یاد و هەڵوەستەیەک - بەبۆنەی بەخشینی خەڵاتی نیلی زاکسەوە بە بەختیار عەلی –
ئازاد بەرزنجی

ئەو فەزا سیاسییەی کە لە حەفتاکاندا تا ڕادەیەکی زۆر باڵی بەسەر دنیای ڕۆشنبیری و ئەدەب و هونەردا کێشابوو، بۆ ساڵانی هەشتاکانیش درێژ بووبووەوە. هەڵبەتە بەدرێژایی مێژووی ئەدەبی کوردی، لە سەدەی بیستدا و بەتایبەتیش لە سەرەتای نیوەی دووەمی ئەو سەدەیەوە، ئەو گوتارە سیاسییە( گەر بتوانین ناوی بنێین گوتار) باوەی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا باڵادەست بووە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دنیای ڕۆشنبیری و ئەدەبیمان هەبووە، بە ئەندازەیەک دەتوانین بڵێین کە زۆربەی شاعیران و ئەدیبانمان لەو قۆناغەدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، لەناو مناڵدانی سیاسەتەوە هاتوونەتە دەرەوە و دواجار"جیهانبینی"ی ئەدیبانی ئێمە زۆر دانەبڕاوە لە جیهانبینییە سیاسییە باوەکە. 

من پێم وایە ئەمە زیانێکی گەورەی لە دنیای ئەدەبیمان داوە، چونکە لە باشترین حاڵەتدا ئەوەی بە "ئەدەبییەت" و بە "شیعرییەت" ناودەبرێ، بووەتە پاشکۆی ئەو جیهانبینییە سیاسییە و کارە ئەدەبی و تەنانەت هونەرییەکانیش لەناو بۆتەی ئەو دیدە سیاسییەدا توواونەتەوە. هەڵبەت لێرەدا من مەبەستم لەوە نییە کە "کاری ئەدەبی" یا "هونەری" هەڵگری مانا و دەلالەت و ڕوانینی سیاسی نییە، نەخێر، بەڵام ئەوەی مەبەستمە ئەوەیە کە دواجار لە کاری داهێنانەی ڕەسەندا دەبێ ئەو ئەو دەلالەت و مانا سیاسییانە بەشێک بن لە کۆی سیستمی دەلالیی و لە جیهانبینیی دەقە ئەدەبییەکە بۆ دونیا و بۆ ئینسان و کێشەکانی. واتە ئێمە لەناو کۆی جیهانبینیی دەقەکەوە بۆ دەلالەت و مانا سیاسییەکان دەگەڕێین، نەک جیهانبینیی دەقەکە بخەینە ژێر نەشتەری ڕوانگەیەکی سیاسی یان ئایدیۆلۆجییەوە کە لە دەرەوەی دەقەکەدا ئامادەگیی هەیە. من پێم وایە ئەم هەوڵدانە بۆ هەڵسەنگاندن و نرخاندنی داهێنان و کاری ئەدەبی بە پێوەری سیاسی و ئایدیۆلۆجی، بەردەوام لە مێژووی ڕۆشنبیریماندا گورزی کوشندەی لە ڕۆحی داهێنان و بزاڤی داهێنان داوە. هەر لێرەشەوەیە؛ واتە نرخاندنی کاری ئەدەبی بە پێوەرە ئەدەبی و ئیبداعییەکان، کە دەتوانین بەها و پێگەی شایستە بۆ ئەدەب و داهێنانی ئەدەبی بگەڕێنینەوە.

 بۆیە کورتکردنەوەی کاری ئەدەبی یا هونەری بۆ وەزیفەیەکی ئایدیۆلۆجی یا سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئیتر بە هەر بیانوویەکەوە بگ، تاوانێکە دەرهەق بە داهێنان دەکرێ. 

هەڵبەتە هەروەکو ئاماژەشم پێ دا، ئێمە لە کۆی جیهانبینیی دەقی ئەدەبیی نووسەرێکەوە دەتوانین هەڵوێست و ڕوانینی ئەو نووسەرە بۆ کۆی مەسەلەکانی ئینسان و کۆمەڵگا هەڵبهێنجین؛ بە مەسەلە سیاسییەکانیشەوە. 

زمانی ئەدەب زمانی سیاسەت نییە و بە شێوازی خۆی گوزارشت لە هەموو مەسەلەکان دەکات. ئەگەر زمانی سیاسی زمانێک بێت ڕاستەوخۆ و بارگاوی بە گرفت و مەسەلەکانی ڕۆژ و، زمانێکی ورووژێنی ڕاستەوخۆی خەڵک و خوێنەر بێت، ئەوا زمانی ئەدەب زمانێکە لە ئاستێکی ئێستاتیکیدا و لەڕێی بەرهەمهێنانی"شیعرییەت"ەوە و لە ڕەهەندێکی قووڵترەوە پەیوەندیی خۆی و ڕوانینی خۆی بۆ کۆی مەسەلە و کێشەکان دەخاتە ڕوو. زمانێکە "وەرگر" ناچار دەکات بە هێمنی و وردی بیر لە مەسەلەکان بکاتەوە و لێیان ڕابمێنێت. بۆیە کاریگەرییەکەی لەسەرخۆ و درێژخایەنە و بە تێپەڕینی ڕووداوە سیاسییەکانی ڕۆژ، ئەویش تێناپەڕێت و نامرێت. 

ئەم چەند دێڕەم بۆیە کرد بە سەرەتایەک بۆ قسەکانم، تا جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە بۆ چەندەها دەیە ئەدەبی ئێمە و ئەدیبی ئێمە یەخسیری دەست ئەو دنیابینییە سیاسییە بوون و لەناو ئەو دنیابینییەوە چوونەتە ناو دنیای ئەدەبەوە و بەردەوامیش "ئەدەب" بە سیاسەت و کارایی سیاسیی تەفسیر کراوە و ئامڕازێک بووە بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی. هەڵبەتە لەمەشدا کۆمەڵێک فاکتەر هەبوون کە ڕۆڵی کاریگەریان لە خولقاندنی ئەو فەزایەدا هەبووە. جگە لەو دۆخە تراجیدییەی نەتەوەی کورد و ئینسانی کورد کە بەردەوام قوربانیی دەست سیاسەت و ستەمی سیاسی بووە، حیزبە ناسیونالیست و تەنانەت چەپەکانیش هەمیشە بانگەشەکەری ئەدەبێکی سیاسیی دەروەست بوون، وەک ئەوەی دەروەستبوون بەتەنها لە چوارچێوەی ئاکتی سیاسی و ورووژێندا خۆی ببینێتەوە، بۆیە مۆدێلی ئەدەبی ئیبداعی و گەورە بەلای ئەوانەوە "ئەدەبی بەرەنگاری" بووە.

بەهەرحاڵ، بەپێویستم زانی ئەم قسانە بکەمە سەرەتایەک بۆ قسەکردن لەسەر نووسەر و ڕۆماننووس"بەختیار عەلی"، چونکە ئەو(لەگەڵ دوو سێ نووسەری تردا) لەو ڕۆژگارەدا توانیی لە دەرەوەی ئەو فەزایەدا و بە دیدێکی تر گوتاری ئەدەبیی خۆی بخاتە ڕوو.
*
ساڵی ١٩٨٧ بوو، ماوەیەکی زۆر نەدەبوو لەگەڵ "بەختیار عەلی" دا بووبووین بە هاوڕێ، بەڵام هەر زوو هەستم بەوە کرد کە بەختیار و نووسینەکانی تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازن لە نووسینەکانی زۆربەی ئەو ئەدیب و نووسەرانەی ئەو دەمە دەمناسین یان بەرهەمیانم دەخوێندەوە. 
ئەوە بوو هەر لەو ساڵەدا و ڕۆژێکیان بەختیار پێی وتم کە قەسیدەیەکی درێژی تازەی نووسیوە بەناوی"شار"ەوە و حەزی کرد بۆم بخوێنێتەوە. منیش خۆشحاڵیی خۆمم دەربڕی و ئیتر ئەوە بوو چووینەوە بۆ ماڵی ئەوان و لەوێ هەموو قەسیدەکەی بۆ خوێندمەوە کە بەبیرم دێ لە کۆپلەیەکیدا دەڵێت:
ئەمە ڕۆژگارێکە، ئەگەر سییەکانت لە زێڕ نەبن
هەوا خۆشی ناوێیت
دەستت پڕ نەبێ لە تەڵا
ئاو ناهێڵێ بیخۆیتەوە
ئەگەر دڵت لە بەرد نەبێ
دەستت ناگاتە عیشقێ
ئەگەر ڕۆحت لە مس نەبێت
بە خەندەیەکدا ڕاناگەیت.

نایشارمەوە، ئەو دەمە گەرچی لە هەندێ شوێندا زۆر چێژم لە قەسیدە و وێنە شیعرییەکان دەبینی، بەڵام لە هەندێ شوێنی تردا ئەو هەستەم لا دروست نەدەبوو، ئەمەش ڕەنگە پەیوەندیی بە چێژی منەوە هەبووبێت لەو سەروەختەدا، بەڵام هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی خوێندنەوەی قەسیدەکەوە، زانیم کە من لەبەردەمی دنیایەکی شیعریی جیاواز و قەڵەمێکی جیاوازدام. بێگومان من ئەو کاتە بەشێکی زۆری، گەر نەڵێم هەموو، دیوانە تازەکانی شاعیرەکانی خۆمانم خوێندبوونەوە، بەڵام هەستم کرد هەم فۆرمی قەسیدەکەی بەختیار و هەم شێواز و زمان و وێنە شیعرییەکانیشی لە هیی ئەو شاعیرانەی تر نەدەچوون. هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە بڵێم ئەوان شاعیری باش نەبوون، نەخێر، بەڵام مەبەستم لەوەیە کە ڕوانینی بەختیار بۆ شیعر و بۆ ئەدەب تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز بوو لە ڕوانینەکەی ئەوان و هەروەها زمانە ئەدەبییەکەشی. 

هەروەها بەختیار لەو ڕۆژگارەدایەکێک بوو لە ژمارەیەکی کەم لەو خوێنەر و ڕۆشنبیرانەی کە چالاکانە دەیخوێندەوە و جگە لە زمانی کوردی، بە زمانی عەرەبی و فارسی و هەندێجار بە ئینگلیزیش دەیخوێندەوە. 
بێ لە شیعر و هەر لەو ساڵانەدا و ماوەیەک بەر لە ڕاپەڕین، یەکەمین ڕۆمانی خۆی دامێ"مەرگی تاقانەی دووەم" تا بیخوێنمەوە، دیسانەوە دوای خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەش، هەستم کرد بەرامبەر بە ڕۆمانێکم کە چ لەڕووی بابەت و چ لە رووی تەکنیکەوە، جیاوازە لەو چیرۆک و ڕۆمانانەی ئەو ڕۆژگارە دەنووسران، گەرچی ژمارەی ڕۆمانی کوردی لەو سەردەمەدا دیاریکراو بوو. هەڵبەت کاریگەریی خوێندنەوەی چڕی بەختیار بۆ ئەو ڕۆمانە هاوچەرخانەی لەو ڕۆژانەدا دەکران بە عەرەبی و فارسی(کە لەڕێی هەندێ هاوڕێوە بەدەستمان دەگەیشتن) لەسەر دید و شێواز و تەکنیکی ئەوەوە دەبینرا.


لەدوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١، بوارێکی باشتر بۆ بەختیار ڕەخسا و لەسەر چالاکییە ئیبداعی و تیۆرییەکانی خۆی بەردەوام بوو. ئەوە بوو لە سەرەتای نەوەدکاندا و بە حوکمی ئەو فەزا ئازادەی ئەو کاتە هاتە گۆڕێ، لەگەڵ هەندێ هاوڕێی ڕۆشنبیری تردا؛ لەوانە بۆ نموونە"مەریوان وریا قانیع"، زنجیرەیەک کۆڕیان سەبارەت بە کۆمەڵێک مەسەلەی ڕۆشنبیری و فیکری و ئەدەبی پێشکەش کرد و پاشانیش دەستیان بە پرۆژەی دەرکردنی گۆڤاری"ئازادی" کرد، کە یەکێک بوو لە گۆڤارە جیدییەکانی ئەو دەمە. دوای وەستانی گۆڤاری"ئازادی"یش ، لەگەڵ دەستەیەک هاوڕێی نووسەر و ڕۆشنبیری تردا، گۆڤاری"ڕەهەند"یان دەرکرد، کە دیسانەوە ئەمیش پرۆژەیەکی فیکری و ڕۆشنبیری و ڕەخنەیی بوو و ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لە ورووژاندن و گفتوگۆکردن لەسەر مەسەلەکانی ئەو سەردەمە.

هەڵبەتە، بەدرێژایی ئەو ساڵانەش، بەختیار لەسەر پرۆژەی ئەدەبیی خۆی بەردەام بوو (و خۆشحاڵانە ئێستاش هەر بەردەوامە) و کۆمەڵێک ڕۆمانی ناوازەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کرد، لەوانە: ئێوارەی پەروانە، شاری مۆسیقارە سپییەکان، غەزەلنووس و باخەکانی خەیاڵ، دواهەمین هەناری دونیا، هەورەکانی دانیال، جەمشید خانی مامم، کەشتیی فریشتەکان و ... جگە لە کۆمەڵێک کتێبی تیۆریی گرنگیش. 

ڕاستییەکەی، دەتوانین بڵێین کە بەختیار عەلی یەکێکە لە چالاکترین نووسەرو داهێنەرەکانی ئەم سێ دەیەیەی دواییمان( گەر نەڵێین چالاکترینە) و هەم نووسینەکانی و هەم ڕۆمان و دیوانە شیعرییەکانیشی، ڕۆڵێکی دیاریان لە گۆڕینی چەشەی ئەدەبیی خوێنەری کورد و تەنانەت لە گۆڕینی گەلێ چەمکی ئەدەبیشدا هەبووە. بەڵام غیابی گوتاری ڕەخنەیی جیددی و هەڵسەنگاندنی ورد بۆ ئەو کارانەی بەختیار و بگرەی زۆربەی کارە ئەدەبییەکان، وای کردووە تا ئێستا ڕوانینێکی دروست و شایستە بۆ ئەزموونی ئەم نووسەرە بەتوانایە نەبێت. کاتێک ئەمەش دەڵێین، مەبەستمان ئەوە نییە کا کارەکانی بەختیار دەچنە سەروو هەموو ڕەخنەیەکەوە، بەڵام تا ئێستا لە پرۆسەی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردیدا، ئەم ئەزموونە پێگەی شایستە و ڕوونی خۆی نەدراوەتێ. بۆیە دەبینین وەختێ چەند کارێکی ئەم نووسەرە بۆ سەر زمانێکی بیانی وەردەگێڕرێ، دەبێتە مایەی سەرنجڕاکێشانی ئەدیبان و ڕەخنەگرانی بێگانە و نرخاندنی ئەو کارانە. هەر بۆیە ئەوە بوو ماوەیەک لەمەوبەر و دوای ئەوەی هەردوو ڕۆمانی"دواهەمین هەناری دونیا" و "شاری مۆسیقارە سپییەکان" کران بە ئەڵمانی، لەلایەن پارێزاگاری "دۆرتمۆند"ەوە خەڵاتی"نێللی زاکس" ی ئەساڵ٢٠١٧ ی وەک باشترین نووسەری ئەدەبیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ دەبەخشرێ.

پێدانی ئەم خەڵاتە، کە خەڵاتێکی گرنگە و هەر دوو ساڵ جارێک بە باشترین نووسەر لەو دوو ساڵەدا دەبەخشرێ، لەلایەن لیژنەیەکی ئەدەبیی پسپۆڕەوە دیاری دەکرێ. شایانی ئاماژەیە کە پێشتر ئەم خەڵاتە بە هەندێ ڕۆامننوسی جیهانیی ناسراو بەخشراوە، لەوانە: میلان کوندێرا و نادین گۆردەمیر و مارگرێت ئاتوود و هتد...

بەبڕوای من گرنگیی ئەم خەڵاتە لەوەوە دێ کە لە کاتێکدا بە نووسەرێکی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستی دەهێنێت، کە زۆربەی دەوڵەتەکانی ئەم دەڤەرە بە درێژایی مێژوو و تا ئێستاش، نەیانویستووە و نایانەوێ دان بە شوناسی کوردی و کەلتوور و ئەدەبیاتی کوردیدا بنێن. بەخشینی ئەم خەڵاتە لە لایەن وڵاتێکەوە کە بە کەلتووری دەوڵەمەندی ناسراوە لە بواری ئەدەب و فەلسەفە و ڕۆشنبیرتیدا، خۆی بۆ خۆی مایەی هەڵوەستەکردنە و وەڵامێکە بۆ ئەو دانپێدانەنانەی دەوڵەتانی دراوسێمان بە شوناسی کەلتووریی کورددا. ئەمە جگە لەوەی کە دەتوانین بە دەسپێکێکیشی بزانین بۆ دروستکردنی پردێکی کەلتووری لەنێوان ئەدەبیاتی کوردی و ئەدەبیاتی بیانیدا. بەڵام بێگومان دەبێ ئەوەش بڵیین کە بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە لەسەر ئاستی دەرەکی، چەند وەڵامێکە بۆ دانپێدانەهێنانی ئەو دەوڵەتانەی دەوروپشتمان بە شوناسی کەلتووریماندا، هێندەش وەڵامێکی توندە بۆ سیاسەتی بێبایەخکردن و پەرواێزخستنی داهێنان و ئەدەب و داهێنەران لەسەر ئاستی ناوخۆی کۆمەڵگای کوردی و جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە لە کاتێکدا دەسەڵاتی کوردی و حیزبە کوردییەکان وێنەیەکی ناشرین و شێێ‌واو و قێزەونی کورد و شوناسی کوردی بەوتیر و خەیاڵدانی ئەویتر دەدەن، نووسەرێک دێت و وێنەیەکی شارستانی و جوانی هێز و وزەی داهێنان بە خەیاڵدانی ئەویتردا دەخولقێنێت. 

بەخشینی خەڵاتی نێللی زاکس بە ڕۆماننوس و ڕۆشنبیر بەختیار عەلی، وەکو لاپەڕەیەکی گەش و درەوشاوە لە مێژووی ئەدەبیاتی کورددا دەمێنێتەوە؛ لاپەڕەیەک کە دەبێ هەموومان شانازیی پێوە بکەین.

AM:12:47:09/01/2018