‌میدیای‌ کوردی‌ و دەستدرێژییەکانی‌ میلیشیا حیزبییەکان
شوان ئادەم ئەیڤەس

لە 26ساڵی‌ ئەزموونی‌ حوکمدارییاندا، یەکێتی‌ نیشتمانیی کوردستان و پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان وەک دوو هێزی‌ هەژمونداری‌ خاوەن چەکدار، پشکی‌ شێری‌ ئەو یاساشکێنی‌ و پێشلکارییانەیان بەردەکەوێت کە بەرامبەر میدیاو میدیاوانانی‌ هەرێمی‌ کوردستان ئەنجامدراون. 

لە شکاندنی‌ ئامێرە رۆژنامەوانییەکان و هەڕەشەو تۆقاندنی‌ رۆژنامەنووسانەوە بگرە تاوەکو بە بریندارکردنی‌ جەستەیی و دەروونی، رفاندن و کوشتن دەگات، ژینگەیەکی‌ میدیایی ئەوتۆیان بەرهەمهێناوە کە هەرگیز نەتوانراوە بۆ ماوەیەکی‌ درێژ هەناسەیەکی‌ قوڵی‌ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی تێدا بدرێت و چیتر هەناسەبڕکێ بە بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەرانی‌ میدیا نەکرێت!

یەکێک لەسەروەرییەکانی‌ ئەم ئەزمونە خۆماڵییە کوردییە، بەرهەمهێنانی‌ یاسای‌ ژمارە 10ی‌ ساڵی‌ 1993ی‌ چاپەمەنیی و دواتر هەموارکردنەوەو گۆڕینی‌ بوو بۆ یاسای‌ ژمارە 35ی‌ ساڵی‌ 2007ی‌ رۆژنامەگەری، کە تێیدا هەریەک لە سانسۆری‌ پێشوەخت، سنوردارکردنی‌ زانیارییە گشتییەکان، دەستگیرکردنی‌ رۆژنامەنووس و داخستنی‌ کەناڵی‌ میدیایی یاساغکران. 

بەشێکی‌ ئەم گۆڕانکاریانەش، کرانە کراسێک و دووران بەبەری‌ دەستکەوتەکانی‌ وەزارەتی‌ رۆشنبیری، بەڵام فەرمانی‌ ژمارە 5002ی‌ هەمان وەزەرات لە رۆژی 19/12/2017ی بۆ راگرتنی‌ پەخشی‌ کەناڵەکانی‌ دامەزراوەی‌ میدیایی نالیا، گومانێکی‌ قووڵیی لەسەر کارنامەی‌ شارەوەی‌ ئەو وەزارەتە دروستکرد. 

بەتایبەت کاتێک لە رێی هێزە ئەمنییەکانەوە بەشێوەیەکی‌ زۆر نایاسایی ئەو فەرمانە جێبەجێکراو سەرەڕای‌ دەستبەسەرداگرتنی‌ ئۆفیسی‌ سلێمانی‌ و کارمەندەکانی‌، چەند رۆژنامەنووسێکیشیان دەستگیرکرد!

لەرێی ناڕەزایینامەیەکەوە رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ وێڕای‌ رەتکردنەوەی‌ ئەو فەرمانە وەزارییە، هۆشیاری دایە سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان لەوەی‌ زیاترو وردتر پابەندبن بە یاسا و رێسا پیشەییەکانی رۆژنامەگەریی لەکاتی‌ بارگرژیی و ململانێ سیاسییەکانی هەرێم‌و ناوچەکەدا، هەروەك بەپێویستیشی زانی‌ کە بەدووربن لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی بەئەنقەست و لادان و هاندانێکی ناڕەوای ناپیشەیی. 

"لەگەڵئەوەشدا هەڵسوکەوتی ناڕێکی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووس‌و کاربەدەستانی (NRT) مەحکوم دەکات و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو جۆرە رەفتارانە دژو پێچەوانەی بەندو مادەکانی هەریەک لە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013ی مافی دەستکەوتنی زانیاریی و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەرین. ... لەبری کپکردنی دەنگی ناڕەزاییەکان؛ باشترە دەستبەجێ بڕیارو فەرمانە نایاساییەکان هەڵوەشێنرێنەوە، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان ئازاد بکرێن و قەرەبووی زیانلێکەوتووانییش بکرێنەوە. لەپاڵ ئەوەشدا گرنگە رۆژنامەنووسان‌و کەناڵەکانی میدیاش ڕووماڵێکی پیشەییانەی ڕووداوەکان بکەن‌و بەدووربن لە بڵاوکردنەوەی هەر پەیامێک کە سەقامگیریی نیشتمانیی هەرێم‌و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بخاتە بەردەم مەترسی. پێویستە هاووڵاتیانیش ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە هەرچەندە داواکارییەکانیان دروست و واقیعیی بن، بە سوتاندن و تاڵانکردنی فەرمانگە حکومییەکان ئامانجەکانیان ناپێکن. 

هەربۆیە لەسەر هەمووان پێویستە گیانی پێکەوەژیان و خەباتی ناتوندوتیژی پەرەپێبدەین، چونکە تۆڕە هاوبەشەکانی گەندەڵیی و خاوەنی بەرژەوەندییەکان، بە بەرنامە هەموو کارتەکان تێکەڵاو دەکەن، تاوەکو لە دۆخی پشێویی و ئاڵۆزییدا درێژە بە مانەوەو بەردەوامیی خۆیان بدەن."

هەموو ئەوانەش سەرباری‌ ئەو رەشبگیرییە بەرنامەدارەی‌ هێزە ئەمنییەکان و بەسەربازگەکردنی‌ شارو شارۆچکەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەهەفتەی‌ رابردوودا، دوو راستیی مێژوویی باشتر سەلماند:
یەکەم: میدیاو دەسەڵاتی‌ کوردی‌ یەک لەیەک ناپیشەییترو بێبەرنامەترن لە کارکردنی‌ رۆژانەیاندا، بەتایبه‌تتر لە سه‌روەختی‌ قه‌یران و گرژیی و ململانێكاندا. بەدەربڕێنێكی‌ تر، هەڵگری‌ هیچ دنیابینییەکی‌ روونیی کارکردنی‌ پیشەیی نین و لەسەر بنەمای‌ زەوق و سەلیقەی‌ تاکەکەسیی و پیلانی‌ نانیشتمانیی درێژە بەمانەوەو بەردەوامیی خۆیان دەدەن. وەک هەمیشەش، وەرگر یان هاووڵاتیان دەبنە سوتەمەنیی گرژییەکانی‌ نێوانیانن! 

دووەم: پەیوەندیی نێوان رۆژنامەوانان و هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی‌ خراپیدایە و هیچ تروسکاییەکی‌ هاوبەشی‌ کارکردنی‌ نیشتمانیی لەنێوانیاندا نییە. بەجۆرێك رۆژنامەنووس لەبەرچاوی‌ هێزە ئەمنییەکاندا، بونەوەرێکی‌ هێندە بەردەست و خۆشدەستە بۆ راوکردن؛ تەنانەت داواکاری گشتییش لەسەری‌ بەدەنگ نایەت. ئەوەندەی‌ لەخەمی‌ تەمێکردنییەتی‌، ئەوەندە لەخەمی‌ ئەوەدانییە کە وەک مرۆڤێک بەرگری لێبکات تاوەکو پیادەی‌ مافە مەدەنیی و پیشەییەکانی‌ بکات!

وێستگه‌ نیوز 

AM:04:04:26/12/2017