میدیای كوردیی و پارتیزانەکانی
شوان ئادەم ئەیڤەس


دەركەوتنی شێوازەكانی كاركردنی میدیای پارتیزانیی لەهەرێمی كوردستاندا؛ زۆرتر بۆ دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەك دەگەڕێتەوە. سەدەیەك كە بووە شایەتی رووخاندنی فیزیكیی رژێمە دیكتاتۆرییەكەی سەدام حسێن و هۆكاری هێنانی هێزی سەربازیی و هەژموونی هزریی زیاتری ئەمەریكا و كولتوری خۆرئاوا بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەگەرچی لەعێراقدا لەدوای كەوتنی تاكحزبیی بەرەی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیستی (16ی تەموزی 1970- 09ی نیسانی 2003)؛ فرەحزبیی و ئازادییەكانی دەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئینتەرنێت و بەكارهێنانی خزمەتگوزارییەكانی بەرفراوانتر بوون، بەڵام رێكخستنیان لەرووی یاسا و رێسا پیشەییەكانی راگەیاندنەوە سەخت و قورستر بوون و دەبن. ئیتر لەم قۆناغە بەدواوە، رۆڵی دەرگاوان كەمتر و بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیی میدیا و میدیاوانان بێبەهاتر و كەم كاریگەرتر دەبوون، چەندێتیی میدیا و بەرهەمەكانی بەهێزتر و چۆنایەتییان لاوازتر دەبوون. بەوەش بازاڕی جۆرێكی نوێی كاركردن برەویسەند كە لەرووی مێژووییەوە دەركەوتەكانی بۆ هەڵمەتی بازاڕگەریی پارتیزانیی (guerrilla marketing campaign) دەگەڕێنەوە.

بازاڕگەریی پارتیزانی؛ ناونیشانی كتێبێكی نووسەری بازرگانیی ئەمەریكایی جای كۆنراد لیڤنسۆن بوو كە لەساڵی 1984دا چاپكرا. لەوێدا بۆ یەكەمجار ئەم چەمكە بەكارهێنرا كە مەبەست لێی؛ جۆرێكە لە ریكلام یاخود ستراتیژێكی ریكلامییە و بەمەبەستی بنیاتنانی پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەگەڵ بەكارهێنەرانی بەرهەمەكانیاندا، كۆمپانیاكان لەرێی بەكارهێنانی تەكنیك و مومارەسەی هەمەجۆری وەك سوپرایز و كارلێكی ناباوەوە، برەو بە بەرهەم و خزمەتگوزارییەكانیان دەدەن. هەڵبەت ئاڕاستەكردنی كاردانەوەی سۆزداریی بەكارهێنەران؛ یەكێكە لەئامانجەكانی ئەم كارلێكە و كۆتائامانجی بازاڕگەرییەكەش؛ گەیشتنە بەخەڵكی بۆ بیرهێنانەوەی بەرهەمەكان و براندەكان، بەرێگەیەكی جیاوازتر لەرێگە ناسراوەكان. واتە جیاواز لە رێگە باوەكانی وەك چاپكراوەكان، رادیۆ، تەلەڤزیۆن و پۆستەی راستەوخۆ كە جەماوەریان لەدەستداوە؛ بازاڕگەر و ریكلامكاران ستراتیژێكی نوێیان بۆ گەیاندنی پەیامە بازرگانییەكانیان دۆزیوەتەوە (Kenton, 2019).

بازاڕگەریی پارتیزانی؛ وەها ناسراوە كە تاڕادەیەك كەمخەرجییە و فۆكەسەكەی زۆرتر لەسەر ماوەی گەیشتنە وەك لە دووبارەكردنەوەی. جا بۆ ئەوەی هەڵمەتی پارتیزانیی سەركەوتووبێت؛ كۆمپانیاكان پێویستییان بەخەرجكردنی رێژەیەكی گەورە نییە، بەڵكو تەنیا پێویستیان بە خەیاڵ و وزە و كات هەیە. ئەوەش ئەگەرێكە كە زیاتر بۆ كۆمپانیا بچووكەكان كارابێت، بەتایبەت كاتێك كێبركێ لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكاندا دەكەن. هەربۆیە ئەو پەیامە ریكلامییەشی كە بۆ بەكارهێنەران دیزایین دەكرێت، دەبێت زۆر روون و پوخت بێت، چونكە ئەمجۆرە بازاڕگەرییە بەهەمانشێوە كار لەسەر مێشكی نەستەكی (unconscious mind)ی بەكارهێنەران دەكات كە ئەو زۆرتر بڕیار لەسەر كڕینی شتەكان دەدات. هاوكات بۆ ئەوەی داواكاریی مانەوەی بەرهەمەكە یان خزمەتگوزارییەكە لەنەستی بەكارهێنەراندا دووبارە ببێتەوە، دەبێت ژاوەژاوێك (buzz) بەدەوری بەرهەمەكەدا دروستبكرێت و بەنێو هاوڕیكاندا بڵاوبكرێتەوە؛ بەوەش ریكلامەكە و پەیامەكەی دووبارە دەبێتەوە (Bourn, 2009).

لەرووی میتۆد و تەكتیكی كاركردنەوە؛ دەشێت هەڵمەتەكانی بازاڕگەریی پارتییزانیی زۆر جیاوازبن، بەڵام دیارتریین تایبەتمەندییان لەوەدا چڕ دەبێتەوە كە ئەگەرچی ئەندێشەیی و سەرنجڕاكێشن، بەڵام رێگەی هاوچەرخی ئامانجدار یاخود دژە دامەزراوەیی بەكاردێنن. ئەمجۆرە هەڵمەتانەش بە رێگەیەكی داهێنەرانە ئاوێتەیەك لەشێوازە جیاوازەكانی پەیوەندییگرتنی بازاڕگەریی بەكاردەهێنن. ئەوانەش بەشێوەیەكی ئەزموونیی دەكرێن و بەئامانجی بەشدارییكردن، سەرنجی جەماوەری بەئامانجگیراو رادەكێشن. لەپێناو گەیشتن بەخواستەكانیاندا ریسك دەكەن؛ ئەگەرچی رەنگە ئەوەش ببێتەهۆی بێزاركردنی هەندێك و پەسەندنەكردنی تەواوەتیی لەلایەن دامەزراوەكانەوە. هاوكات لە رێكخستن و دەرئەنجامی هەڵمەتەكانی بازاڕگەریی پارتییزانیی و كاریگەرییەكانی و ریكلامكردن و بەشدارییكردنییشدا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەگەزێكی سەرەكیین كە یارمەتیی دروستكردنی ژاوەژاو دەدەن و هانی ناوەڕۆكی هەڵمەتەكەش دەدەن ببێتە پەتایەكی بەربڵاو، بەوەش چالاكییە پارتییزانییەكان سەرنجی میدیا رادەكێشن و لە پەیوەندییە گشتیی و میدیاییەكان دادەبڕێن (lumenlearning.com).

بەسەرنجدان لەو تایبەتمەندییانە؛ ئێستا میدیای پارتییزانیی كوردیی لەرێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خۆی نمایش دەکات و گوتاری میدیایی لەسەر وروژاندنی سێكوچكەی تابۆكراوی سێكس و سیاسەت و ئایین دادەڕێژێت. ئەویش لەرێی كۆكردنەوەی زۆرترین ژمارەی لایك و كۆمێنت و شەیركردنی ڤیدۆی پارچەكراوی بەرنامەكان و زانیاریی ساختە و ناتەواوی هەواڵەكان؛ بۆ بەخشینی زانیاریی ورد و شرۆڤەكردنی زانستیی نا، بەڵكو بۆ رشتنی تۆوی رق و كینە، تۆخكردنەوەی هەستی رەگەزپەرستی، برەودان بە جیاكاریی جێندەری و نەتەوەیی و …تد!

ئەگەر تا دوێنێ پارتیزانیی و چالاكییەكانی دژ بەدوژمنی نەتەوەیی و رژێمی داگیركار؛ وەك جۆرێك لەخەباتی نهێنیی ئەنجامدرابێت و ئەمەش جۆرە پاڵەوانێكی مەیدانیی بەرهەمهێنابێت، ئێستا پارتییزانەكانی ناو میدیای كوردیی لەدنیای گریمانەیی ئینتەرنێتداو بەشێوەیەكی وەهمیی هاوزمانەكانی خۆیان دەكەنە ئامانج و لەرێی كۆلاژ و مۆنتاژی وێنە و دیمەنی ڤیدیۆیی و چیرۆكی خەیاڵییەوە، درێژە بەجۆرێكی شەرمهێنەری چالاكی پارتییزانیی دەدەن!

-knwe
AM:05:50:27/09/2020