دیوە شاراوەکانی میدیا
ئیسماعیل حاجی زەڵمی
میدیا بەچەندین شێوەی جۆراو جۆر دەتوانێت ڕۆبچێتە ناو کۆمەڵگەوە یەکێک لە شێوازە باوەکانی بریتیە لە شێوازی پروپاگەندەکاری (ڕسلوب الشائعات):

(پروپاگەندە- الشائعە) واتە درووستکردن و رەواج پێدانی ھەواڵێک کەلەبنچینەدا بوونی نیە، ئەم شێوازە پشت دەبەستێت بە زیادەڕەویکردن و شێواندنی رووداو و ھەواڵێکی پێشینە، لە رێگەی وەرگرتنی راستییەکی زۆر بچوک لەو ھەواڵ و رووداوانەی کە پێشتر ڕوویانداوە.

 بە زیادکردنی زانیارییەکی ناراست بۆ ئەو ھەواڵەو گەورەکردنەوەو دوبارە بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە لە شێوەی راستییەکی حەشا ھەڵنەگردا، کە مەبەست لێی درووستکردنی کاریگەریە لەسەر ڕای گشتی و لایەنداری بۆ بەرنامەو کاری کەسی بانگەشەکاریسیاسی.

 زۆربەی کات ئەم شێوازە ھەڵگری دووپایەی بنەڕەتیە ئەوانیش نیشاندانی لایەنێکی دیار کە جێگەی بایەخی جەماوەرو تاکەکانی کۆمەڵگەیە لەگەڵ لایەنێکی نادیارو شاراوە کە کەسی بانگەشەکاری سیاسی لە پشتیەوەیەتی، ئەم جۆرە شێوازەش کاریگەرییەکەی لەو وڵاتانەدا زیاتر دەردەکەوێت کە ھۆشیاری سیاسی تێایاندا لە ئاستێکی کەم و نزمدایە و پەروەردەی سیاسی لای تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لە ئاستێکی خراپدایە.

 ھەروەھا تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بایەخ نادەن بەسەرچاوەی ئەو ھەواڵانەی کە دەزگا میدیاییەکان بۆیان دەگوازنەوە، ئەمەش وادەکات کەسی بانگەشەکاری سیاسی لەو کۆمەڵگەیانەدا زۆربەی کات پشت بەم جۆرە لە بانگەشە ببەستێت و لەرێگەی ئەم شێوازەوە کاریگەری خۆی لەسەر تاک و جەماوەر بەشێوەیەکی فراوان دابنێت.


خه‌ندان 

AM:02:10:07/11/2017