سه‌رنوسه‌رێكی "تازه پیاكه‌وتوی” رۆژنامه‌یه‌كی "تازه پیاكه‌وتو”، كه كه‌س نازانێت سه‌رچاوه‌ی داهات‌و پاره‌كه‌ی چه‌نده‌و له‌كوێوه هێناویه‌تی یاخود هی چ به‌رپرسێكی "تازه پیاكه‌وتوه”، به‌خه‌یاڵی خۆی واده‌زانێ ده‌توانێ به‌و پاره‌یه‌ی كه بۆی هه‌ڵڕژاوه، هه‌مو شت‌و هه‌مو كه‌سێك بكڕێت، وا ئه‌زانێ هه‌مو كه‌سێك ئاماده‌یه له‌به‌رامبه‌ر مشتێك پاره‌دا سوك‌و ئاسان كه‌سایه‌تی‌و ئیعتباری خۆی بخاته ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌وه‌و بچێت له‌م جۆره میدیا بێ دایك‌و باوك‌و سێبه‌رانه‌دا كار بكات، كه كاریان كورت بوه‌ته‌وه بۆ تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌و ناشیرینكردنی فڵان حزب‌و سه‌ركرده‌ی ركه‌به‌ریان‌و ماکیاژو رتوشكردنی كاكی "به‌رپرس”ی ئاغایان.
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م كاكی سه‌رنوسه‌ره له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر له 20 جار ته‌له‌فونی كرد‌و خۆی ناساند‌و وتی كه پێیخۆشه بمبینێت‌و چایه‌ك به‌یه‌كه‌وه بخۆینه‌وه‌و پێكه‌وه دو قسه بكه‌ین، كه چوم ته‌واو سه‌رم له‌مه‌به‌ستی بانگردنه‌كه‌ی سوڕما، كورت‌و كرمانج مه‌سجه‌كه‌ی ئه‌وه بو كه "بۆ شتێك تۆمان بانگ كردوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له‌ئاوێنه نه‌مێنیت‌و بێی لای ئێمه ئیش بكه‌یت”، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا "موچه‌یه‌كی زیاترم له‌و موچه‌یه ئه‌داتێ كه له‌ئاوێنه وه‌ریده‌گرم”!
له‌وه‌ڵامدا پێموت "من له‌ئاوێنه وه‌ك بزنس كاری رۆژنامه‌گه‌ری‌و ریكلام ناكه‌م، به‌ڵكو ئه‌وه وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانی خۆم لێیده‌ڕوانم، چونكه ساڵانێكی زۆره‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه له‌ئاوێنه‌م، ئاوێنه به به‌شێك له‌خۆم ده‌زانم”.
به‌ڵام دیاربو كاكی سه‌رنوسه‌ر، له‌م قسه‌یه‌م باش تێنه‌گه‌ی، لای ئه‌و كه هه‌مو شتێك پاره‌و ژماره‌و سات‌و سه‌وداو كڕینه، جارێكی‌تر وتی "ئاخر له‌و موچه‌و پاره‌یه‌ی ئه‌وان زیاترت ئه‌ده‌مێ”!
پێموت "تێبگه من بۆ موچه‌و پاره په‌یداكردن له‌ئاوێنه نیم، من له‌هه‌ر شوێنێكی تر ئیش بكه‌م له‌ئاوێنه زیاترم ده‌ستده‌كه‌وێ، به‌ڵام وه‌ك به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی ئه‌خلاقی پێمخۆشه ده‌نگێكی ئازادی وه‌ك ئاوێنه به‌رده‌وام بێت‌و له‌وێ كار ده‌كه‌م، ئه‌گینا من وه‌زیفه‌و كاری تری خۆم هه‌یه‌و پاره‌ی ئاوێنه‌ش نه‌بێت په‌كم ناكه‌وێت”.
به‌ڵام ئه‌م براده‌ره هێشتا هه‌ر له‌سه‌ر لێدانی هه‌مان قه‌وانی خۆی به‌رده‌وام بو، پێش ئه‌وه‌ی بڕۆم، وتی "بیری لێبكه‌ره‌وه‌و موچه‌كه‌ت زیاتر ئه‌بێت”!
منیش به‌دەم پێكه‌نین بەم جۆرە ئەقڵییەتەوە، پێموت "نه‌به‌خوا بیری لێناكه‌مه‌وه‌و به‌ته‌ماش مه‌به هه‌ر بیری لێبكه‌مه‌وه”!
دیاره زۆرن ئه‌و لایه‌ن‌و به‌رپرسانه‌ی كه چاویان به‌مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌نگه ئازاده‌ی ئاوێنه هه‌ڵنایه‌و ماوه‌یه‌كه زۆر به‌چڕی‌و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك كار له‌سه‌ر كوشتنی ده‌كه‌ن "به‌تایبه‌تی كه ئێستا به‌دۆخێكی دارایی خراپ‌دا تێده‌په‌ڕێت”، له‌و پێناوه‌شدا دائه‌به‌زن بۆ ئاستێكی زۆر نزم كه‌وا ده‌زانن له‌ڕێگه‌ی کڕین‌و پێدانی پاره‌یه‌كی زیاتر به‌ستافه كه‌مه‌كه‌ی ئاوێنه بخه‌ن!
بێگومان زۆرجار ئه‌م میدیایانه توشی شۆك بون كاتێك كه بینیویانه به‌شێكی به‌رچاو له‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی موچه‌و پاره‌یه‌كی زیاتر له‌ئاوێنه‌یان داونه‌تێ‌و كڕیویانن‌و بردویانن، له‌ڕوی كوالێتی‌و نه‌وعییه‌وه چه‌ند ده‌ست‌و پێ سپی‌و توانایان سنوردار بوە، ئه‌وسا تێگه‌یشتون بۆچی ئاوێنه ناكه‌وێ!
دڵنیام بانگكردنی من‌و هه‌وڵدانیش بۆ دورخستنه‌وه‌م له‌ئاوێنه ده‌چێته هه‌مان خانه‌وه‌و له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكدایه بۆ خستن‌و ناشیرینكردنی ئاوێنه، له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌ی كراوه‌ته ئامانج ئاوێنه‌یه، ئه‌گینا ئه‌م كاكی سه‌رنوسه‌ره، وه‌ك پێوه‌ی دیاره ئه‌وه‌نده پاره‌ی دراوه‌تێ تا "نه‌شره‌ی دیواره‌كه‌ی” ده‌ربكات، ئه‌سڵه‌ن هه‌ر پێویستی به‌ریكلام‌و به‌كه‌سی وه‌ك من نییه! ئه‌گه‌رنا شوێن نه‌ماوه كاكی سه‌رنوسه‌ر چاوی له‌سه‌ر بێت كارمه‌ندی لێببات بۆ ده‌زگاكه‌ی، ئاوێنه نه‌بێت؟!
لێره‌دا، پێمخۆشه، دو راستی باش بزانێت:
یه‌كه‌میان، ئاوێنه به‌بردنی من‌و فڵان‌و فیسار ناكه‌وێ‌و هەر پێشیەوە دیار نابێت، چونكه بنه‌ماكه‌ی تۆكمه‌یه‌و ناووناوبانگ‌و سه‌رمایه‌یه‌كی مه‌عنه‌وی‌و ئەخلاقی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ی هه‌یه، كه چه‌ندین رۆژنامه‌نوس‌و نوسه‌ری دیار خۆبه‌خشانه كاری بۆ ده‌كه‌ن‌و بۆی ده‌نوسن، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رده‌وام بونیه‌تی به‌ستافێكی بچكۆلانه‌ی چوار كه‌سیشه‌وه.
دوه‌میشیان، پێمخۆشه ئه‌وه‌ش بیری كاكی سه‌رنوسه‌ر‌و هه‌مو ئه‌وانه بخه‌مه‌وه كه به‌پاره بران، ئاوێنه وه‌ك میدیایه‌كی سه‌ربه‌خۆ‌و ئازاد فێری ئه‌وه‌ی كردوم كه كاری رۆژنامه‌گه‌ریی "به‌رله‌وه‌ی” پاره په‌یدا كردن‌و كاسپی بێت، په‌یامێكه بۆ ده‌رخستنی راستی‌و بۆ گه‌یاندنی زانیاریی. هه‌ر میدیاكارێك ئه‌م په‌یامه له‌بیر بكا‌و ئامانجی ته‌نها "پاره په‌یداكردن” بێت، سه‌ره‌نجام ده‌كه‌وێ‌و ده‌بێت به”ساقگه”!