‌فەوزای سیاسی و میدیایی
چرۆ شه‌هاب‌

فەوزایەکە کەس ئاگای لە کەس نییە، فەوزای سیاسەتە و میدیاش بە کەیف و مەزاج و سیاسەتی پشتەوەی دەزگاکە ھاووڵاتی ئاڕاستە دەکات، ھەموو پارتێکی سیاسی و بگرە بزنس مانەکانیش بەردەوام بیر لە کردنەوەی کەناڵێکی میدیای دەکەنەوە،ڕەنگە ئاسایی بێت ھەر کەسێک بیەوێت دەزگایەک بۆ خۆی دابمەزرێنێت و بیەوێت لە ڕێگەیەوە ببێتە ئەستێرەیکی شوھرەدار و کەیفی بە ناسینی سەرمایەداران و سیاسەتەوانان و کەسایەتییەکانی نێو ئەو شوھرەتە بێت.

بەڵام ئەوەی نائاساییە بوون و ھەڵتۆقینی چەندین دەزگای میدیاییە لەژێر ناوی بێلایەن و ئازاد و ئەم جۆرە دەستەواژانە، لەپاڵ ئەمانیشدا دروست بونی ڕێکخراو و پەیمانگە و چەندینی تر لەژێرناوی کردنەوەی خول و ڕاھێنانی بۆ ڕۆژنامەنوسان و دروستکردنی ڕۆژنامەنوس و میدیاکاری پڕۆفیشناڵ، لە کاتێکدا ئەم ھەموو شێوازە لە بیرکردنەوەی پڕۆفیشناڵی بوون بەڵام ھەر نا پڕۆفیشناڵانە لەزۆرینەی دەزگا میدیاییەکاندا پەخش و بڵاوکردنەوەی بابەتە خۆویستەکانیان دەکەن، لەبەر ئەم ھۆکارانە وشەی بابەتە خۆویستەکانم بەکارھێنا کە ئەوانیش:

یەکەم: زۆر دەزگای میدیایی لە بینراو و بیستراو و خوێنراو ھەن تەنھا ئەو بابەتانە بڵاودەکەنەوە کە سیاسەتی پشت دەزگاکە بەڕێوەی دەبات، لە بەرامبەردا چەندین بابەتی گرنگ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و زانستی و پەروەردەیی و بوارەکانی تر ھەن کە شاینی شەن و کەوکردن و بڵاوکردنەوەن، بەڵام گرنگی پێنادرێت لەلایەن زۆرێک لە دەزگا میدیاییەکان.

دووەم: بە سیاسی کردنی کۆمەڵگە، بەھۆی نەبونی میدیای بەرپرسیارەوە لە ڕێگەی کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانەوە گەورە و بچوکی نێو خێزانەکان بونەتە سیاسەتمەدارو گەنگەشەی ئەلف و بێی سیاسەت دەکەن، زۆر بە ئاشکرا ڕەنگدانەوەی خۆی ھەبووە، ھەربۆیە زۆرێک لە سیاسەتوانان لای منداڵ و گەنج و نەوجەوانانیش بێزراون، کە واپێویست دەکات ئەم شەریحەیەی کۆمەڵگە لە رووی داھێنان زانستی و پەروەردەیی و ژینگەییەوە پەروەردە بکرێن و ببنە ھۆی گەشەسەندنی نیشتمان ، بەداخەوە بەبێ ئاگاداربونی خۆیان دەخزێنە نێو بابەتێک کە گەشەی زیھنی داھێنانیان دەخنکێندرێن، بێگومان چەندە سیاسیەکان و دەستەڵات و حکومەت لێی بەرپرسیارە دوو ئەوەندە دەزگا میدیاییەکان لێی بەرپرسیارن چونکە میدیا بە چەکی دوو سەرە ناوزەند دەکرێت، دەکرێت باش بەکاربھێنرێت و دەشێت خراپ بەکار بھێندرێت.

کەواتە دەبێت بپرسین میدیا و ڕاگەیاندن بۆئەوەی نەکەونە ژێر ئەو بەرپرسیارێتیەوە پێویست دەکات ئاڕاستەی کارکردنیان چۆنبێت؟ ئەمەش وەڵامی زۆر ھەڵدەگرێت کە بە کورتی ئاماژە بە ھەندێکیان دەکەم:
یەکەم زەرورەت: ئەوەیە کە پێویست دەکات ئاڕاستەی کارکردنی پەروەردەیی بێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ پسپۆڕانی کۆمەڵناس و دەروونناس و زانستەوانانی پەروەردە ناسی.

دووەم زەرورەت: پێویست دەکات میدیاکان خۆیان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوەی ھەر بابەتێک کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کولتوری کۆمەڵایەتی ھەبێت.

سێیەم زەرورەت: پێویست دەکات لەڕێگەی میدیاکانەوە کولتوری خۆشەویستی و پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی ببێتە بابەتی سەرەکی کەناڵەکانیان.

زەرورەتی چوارەم: وا پێویست دەکات لە ڕێگەی پرۆگرامی نوێوە گرنگی بە بوونی تواناکانی گەنجان بدرێت لە ڕووی زانستی و کۆمەڵایەتی و داھێنان و کاری خۆبەخشیەو، ئەمەش تەنھا ئەنجامدانی دیدارێکی کورت لەگەڵیان ناچێتە بابی گرنگی پێدانەوە.

زەرورەتی پێنجەم و کۆتایی: ئەوەیە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا وەک یەک پاکێج ببنە بەشێک لە چاکسازی پەخشی میدیایی لە ھەرێمی کوردستاندا تا بتوانین پێکەوە ھەنگاوبنێین بەرەو چاکسازی کۆمەڵایەتی و سیاسی و برەودان بە دروستکردنی بەردی بناغەی ئاشتەوایی کۆمەڵگە و قەبوڵکردنی یەکتری، ھەروەھا ڕواندنی تۆوی خۆشەویستی نیشتمان لە ئەولەویەتی بەنیشتیمانی بوونی ھەر تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی بێت. 

وێستگه‌ نیوز 

AM:04:22:26/07/2018