رۆڵی راگه‌یاندن له رۆشنبیریی گفتوگۆدا
نه‌بیل دجانی
و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
هاووڵاتی هه‌ست ده‌كات ئه‌وه‌ی له نیشتمانه‌كه‌یدا روو ده‌دات، له ده‌ره‌وه‌ی بواری ئه‌ودایه، چونكه هۆكاره‌كانی راگه‌یاندن، به دوای ئه‌و شته‌دا ده‌گه‌ڕێن كه لای توێژی به‌ده‌سه‌ڵات گرنگه، جا ئه‌و توێژه حكومه‌ت بێت، یان میلیشیا، یان كۆمپانیا تایبه‌ته‌كان. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌و پڕۆژه یاسایه‌ی تایبه‌ته به یاسای راگه‌یاندن‌و ئه‌مڕۆ ده‌خرێته روو ته‌نها ماكیاژه‌و بۆ جوانكارییه‌و هیی تر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ی سه‌ره‌كی راگه‌یاندنی ئێمه به‌ر له هه‌موو شتێك نه‌بوونی به‌رپرسیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاكاری پیشه‌ییه.
راگه‌یاندن به‌كار ده‌هێنرێت، جا له‌لایه‌ن پیشه‌وه‌رانیه‌وه بێت، یان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی كاروباری ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن كۆلیژه‌كان‌و پرۆگرامه‌كانی خوێندنیشه‌وه به‌كار ده‌هێنرێت بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت، نه‌ك بۆ گه‌یاندنی په‌یامێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ئامانج. ئه‌و به‌كارهێنه‌رانه‌شی كه كاروباری ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن، وه‌ك ئامرازێكی سیاسی به‌كاری ده‌هێنن، نه‌ك وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه رۆڵی هه‌بێت له پێگه‌یاندنی رۆشنبیری‌و گۆڕین‌و به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵایه‌تی، یان وه‌ك هۆكاری گه‌یاندن له‌نێوان هاووڵاتی‌و رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تییه جیاجیاكاندا. ئه‌وانه‌ی له كۆلیژه‌كان‌و پرۆگرامه‌كانی خوێندنیشدا به‌كاری ده‌هێنن‌و غه‌دری لێ ده‌كه‌ن، زیاتر میتۆده ته‌كنیكییه‌كانی ده‌كه‌نه وانه‌و میتۆدی تیۆره‌كان‌و رۆڵی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له كۆمه‌ڵگه‌دا‌و سیاسه‌ت‌و ئاكاری پیشه‌یی راگه‌یاندن پشتگوێ ده‌خه‌ن.
هه‌رچه‌نده ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی نییه له گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام كاركردێكی گرنگه له‌سه‌ر تاك‌و دروست بوونی هۆشیاری‌و ئاوه‌زی وه‌رگرتن‌و تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیدا‌و له جیهانیشدا رووده‌دات. چونكه ناوه‌رۆكی ئه‌و په‌یامه‌ی راگه‌یاندنه‌كان له‌رێگه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌واڵ، یان به‌رنامه‌ی رۆشنبیری‌و كاتبه‌سه‌ر بردن، مه‌رج نییه ته‌نها ببێته هۆی په‌ی بردن به راستیی، به‌ڵكو به‌شداری ده‌كات له پێكهاتنی خودی راستییه‌كه‌ش.
راگه‌یاندن‌و هۆكاره‌كانی، ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌یه كه جه‌ماوه‌ر له‌وێوه دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆی‌و جیهانیش ده‌بینێت، به‌مه‌ش ئه‌و ئامرازانه، یان ئه‌و هۆكارانه سیفه‌تی بونیادی سه‌رخان وه‌ر ده‌گرن له كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هۆشاریی تاك‌و تێڕوانینی تاك بۆ رووداوه سیاسی‌و رۆشنبیرییه‌كان، چونكه ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن بابه‌ته گرنگه‌كان هه‌ڵده‌بژێرێت، به تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ی لای خه‌ڵك باس‌و خواسن، پاشان هه‌ر ئه‌و ئامرازانه ده‌ره‌نجامه‌كان شێوازی چاره‌سه‌ره‌كه‌یشی ده‌خه‌نه روو، كه‌واته به ته‌نها كار ناكاته سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی، به‌ڵكو كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر ره‌فتاریشی ده‌بێت، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه، ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ی ئه‌و ئامرازانه ده‌یخه‌نه روو، لای جه‌ماوه‌ر ده‌بێته بابه‌تی قسه‌و باس‌و گفتوگۆ، واته هه‌ر ئه‌و ناوه‌رۆكه به‌قوڵایی ناخی هاووڵاتیدا شۆڕ ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش له رێگه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ده‌یانوروژێنن.
ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنی لوبنان تا ئێستا نه‌یانتوانیوه رۆڵی سه‌ره‌كی ببه‌ستن له دروست كردنی رۆشنبیری گفتوگۆ له نێوان چین‌و توێژه‌كانی لوبناندا. چونكه ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن رۆڵی خۆی وه‌ك پاسه‌وان‌و پارێزه‌ری هاووڵاتی نابینن، به‌رگری له مافه‌كانی هاووڵاتی ناكات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت لێی زه‌وت نه‌كات، یان له ده‌ستی هه‌ندێك گروپی باڵاده‌ستی ناو كۆمه‌ڵگه بی پارێزێت. كاتێكیش ئه‌م رۆڵه نابینن، لوبنان ئامرازی راگه‌یاندنی جه‌ماوه‌ریی له ده‌ست ده‌دات، كه گرنگی به كاروباری رۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر بدات‌و باس له ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك بكات، راگه‌یاندنێك كه لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون بۆ كاروبار‌و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك بكات، بۆیه ده‌بینین پشتگوێ خستنێكی ئاشكرا هه‌یه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن به‌رامبه‌ر به گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی‌و ئابووری، له كاتێكدا ئامرازی وروژاندن زۆرن‌و زۆربه‌شیان شیوازی وروژاندنی سیاسی‌یان پێوه دیاره.
كێشه‌ی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له لوبناندا، كێشه‌ی نه‌بوونی ئازادی راگه‌یاندن نییه. به‌ڵكو كێشه‌كه نه‌بوونی سیاسه‌تێكی راگه‌یاندنه، كه هه‌موو ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له‌گه‌ڵ ئامانجه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رۆشنبیرییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا كۆ بكاته‌وه. ئه‌مه‌ش وای كردووه راگه‌یاندن ئاژاوه باڵی به‌سه‌ردا بكێشێت‌و هه‌ر به‌هۆی ئه‌و ئاڵۆزییه‌شه‌وه كاركردی ده‌ره‌كی زاڵه به‌سه‌ر راگه‌یاندنی لوبنانه‌وه. هه‌روه‌ها كێشه‌كه بوونی ژماره‌یه‌كی زۆره له ئامرازی راگه‌یاندن له لوبناندا‌و نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی‌و یه‌كتر ته‌واو كردن له نێوان ئه‌و ئامرازانه‌و چالاكییه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌مه‌ش وای كردووه راگه‌یاندن سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت له ئه‌نجامدانی گفتوگۆیه‌كی رۆشنبیری باش، له نێوان چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا، كه به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆوه لێك دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه.
كێشه‌ی راگه‌یاندنی لوبنان له یاساكاندا نییه، به‌ڵكو له تێڕوانینی هه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌دایه كه ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنیان به‌ده‌سته، ئه‌وانه‌ی كه گرنگی به هاووڵاتی ناده‌ن‌و به‌رده‌وام له هه‌وڵی رازی كردن‌و راگرتنی دڵی به‌رپرسه‌كاندان كه پاره ده‌ده‌ن به كه‌ناڵه‌كه‌یان. ده‌كرێ كێشه‌كه له رسته‌یه‌كدا كورت بكه‌ینه‌وه، ئه‌ویش بریتییه له نه‌بوونی به‌رپرسیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی لای ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن‌و بێتوانایی ده‌وڵه‌ت له‌وه‌ی كه به‌رپرسیاریی شه‌رعی خۆی به‌رامبه‌ر به راگه‌یاندن جێبه‌جێ بكات، هه‌روه‌ها ده‌ست نه‌بردن بۆ متۆده‌كانی خوێندنی راگه‌یاندن، له‌و رووه‌وه كه ده‌بێ رۆڵی شیاوی خۆی ببینێت له كۆمه‌ڵگه‌دا، به تایبه‌ت ئامرازه نوێیه‌كانی راگه‌یاندن، كه ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌و به‌ها‌و بنه‌مایانه بڵاو بكه‌نه‌وه كه ده‌بنه هۆی نامۆبوونی هاووڵاتی له وڵاتی خۆیدا.
راگه‌یاندن ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كییه له ره‌گه‌زه‌كانی سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی. بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی به باشی رێك بخرێت، ده‌بێ هاوئاهه‌نگی هه‌بێت له نێوان كاری راگه‌یاندنه‌كان‌و ره‌گه‌زه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌مه‌ش پێویستی به زانا‌و پسپۆڕی سۆسیۆمیدیا هه‌یه، واته زانای كۆمه‌ڵناس له بواری راگه‌یاندندا، كه له لوبناندا نیمانه. له‌به‌ر ئه‌وه زۆربه‌ی پرۆگرامه‌كانی راگه‌یاندن له زانكۆكانی لوبناندا به كاری مه‌شق‌و راهێنانی پراكتیكی‌و ئیش‌و كاری ته‌كنیكی به‌كارهێنانی ئامرازه نوێیه‌كانی میدیاوه خه‌ریكن‌و به‌شداری كردنی خوێندكاران له دانانی پلان‌و سیاسه‌تی راگه‌یاندن‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆیان پشتگوێ ده‌خه‌ن.
لوبنان زیاتر پێویستی به ئه‌ندازیاری كۆمه‌ڵایه‌تییه، وه‌ك له پیشه‌وه‌ری بواری راگه‌یاندن. ئه‌وه‌ی لوبنان پێویستی پێیه‌تی كۆمه‌ڵه پسپۆڕێكه بۆ رێكخستنی كاری پیشه‌وه‌ره راگه‌یاندنكاره‌كان له رێگه‌ی دانانی پلان‌و سیاسه‌تی راگه‌یادنه‌وه، كه هاوئاهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌دا‌و به‌شداری بكات له یه‌كخستنی چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا به هه‌موو گروپه‌كانییه‌وه كه له كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ‌دا لێك ترازاون.
ئه‌م شكسته‌ی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنی لوبنان، له دروست كردنی گفتوگۆیه‌كی رۆشنبیری نیشتمانیدا ئه‌و هه‌سته‌ی لای هاووڵاتی دروست كردووه كه هه‌رچی ئه‌وه‌ی له وڵاته‌كه‌ی خۆیدا روو ده‌دات به هی خۆی نه‌زانێت‌و پێی وابێت له بواری ئه‌ودا نییه. چونكه ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن وڵاته‌كه‌ی به‌دوای ئه‌و بابه‌تانه‌دا ناگه‌ڕێ كه لای ئه‌می هاووڵاتی گرنگه، به‌ڵكو به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه لای ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كاندا هه‌یه ده‌گه‌ڕێن، جا ئه‌وانه حكومه‌ت بن، یان میلیشیا، یاخود كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت. له‌به‌ر ئه‌وه هاووڵاتی هه‌ست ده‌كات ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن په‌خشی ده‌كات‌و ده‌یداتێ په‌یوه‌ندی به‌وو ژیانی ئه‌وه‌وه نییه. ئه‌م دۆخه‌ش وای له هاووڵاتی كردووه شۆڕش به‌سه‌ر به‌هاكانی خۆی‌و شێوازی ژیانی خۆیدا بكات، به راده‌یه‌ك نامۆیه به كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی‌و ته‌نانه‌ت به خۆیشی.
ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنی لوبنان رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه له سه‌رقاڵ كردنی هاووڵاتی به شێوه‌یه‌ك ئاگای له كێشه‌كانی خۆی نه‌مێنێت، ئه‌ویش له رێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌رنجی هاووڵاتی له‌سه‌ر كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه راسته‌قینه‌كان بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی لاوه‌كی كه له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی بۆی هاورده كراوه. كاتێكیش ئه‌م راگه‌یاندنانه باس له كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی وه‌ك كێشه‌ی ئازادی راگه‌یاندن ده‌كه‌ن، ده‌بینین به‌كاری ده‌هێنێت بۆ وروژاندنی رای گشتیی به ئاراسته‌یه‌ك كه دووره له به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌وه. ئه‌و كات ئازادی راگه‌یاندن لای خاوه‌ن كۆمپانیاكان‌و خاوه‌ن رۆژنامه‌و رادیۆ‌و ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان ماناكه‌ی ده‌گۆڕێت‌و ده‌بێته ده‌رچوون‌و لادان له یاساكان‌و خۆدزینه‌وه له به‌رپرسیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه له راستیدا ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆیانه. ئه‌و كاتیش ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن ئازادی تاك بۆ به‌ده‌ست هێنانی زانیاری راست‌و دروست پشتگوێ ده‌خات، ئه‌وه‌ش له بیر خۆی ده‌باته‌وه كه ئازادی راگه‌یاندن‌و به‌رپرسیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی دوو شتی لێك دانه‌بڕاون.
ئه‌م واقیعه له گرێژه‌نه ده‌رچووه، ئێمه‌ی گه‌یاندووه به رۆژێك كه به شێوه‌یه‌كی نادروست رووبه‌ڕووی نامۆبوون ببینه‌وه. یان له رێگه‌ی داخرانی ته‌واوه‌وه رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه، یان به توانه‌وه‌ی ته‌واو له‌گه‌ڵ خۆرئاوا‌و به‌هاكانیان ئه‌وه ده‌كه‌ین، له كاتێكدا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نامۆبوون به كار‌و كرده‌وه‌ی باشی ئه‌وتۆ ده‌بێت كه رێز بۆ هاووڵاتی بگه‌ڕێنێته‌وه‌و وای لێ بكات متمانه به رۆشنبیری خۆی‌و شارستانییه‌كه‌ی خۆی بكات، نه‌ك له رێگه‌ی وروژاندنی ده‌مارگیریی ئایینییه‌وه، به‌ڵكو له رێگه‌ی ئاشنا كردنه‌وه‌ی به بنه‌ما رۆشنبیرییه‌كانی‌و هونه‌ره‌كانی‌و نه‌ریته شارستانییه‌كانی خۆیه‌وه.
باشتریش وایه، نه‌ك باشتر بگره هه‌ر ئه‌ركی ئێمه‌یه هونه‌ر‌و میوزیكی بیانیش پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام خۆ نابێ هه‌موو بابه‌ته‌كانی راگه‌یاندنه‌كانمان هه‌ر به‌رهه‌می رۆشنبیری بیانی بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا روو ده‌دات‌و گه‌نجه‌كانمان به رۆشنبیری بیانی گۆش ده‌كرێن‌و په‌روه‌رده ده‌كرێن، كه هیچ په‌یوه‌ندی به واقیعی خۆمانه‌وه نییه.
ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنمان چی پێشكه‌شی هاووڵاتی ده‌كه‌ن له باره‌ی رۆشنبیری‌و به‌هاكانی خۆیه‌وه؟ چی له باره‌ی هونه‌ری كه‌لتووره‌كه‌ی خۆمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن؟ چی له باره‌ی میوزیكی باڵای خۆمان‌و به‌رهه‌می هزریمان كه یه‌كێك بووه له بنه‌ماكانی سه‌رهه‌ڵدانی رێنیسانس له خۆرئاوا، پێشكه‌شی هاووڵاتی ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌ی ئه‌م راگه‌یاندنانه پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ری ده‌كه‌ن، به داخه‌وه ناوه‌رۆكێكی ئاست نزمی ئه‌وتۆیه كه به‌رهه‌مه زۆر خراپه‌كانیش له رووی رۆشنبیری‌و ئه‌خلاقییه‌وه به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بن.
ئامرازه نوێیه‌كانی راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی رۆڵی گرنگ ده‌گێڕن له خێرا كردنی بڵاو كردنه‌وه‌ی بیر‌و بۆچوون‌و زانیارییه‌كان. جا بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی باشی هه‌بێت، ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی رۆشنبیری ره‌سه‌ن بنیات نرابێت، كاتێك ئه‌وه‌ی جوانه له كۆمه‌ڵگه‌دا‌و په‌یوه‌ندی به به‌ها جوانه‌كان‌و هونه‌ره جوانه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌كه‌وه هه‌بێت، به هاووڵاتی ئاشنا ده‌كرێت، ئه‌و كات په‌یوه‌ندی میللی زیندوو ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ی پێویستمانه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نامۆبوونه به ناسین‌و ناساندنی ئه‌وه‌ی كۆمان ده‌كاته‌وه، به ناسینی بنه‌ما ره‌سه‌ن‌و هاوبه‌شه‌كانمان. ئه‌ی كوا راگه‌یاندنی لوبنان له كوێی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دایه؟
پرۆژه‌ی یاسای نوێی راگه‌یاندن كه ئێستا له‌به‌رده‌ستی ده‌سته‌ی گشتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندایه، هیچ نییه جگه له جوانكاریی، كه كێشه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی راگه‌یاندن چاره‌سه‌ر ناكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌كه نه‌بوونی ئازادی راده‌بڕین نییه له لوبناندا، به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی نه‌بوونی به‌رپرسیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاكاری پیشه‌ییه له راگه‌یاندندا. ئه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له لوبنان پێویستی پێیه‌تی به‌ستنه‌وه‌ی ئازادی ده‌ربڕینه به به‌رپرسیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاكاری پیشه‌ییه‌وه، كه وا ده‌كات راگه‌یاندن ئازاد بێت له كۆت‌و به‌ندی په‌یوه‌ست بوون به رژێمی سیاسی‌و تایه‌فی‌و خێڵه‌كییه‌وه. پێویسته راگه‌یاندنكاران گرنگی به خوێنه‌ر‌و بیسه‌ر‌و بینه‌ر بده‌ن له جیاتی ئه‌وه‌ی په‌له‌قاژێی په‌یدا كردنی لایه‌نێك بكه‌ن كه داراییان بۆ دابین بكات.
سیستمی كاری ئامرازه‌كانی راگه‌یاندن له لوبنان له شێوه‌ی سیستمی تایه‌فی عه‌شایه‌ری لوبنانیدایه. ئه‌م ئامرازانه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كدا چڕ ده‌بنه‌وه كه ئاراسته‌یه بۆ توێژێكی دیاریكراو له ره‌وته سیاسییه‌كان‌و ره‌گه‌زییه‌كان‌و تایه‌فییه‌كان له‌و گروپانه‌ی خۆیان له‌یه‌كتر به‌دوور ده‌گرن، به‌و شێوه‌یه‌ش شكستی هێناوه له‌وه‌ی مینبه‌رێك بێت به‌رپرسیاریی گفتوگۆیه‌كی بنیاتنه‌رانه له ئه‌ستۆ بگرێت له نێوان ئه‌م لایه‌ن‌و ره‌وتانه‌دا. شكستی هێناوه له‌وه‌ی پردی په‌یوه‌ندی دروست بكات له نێوان هاووڵاتیاندا، له‌وه‌ی سازان‌و پێكهاتنی نیشتمانی به‌دی بهێنێت، كه به‌بێ ئه‌وه كۆمه‌ڵگه ناتوانێ قۆناغی گه‌شه كردنی راسته‌قینه ده‌ست پێ بكات. هه‌ر بۆیه سه‌ره‌نجام ئامرازی راگه‌یاندن بۆته ئامرازی تایه‌فه‌و عه‌شیره‌ت، له‌بری ئه‌وه‌ی ئامرازی نیشتمان بێت.
چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌بێت كه پێش هه‌موو شت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م سیستمی تایه‌فه‌گه‌ری‌و عه‌شایه‌رییه بین، كه ئێستا لوبنان‌و دامه‌زراوه پڕ له قه‌یرانه‌كانی به‌ڕێوه ده‌بات‌و ده‌بێ مل بده‌ین به پێداچوونه‌وه به جێگره‌وه‌كان‌و دۆزینه‌وه‌ی سیستمێكی نوێ بۆ هه‌موو لوبنانییه‌كان وه‌ك هاووڵاتیی یه‌كسان له سیستمی ده‌سه‌ڵات‌و له ده‌ستكه‌وتنی زانیاریشدا، نه‌ك وه‌ك تایه‌فه‌و عه‌شیره‌تی لێك دابڕاو‌و دووركه‌وته له‌یه‌ك. یه‌كێك له نووسه‌ره لوبنانییه‌كان ده‌ڵێ، قه‌یرانی راگه‌یاندن له داخستنی رۆژنامه‌كاندا نییه، به‌ڵكو له‌وه‌دایه كه رۆژنامه‌كان رۆژنامه‌وانییان تێدا نییه، كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژنامه‌وانی ئه‌مڕۆش زیاتر له یانه‌یه‌كی داخراوی دابڕاو ده‌چێت، كه له رووی جوگرافی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه په‌یوه‌ندی به گه‌له‌وه نه‌ماوه. (له باره‌ی یه‌كتره‌وه ده‌نووسن‌و بۆ یه‌كتر ده‌نووسن). ئه‌م قسه‌یه وه‌سفێكی راست‌و دروسته بۆ قه‌یرانی راگه‌یاندنی لوبنان.
*مامۆستای زانكۆی ئه‌مریكی له بێروت
كوردستانی نوێ