میدیای‌ کوردی و پێویستی چاودێریکردنی‌
د. شوان ئادەم ئەیڤەس
هەرێمی‌ کوردستانی‌ عێراق، لەگەڵ ئەوەی‌ خاوەن فەلسەفەو سیستمێکی‌ روونی سیاسیی و میدیایی نییە نەشبووەتە ژینگەیەکی‌ ئازادو کراوە بۆ کارکردنی‌ رەخنەیی و پیشەیی رۆژنامەنووسانی‌ بنکۆڵکار (Investigative journalists). تێکەڵاویی و جیانەکردنەوەی‌ دەستەڵاتەکانی‌ یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی دۆخێکی‌ وەهای‌ دروستکردووە کە میدیا وەک ئەوەی‌ لەستانداردە نێودەوڵەتییەکانی‌ پیشەکەدا دەستنیشان کراوە نەبێتە دەستەڵاتی‌ چوارەم و رۆڵی‌ چاودێریی یاخود سەگی‌ پاسەوانی رۆژنامەگەریی (Watchdog journalism) ببینێت. لەبەرامبەریشدا، سەلیقەو میزاجی‌ رۆژانەی‌ خاوەنمیدیا جێی سیاسەتی‌ میدیایی گرتوەتەوەو میدیاکارانیش بەپێی بەرزو نزمیی رەوتی‌ بەرژەوەندییەکان و نزیکیی و دووریی سەرچاوەکانی‌ بژێوییان هەوڵی‌ گەرمکردنەوەو بەردەوامیی رووماڵە رۆژنامەوانییەکانیان دەدەن، ئەگەرچی‌ راست و دروستیشیان پشتڕاست نەکرابێتەوە. هەربۆیە گرنگە ئەرک و رۆڵی‌ میدیا بەبەردەوامیی بخرێتە ژێرپرسیارەوەو چاودێریی ورد بکرێن.

توێژینەوە زانستییەکانی‌ ئەم‌ دە‌یە‌ی‌ دوایی‌ جەخت لەوەدەکەنەوە کە لەوڵاتانی‌ دیموکراسیی راگوزەرو هەرێمە کێشەلەسەرەکانی‌ هاوشێوەی‌ کوردستاندا، زۆرینەی‌ میدیاو میدیاوانان لەسەروەختی‌ قەیران و ململانێ سیاسییەکاندا هێندەی‌ یارییان پێدەکرێت و بەکاردەهێنرێن، نیوهێندە بەرۆڵ و بەرپرسیارێتی‌ پیشەیی خۆیان هەڵناستن. هێندەی‌ نوێنەری‌ بەرژەوەندی‌ تایبەتیی‌ خاوەنمیدیاو راپەڕێنەری‌ کارنامەی‌ مەبەستداری‌ نانپێدەرەکانیانن، نیوهێندە گەیەنەری‌ کۆژان و داکۆکیکاری‌ بەرژەوەندییە گشتییەکان و دابینکەری‌ مافی‌ زانین نین بۆهاووڵاتیان. هێندەی‌ پەیام و سیاسەتی‌ میدیایی بۆ خۆشکردنی‌ ئاگری‌ ململانێکان و پەردەپۆشکردنی‌ گرێ دەروونیی و ئایدۆلۆژییەکانە، نیوهێندە بۆ بەرفراوانکردنی‌ سنورەکانی‌ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی نییە، تاوەکو ببێتە هاندە‌ری‌ سەربەخۆ کارکردنی‌ دەستەڵا جیاوازەکان و چەسپێنەری‌ بنەماکانی‌ دیموکراسییەکی‌ لیبراڵ. وەک ئۆرگانێکی‌ ئایدۆلۆژییش، ناندان و قەڵەوکردنی‌ دەزگا میدیاییەکانی‌ ئەمڕۆی‌ هەرێمی‌ کوردستان هێندەی‌ بۆ داڕشتنی‌ هەواڵی‌ ساختەو هەڵمژینی‌ دەنگە ناڕازییە‌کان و کۆکردنەوەیانە لەچوارچێوەی‌ پرۆژەیەکی‌ هەژموونگەری یەکخراودا، نیوهێندە پەیوەندیی بەکێبرکێی بازاڕی‌ کەناڵە رکە‌بەرەکانی‌ میدیا‌و جیاوازیی کواڵیتی‌ بەرهەمە رۆژنامەوانییەکانیانەوە نییە. 

ئەگەرچی‌ لەرۆژگاری‌ ئەمڕۆدا، میدیاو خزمەتگوزارییەکانی‌ بۆ دەستەبژێرێکی‌ دیاریکراو بوونەتە بازرگانییەکی‌ بێدەستمایەو رایەڵی‌ دەستگەیشتن بەپلەو پۆست و سندوقی‌ پڕ داهات، بەڵام بۆ هەندێکی‌ دیکە بوونەتە بەڵای‌ سەرو دەستێوەردەری‌ ژیانی‌ تایبەتی‌ کەسەکان و بکوژی‌ رۆحی‌ پێکەوەگونجانی‌ پێکهاتەکانی‌ کۆمەڵگا. لەنێوان بینینی‌ رۆڵی‌ چاودێریی و چاودێرییکردنی‌ ناوەڕۆکی‌ پەیامەکانییدا، نێوەندە جیاوازەکانی‌ میدیای‌ کوردی کراونەتە مشەخۆرو دروستکەری‌ نێرەرو وەرگری‌ ناوچەیی بارگاوییکراو، ئەوەش لەسەر حیسابی تەماوییکردنی‌ وردیی زانیارییەکان و خستنەڕووی‌ راستیی وێنە گەورەکەی‌ رووداوەکان. هەربۆیە ئەوانەی‌ لەم جۆرە ژینگە میدیایەدا کاردەکەن، بەبەرنامەو بەشێوەیەکی‌ رێکخراو سنوری‌ ئازادییەکانیان بەرتەسک دەکرێتەوەو دەستکراوەنابن لەوەی‌ رەچاوی‌ بنەما پیشەییەکانیان بکەن و وردتر بەهەندی‌ وەربگرن. 

لەو روانگەیەوە، چاودێریی میدیای‌ کوردی‌ (چمک) پێویستییەکی‌ هەنوکەییەو بەرەنجامی‌ پەیپێبردنی‌ خەوش و پێشێلکارییە ئیتیکیی و یاساییەکانی‌ راگەیاندن و ناپیشەییبوونی‌ رۆژنامەنووسانە.

 پێویستیی‌ بەپلان و بەدواداچوونی‌ رێکخراوی‌ تایبەتمەند بەدەستنیشانکردن، هەڵسەنگاندن، توێژینەوە، راپرسیی و راپۆرتکردنە لەسەر ئەو دیاردەو دەرهاویشتە نەرێنیانەی‌ لەمیدیاکانی‌ کوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێن و بەجوانکارییەکی‌ بارگاوییکراوو تەکنیکێکی‌ بەرز چاپ و پەخش دەکرێنەوە. ئامانجی‌ ئەم چاودێرییە، بەرزکردنەوەی‌ ئاستی‌ هۆشیاری تاکەکەس و مافە مرۆییە یاساییەکانی دەبێت لەهەمبەر پەڕاوێزخستن و دەستێوەردانی‌ ناپیشەیی میدیاو میدیاوانانی‌ کوردستان، تاوەکو هەرچی‌ زووتر بتوانرێت کارنامەیەکی‌ پیشەیی‌ کرداریی گەڵاڵە بکرێت بۆ راستکردنەوەی‌ هەڵەی‌ مەبەستدارو پێشکەشکردنی‌ شێوازێکی‌ نوێی کارکردن. بەشێکی‌ تری‌ ئەم چاودێرییکردنە دەشێت لەرێی راهێنانی‌ نەوەی‌ نوێی رۆژنامەنووسان بێت لەسەر شێوازەکانی‌ نووسین، ژانرەکان، ئەتەکێت و ئیتیکی‌ پیشەیی لەگەڵ پێشکەشکردنی‌ یاساو رێسای‌ پەیوەندییدار بەکەلێن و گرفتەکانی‌ میدیا لەپێناو هەرچی‌ باشتر رێکخستنەوەی‌ ناوەڕۆکی‌ پەیامە رۆژنامەوانییەکانی‌.

NRT

AM:02:12:01/11/2017