‌میدیای‌ کوردیو سەرچاوەکانی‌ داهاتی‌
شوان ئادەم ئەیڤەس
ئەگەر بڕیاربێت چاودێریی میدیای‌ کوردی بکرێت، دەبێت لەسەرەتاوە دەستنیشانی‌ رەوایی و ناڕەوایی سەرچاوەکانی‌ دەستکەوتنی‌ داهات و باری‌ دارایی بکرێت: کێ خاوەندارێتی‌ میدیاکان دەکات و نهێنی‌ مانەوەو بەردەوامیان لەچییدایە؟ چونکە سیاسەتی‌ میدیایی و خاوەندارێتی‌ میدیایی دوانەیەکی‌ پێکەوەگرێدراوی‌ هاوشێوەی‌ رووەک و ئادەمیزادن. یەکەمیان لەدووەمیانەوە بڕی‌ دووەم ئۆکسیدی‌ ئازادیی دەبڕین و رۆژنامەگەریی وەردەگرێت و دووەمیشیان لەیەکەمیانەوە ئۆکسجینی‌ سیستمێکی‌ دیکتاتۆریی، دیموکراسیی یان تێکەڵەیەک لەهەردووکیان پەخش و بڵاو دەکاتەوە.

جەختکردنەوە لەسەر خاوەندارێتی‌ میدیا، زۆرتر بەیەکخستن و پتەوکردن یان لێکنزیکخستنەوەی‌ کەناڵەکانی‌ میدیا (media consolidation or media convergence) ناسراوە کە پرۆسەیەکی‌ پێبەپێی کۆنترۆڵکردنی‌ هاوبەشیی‌ ئامرازەکانی‌ ماسمیدیایە، لەلایەن چەند کەسێک یان چەند رێکخراوێکەوە (ستیڤن 2009). توێژینەوە هاوچەرخەکان ئاشکرایان کردووە کە ئاستی‌ زۆربوون و هەژموونی‌ هاوبەشێتی‌ لەنێو چەند ژمارەیەکی‌ کەمی‌ کۆمپانیاکاندایە، لەوانە گەورە کۆمپانیا میدیاییە جیهانییەکانی‌ وەک: News Corp، Time Warner، 21st Century Fox، The Walt Disney Companyو چەندانی‌ تر (داونینگ 2004). هەریەک لەوانە، کێبرکێی بازاڕو بەرزیی ئاستی‌ کواڵیتی‌ بەرهەمەکانیان بوونەتە هەوێنی‌ مانەوەو بەردەوامییان، ئەوەش هەندێکیانی‌ لەیەکتر نزیکخستووەتەوەو پێکەوە کۆمپانیای مەزنتریان دروستکردووە، تاوەکو بەپێی ئامارو پلان و بەدواداچوون باشترین بەرهەم و زۆرترین قازانج بەدەستبهێنن. واتە، خزمەتگوزاریی کۆمپانیا میدیایییەکان پارەهێنەرن نەک مشەخۆر، دڵنیاکەرەوەی‌ زانیاریی و رووداوەکانن، نەک شێوێنەرو ساختەکار. هەربۆیە، ژینگەی‌ ئیشکردنی‌ ئەمجۆرە کۆمپانیا هاوبەشانەی‌ میدیا، ژینگەیەکی‌ لیبراڵ و کراوەیەو پشت بەسیستمێکی‌ لیبراڵی‌ دیموکراسییش دەبەستن کە کەرتی‌ گشتیی و تایبەتی، حکومیی و حزبیی تیایدا لێکجیاکراونەتەوە‌و بەروونیی تایبەتمەندییەکانی‌ پۆلێن و دەستنیشانکراون.

تەواو بەپێچەوانەی‌ ئێرەوە کە هەر حزبێکی‌ مۆڵەتپێدراو دەبێت مافی‌ "ئەو رێ و شوێنانەی‌ راگەیاندنی‌ هەبێ کە بۆ بەدیهێنانی‌ ئامانجەکانی‌ بە پێ ی‌ یاسا رەچاوکراوەکان بەکاریان دێنێ"، ئەوەش بەپێی بڕگەی‌ یەکەمی‌ ماددەی‌ سێزدەیەمی‌ یاسای‌ ژمارە 17ی‌ ساڵی‌ 1993ی‌ حزبەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستانی‌ عێراق. واتە لەگەڵ هەڵبژاردنی‌ یەکەم خولی‌ ئەنجومەنی‌ نیشتمانیی و پێکهێنانی‌ یەکەم کابینەی‌ حکومەتی‌ کوردیی کە بووە جێگرەوەی‌ دەسەڵاتی‌ کشاوەی‌ ناوەندیی حکومەتی‌ عێراق، خاوەندارێتی‌ میدیاکان و کۆنترۆڵی‌ ناوەڕۆکی‌ پەیامەکانیشی‌ لەحزبی‌ بەعسی‌ عەرەبییەوە بەمیرات بۆ حزبە کوردییە "شۆڕشگێرەکانی‌ شاخ" گوێزرایەوە. ئەوانیش، هیچ درێخییەکیان نەکرد لەبوژاندنەوەی‌ میراتی‌ میدیای‌ حزب و تەواوکردنی‌ ئەو هەنگاوانەی‌ بەعسییەکان نەپەرژابوونە سەر تەواوکردنی‌، بەئامانجی‌ نەڕەخساندنی‌ هەلی‌ دەرکەوتن و گەشەکردنی‌ میدیایەکی‌ تەمەندرێژی‌ نیشتمانیی و پیشەیی ئازاد!

پاش 26ساڵ ئەزموونی‌ فەرمانڕەوایی خۆبەخۆ، هێشتا کۆنترۆڵی‌ زۆرینەی‌ زۆری‌ میدیاکان بەدەست حزبە کوردییەکان و دەستەبژێری‌ ئەمنیی و سیاسیی بازرگانەوەیە، ئەوەش وایکردووە هەرێمی‌ کوردستان بەردەوام بەمیدیای‌ دەستەمۆو ئاڕاستەکراوی‌ حزبەکان یان کەسەکان بناسرێتەوە. ئەگەر بچووککردنەوەو داخستنی‌ میدیای‌ حکومیی لەم ساڵانەی‌ دواییدا، ئامانج لێی گێڕانەوەی‌ داهاتی‌ گشتیی و زەمینەسازیی بووبێت بۆ کێبرکێ بازاڕی‌ میدیاکان، ئەوا بەگەورەکردن یان دامەزراندنی‌ میدیای‌ پشتبەستوو بەداهاتی‌ نەوت لەلایەن کەسایەتییە حکومیی و هەواڵگرییەکانی‌ حزبەوە، ئەو پەڕاوێزەی‌ پێشتر بۆ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی هەبوو بەبەرنامە بەرتەسککرایەوەو هەژموونی‌ دارایی و تەکنیکی‌ خۆیشیان بەسەر میدیاکانی‌ دەرەوەی‌ خۆیاندا سەپاند.

ئەگەرچی‌ لەئێستادا، میدیای‌ فەرمیی حزبەکان لەپاشەکشێیەکی‌ بەردەوامدان و رووبەڕووی‌ پوکانەوەو تێکهەڵکێشکردن دەبنەوە، بەڵام پێویستە زۆر بەزوویی یاسای‌ ژمارە 17 هەمواربکرێتەوە بەجۆرێک میدیا راستەوخۆو ناڕاستەوخۆکانی‌ حزب سنورداربکرێن و وردبینیی لەسەرچاوەی‌ داهات و داراییان بکرێت. بگرە بشکرێتە مەرجێکی‌ مۆڵەتپێدان کە حزب لەبری‌ میدیای‌ پڕخەرجیی بێبەرهەم، بەتەنها نوسینگەیەکی‌ بۆ پەیوەندییە گشتییەکانی‌ هەبێت و لێرەش میدیاکانی‌ حزب بەیەکجاریی بخرێنە ئەرشیڤەوە.

وێستگه‌ نیوز 

AM:01:31:07/11/2017