کەناڵی‌ ئێن ئاڕ تی: داخرانێک وەک زلەی‌ میهرەبانی‌
کامیل محەمەد قەرەداخی‌

لەوشوێنەی‌ کە سەرکووتکردن جێگە بەهەمو دیاردەیەکی‌ تری دەرەوەی‌ خۆی لەق دەکات، ئیتر بونی‌ نەفەسێکی‌ ئازاد بەگرنگییەکی‌ تایبەتەوە سەیر دەکرێ، ئەو نەفەسە وەک ئەو شەمعەی‌ لێدێت، کە پەپولەکان هەوڵدەدەن پێی بگەن. بەڵام رەنگە پێگەشتنەکەشی مانای‌ سوتان‌و هەڵپڕوزان بدات.

ئێمە لە رۆژگارێکی‌ زوودا وامان دەزانی‌ کە بەهرەمەندنەبوونی‌ ئێمە لە ئازادای بەهۆی ئەوەوەیە کە کیانی‌ نەتەوەیی خۆمانمان نییە، کەواتە هۆکاری تەواوی‌ زەبرو ستەمەکانی‌ سەرمان ئەوەیە کە لەلای‌ ئێمە نەتەوەی‌ سەردەست و نەتەوەی‌ بن دەست بوونی‌ هەیە. بەم شێوەیەو وەک ستەمێک نەتەوەی‌ سەردەست ئەو مافانە بەخۆی دەدات، کە تەواوی‌ ئازادییەکان لەتاک بەتاکی‌ نەتەوەی‌ بندەست زەوت بکات. بۆیە بەهاری‌ 1991 بەشێکی‌ خەونە خۆشەکانمان ئەوەبوو کە ماف‌و ئازادییەکانمان بۆ دابین ببێت. بەڕاستی جۆرێکی‌ لەرزۆک لەئازادیشمان بەدەستهێنا، بەڵام بە هۆی نەڕسکانەوە نەیتوانی‌ زۆر بەرگە بگرێت، ئەوکاتەی‌ کە ئیتر پایەکانی‌ دەستەڵات وردە وردە بەهێز بوون و دەستیان بەپایەکانی‌ وەربەرهێنانی‌ ئابوریدا گەشت، دەمارە کۆنەکەی‌ دیکتاتۆریەت لەناو ناخی‌ فەرمانڕەوا کوردەکانیشدا گەشەو نمای‌ کردو هەرچەند پێیان کرا پایەکانی‌ ئازادبوونی‌ تاک‌و سەربەخۆیی ئابوریی تاکەکانیشیان کەم و بەرتەسک کردەوە.

جیاکردنەوەی‌ حزبەکان لە کۆمەڵگە بە مەبدەئی سەرخستن و ژێرخستن و پاشانیش لەناوەوەی‌ خودی‌ حزبەکانەوە سەرهەڵدانی‌ گروپ و دەستە و تاقم بەندی‌ کایەکانیان بەرتەسکتر کردەوە، تائەو ئاستەی‌ کە ئەگەر لەگەڵمدا نەبیت دوژمنمیت. سەیر لەوەدایە کە هەرچەند سەیر بکەیت ئەم جۆرە ناحەقییانە پایەی‌ مانەوەو خۆپاراستنیان گریمانێکە لەوە بەهێزترە، کە تەجاوەزی‌ بکرێت و لەبریی ئەو، جۆرێک لە ئازادیی تاک فەراهەم ببێت. هۆکاری‌ ئەم تەنگژەیە ئەوەیە کە لەلای‌ ئێمە رووحی‌ تاکەکەس لەبەرامبەر رۆحی‌ کۆمەڵگەدا زۆر لاوازە. زۆر بە کەمی‌ شانسی ئەوە دروست ببێت، کە تاکێک بتوانێت لە سەروو یان لە دەرەوەی‌ خواست و ویستی کۆمەڵەوە گوزارە لە خواست و ویستی خۆی بکات و جۆرێک لە ئازادی‌ پەیدا بکات، بەڵام رووحی‌ کۆمەڵ بە ئاسانی‌ ئەوەی‌ پێدەکرێت هەر تاکێکی‌ جیاواز لە خۆی رەت بکاتەوە و تەنها لەبەرئەوەی‌ کە جیاوازە بە گومڕا ناوی‌ ببات و بیشیخاتە دەرەوەی‌ مێژووەوە.

روانینی‌ گشتی لەناو رۆحی‌ کۆمەڵدا بۆ میدیای ئازاد لەلای‌ ئێمە تا ئێستە ئەوەیە، کە میدیای ئازادمان نییە، ئەگەر میدیایەک ئازادبێـت ناتوانێـت زۆر لەسەر پێی خۆی رابوەستێت و پایە و پنتی‌ درێژەکێشان و مانەوەی‌ خۆی بپارێزێت و درێژەی‌ پێبدات. ئەو کەناڵانەی‌ کە زۆر باسی ئازادی دەکەن، تەنها ئەوانەن کە لە ناو سنوری‌ ئایدیۆلۆژیای لایەنە ژیێنەرەکەیندا دەتوانن هەڵسوکەوتی‌ کاری‌ میدیایی خۆیان بکەن، بۆیە کەی‌ ئەو لایەنە ژیێنەرە کەوتە ململانەکردن لەگەڵ لایەنێکی‌ تر، ئەوا ئەو میدیا ئازادەی‌ کە دروستی کردبوو، بە زوویی دەبێـت بە سەنگەری‌ سەختی‌ شەڕکردن و ئەو پرەنسیپە پێشووانەی‌ خۆیی لەیاددەچێتەوە، کە بە ناوی‌ ئازادبونی‌ خۆیەوە باسی کردبوون و شانازیشی پێوە دەکردن. بەمشێوەیە وەک کورد دەڵێت (قوولی رەش و سپی لەناو بواراودا دەردەکەوێت).

توانایەکی‌ بەهێزی‌ بەرەنگاریکردن لەناو (کەناڵی‌ ئێن ئار تی – وەک یەک کەیان) دەبینم. هەرچەندی پێکرا و بەرامبەری‌ کرا، تا سەردەمێکی‌ باش توانیی وەک کەناڵێکی سەر بە کەرتی‌ تایبەت و بەناوی‌ ئازادبوونەوە پارێزگاری‌ لە خۆی بکات، بۆیە ئەو کارکردنەی‌ ئەو هەر لە پێداگرییەک دەچو و دەچێـت لەسەر ئەوەی‌ کە لەناو بواری‌ میدیاییدا پانتاییەکی‌ سەربەخۆمان هەبێت و بتوانێت پارێزگاری‌ لە ئەو مافەی‌ خۆی بکات، کە قسەی راست و رەوانی‌ خۆی بکات و ئاراستەشی بکات و باکی‌ بەوە نەبێت، کە ئەو قسانەی ئەو دەیانکات خەونی خۆشی کێ دەتارێنێت.

سەرباری‌ زۆریی ئەو لەمپەر و کێشانەی‌ کە یەخەیان پێگرتن ، ئەوان هەر بەردەوام بوون و لەم رووەوە دەبێت رێزیان لێ بگیردرێت. بەڵام ئەوەی‌ کە نەیانتوانی‌ زۆر تیایدا بەردەوام بن بریتیە لە سەربەخۆییەکەیان. راستە تا رۆژگارێکی‌ نزیک ئەم کەناڵە لە رووی‌ حزبییەوە سەربەخۆ بوو، بەڵام لە رووی‌ خاوەندارێتی و کاریگەرێتییەکانی‌ کەسێتیی خاوەنی‌ کەناڵەکە (شاسوار عەبدولواحید)ەوە نەیتوانی‌ سەربەخۆ بێت. ئەگەر لەناو ئەو یارییە سیاسییانەدا کە لەم دواییەوە شاسوار ئەنجامی‌ دان، کەناڵەکە بەبێ لایەنانە بمابایەتەوە و سەربەخۆییانە مامەڵەی‌ لەگەڵ جموجووڵە سیاسییەکانی‌ ئەویشدا بکردبایە و وەک هەر تاکێکی‌ سیاسیی ناو ئەم کۆمەڵگەیە سەیری بکردبا و ئا بەو شێوەیە وەک ناوازە و تایبەت گەورەیان نەکردبایە، ئەو کاتە کەناڵەکە ناسنامەی‌ ئازادبونەکەی‌ روونتر و جەسوورتر دەبو، شاسواریش لەوە پەکی نەدەکەوت، کە کەناڵێکی‌ تایبەت بە خۆی هەبێت و هەر چییەک بێت ئێن ئارتیی هەواڵی‌ نەبێت.

لەم رووەوە دەتوانم بڵێم کە کەناڵی ئێن ئاڕ تی باڵۆنێکی‌ رەنگاوڕەنگی‌ هەڵدا بەرەو ئاسمان و توانیشی ماوەیەک وەک بونیادێکی‌ ئازاد و سەربەخۆ بەرز ببێـتەوە، بەڵام بەداخەوە کە پێدەچێت ئەو گازەی‌ کە وای‌ لێدەکات بتوانێت بەرەو سەرەوە بکشێت کەمی‌ کردبێت، بۆیە بە ئاسایی دەیبینین کە ئەویش وەک باڵۆنێکی‌ فشکراوە هەر دادەبەزێتەوە بۆئەوەی‌ لەناو زەوییە تەقلیدییەکەی‌ کارکردنی‌ میدیای حزبیی کوردیدا بنیشێتەوە.


وەک ئەوەی‌ کە بوونی‌ کەناڵی‌ ئازاد خەمی‌ هەموومانە، دەکرێت هەموومان راستیی ئەو گۆڕانکارییانە ببینین و بیر لە چارەسەر کردنیشی بکەینەوە، بە بەهانەی‌ ئەوەی‌ کە بوونی‌ کەناڵێکی‌ ئازاد گرنگیی تایبەتی‌ بۆ هەموان هەیە.

لەم رووەوە من بە پێویستی‌ دەزانم، کە ئێن ئاڕ تیی ئەیچ دی و شاسوار عەبدولواحیدیش یارییەک بکەن بۆئەوەی‌ بەهای‌ ئازادی‌ بۆ ئەو کەناڵە بگەڕێننەوە، پێشنیارێکی گونجاو بۆئەو تەکتیکە بەو شێوەیەیە، کە کەناڵی‌ (ئێن ئاڕ تی‌ ئێچ دی) لە یارییە حزبییەکانی‌ (نەوەی‌ نوێ) بهێنرێتە دەرەوە وەک ئەوەی‌ کە بۆ بزوتنەوەی‌ (نەخێر لە ئێستادا)کرا، ئەوا کەناڵێکیش بۆ (نەوەی‌ نوێ) دابندرێت بە هەر ناوێکەوە (ئێن ئێن ئێن – 4 ئێن- ئێن جی ئێن ئێن) یان هەر ناوێکی‌ تر، ئەگەر ئەمەش نەکرێت و هەر بڕیاربێت ملی‌ ئێن ئاڕ تی بکرێت بە داوی‌ یارییەکەوە، ئەوا باشترە (ئێن ئاڕ تی‌ 2) تەرخان بکرێت بۆ ئەو کارە، چونکە لەڕووی‌ بەکەڵکی‌ و رۆشنبیرییەوە کەناڵی‌ دووەکە نەیتوانیوە ئەو جێگەیە بۆ خۆی بکاتەوە، کە کەناڵە سەرەکییەکە هەیەتی‌. بۆیە رەنگە ئەوە بەسوود بێت ئەو هەندە سەربەخۆییە بە کەناڵە سەرەکییەکە رەوا ببیندرێت.

بە هیچ بەهانەیەک و هەرگیز لەگەڵ داخستنی‌ کەناڵی‌ میدیاییدا نەبوم ، بە تایبەتیش کاتێک کە ئەو کەناڵە هێڵ و ستراتیژی کارکردنی‌ روون و گومان هەڵنەگربێت. داخرانی‌ ئەم جارەی‌ کەناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌، ئەگەر لە ڕووی‌ کارکردنیەوە زیانی‌ پێگەیاندبێـت، ئەوا وادەزانم لەڕووی‌ جەماوەرییەوە سودی‌ پێگەیاند، چونکە بە هۆی بچڕانی‌ پەخشی کەناڵەکەوە خەڵک هەستیان بە گرنگییەکەی‌ کرد و هاواریان لێ هەستا. بۆیە حەقە کەناڵەکەش ئەو راستییە ببینێت و هەوڵ بدات نەبێت بە کەناڵێکی‌ حزبی، بۆئەوەی‌ ئەزموونی‌ ناخۆشی کەناڵە حزبییەکان دووبارە نەکاتەوە. کەناڵی حزب لەکاتی‌ هەڵە کردندا بەهانە دەهێنێتەوە، لە شەڕدا جنێو دەدات، گەر بە پەیامی‌ ئەوان بێت، ئەوا دەبێت بە دزێوییەکانی‌ سەرکردەکان بڵێیت گەورەم زۆرجوانت لێدێت، کاری‌ جوان هەر لە خۆتان دەوەشێتەوە.

ئاوێنه‌ 

AM:04:18:06/01/2018