بۆ سۆرانی مامە حەمە.. ئەگەر ئێستا كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بوایە؟
مەعروف مەجید

دوای شەش ساڵ بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە، تائێستا ئەو كەیسە وەكو خۆی ماوەتەوە. ئەوەی مایەی نیگەرانی كەسوكارو هاوڕێ‌و هاوپیشەكانییەتی ناكرێ‌ لە شارێكی كوردنشیندا بەتایبەتی لە گەڕەكێكی كوردی دا، كەسێكی كورد بەدەستی چەكدارانی كورد بكوژرێت. هەرچەندە لە مێژوی دەسەڵاتی كوردیدا ئەمە یەكەم كارو كۆتا كار نییە، پێشتر عەبدولستار تاهیرو دواتر زەردەشت‌و كاوە گەرمیانی‌و چەندین كەسی تری بێتاوان لەم هەرێمەدا خەڵتانی خوێن كران. من نامەوێ‌ لێرەوە گلەیی‌و نارەزایی بەرامبەر دەسەڵات دەرببڕم، لەبەرئەوەی لەماوەی دەسەڵاتی كوردیدا زۆرمان وت، بەڵام سودی نەبوو.

ئەوەی من دەمەوێ‌ لەم كورتە نوسینەدا بیڵێم ئەوەیە لەدوای ناڕەزاییەكانی (17)ی شوبات‌و دروستكردنی گۆرەپانێكی فراوان بۆ كەسانێك كە خۆیانیان تێدا نمایش دەكرد، هیچ یادو بۆنەیەكیان بەفیڕۆ نەدەدا بۆ ئەوەی لانیكەم بكەونە ناو زومی كامێرای كەناڵەكانەوە، بۆ ئەوەی ئێ‌ خوایە كەسێك قسەكەی پێ جوان بێت‌و لە خۆكاندیدكردنەكەی بۆ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكەی دەنگی پێبدرێت‌و داڵەكە بەسەر شانییەوە بنیشێتەوە، بەشێكیشی بینیمان داڵەكە (رێزم هەیە كەسانی نەزان هەڵیاندا بەسەر شانییانەوە نیشتەوە)، ئێستا منەتی بەكەس نەماوە. لەیادمە ساڵانی پێشوو چەندین كاندیدو هەڵسوڕاوو ئەندام‌و دۆست‌و لایەنگرو نازانم ئەو شتانەی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن سنگیان دەهێنایە پێشەوە بۆ ئەوەی دەربكەون.

ئەمساڵ لەیادی شەهیدكردنی گەرمیان ئەحمەدی تەمەن (12) ساڵ، كە هاوكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی بەغداو هەرێم بو، سوێندتان لەسەرم نییە كاندیدی واهاتبوو نەیدەزانی چەمچەماڵ قەزایە یان ناحیە؟ بەڵام ئێستا بەشێكیان كە دەرچون بڕوا ناكەم لە تیڤییەكانیشەوە سەیری چەمچەماڵ بكەن.

ئەرێ‌ بەرێزان ئەمساڵ بۆ كەستان تەشریفتان نەهێنا بۆ سەر گڵكۆی سۆرانی مامە حەمە؟ ئەرێ‌ سۆران هەر ئەو سۆرانە بوو كە هیوایەتتان بوو وێنەیەگ بگرن‌و لە فەیسبوكەكتان دایبگرن‌و فرمێسكی تیمساحی بۆ برێژن! ئەرێ‌ زەحمەت نەبێ‌ خۆ ئێستاش فەیسبوكەتان ماوەو دەتوانن وێنەكانتان دابگرن.

سوێند بەخوا كاتی چوومە سەر گۆڕەكەی سۆران، زۆر بەزەییم بە خۆم‌و بە سۆران‌و بەهەموو هاوپیشەكانی سۆراندا هاتەوە، كە ئاخۆ ئەو پیشەیەی هەڵیانگرتووە هێندە بێ‌ نرخە كە لە وەها مەراسیمیكدا بیست كەس ئامادە نەبێت؟ ئاخۆ سۆران كەی رۆحی شاد دەبێت ئەو كەسانەی لەسەر شاشەكانەوە بەناوی ئەوەوە خۆیان كردبویە فس فس پاڵەوان ئەمرۆ لەخۆیان نەگرت بێن پێنج خولەك لەسەر گۆرەكەی بوەستن؟ ئەگەر پرسیاریشی لێبكەی دەڵی من‌و سۆرانی رەحمەتی بەبێ‌ یەكتری نان‌و ئاومان نەدەخوارد.

كەواتە سۆران گیان لەكاتی ئاساییدا دۆستت زۆر بوو، بەڵام بەخوا زۆربەیان بێ وەفا دەرچوون. ئەمڕۆ كەمێك لە دۆستەكانت‌و برایەك‌و خوشكەكەت‌و چەند خزمێك لە سەر گۆڕەكەت ئامادەبوون. هەرچەندە هیوادارم زویر نەبی لەبەرئەوەی ئەمرۆ دونیا بۆتە دونیایی مەسڵەحەت‌و بەرژەوەندی، ئەوانەی دوێنی نان‌و ئاویان پێتەوە دەخوارد ئێستا كەمێك لە تۆ دوركەوتونەتەوەو زۆ ئاساییە بڵێن سۆرانمان هەر نەناسیوە. 

تكایە ئەوانەی ئێستا لە ناوەندەكانی بڕیاردانن لە حكومەت‌و پەرلەمان‌و ئەنجومەن‌و نازانم لەكوێی تر، بڵێن لەبەر ئاسایشی نەتەوەیی ناكرێ‌ قسە لەو كەیسە بكرێ‌. ئەمەی دەیڵێم مەبەستم سەرجەم ئەو كەس‌و لایەن‌و حیزب‌و گروپانەیە كە پێش چونیان بۆ ناو كایەكانی دەسەڵات، ئەم جۆرە كەیسانەیان بە پارە دەكڕی، بەڵام ئێستا دەڵێن كاتی نییە.

زۆری تر ماوە بینوسین، بەڵام ئەگەر ئەو كەسانە خۆیان بیبینن‌و بیخوێننەوە دڵنیام بەسیانە. كەواتە یەك داواتان لێدەكەم، خوێنەرانی ئازیز: توخوا بە قسەی لوس‌و بریقەداری هەندی خەڵك فریو مەخۆن. هەر كاتێك ویستت بڕیارێك بدەی، كەمێك بیر بكەوە، بزانە كێ‌ سەرجەم هەلەكانی قۆستۆتەوە تەنها بۆ ئەوەی بگات بە هەواو ئارەزوی خۆی‌و سەرجەم بۆنەو یادو خوێنی سۆرانەكان دەكات بە پردێك‌و بەسەریدا  دەپەڕێتەوە؟
 
له‌ (سپی‌ میدیا) وه‌

AM:07:37:27/07/2014