له‌بواری راگه‌یاندندا، رۆژنامه‌نوسی سه‌رقافڵه‌ی ئه‌و كاروانه پڕ شكۆداره‌یه، ره‌وتی پێشكه‌وتنی شارستانییه‌ت‌و بیركردنه‌وه له‌دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی هۆشیار‌و ته‌با‌و بە‌ئاشتی پێكه‌وه ژیان، ئه‌وجا پێویستی بونی پێشه‌كه‌وتنی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی، پیاده‌كردنی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ره‌خنه‌گرتن له‌ده‌سه‌ڵاتداران‌و هاندانی به‌رپرسیاران، رێگایان بۆ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی كارامه‌و لێزان كرده‌وه، كه له‌جیهانی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و هۆشیارییه سیاسییه‌كاندا، داهێنانێكی كاریگه‌ر‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی تازه‌و هاوكات بە‌زه‌بر، بهێننه مه‌یدانی رۆژانه‌وه، ئه‌ویش كاری رۆژنامه‌نوسی بو.
بریتانیا كه له‌كاتی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا، ده‌سه‌ڵاتی هه‌ره گه‌وره بو، په‌یوه‌ندییه‌كی له‌مێژینه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسییدا هه‌بوە‌و كاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1665 كه غه‌زه‌ته‌ی ئۆكسفۆرد The Oxford Gazette بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئیدی دوای ئه‌وه تا ده‌هات، جیهانی رۆژنامه‌نوسی فراوانتر‌و كاریگه‌رتر ده‌بو، دیاره، جگه له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگوباس، ئه‌ركێكی هه‌ره گرنگی بڵاوكردنه‌وه‌ی پروپاگه‌نده‌و ره‌خنه‌و هۆشیاری بوە، ئێستا وای لێهاتوە، له‌زۆر بواری ژیاندا، رۆژنامه‌و گۆڤار بونه‌ته یه‌كێك له‌شانازییه‌كانی بریتانیا، له‌وه‌ش زیاتر نه‌ك هه‌ر سنوری بریتانیایان تێپه‌ڕاندوە، به‌ڵكو كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌وروپا‌و ته‌واوی جیهانیش هه‌یه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی كه رۆژنامه‌نوسی له‌بریتانیا له‌گه‌شه‌كردندا بوە، هاوكات هه‌وڵیان داوه له‌وڵاتانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیشیاندا، رۆژنامه‌و گۆڤار ده‌ربكه‌ن، بێگومان كاری ئه‌م وتاره ئه‌وه نییه له‌و لایه‌نه‌وه، له‌مه زیاتری له‌سه‌ر بنوسرێ، ئه‌وه‌نده نه‌بێ هێمایه‌ك بۆ ئه‌وه بكرێ، كه له‌دوای داگیركردنی به‌غدا، هه‌مان سیاسه‌تیان له‌مێسۆپۆتامیا‌و بە‌باشوری كوردستانیشدا پیاده كردوە، (ئه‌و كاته ناوی عێراق له‌كوله‌كه‌ی ته‌ڕیشدا نه‌بوو). له‌مارتی 1917دا، شاری به‌غدا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی بریتانیاوه داگیر ده‌كرێ، پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م، مسته‌فا پاشای باجه‌لان، كه سه‌رۆكی خێڵی باجه‌لان‌و گه‌وره ده‌سه‌ڵاتدارێكی كورد بو له‌خانه‌قین، له‌ده‌ست ئازار‌و كاولكردن‌و تاڵانكردن‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكی خانه‌قین به‌ده‌ست سوپای روسیاوه، ده‌چێته به‌غدا، هانا بۆ ئینگلیزه‌كان ده‌با‌و داوای هاوكارییان لێده‌كا، پێیان راده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌گه‌ر كارێك نه‌كرێ روسه‌كان بوەستێنرێن، خێڵه كورده‌كان كه بە‌هیوای رزگاركردن بون له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی توركه سته‌مكاره‌كاندا، ئه‌وا ناچارده‌بن بگه‌ڕێنه‌وه لای داگیركه‌ره‌كانی پێشویان، بۆیه تكایان لێده‌كا، كه هه‌تا زوتره ئه‌فسه‌ری سیاسی ئینگلیز بۆ خانه‌قین بنێرن. له‌وه‌ڵامدا ئاگاداری ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی روسیا لایه‌نێكی سه‌ره‌كی بو له‌هاوپه‌یمانه‌كان، نه‌ده‌توانرا هیچی له‌گه‌ڵدا بكرێ، تا ئه‌و كاته‌ی روسه‌كان خۆیان له‌زستانی 1917 ـ 1918دا، له‌ناوچه‌كه كشانه‌وه، له‌شكری توركیش له‌ناوچه‌كانی كفری‌و خانه‌قین كرانه ده‌ره‌وه.
دوای ئه‌وه، هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا، خێڵه‌كانی باجه‌لان، جاف، شه‌ره‌فخانی‌و تاڵه‌بانی‌و خێڵی ناوچه‌كانی دیكه، نامه‌یان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی بریتانیا له‌به‌غدا نووسی، داوایان لێ‌كردن فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ناوچه‌كانیان بگرنه ئه‌ستۆ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌فسه‌ری سیاسی‌یان بۆ بنێرن. (Driver، G. R. (1921). p. 107.) له‌و روانگه‌یه‌وه، ئینگلیزه‌كان وا تێگه‌یشتبون كه زۆربه‌ی كورد، دژی توركن‌و دۆستی بریتانیان، وایان ده‌زانی كه خێڵه كورده‌كان ئاماده‌یی هاوكارین‌و بۆ پاراستنی ئاشتی‌و بۆ به‌رقه‌راری وڵات، له‌گه‌ڵ بریتانیادا سه‌لاری ده‌نوێنن. ره‌نگه له‌و بۆچونه‌دا زۆر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبن، چونكه وه‌ختێك هێزه‌كانیان ده‌چنه ناوچه‌كانی خانه‌قین، كفری‌و كه‌ركوك، له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه پێشوازییه‌كی گه‌رمیان لێده‌كه‌ن‌و ئاماده‌یی هاوكارییان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
له كاتی داگیركردنی به‌غدادا، رۆژنامه‌نوسی له‌و شاره‌دا هه‌بو، رۆژنامه‌ی (الزورا‌و) كه 15ی حوزه‌یرانی 1869 بە‌یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی به‌غدا ده‌ناسرێ، ئه‌و پێوده‌درێ، له‌جیاتیدا، ئینگلیزه‌كان كه ده‌یانه‌ویست رۆژنامه‌ی تایبه‌ت بە‌خۆیان هه‌بێ، ورده ورده پلانیان بۆ دوركه‌وتنه‌وه له‌سه‌رده‌می پێشوو داده‌نا، له‌و باره‌وه بڕیاریان دا، چه‌ند رۆژنامه‌یه‌ك بكه‌نه‌وه، له‌وانه: به‌غداد تایمس Baghdad Times، العرب Al-Arab، چفر العراق Zafar- Ul- Iraq، دارالسلام Dar – Al- Salam، العرب پرێس Al Arab Press، هاوكات، بیریشیان له‌ڕۆژنامه‌یه‌كی كوردی كردبۆوه، هه‌ر له‌و رۆژگاره‌دا، ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی به‌رچاوی كورد، له‌به‌غدا بون، بریتانیا هه‌وڵی دا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا ببه‌ستێ. یه‌كێك له‌و كاره گرنگانه‌ی حكومه‌تی بریتانیای بە‌خه‌ڵكی كورده‌وه گرێ دا، گرنگیدان بو بە‌زمانی كوردی‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه به‌م زمانه. كاربه‌ده‌ستانی سه‌ربازی‌و كارگێڕی ئینگلیز، به‌ر له‌وه‌ی وه‌ك هاوكار‌و دامه‌زرێنه‌ری حكومه‌تی كوردستان بگه‌نه سلێمانی، هه‌ر زوو هه‌وڵی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی تواناكانی خه‌ڵكانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانیان ده‌دا، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا كورد. ئینگلیزه‌كان له‌به‌غداوه ده‌یانه‌ویست ده‌ست بە‌به‌رنامه‌یه‌ك بكه‌ن كه جیاواز بێ له‌سه‌رده‌می توركه لاوه‌كان‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی عوسمانی، له‌و باره‌وه هه‌نگاوێكی هه‌ره بایه‌خدار بۆ دروستكردنی پردی دۆستایه‌تی بریتانیا‌و كورد، ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی نیو هه‌فته‌یی (تێگه‌یشتنی راستی) بو، ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ش، له‌گه‌ڵ رۆژنامه ئینگلیزی‌و عه‌ره‌بییه‌كانی سه‌ره‌وه‌دا، پێكه‌وه له‌یه‌ك رۆژدا ده‌رچون، رۆژنامه‌ی(تێگه‌یشتنی راستی)، له1ی كانونی دوەمی 1918دا، بە‌دو لاپه‌ڕه ده‌رچو، له11ی مارتی هه‌مان ساڵدا، كرا بە‌چوار لاپه‌ڕه.
له‌سه‌ره‌تادا، تیراژی 160 دانه بو، دواتر بو بە230 دانه، له‌و ژمارانه: 10 دانه‌ی بە‌ده‌ستگێر ده‌فرۆشران، 5 دانه‌ی هی ئابونه بو، 13 دانه‌ی به‌سه‌ر پیاوماقوڵانی كورددا له‌به‌غدا دابه‌ش ده‌كرا، 190 دانه‌شی بۆ فه‌رمانگا ره‌سمییه‌كان ده‌نێررا، ئه‌وی دیكه وه‌ك یادگاری مێژویی‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی رۆژگاری خۆی، ده‌پارێزران، ئه‌و رۆژنامه‌یه ئێستا له‌له‌نده‌ن پارێزراوه.(ئه‌و زانیاریانه له‌به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی موسته‌عمه‌راتدا هاتون).
ڕۆژنامه‌ی (تێگه‌یشتنی راستی) به‌و نیازه بڵاوكرایه‌وه ببێته سه‌ره‌تایه‌ك‌و له‌و رێگایه‌وه، بە‌هێمنی‌و قۆناغ بە‌قۆناغ زه‌مینه‌یه‌كی گۆڕانكاری‌و پێشكه‌وتنی هه‌مه لایه‌نه‌ی ژیان‌و كارگێڕی بۆ كورد سازبكرێ، به‌ڵام دواكه‌وتنی كورد له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خوێنده‌واری‌و رۆشنبیرییه‌وه، ئه‌و هه‌له‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساند ئه‌و ئامانجانه بێنه دی، ئیدی ئه‌گه‌ر رووداوێك هه‌مو لایه‌نه‌كانی بە‌ته‌واوه‌تی رۆماڵ نه‌كرێ، ئه‌وا كاریگه‌ری ته‌واوی نابێ. هه‌ر له‌و كاته‌وه ئینگلیزه‌كان تێگه‌یشتن‌و بڕیاریان دا له‌مێسۆپۆتامیا بمێننه‌وه، بۆیه ویستیان جگه له‌ڕێگای دیكه‌ی وه‌ك ئابووری، سیاسی‌و سه‌ربازی، رۆژنامه‌شیان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌كار بهێنن، تا له‌و بواره‌شه‌وه هاوبه‌شی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسی‌و ئیداری‌و كولتوری جیاواز له‌هی سه‌رده‌می عوسمانی دروست بێ.
ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی (تێگه‌یشتنی راستی)، بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی كولتوری‌و رۆناكبیری بو له‌نێوان بریتانیا‌و كورددا، بە‌تایبه‌تی خه‌ڵكانی مونه‌وەر (ڕوناكبیر ـ مپقف). له‌و رێگایه‌شه‌وه ده‌ویسترا، توێژێك یا كۆمه‌ڵێك كارمه‌ندی كارگێڕی‌و سیاسیی كورد، بۆ كورد‌و حكومه‌تی ئاینده‌ی كوردستان گۆشبكرێن، تا بتوانن فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خۆیان، بە‌چاودێری‌و سه‌رپه‌رشتی بریتانیا به‌ڕێوه‌به‌رن. له‌ژماره 1ی رۆژنامه‌ی (تێگه‌یشتنی راستی)دا، مه‌به‌ستی ده‌ركردنی رۆژنامه‌كه رون ده‌كرێته‌وه، زۆر بە‌وردبینی‌و تێگه‌یشتنی سیاسیانه‌و بۆ دور ته‌ماشاكردن، له‌به‌رنامه‌ی ئینگلیز‌و بۆچونیان، شیكاری ده‌كا‌و رۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی بە‌رۆژنامه‌كه ده‌ده‌ن، ده‌یانه‌وێ (تێگه‌یشتنی راستی) له‌بواری سیاسه‌تدا چالاكی بنوێنێ‌و خزمه‌تی چوارچێوه‌یه‌كی رای گشتی بكا، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر بە‌ئاگا‌و سیاسیانه، له‌ڕێگای رۆژنامه‌كه‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی بریتانیا له‌به‌غدا، له‌هیوای ده‌ركردنی تێگه‌یشتنی راستی ده‌دوێن‌و ده‌نووسن: "(تێگه‌یشتنی راستی) خزمه‌تی یه‌كبون‌و سه‌ربه‌ستی‌و سه‌ركه‌وتنی كوردان ده‌كا. ئه‌مڕۆ هه‌مو ئه‌قوامی عاله‌م خه‌ریكی به‌جێهێنانی ئه‌م ئومێده موباره‌كه‌ن‌و گه‌لێكیان له‌پاش كۆششێكی پیاوانه پێیگه‌یشتن. هه‌ر فیكرێ كه بە‌ته‌رازوی عیلم‌و عه‌قڵ نه‌پێورابێ عه‌رزی ناكه‌ین، هه‌ر ئیشێ كه بە‌تاقیكردنه‌وه، چاك ده‌رنه‌چووبێ، كردنی ره‌وا نابینین.” (ژماره. 1، 1ی كانونی دوەمی 1918)
لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌ر ئه‌وه ده‌گرێته‌وه، كه لای ئینگلیزه‌كانه‌وه، نیازی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانیان هه‌بوە، ئه‌و نووسینه‌ی سه‌ره‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (تێگه‌یشتنی راستی) ده‌چێته پاڵ سه‌دان به‌ڵگه‌نامه‌ی دیكه بۆ تێڕوانینی ئینگلیز به‌رامبه‌ر بە‌كورد. با ته‌ماشا بكه‌ین، یه‌كبون‌و سه‌ربه‌ستی‌و سه‌ركه‌وتنی كوردان، كه له‌و چه‌ند بڕگه‌و ده‌ربرینه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نووسراون، چ مانایه‌كیان هه‌یه؟ ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌بێ. هه‌وڵی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان بۆ گه‌یشتنه بە‌ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه، هیممه‌تی پیاوانه‌ی ده‌وێ، بۆ هه‌وارخستنی ده‌وڵه‌تیش، عه‌قڵ‌و زانست پێویستن، بە‌واتایه‌كی دیكه، به‌ر له‌سۆزی په‌تی‌و هه‌راكردن، پێشه‌وا، ئاوێته‌كردن‌و پێكه‌وه گرێدانی یه‌كبون، به‌گه‌ڕخستنی سه‌رجه‌م تواناكانی، سه‌ربه‌ستی، سه‌ركه‌وتن، زانستی فره لایه‌نه، كۆكردنه‌وه‌و راوێژی عاقڵه‌كان‌و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌تاقیكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌وجا ئیراده‌ی جوامێرانه، ئه‌هلییه‌ت‌و شاره‌زایی به‌رپرسیاران‌و فه‌رمانبه‌ران له‌و مه‌رجانه‌ن، كه ده‌وڵه‌ت بونیاد ده‌نێن. با خوێنه‌ری هۆشیاری كورد، دور له‌سۆز، بۆ خۆی لێكیبداته‌وه، كه ئاخۆ له‌و كاته‌دا، ئه‌و بوارانه لای كورد هه‌بون؟ ئێمه بۆخۆمان گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌و بنه‌مایانه‌ی سه‌ره‌وه، له‌و ده‌مه‌دا، له‌نێو كورداندا نه‌بون. ئینگلیز چۆغه، ستارخانی‌و مرادخانی له‌به‌ر داكه‌ندوین‌و پیشانیشیان داوین كه پشتمان ده‌خورێ، به‌ڵام پێیان گووتووین ده‌بێ خۆمان پشتی خۆمان بخورێنین.
له بارودۆخی گرتنی هه‌مو ویلایه‌تی موسڵدا، مامه‌ڵه‌ی سیاسی بریتانیا له‌گه‌ڵ كورد، بوە مه‌سه‌له‌یه‌كی واقیعی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش، له‌لایه‌كه‌وه پێویستی بە‌به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی سیاسی بریتانیا هه‌بو، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، په‌یوه‌ندی بە‌توانا‌و لێهاتوویی كوردیشه‌وه هه‌بو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه، كاروباری هندستان‌و سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی بریتانیا له‌قاهیره‌و ده‌زگای هه‌واڵگری بریتانیا له‌ناوچه‌كه، هه‌ر لایه‌نه‌و بە‌پێی به‌رپرسیارێتی خۆی، ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورد، ده‌ستیان كرد بە‌لێكدانه‌وه‌و هاوكاری‌و به‌رنامه‌ڕێژی، به‌ڵام ئه‌وی راستی بێ، مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ناوخۆدا هێند له‌به‌رچاو نه‌بو، تا بتوانێ قورساییه‌ك له‌هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تی‌و سیاسییه‌كاندا دروست بكا.
گرنگی رۆژنامه‌ی (تێگه‌یشتنی راستی)، ته‌نها ئه‌وه نییه كه یه‌كه‌مین رۆژنامه‌یه‌كه بە‌شێوه‌ی سۆرانی ده‌رچووبێ، له‌هه‌مان كاتدا، یه‌كێكه له‌و رۆژنامه بایه‌خدارانه‌ی كه ده‌كرێ له‌گه‌لێك بواردا لێكۆڵینه‌وه‌ی تێر‌و ته‌سه‌لی له‌سه‌ر بكرێ، له‌پاڵ سیاسه‌تدا، لێكۆڵینه‌وه‌ی زمان‌و ئه‌ده‌بیاتی كوردیش دو مه‌یدانی دیكه‌ن بۆ ته‌ماشاكردن‌و توێژینه‌وه، مامۆستای گه‌وره دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر كتێبێكی بایه‌خدار‌و نمونه‌یی بە‌ناونیشانی "تێگه‌یشتنی راستی”و شوێنی له‌ڕۆژنامه‌نوسی كوردیدا، 1978، له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی ناوبراو ده‌ركردوە، ئه‌و كاره‌ی جه‌نابیان یه‌كێكه له‌كاره هه‌ره زانستی‌و به‌كه‌ڵكه‌كانی كاك دكتۆر، له‌گه‌ڵ یادی سه‌د ساڵه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌شدا، من یادی دكتۆر كه‌مالیش ده‌كه‌مه‌وه، نزای به‌خێریشی بۆ ده‌كه‌م، كه خودا بە‌لوتفی خۆی شیفای بۆ بنێرێ، چونكه هه‌مو رۆژێكی له‌ش ساغی جه‌نابیان، رۆژێكی گه‌ش‌و به‌رهه‌مێكی بە‌پیته، بۆ ئێمه. له‌یادی 100 ساڵه‌ی (تێگه‌یشتنی راستی)دا، بە‌جه‌وهه‌رتر‌و به‌رپرسیارتربن رۆژنامه‌نوسانی نه‌ته‌وه‌كه‌م له‌هه‌مو به‌شه داگیركراوه‌كانی كوردستاندا، گرشه‌دارتر بن عه‌قڵ‌و ئه‌خلاقی كوردان‌و وشه‌ی كوردی.
ئاوێنه