مەترسییەکانی بینینی وێنە توندوتیژییەکان
د. سامان جەلال
وێنە توندوتیژییەکان، کەبەھۆی رووداوە سروشتی و ناسروشتییەکان، دەردەکەون و لەکەناڵەکانی تەلەفزیۆن و رووپەری رۆژنامەو گۆڤارەکان و سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکەنەوە.. بەزیادبوونی رووداوەکان، رێژەی وێنە توندوتیژییەکان زیاتر دەبێت. بۆیە ئەم دیاریدەیە لەمیدیادا، توێژەران و کەسانی شارەزای لەبواری میدیاو دەرونناسی و کۆمەڵناسی و تەنانەت حوکمەتەکانی ھێناوەتە دەنگ و لەسەر ئاستی جیھاندا بەسەدان لێکۆلینەوەی ووردو بابەت و دانیشتن و کۆڕو سیمناری لەبارەیەوە ئەنجام بدەن، کەوا پیشاندانی بابەتە توندوتیژییەکان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی تێکست و زمانە دژوارەکان، چ مەترسی و کارەساتێک بەدوای خۆیدا دەھێنێت، کە لەدواجاردا تەنھا کۆمەڵگاو مرۆڤایەتی تووشی زەرەرمەندی دەبن، بۆیە ئەو خاڵە سەرەکییانەی کە گرنگە ھەمووان بەھەندی وەربگرین و لەسەیرکردن و بڵاوکردنەوەی بابەت و وێنە توندوتیژییەکان بەراستەوخۆیی بەدووربین و ھەر کەسەو ھەر دامەزراوەو دەزگایەک بزانێت بەو کارانە چی روودەدات:-


• ترس و مەترسی گەورە وەک تۆقین و قەلەقی،لەسەر بینەرانی بابەتە توندوتیژییەکان دروست دەبێت.


• وا لەو کەسانە دەکات، دڕو شەڕفرۆشییان لێ دروست بێت، کە ئەمە بەشێوەیەک ئازاری بۆ کەسانی تر دەبێت.


• بەسەیرکردنی وێنە توندوتیژییەکان، ماندووکردنی مێشک و ھەستی توندوتیژو ھەڵچوون دروست دەبێت.


• ھەروەھا دەبێتە دڵتەنگی و نائاسوودەیی، تەنانەت زۆرجار کار لەتێکدانی خەو دەکات، بەتایبەتی لە بابەتە تراژیدیاکان یان ئەو فلم و بابەتانەی کەوا وەڵامی کۆتایی نادەن بەدەستەوە (وەک لەچاوەڕوانی گۆد)دا.


• ھەست کوشتن، کەمکردنەوەو نەھێشتنی ھەستیاری بەرامبەر بەجوانیی، بەخۆشی و ئارامی...ھتد، بەبینینی بابەتە توندوتیژییەکان دروست دەبێت.
ھەست کوشتن زیاتر لەرێگەی کردەوی تیرۆرو پیشاندانی شەری راستەقینەوە دروست دەبێت. یان کاتێک شێوازی شەرو کوشتن و تیرۆرەکان وەک چیرۆک و تەمسیل لە تەلەفزیۆن دەگێرنەوە، کە ئەمە ھەستی ناسک و ھەستیاری کەم دەکاتەوەو دەیکوژێت، بەتایبەتی لای منداڵان.


• بینینی وێنە توندوتیژەکان وات لێ دەکات، تووشکردن و تێوەگلاندن و پەستکردنی لێ بکەوێتەوە. بابەتی توندوتیژی خۆپیشاندان و تاوانکارییەکان زۆرجار وا لەمرۆڤ دەکات لەرقەوە لایەنگیری بکات، کاتێک کە بێ لایەنانە رووماڵی بابەت و ناوەرۆکی ھونەرەکانی میدیا ناکرێت یان بابەتەکە خۆی لەو دۆخەیە، کە توورەیی دروست بکات.


• ھەندێک بابەت کە لەرێگەی وێنە توندوتیژییەکان دەبیندرێن، دەچنە مێشکی وەرگرو مرۆڤەوە، بۆ ھەتا ھەتایی لەناوناچن و دەچنە مێشکەوە،کەوا کار لەرەفتارو جولانەوەی مرۆڤ دەکەن و لەبیرناچنەوە. یان ھەندێک کەس مەناعە پەیدا دەکات و دواتر قورسە چاکبوونی، بەتایبەتی لەو بابەت و ناوەرۆک و (ھەواڵ)انەی کە ووزەی زۆری توندوتیژییان تێدایە.


• توندوتیژی پەیوەندی بە پێکھاتەی سیاسەت و ھەروەھا بە ئابوورییەوە ھەیە، پیشاندانی دیمەنەکانی برسی بوون و ھەست کردن بەجیاوازی لەلایەن وەرگر، بێگومان رق و توڕەیی بەرھەم دێنێت.


• دروست بوونی لاسایی کردنەوە، بەتایبەتی لەلای منداڵان و ھەرزەکاران (وەک دەڵێن پیشاندانی تانک و ئارپێچی بۆ منداڵ باشترە لەپیشاندانی چەقۆو کەتەر، چونکە منداڵ چەقۆو کەتەری بەئاسانی دەست دەکەوێت، بەڵام تانک و ئارپێچی بەئاسانی دەست ناکەوێت).


• پیشاندانی توندوتیژی دروستکراو، وەک یاری بەچەک و تەقەمەنی و ئەو فلمانەی لەرێگەی کاری تەکنیکی کۆمپیتەرەوە بەرھەم دێن، وا لەوەرگر دەکات باوەڕبوونی کەم بێتەوەو کەمتر واقیع بین بێت و بەرەو خەیاڵ بچێت. ھەندێک جار جیھانی وا دێتەبەرچاو کەوەک ئوتێلێک یان خانوویەک تەنھا بۆ خەوتن دروست کرابێت.


• وێنە توندوتیژییەکان، غەمبارکردن و ئازاردان و پەرێشان کردن دروست دەکات. بێجگە لەمانە زۆرجار لای بینەرانی وێنە توندوتیژییەکان، کەشی ھەستکردن بەجیھانێکی سامناک لەدەوروبەر، دەخوڵقێنێ.


بیگومان کاریگەرییە خراپەکانی وێنەکان و بابەتەکانی توندوتیژی لەکەناڵەکانی میدیادا، ھەموو ئەو دیاریدە ترسناک و مەترسیدارانەیان لێدەکەوێتەوە، کە بۆ تاک و کۆمەڵگا کێشەی گەورەو نەخۆشی کوشندەن، بۆیە دەکرێت ئەوانەی ئەو بابەتانە بڵاودەکەنەوە، فلتەرییان بکەن و رەچاوی کات و شوێن و تەمەن و رێژەی بابەتە توندوتیژییەکان بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی بکەن.


باسنیوز 

AM:02:46:05/09/2017