وەك زەردەواڵە پێتانەوە دەدەین
محه‌مه‌د نوری‌
ساڵی ١٩٤٥ لەشاری سلێمانی رێكخراوێك دروستبوو بەناوی كۆمەڵەی زەردەواڵە ،كە تۆفیق قەزاز دایمەزراند،ئامانجی ئەم كۆمەڵەیە ئەوەبوو كە وەك زەردەواڵە بەو بەرپرسانەوەبدەن كە پۆستیان هەیە و سەربە میرین،ئەوەتا لە رۆژنامەی ژین ژمارە ٧٨٣ساڵی ١٩٤٥داهاتوە (تۆفیق قەزاز لە خزمەكانی خۆی دەستەیەكی بەدزییەوە بەناوی كۆمەڵەی زەردەواڵە رێكخستوە و موجەلەیەكی بەو ناوەوە دەركردوە) .
رەمزی قەزاز وسەعید ناكام لە ئەندامە چالاكەكانی ئەم كۆمەڵەیە بوون،ئەم جەماعەتی زەردەواڵە هەستان بە بڵاوكردنەوەی شێوە گۆڤارێك بەناوی (دەنگی زەردەواڵە )كە بەتوانج وكاریكاتێر رەخنەیان لەبەرپرسە میرییەكان دەگرت و بەگاڵتەوە باسی كارەكانیان دەكرد،ئەم بڵاوكراوەیە بەشێوەی دەستنوس بوو ،رەخنەیان لە هەركەسێك بگرتایە بەدزییەوە دەیانخستە ماڵەكەیەوە .

ئەمە موتەسەریفی سلێمانی بێزاركردبوو ،ئەوكاتەش موتەسەریفی سلێمانی مەعروف چیاوك بوو كە خەڵكی شاری هەولێربوو.بۆیە جەنابی موتەسەریف بەتۆمەتی پشتگیركردن لەو كۆمەڵەیە ژمارەیەك كەسایەتی سلێمانی دەستگیركرد،كە ئەوانیش (حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا و عومەر قەزاز و ئەحمەدتەقی)،هەر بەوەشەوە نەوەستا بەڵكو هەموو هەوڵێكی دا كە تۆفیق قەزاز دەستبەسەربكرێت ،ئەوەبوو لە ٢٦/٤/١٩٤٥تۆفیق قەزاز دەستبەسەركراو ،دورخرایەوە بۆ بەسڕە ،لە بەلاغی دورخستنەوەكەیدا هاتوە :زانرا ئەم پیاوە بەسەربەستی لەسلێمانیدا بمێنێتەوە عاقیبەتی خەتەرە و خەیم پەیدا ئەبێ وسەلامەت و ئەمنیەتی عامە و مەسڵەحەتی دەوڵەتی ئەكەوێتە تەشویشەوە ورای عام بەم تەحریزانەی ئەگۆڕێ .بۆیە قەرارماندا دوریبخەینەوە بۆ بەسڕە .

ئەم كۆمەڵەیە بەم دورخستنەوەیە كۆتایی نەهات بەڵكو هەربڵاوكراوەكەیان دەردەچوو ، بۆ سنورداركردنی كارەكانیان بڕیاردرا كە لەرۆژی ٢٨/٤/١٩٤٥لەباخچەی شارەوانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەری سازكرا و لەوكۆبوونەوەیەدا هانی پیاو ماقوڵان وكەسایەتییەكانی سلێمانی درا كە لای خەڵك ئەم كۆمەڵەیە بە فاسید و خەتەر ودژ بەمەسڵەحەتی ئاسمانی وزەوی ناوبەرن .ئەم قسانە كاری كردە سەر خەڵكی رەشۆك كە دوركەونەوە لە هەواڵی ئەو كۆمەڵەیە.كارەكانی موتەسەریفی سلێمانی جێی خۆی كردئەم كۆمەڵەیە پوكایەوە ونەما


AM:04:50:20/08/2019