەردانمان کرد و ئەو هاوڕێیە کاتێکی ژیانی خنجیلانە و سادە و هەژارانەی کریس کوچیرای بینی باوەڕی نەدەکرد کە کەسێکی بە ناوبانگ لە ژیانێکی سادە و هەژارانەدا بەسەر دەبەن. کریس کوچیرا لە تەواو تەمەنی خۆیان شەرافەتمەدانە ژیان و بە ڕوو سوری کاریان کرد. هەرچەند کە دەیانتوانی شێوەیەکی دیکە بۆ ژیانیان هەڵبژێرن.

ڕۆژی دووشممە ٧ی مانگی ئووت واتە شەش ڕۆژ لە پاش کۆچی دوایی " پۆل مۆبێک " لە شاری " گێرێ " بە ئامادەبوون ئیدیت خانمی و کچەکەی سوازیک و نیکۆلای کوڕی و لە سەر داوای خۆی تەرمەکەیان سووتاند.

من وەک دۆست و هاوڕێیەکی نیزیکی کریس کوچیرا کە دۆستایەتیمان بۆ ساڵی ١٩٧٩ لە سەر چیاکانی کوردستان دەگەڕێتەوە، بەشداری ڕێوڕەسمەکە بووم و جگە لە دۆستایەتی بۆ دەربرینی هەستی پێزانین لە تێکۆشانی بە کەڵکی ئەو پیاوە و خانمەکەی کە بە بزاڤی ئازایخوازی کوردستاندا بووە، بە ئەرکی سەر شانم زانی کە لە گەڵ بنەماڵەکەی ئامادەی پرسە ماڵباتەکیان ببم کە ئەوانیش وەک دۆست و کوردێک بە دڵۆڤانی وەریان گرتم.

پۆڵ مۆبیک باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بوو و ئەوەشی بە مافێکی حاشا هەڵنەگر دەزانی و زۆر جاریش لە ساڵەکانی ڕابردوودا لە گفتگۆکانماندا  باسی ئەو پرسەمان دەکرد و پێیوابوو کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا باشوری کوردستان لە عێراق جیا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ بەختەوەرانە بەشێکی چالاک لە کریس کوچیرا لە مەیدانی تێکۆشاندا ماوەتەوە و بە دەوڵەمەندکردنی وێنەکانی کوردستان درێژە بە کار و ئەرکەکانی دەدات و سەرچاوەیەکی بەنرخیشی دامەزراندووە بۆ ئەو توێژ و لێکۆلەری کورد و غەیری کورد.

NRT

AM:06:11:10/08/2017