ژنان ئیتر ئەبێت ئاڕاستەی کارکردنیان لەو قاڵبە رزگار بکەن، كه کەی قه‌یران و ناچاری ژیان ته‌نگی پێهه‌ڵچنین، ئیتر ئەوان دەستبەرداری کارکردن بكه‌ن.
ژنان ئیتر پێویستە بیر لەوەبکەنەوە کەکارکردن پێویستییه‌كی ژیانەو دەبێت پشت بەداهات و توانای خۆیان ببه‌ستن نەک لەبەر ئەوەی ئێستا قه‌یرانی داراییەو کارکردن بەڕه‌وا ببینن، کە بارودۆخەکە ئاسایی بووەوە ئیتر ئەوانیش بێخەم لێیدانیشن، چاوەڕوانی پیاو یان برا بن بیانژێنن.
ئەگه‌ر گوزەرێک بە مێژووی ئەو قه‌یرانانە بکەین کەبەسەر گەلی کوردا هاتوون لە نێویشیاندا بە دیاری کراوی قه‌یرانی ساڵانی نەوەدەکان، ئەوه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئاستی به‌شداریی و كاركردنی ژنان له‌و ده‌مه‌دا چالاك بوو، به‌شێوه‌یه‌ك ژنان ئەگه‌ر لەدەرەوە کاریان نەکردایە لەماڵەوە لەڕێگەی کاری دەستیی و بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەره‌وه داهاتیان بۆ خۆیان مسۆگەر دەکرد و هێزی کاری ژنان لە ئاستێکی باڵادا بوو، بەڕادەیەک کەم ژن هەبوو ئەرکی بژێوی خێزانەکەی لەئەستۆی خۆی نەگرێت به‌و به‌رهه‌مه خۆماڵیانه‌ی كه‌دروستی ده‌كرد و ده‌بووه مایه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاری دارایی له‌سه‌ر خێزانه‌كه‌ی.
بەڵام هەموو ئەم كارانه‌ی ژنان كردیان وه‌كو كارێكی سه‌ره‌كی یان حه‌ز و توانایه‌ك سه‌یر نه‌كرا، به‌ڵكو وه‌كو لەناچاریدا بووبێت ئاوا بوو، بۆچی؟ چونکە ژنان یا خود پیاوانیش ئەو حقیقەتەیان لەخۆیاندا دروست نەکردبوو کەئەوانیش وەک پیاوان واجبە کاربکەن و خاوەنی داهاتی خۆیان بن، هەڵبەتە ژنان خۆیان نەیانویستووە یان رێگه‌یان پێنه‌دراوه، بۆیە بینیمان لە دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەو باشبوونی ره‌وشی دارایی هاوڵاتیان و زیادبوونی پارە، هەموو ئەو ژنانە دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرت و خەونی بوون بە خاوەنی داهاتی سەربەخۆی خۆیان لەباربرد. جارێكی تر زۆرینه‌ی ژنان له كه‌سانێكی چالاك و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه، بوون به تاكێكی قوژبنی بێ چالاكیی ماڵه‌وه‌و "مشە خۆر”. به‌ڕاده‌یه‌ك لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وه ئەو ژنانەی کاریان لەکەرتی تایبەت و کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا دەکرد، لە پەنجەی دەست تێنه‌ده‌په‌ڕین، وایلێهات ژنانی لادێکانیش دەستیان لەکارەکانیان هەڵگرت.
لەسەردانێکمدا بۆ یەکێک لە گوندەکانی گەرمیان، ژنێک بەشەرمەوە پێیوتم: "من مانگا بەخێو ئەکەم، هاوڕێ ژنەکانی لادێکەمان گاڵتەم پێ ئەکەن ئەڵێن چیت داوە لە بەخێوکردنی ئاژەڵ؟ کەی مۆدیلی بەخێوکردنی ئاژەڵ ماوە؟” بەکورتی و پوختی کارکردن بووبوو بەعەیبە بۆ ژنان، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی داراییه‌وه، باره‌کە پێچەوانە بوویەوە، ئێستا بەپێی ئامار‌و راپۆرتەکان، ژنانێکی زۆر دەستیان داوەتە کارکردن و پشت بە داهاتی خۆیان دەبەستن، ئەمە لەلایەک مایەی دڵخۆشیەو لایەکیش دەبێت بپرسین: ئایا ئەگه‌ر بار‌و دۆخەکە ئاسایی بوویەوە، بەهەمان دەردی چەند ساڵی رابردوو، ئەمانیش دەست لەکارەکانیان هەڵدەگرن یاخود نەخێر؟.
ئەگه‌ر ژنان خۆیان هۆشیار نەکەن و هەوڵی باوەڕ بەخۆبوون و پشتبەست بەخۆیان لە ناخی خۆیاندا دروست نەکەن، ئەوا هەر زوو کاروانی کارکردنیان رێگەکەی لێ پێچەوانە دەبێتەوە و ئاڕاستەکەی بۆ ماڵەوە دەگۆڕێت.
بۆیە هەتا دره‌نگ نەبووە، ئەبێت جوڵانه‌وه‌یه‌كی رێكخراو دروست ببێت بۆئەوەی ئەم هەلە بقۆزێتەوەو باوەڕو هێزی بەردەوامی و رەوایەتی کارکردن لە مێشکی ژناندا جێگیربکات و كاركردنی ژنان له ده‌ره‌وه‌ی ماڵیش، واته ڕوانین له كاركردن وه‌ك ئه‌رك و هه‌م مافیش ببێته نه‌ریت و ژنان هۆشیارییان هه‌بێت له سه‌ر ئه‌رك و مافی خۆیان و گرنگی كاركردن و ئابووری سه‌ربه‌خۆ.
ماڵپه‌ڕی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی كوردستان