باڵه‌خانه‌كان له راست‌و چه‌په‌وه به ئاسماندا هه‌ڵچوون‌و باوه‌شیان به شه‌قامی فلیت ستریت-دا كردووه، ئه‌و باڵه‌خانانه رۆژگارێك لانكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی چاپه‌مه‌نی بریتانیا بوون. هه‌ر له‌وێدا رۆژنامه‌نووسان مێژوویه‌كی پرشنگاریان دروست كرد‌و به‌م دواییانه‌ش نووسینگه‌كانیان چۆڵ كرد‌و هه‌ریه‌كه به‌لایه‌كدا په‌رش‌و بڵاو بوون. باڵه‌خانه‌كان ئێستاش گه‌واهیده‌ری سه‌رده‌می زێڕینی رۆژنامه كۆنه‌كانی بریتانیان. ئێستاش ئه‌و شه‌قامه‌ی له‌نده‌ن هه‌ر جمه‌ی دێ، به‌ڵام زۆرترینیان گه‌شتیار‌و پارێزه‌ر‌و كارمه‌ندانی بانكن.
هه‌فته‌ی رابردوو فلیت ستریت به گریانه‌وه چاوی ده‌گێڕا بۆ نیشانه‌یه‌ك له رۆژنامه‌نووسانه‌وه، كه له هه‌شتاكانه‌وه ورده ورده جێی ده‌هێڵن. هه‌ردوو باڵه‌خانه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گراف‌و ده‌یلی ئێكسپرێس ئێستا بوونه‌ته موڵكی بانكی گۆڵدمان ساكس‌و ئێستا ته‌نها سه‌عاته به‌ناوبانگه‌كه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گراف‌و شێوه‌ی جوانی بیناسازییه‌كه‌ی ده‌یلی ئێكسپرێس ماوه كه پێیان بناسرێنه‌وه. نووسینگه‌كه‌ی ئاژانسی رۆیته‌رز-یش بۆته چێشتخانه‌و نووسینگه‌كانی تریش بوون به نووسینگه‌ی پارێزه‌ر دووكانی میوه.
هه‌رچه‌نده مێژووه‌كه‌ی وای لێ كردووه كه به شه‌قامی رۆژنامه‌وانی بناسرێت‌و سیمای رۆژنامه‌ی چاپكراوی بریتانیا بێت، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك به‌و چاوه سه‌یری ناكات. له‌به‌رده‌م یه‌كێك له قاوه‌خانه‌كاندا دانیشتم بۆ فڕ كردنی قاوه‌یه‌ك، هێنامه پێش چاوی خۆم كه چل په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌وێم‌و ده‌بینم په‌یامنێران راكه‌ڕاكیانه‌و به پڕتاو خۆیان ده‌كه‌ن به نووسینگه‌كانیاندا‌و چیرۆكه رۆژنامه‌وانییه‌كانیان ده‌نووسن، به‌و هیوایه‌ی پێش ركابه‌ره‌كانیان بڵاوی بكه‌نه‌وه. سه‌رنووسه‌ره‌كان له‌و چێشتخانه‌یه‌ی لای خۆیان نان ده‌خۆن‌و كارمه‌ندانی چاپخانه چا ده‌خۆنه‌وه‌و خۆیان بۆ شه‌وێكی درێژی پڕ له كاری چاپ‌و مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ كاغه‌ز‌و مه‌ره‌كه‌بدا ئاماده ده‌كه‌ن. گه‌شتیارێك پرسیاری رێگه‌ی میترۆكه‌ی لێ كردم‌و گه‌شتی خه‌یاڵی پچڕاندم.
مێژووی شه‌قامی رۆژنامه‌وانی
ساڵی 1495 وینكین دی ۆرد یه‌كه‌م چاپخانه‌ی له چوارڕیانی شۆلین كه به فلیت ستریت-یش ده‌به‌سترێته‌وه، دامه‌زراندن، هه‌ر ئه‌و كاته‌ش ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه‌ی ریچارد پێنسۆن له نزیك كه‌نیسه‌ی سانت دێنستان-ی سه‌ر شه‌قامی فلیت دامه‌زرا، له‌و كاته‌وه ناوی ۆرد‌و پێنسۆن له‌گه‌ڵ هه‌ر وشه‌یه‌كدا دێت كه په‌یوه‌ندی به چاپ‌و رۆشنگه‌ریی بریتانیاوه هه‌بێت. دوای ئه‌وانیش چه‌ندان چاپخانه‌و ده‌زگای بڵاوكردنه‌وه له هه‌مان شه‌قام دامه‌زران، سه‌ره‌تا كاری سه‌ره‌كییان دابین كردنی بابه‌ت‌و مادده یاساییه‌كان بۆ دادگا شاهانه‌كان، كه له كۆتایی شه‌قامه‌دا بوون، له‌گه‌ڵ چاپ كردنی هه‌ندێك په‌خشان‌و شانۆنامه.
له ئاداری 1702دا‌و هه‌ر له‌و شه‌قامه‌دا یه‌كه‌م ژماره‌ی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی له‌نده‌نی ده‌رچوو، كه رۆژنامه‌ی ده‌یلی كۆرانت بوو، دوای ئه‌و رۆژنامه‌ی مۆرنینگ كرۆنیكڵ ده‌رچوو، تا ساڵی 1702ش ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامانه‌ی له له‌نده‌ن ده‌رده‌چوون گه‌یشته 12 رۆژنامه. له ناوه‌ڕاستی سییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا ژماری رۆژنامه‌كانی له‌نده‌نی پایته‌ختی بریتانیا زیادی كرد، له‌و كاته‌دا شه‌ش رۆژنامه‌ی رۆژانه ده‌رده‌چوون، 12 رۆژنامه رۆژناڕۆژێك‌و 13 هه‌فتانه‌مه‌ش ده‌رده‌چوون، تێكڕای تیراژی هه‌فتانه‌ش ده‌گه‌یشته 100 هه‌زار دانه، به‌ڵام له رۆژگاره‌دا رۆژنامه ده‌ستاوده‌ستی ده‌كرد‌و یه‌ك دانه 20 كه‌س ده‌یخوێنده‌وه.
له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا به هۆی ئه‌و باجه زۆره‌ی حكومه‌ت ده‌یسه‌پاند، رۆژنامه‌كان گران بوون‌و سنووردار بوو، به‌ڵام له نیوه‌ی ئه‌و سه‌ده‌یه‌وه حكومه‌ت باجی له‌سه‌ر چاپه‌مه‌نی لابرد، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ركردنی یه‌ك دانه له رۆژنامه‌یه‌ك تێچوونه‌كه‌ی له یه‌ك سه‌نت زیاتری نه‌ده‌برد، ئه‌مه‌ش هانده‌رێكی باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی زۆر رۆژنامه‌ی تازه له دایك بن‌و كڕیاریش زۆر بێت، تا ساڵی 1880 ژماره‌ی رۆژنامه‌ی رۆژانه له له‌نده‌ن گه‌یشته 15 رۆژنامه‌و 383 هه‌فته‌نامه‌ش ده‌رده‌چوو، جگه له له‌نده‌ن گازێت كه حكومه‌تی خۆی ده‌ری ده‌كرد.
ساڵانی دوای ئه‌وه فلیت ستریت بووه شه‌قامی رۆژنامه‌وانی بریتانیا‌و شاده‌ماری رۆژنامه‌وانی ئه‌و وڵاته، سه‌رجه‌م رۆژنامه به‌ناوبانگه‌كان له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا باره‌گای خۆیان له‌وێ كرده‌وه، ده‌یلی ئیكسپرێس ساڵی 1931 چووه باڵه‌خانه‌ی ژماره 121-128وه، كه ئۆوێن و‌لیامز نه‌خشه‌كه‌ی كێشاوه‌و یه‌كه‌م باڵه‌خانه شوشه بوو له له‌نده‌ن، له ته‌نیشتییه‌وه ده‌یلی ته‌له‌گراف له باڵه‌خانه‌ی ژماره 135-142دا بوو، كه سه‌عاتێكی به‌ناوبانگی پێوه بوو، تا ئێستاش ئه‌و سه‌عاته ماوه. له‌به‌رده‌م ئه‌و دوو رۆژنامه‌یه‌شدا ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز له باڵه‌خانیه‌كی به‌رزدا بوو.
ناوبانگی ئه‌م شه‌قامه له شه‌سته‌كان‌و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا گه‌یشته لوتكه. دڵی زیندووی رۆژنامه‌وانی‌و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌واڵ بوو. هه‌ندێك ناویان لێنا شه‌قامی ئابڕووچوونه‌كان، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌كان به‌دوای هه‌واڵی وروژێنه‌ردا ده‌گه‌ڕان. سه‌نته‌رێكی گرنگیش بوو بۆ ئه‌زموونی كاری ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی رۆژنامه‌وانی ده‌كه‌نه پیشه، پیشه‌ی رۆژنامه‌وانیش هه‌ر له‌وێوه سه‌ری هه‌ڵدا.
له‌و رۆژگارانه‌دا ته‌كنه‌لۆژیا سنووردا‌و ناردنی په‌یام لاواز بوو، له‌به‌ر ئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسان نه‌بوون‌و رۆژنامه‌نووسه‌كانیش هه‌ر به قه‌ڵه‌م ده‌یاننووسی‌و دواتر به ئامێری چاپی ده‌ستی ده‌یاننووسییه‌وه، هه‌ر رۆژنامه‌یه‌كیش چاپخانه‌ی خۆی هه‌بوو له ژێرزه‌مینی باڵه‌خانه‌كه‌یدا، له‌به‌ر ئه‌وه به‌رده‌وام ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ده‌بینرا كه تۆپه كاغه‌زی گه‌وره‌یان پێ بوو بۆ چاپخانه‌كان، ئێواره‌ش ده‌هاته‌وه بۆ باركردنی رۆژنامه چاپكراوه‌كه‌و ده‌یبرد دابه‌شی ده‌كرد.
رۆژنامه‌وانان نووسینگه‌كانیان جێ دێڵن
ئه‌و باڵاده‌ستییه‌ی شه‌قامی رۆژنامه هه‌یبوو، ورده ورده نه‌ما‌و مه‌ره‌كه‌به‌كه‌ی كاڵ بۆوه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 1986دا رۆبه‌رت مه‌ردۆخ-ی خاوه‌نی كۆمپانیای نویز ئینته‌رناشناڵ بڕیاری دا چاپه‌مه‌نییه‌كانی خۆی تایز‌و سه‌ن‌و هه‌واڵی جیهان بگوێزێته‌وه بۆ باره‌گایه‌كی نوێ له وابینگ كه دووره له فلیت ستریت-ه‌وه. بڕیاره‌كه‌ی مه‌ردۆخ بڕیارێكی ته‌واو ئابوورییانه بوو، چونكه ده‌یزانی رۆژنامه قازانج ناكات له بن سایه‌ی سیاسه‌تی سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كاندا، كه گرنگی به مافی كرێكارانی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه ده‌ده‌ن‌و ئه‌و كاتیش مارگرێت تاتچه‌ر-ی سه‌رۆك وه‌زیری بریتانیا پشتیوانی له‌و سه‌ندیكایانه ده‌كرد. مه‌ردۆخ-یش سه‌رجه‌م كرێكاره‌كانی له‌سه‌ر كار ده‌ركرد‌و كادری تازه‌ی هێنا كه تایبه‌ت به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌له‌كترۆنی، كۆمپیوته‌ر‌و ته‌كنه‌لۆژیای تازه‌یشی بۆ نووسینگه تازه‌كانی كڕی، ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستی سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كانی لاواز كرد‌و ناكۆكییه‌كی توندی لێ كه‌وته‌وه كه بۆ ماوه‌ی ساڵێك خۆپیشاندنی كرێكاره‌كان به‌رده‌وام بوو، له فلیت ستریت پێكدادانی توندیش له نێوان خۆپیشانده‌ران‌و هێزه‌كانی ئاسایش‌دا رووی دا، به شكستی سه‌ندیكا پیشه‌ییه‌كانیش كۆتایی هات.
له ساڵی 1988دا سه‌رجه‌م رۆژنامه نیشتمانییه‌كان له فلیت ستریته‌وه گوێزرانه‌وه بۆ ناوچه‌ی دۆكلاندز‌و شێوازی كاریان گۆڕی له پلێتی كانزایی گه‌رمه‌وه گۆڕی بۆ چاپی نوێ‌و كۆمپیوته‌ر، ئیتر ته‌قه‌ته‌قی چاپی ده‌ستی‌و زۆر چاپه‌مه‌نیش له‌و شه‌قامه نه‌مان‌و گوێزرانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی كه‌ناری ۆرف‌و سوتارك. ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز-یش له ساڵی 2005دا فلیت ستریتی جێ هێشت. دوا چاپه‌مه‌نی به‌ناوبانگیش كه ساڵی رابردوو شه‌قامه‌كه‌ی جێ هێشت سه‌نده‌ی پۆست بوو. دوای ئه‌وه ورده ورده باڵه‌خانه‌و نووسینگه‌كان گۆڕان بۆ دووكان‌و فرۆشگه‌ی بازرگانی‌و چێشتخانه. شه‌قامه‌كه‌ش بووه بنكه‌و باره‌گای زۆرێك له بانكه بازرگانییه‌كان‌و بانكی وه‌به‌رهێنان‌و كۆمپانیاكانی بواری پارێزه‌ریی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نزیكه له دادگای شاهانه‌وه. بانكی گۆڵدمان ساكس چووه باڵه‌خانه به‌ناوبانگه‌كانی ده‌یلی ته‌له‌گراف‌و ده‌یلی ئیكسپرێسه‌وه. هه‌رچه‌نده رۆژنامه‌نووسان شه‌قامه‌كه‌یان جێ هێشت، به‌ڵام تا ئێستاش ناوی ئه‌و شه‌قامه په‌یوه‌سته به ره‌وتی پێشكه‌وتنی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌وه له بریتانیا‌و جیهانیشدا.
ده‌مه‌ته‌قێیه‌كی رۆژنامه‌وانیانه له‌سه‌ر مێزی ئێواره‌خوانێك
كاتی خۆی فلیت ستریت زۆر چێشتخانه‌و خواردنگه‌ی ناسراوی تێدا بوو كه رۆژنامه‌نووسان روویان تێ ده‌كرد‌و له كاتی نانخواردندا رۆژنامه‌نووسه ركابه‌ره‌كانی خۆیان كه له ده‌زگای چاپه‌مه‌نییه‌كانی تر كاریان ده‌كرد ده‌بینی‌و باسی بارودۆخی رۆژنامه‌وانی‌و گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانیان ده‌كرد‌و به‌دوای چیرۆكی دزه‌پێكراوی رۆژنامه‌وانیدا ده‌گه‌ڕان. چێشتخانه‌ی (یا ئۆڵد چیشایر چیز) كه ساڵی 1666 دامه‌زراوه یه‌كێك بوو له چێشتخانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه كه رۆژنامه‌نووسان رۆژانه ده‌چوونه ئه‌وێ. ئه‌و چێشتخانه‌یه شوێنی نانخواردنی زۆرێك له نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌كان بوو، وه‌ك چارلز دیكنز‌و سامیۆل جۆنسۆن، دواتریش له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی چاپه‌مه‌نییه‌كاندا بوو به شوێنی نانخواردنی رۆژنامه‌نووسانیش.
مایكل 50 ساڵ ده‌بێ له‌و چێشتخانه‌یه‌دا كار ده‌كات، تا ئه‌مڕۆش سه‌رپه‌رشتی ده‌كات. مایكل ده‌ڵێ: سه‌رجه‌م كڕیاره‌كانمان رۆژنامه‌كار‌و رۆژنامه‌وان بوون به‌رله‌وه‌ی ئه‌م شه‌قامه جێ بهێڵن. ئه‌م چێشتخانه‌یه شوێنیان بوو به تایبه‌تی له‌كاتی نانی نێوه‌ڕۆدا یان دوای ته‌واوبوونی كاره‌كه‌یان. ئه‌و كات چێشتخانه‌كه ناسنامه‌یه‌كی سه‌یری هه‌بوو كه جۆرێك له سیمای چینایه‌تی رانه‌گه‌یه‌نراوی هه‌بوو. مایكڵ پاوێكی ئینگلیزی حه‌فتا ساڵه‌یه‌و ئاوا باسی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ی ده‌كرد: په‌یامنێران‌و رۆژنامه‌نووسان هه‌میشه له نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی چێشتخانه‌كه داده‌نیشتن، به‌ڵام كارمه‌ندانی چاپخانه له نهۆمی خواره‌وه نانیان ده‌خوارد، كرێكارانی به‌شی خزمه‌تگوزاری پاكردنه‌وه‌ش له ژێرزه‌مینه‌كه‌دا كۆ ده‌بوونه‌وه بۆ نانخواردن.
مایكل سه‌رپه‌رشتی نهۆمی رۆژنامه‌نووسانی ده‌كرد‌و له باره‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و كاتی خۆیه‌وه وتی: زۆر جار هه‌واڵسازه به‌ناوبانگه‌كانی چاپه‌مه‌نییه‌كانی تریش ده‌هاتن بۆ نانخواردن، قسه‌كردن له نێوانیاندا ده‌ستی پێ ده‌كرد‌و هه‌ندێك جاریش قسه‌كان سه‌ریان ده‌كێشا بۆ گفتوگۆی رۆژنامه‌وانی یان سیاسی توند. مایكل باس له‌وه ده‌كات كه رۆژنامه‌نووسانی هه‌واڵی جیهان كه سه‌ر به ئیمپراتۆرییه‌كه‌ی مه‌ردۆخ بوو، له هه‌موو رۆژنامه‌نووسه‌كانی تر سه‌ره‌ڕۆتر‌و پڕ قسه‌تر بوون، ئه‌وان تا دره‌نگانی شه‌و، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌رگای چێشتخانه‌كه داده‌خرا ده‌مانه‌وه.
سه‌باره‌ت به كڕیار‌و كه‌سه دیاره‌كانی ئه‌مڕۆی چێشتخانه‌كه‌ش مایكل به ئاهی سارده‌وه وتی: ئه‌مڕۆ دۆخه‌كه گۆڕاوه، كڕیارانی چێشتخانه‌كه ئێستا پارێزه‌ر‌و كارمه‌ندی بانكه‌كانن، گفتوگۆكانیان وه‌ك قسه‌ی رۆژنامه‌نووسان خۆش نین. مایكل ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه زۆر كه‌س له گه‌شتیاران سه‌ردانی چێشتخانه‌كه ده‌كه‌ن‌و به دوای بیره‌وه‌رییه‌كی شه‌قامی رۆژنامه‌وانیدا ده‌گه‌ڕێن، حه‌زی زانینیان وایان لێ ده‌كات پرسیار له من بكه‌ن، له باره‌ی به‌ناوبانگترین ئه‌و نووسه‌ر‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌سه‌ر كورسییه ته‌خته‌كانمان دانیشتوون‌و به‌رهه‌مه ناوازه‌كانیان نووسیوه، یان نانێكیان له‌گه‌ڵ هاوڕێ رۆژنامه‌نووسه‌كانیاندا خواردووه.
رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌تیش له‌وێ له دایك بووه
39 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر‌و رێك له رۆژی چواره‌می مانگی ته‌مووزی ساڵی 1978دا رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له مه‌یدانه بچكۆله‌كه‌ی گیڤ سكوایر، كه له‌گه‌ڵ فلیت ستریت یه‌ك ده‌گرێته‌وه ده‌رچوو، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیای توێژینه‌وه‌و بازاڕكاری سعودیه ساڵی 1976 ئاژانسی پرێس فۆتۆی كڕییه‌وه، كه كۆنترین ئاژانسی بریتانی تایبه‌ت به وێنه‌ی رۆژنامه‌وانییه، له‌گه‌ڵیشیدا ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی كڕییه‌وه كه ئاژانسه‌كه‌ی تێدا بوو. كۆمپانیاكه جێپێیه‌كی كرده‌وه بۆ گروپه سعودییه‌كان له بریتانیا‌و بووه شوێنی له‌دایكبوونی رۆژنامه‌ی سه‌وزی ئه‌لعه‌ره‌ب ئه‌لده‌ولیه‌ی.
ئه‌و مه‌یدانه بۆن‌و به‌رامه‌ی پڕ له مێژوو بیره‌وه‌ری لێ دێت، هه‌ر له باڵه‌خانه‌یه‌كی نزیك ئه‌و مه‌یدانه سامیۆل جۆنسۆن یه‌كه‌م فه‌رهه‌نگی زمانی ئینگلیزی خۆی نووسی. له‌و سه‌رده‌مه‌دا فلیت ستریت دڵی زیندووی رۆژنامه‌وانی بریتانیا بوو، ره‌نگه سه‌یرترین شوێنیش بێت بۆ ده‌ستپێكی شۆڕشی رۆژنامه‌وانی عه‌ره‌بی. هیشام عه‌لی حافز‌و محه‌مه‌د عه‌لی حافز كه دوو برا بوون‌و كاری چاپه‌مه‌نییان ده‌كرد، جیهاد ئه‌لخازن-یان وه‌ك سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه دامه‌زراند‌و داوایان لێ كرد، كادری لێهاتوو ئاماده بكه‌ن بۆ ده‌رچوواندنی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت. ئه‌وه بوو یه‌كه‌م ژماره‌ی ده‌رچوو، به‌ڵام چه‌ند سه‌عاتێك له واده‌كه‌ی خۆی دوا كه‌وت‌و هه‌ر ئه‌و دواكه‌وتنه‌ش به‌س بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی دابه‌ش كردنه‌كه‌ی تێك بچێت، پاشان فڕۆكه‌یه‌كیان به كرێ گرت بۆ ئه‌وه‌ی 40 هه‌زار دانه‌ی لێ بگه‌یه‌نرێته سعودیه. به‌ڵام ساڵی 1980 ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت له ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و رۆژنامانه بوو كه لاپه‌ڕه‌كانیا له رێگه‌ی مانگی ده‌ستكرده‌وه ده‌نارد.
سه‌ره‌تای كار كادره‌كانی رۆژنامه‌كه له خێزانێكی بچووك پێك هاتبوون، له‌وانه‌ش عیرفان نیزامه‌دین كه پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی وه‌رگرتبوو، عادل ئه‌لئه‌حمه‌ر سكرتێری نووسین‌و ده‌سته‌ی هه‌واڵسازانیش بریتی بوون له حافز ئیبراهیم خه‌یره‌ڵڵا، عه‌بدولباری عه‌توان، حافز ئه‌لقه‌بانی، حه‌سه‌ن فوئاد، عادل سه‌لاحی، عادل به‌شتاوی، وه‌فائی دیاب، حه‌سه‌ن له‌قیس، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووسی هاوكار له (بی بی سی)ه‌یه‌وه‌و هه‌ندێك كارمه‌ندی تری وه‌ك خۆشنووس‌و رێكخه‌ری هه‌واڵ‌و كارمه‌ندانی به‌شی به‌رهه‌مێهان.
كاتێك رۆژنامه‌كه ده‌ستی به ده‌رچوون كرد، زۆرترین ژماره‌ی ئه‌ندامانی تیمی به‌رهه‌مهێن خه‌ڵكی لوبنان بوون، ئه‌وان شاره‌زا بوون له چاپه‌مه‌نیدا‌و بڵاوكراوه‌ی وه‌ك ئه‌لنه‌هار‌و ئه‌لحه‌یات‌و ده‌یلی ستار-یان ده‌ركردبوو. محه‌مه‌د ئه‌لمه‌لاح سه‌رۆكی تیمی به‌رهه‌مهێنان بوو، تا كاتی خانه‌نشینی هه‌ر له ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت مایه‌وه، ئه‌لمه‌لاح برازایه‌كی خۆیشی هێنا بۆ كاری فۆتۆگرافه‌ریی، كه ئه‌ویش هه‌ر ناوی محه‌مه‌د بوو.
تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌ندێك له‌و كادرانه به‌شێكن له خێزانی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، له‌وانه‌ش ئیاد ئه‌بو شه‌قرا-ی رۆژنامه‌نووسی لوبنانی‌و راوێژكاری ده‌سته‌ی نووسه‌ران، كه له ته‌مووزی 1979وه له رۆژنامه‌كه‌دا كار ده‌كات. ئه‌بو شه‌قرا ئه‌و رۆژگارانه‌ی له‌نده‌ن‌و رۆژنامه‌كه‌شی بیر ماوه‌و له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: وه‌ك خێزانێك وابووین، له‌نده‌نیش ئه‌وكات شارێكی ئارام بوو، له پشووی كۆتایی هه‌فته‌دا شار ده‌نووست‌و دوكان‌و بازاڕ زوو داده‌خران، له‌به‌ر ئه‌وه ئێمه‌ش هه‌ر به یه‌كه‌وه كاتمان به‌سه‌ر ده‌برد. سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی خۆی له مه‌یدانی گیڤ سكوایر ئه‌بو شه‌قرا ده‌ڵێ: هه‌موو خه‌ونم ئه‌وه بوو ببمه رۆژنامه‌نووس له فلیت ستریت‌و خه‌ونه‌كه‌شم هاته دی، ده‌زگاكانی وه‌ك رۆیته‌رز‌و ده‌یلی ته‌له‌گراف‌و ده‌یلی ئێكسپرێس، ته‌نها له رادیۆدا ناویانم بیستبوو، ئێستا دراوسێی شوێنی كاره‌كه‌من. ئه‌و رۆژنامه‌نووسه لوبنانییه باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه رۆژنامه‌ی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت له ناو كوشكه‌كانی فرۆشتنی رۆژنامه‌دا‌و له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌كانی تری بریتانیا داده‌نرا، خه‌ڵكی بیانی به ره‌نگه سه‌وزه‌كه‌یدا ده‌یانناسییه‌وه. ئه‌و رۆژگاره ئێمه هه‌ستمان به نامۆیی نه‌ده‌كرد له ناو شه‌قامه‌كه‌دا، به‌ڵكو هه‌ستمان ده‌كرد به‌شێكین له پێكهاته‌ی رۆژنامه‌وانی شه‌قامه‌كه.
حافز ئه‌لقه‌بانی رۆژنامه‌نووسی میسری به‌ر له ده‌رچوونی رۆژنامه‌كه‌ش ئاماده بوو، سه‌ره‌تا هه‌واڵی نێوده‌وڵه‌تی درایه ده‌ست، دواتریش به‌شی وه‌رگێڕانی وه‌رگرت. ئه‌و سه‌ره‌تاكانی كاری بیر ماوه‌و ده‌ڵێ: ئه‌و كات په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كان توند‌و تۆڵ بوون، بۆنه‌كانیش كه كۆمپانیا رێكی ده‌خستن ناوازه بوون، سه‌ره‌تا ده‌چووین له چێشتخانه‌یه‌كی توركی نانمان ده‌خوارد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كات هۆگری خواردنی بریتانی نه‌بووین، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك چێشتخانه‌ی ترمان دۆزییه‌وه، وه‌ك چێشتخانه‌ی (یا ئۆڵد چیشایر چیز) كه به چێشتخانه‌ی رۆژنامه‌نووسان ناوبانگی ده‌ركردبوو. یه‌كێك له‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی سه‌رده‌می فلیت ستریت، ئاپۆره‌ی ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره‌كان بوو كه تایبه‌ت بوون به چاپخانه‌كان‌و دابه‌ش كردنی كاغه‌ز. بیره‌وه‌رییه‌كی تر ئه‌و ئێوارانه بوو كه له یانه‌ی رۆژنامه‌وانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ریان ده‌برد، له‌وێ چالاكی رووناكبیری ساز ده‌كرا‌و دیارترین رۆژنامه‌نووسانیش كۆده‌بوونه‌وه.
نه‌دیم فه‌رحات سه‌رۆكی به‌شی جێبه‌جێ كردن له ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، دوای سێ مانگ له دامه‌زراندنی رۆژنامه‌كه ده‌ستبه‌كار بوو، ئه‌و كاته رۆژنامه‌كه ته‌نها 12 لاپه‌ڕه بوو. نه‌دیم ده‌ڵێ: ئه‌و كاته جیاكردنه‌وه‌و رێكخستنی لاپه‌ڕه‌كان زۆر ئاڵۆز بوو، به‌رهه‌مه‌كه لای هه‌واڵسازه‌وه ده‌هات، رێكخه‌ری هه‌واڵ رێكی ده‌خست‌و چاپی ده‌كرد‌و ده‌یشته‌وه، پاشان ناونیشانه‌كه‌مان جیا ده‌كرده‌وه‌و به‌رهه‌مه‌كه‌مان ده‌خسته سه‌ر مۆم، به تیغێك ده‌مانبڕی‌و قه‌راغه‌كانیمان به به‌نزین خاوێن ده‌كرده‌وه‌و پاشان ده‌ماننارد بۆ چاپ، كارێكی قورس بوو، ئێستاش بۆنی ئه‌و مۆم‌و به‌نزینه له زه‌ینمدا ماوه، زۆر جار به تیغه‌كه ده‌ستی خۆم ده‌بڕی. ژماره‌مان زۆر بوو، سێ خۆشنووسمان هه‌بوو بۆ نووسینی ناونیشانه‌كان، یه‌كێك له‌وانه عه‌بده ئه‌لریس-ی هاورێمانه. به‌شی رێكخستن‌و دیزاین پڕ بوو له داهێنان، كاره‌كه‌مان پشتی به ده‌ستڕه‌نگینی ده‌به‌ست نه‌ك كۆمپیوته‌ر، له‌و كاته‌وه‌ی كۆمپیوته‌ر هێنرایه ناو كاره‌كه‌وه تاقه‌تم چوو، چونكه زیاتر چێژ له كاری ده‌ستی وه‌رده‌گرم.
نه‌دیم سه‌باره‌ت به باره‌گای رۆژنامه‌كه له نزیك چاپه‌مه‌نییه‌كانی تری بریتانیا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر یه‌كێك له كارمه‌ندانی هه‌واڵساز، یان رێكخه‌ری هه‌واڵ‌و دیزاینه‌ر دیار نه‌مانایه، له یه‌كێك له‌و چێشتخانانه ده‌ماندۆزینه‌وه، كه دیارترینیان چێشتخانه‌ی (فیش ئاند چیپس) بوو. نه‌دیم ئه‌و رۆژانه‌ش وه‌بیر دێنێته‌وه كه شازاده دایانا شوی كرد به شازاده چارلس‌و ده‌ڵێ: شه‌قامه‌كه واته فلیت ستریت پڕ ببوو له رۆژنامه‌نووسان‌و وێنه‌گران، كێبڕكێیان بوو به‌ده‌ستهێنانی جوانترین وێنه‌ی ئه‌و دوو هاوسه‌ره شاهانه‌یه له‌و كاته‌دا كه كه‌ژاوه‌كه‌یان به‌وێدا تێده‌په‌ڕی به‌ره‌و سانت پۆلز.
عادل نو‌عمان-ی به‌شی هونه‌ری له سه‌ره‌تای ده‌رچوونی ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ته‌وه له‌گه‌ڵدا نه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كانی مه‌یدانی گیڤ سكوایردا تێكه‌ڵه، ئه‌ویش به‌هۆی كاركردنی له‌گه‌ڵ بڵاوكراوه‌كانی سه‌ر به گروپه سعودیه‌كه وه‌ك سه‌یده‌تی‌و ئه‌لمه‌جه‌له، ئه‌و كات به سواری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆی ده‌چووه سه‌ر كاره‌كه‌ی، ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندی بوو به به‌راورد له‌گه‌ڵ قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی له‌نده‌ندا. سه‌باره‌ت به بیره‌وه‌رییه‌كانی له فلیت ستریت عادل نو‌عمان ده‌ڵێ: بیرمه چێشتخانه‌كانی ئه‌م ده‌وروبه‌ره خواردنی تایبه‌تی ماڵه ئینگلیزیان پێشكه‌ش ده‌كرد، ئه‌و جۆره خواردنه هاوڕێك ده‌هاته‌وه له‌گه‌ڵ چه‌شه‌و بۆن‌و به‌رامه‌ی شه‌قامی رۆژنامه‌وانی بریتانیا، بیری مه‌یدانی گیڤ سكوایر ده‌كه‌م، ره‌ونه‌قێكی تایبه‌تی هه‌بوو، ئه‌و كاتانه رۆژگارێكی خۆشمان به‌سه‌ر برد.
ئه‌بو به‌كر له ساڵی 1983وه له‌گه‌ڵ ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت وه‌ك نامه‌به‌ر ده‌ستی به كار كرد‌و له باره‌ی ئه‌و رۆژگارانه‌وه ده‌ڵێ: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌رچوونییه‌وه بووه جێگه‌ی قسه‌و باسی خه‌ڵك له فلیت ستریت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌یه‌كی عه‌ره‌بی سه‌وز بوو، هه‌ر به‌و جۆره‌ش عه‌ره‌ب‌و خه‌ڵكی بیانیش ناسییان. كاتێك من ده‌ستم به‌كار كرد، رۆژنامه‌نووسه‌كان به قه‌ڵه‌م ده‌یاننووسی، ئه‌ركی من ئه‌وه بوو وتاره‌كان بگه‌یه‌نمه به‌شی رێكخستنی هه‌واڵه‌كان، دوای ئه‌وه‌ش بیانبه‌م بۆ به‌شی دیزاین، كارێكی درێژخایه‌ن‌و قورس بوو، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێی گه‌یشتنی وێنه‌كانم ده‌كرد له ئاژانسه‌كانه‌وه تا بیگه‌یه‌نمه ده‌ست ئه‌و هه‌واڵسازه‌ی پێویستی پێیه‌تی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار خۆم ده‌چووم بۆ ئاژانسی ئه‌سۆشه‌یتد پرێس تا وێنه‌كانیان لێ وه‌ربگرم. به‌رله‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا پێش بكه‌وێت زۆر ماندوو ده‌بووین، به‌ڵام مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی چاپ خۆی هۆكاری ئه‌م سه‌ركه‌وتن‌و ناوبانگه‌ی ئه‌مڕۆیه. له كۆتایی قسه‌كانیدا وتی: ئه‌مڕۆ له ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت دوو نامه‌به‌رمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و كات 12 كه‌س بووین.
كوردستانی نوێ