جیهان له‌سه‌رده‌می‌ پیاواندا
شنە بەرزنجی

گەر نەگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی دوور و تەنها سەدساڵی ڕابردوو بەنمونە وەربگرین، جیهان لەسەردەمی دەسەڵاتی پیاواندا هێندەی زەرەری لە بونیادی کۆمەڵگا داوە نیوهێندە خزمەتی کۆمەڵگای نەکردوە، کاری دەسەڵاتدارێتی پیاوان شەڕ و دابەشکاری و چاندنی تۆوی ڕق و کینە و هەڵتەکاندنی پێکەوەژیان بوە لەنێوان (نەتەوە و ئاین و حزب و دەوڵەت و کۆمەڵگا)، بەنمونە شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم و تەقاندنی یەکەم چەکی قەدەغەکراوی ئەتۆم بۆ سەر دووشاری یابان و سوتاندنی ملیۆنان مرۆڤ لەو جەنگانەدا، ئەمە هەمووی ئەو پیاوانە لێی بەرپرسن کە دەسەڵاتیان هەبوە، ئەمەشە وای لە (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی پێشوی زلهێزترین دەوڵەتی جیهان کرد لە کۆڕبەندێکدا له وڵاتی سەنگافورە بڵێ “هیواخوازم ژنان بگەنە دەسەڵات لە جیهاندا چونکە ژن چاکترن لەپیاوان، ئەگەر ژن دەسەڵات وەربگرێت ئەوا جیهان ئارام دەبێت، بەڵام نێرینەکان هەڵپەی دەسەڵاتیانە”.


پێش قسەکردن لەسەر قسەکەی مەلا هەڵۆ کە ئەو بەشە لەپیاوی بە (گەواد)شوبهاند ڕێگری لە سفوری کەسە نزیکەکانیان ناکەن!!، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام، ئەو بۆ کات و زەمانی خۆی و بۆ ئەو جوگرافیایەی تیای دەژیا لەبەشێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕیفۆرمیکرد بەلەبەرچاو گرتنی دۆخی ژیان و ئەقڵیەتی ئەو سەردەمە،(ئەمە قسە زۆر هەڵدەگرێت)، ئەو مەلا ئیسلامیانەی لەدوای خۆی بەجێما تەنها وەک توتی قسەکانی ئەو دەڵێنەوە بەبێ ئەوەی هەر کۆمەڵە مەلایەک و لەسەردەمە جیاوازەکاندا کەمێک ڕیفۆرمیان لە خودی ئاینەکەدا بکردایە، ئێستا ئیسلام وەک ئاین پێشکەوتوترین دین دەبو، سیستەمی حوکمڕانی وڵاتە ئیسلامیەکانیش لەبری دیکتاکتۆری زۆر لە سیستەمی ئەوروپی دیموکراسیتر دەبو، مافی کەمە نەتەوایەتیەکانیش لەبری چەوساندنەوە و لەناوبردن، هاوشێوەی وڵاتانی (سویسرا. کەنەدا. ئەمریکا)فیدراڵی و کۆنفیدراڵی دەبو، بەڵام لەبری ڕیفۆرم هەزاران (حەدیپ) بەناوی پێغەمبەرەوە ئەم دەست و ئەو دەست دەکات کە بنەچەی نیە.


کەوابێت، پێکەوە ژیان و ئاشتی و زانست و نوێخوازی و لێبوردەیی و چاکە و وتەی باش و هاوکاری و دڵنەرمی و ڕوخۆشی و ڕێزگرتنی نێوان ڕەگەزەکان بۆچی نابنە قسەی سەر زاری هەموومان تا لەم ژیانەی کەهەمانە هەست بە ناڕەحەتی نەکەین، بە بەراورد بەمەش قسەکەی مەلا هەڵۆ پێش هەر کەسێک دژی پرنسیب و بەرنامەی خودی ئیسلامە.


ئەو بەشەش کە پەیوەندی بە سفوری و باڵا پۆشی هەیە، پەیوەندی بە خودی کەسەکە خۆیەوە هەیە نەک کەسانیتر، ڕێکخراو و کافتریا و بازاڕ و گەڕەک و ماڵ و چێشتخانە و ناو پاس و فەرمانگەکان لەهەردوو جۆریان تیایە، بەبێ ئەوەی کەسیان کێشەی لەگەڵ ئەوەیتر هەبێت، دیارە ئەم جۆرە بیرکردنەوەش خزمەت بە هیچیان ناکات جگە لە پەرتەوازەیی زیاتری کۆمەڵگا و پەیوەندیه کۆمەڵایەتیەکان، ئەم جۆرەش لەوتاردان چونکە برینداربونی کەسانیتری لێدەکەوێتەوە و هاوکات سنوربەزاندن و هێرشکردنە بۆ سەرکەسانیتر بەبێ ئەوەی خواستی کەسەکەی لەسەربێت، لەگەڵ ڕای جیاوازیشدا یەک ناگرێتەوە.


بۆ وەبیرهێنانەوە، ساڵی 2019 دوو ڤیدیۆ کلیپی کوردی لەلایەن دوو کەسەوە بڵاو کرانەوە یەکەمیان ڤیدیۆ کلیپی هونەرمەند ماریا هەورامی بو کە مۆرکێکی کوردی پێوە دیاربو، دووەمیان ڤیدیۆ کلیپی(ئایلا)ی نەڤید زەربی بو کە ئاواز و هونراوە و شێوازی کلیپەکەی دوور لە کلتوری ئێمە و جگە لە بێ بەهاکردنی مرۆڤایەتی هیچیتر نەبو، بەڵام مەلا هەڵۆ لەسەر کامیان قسەیکرد و لەسەر کامیان بێدەنگ بو؟.




nishtman
AM:03:22:25/01/2020