دڵدار خۆرێک بە ئاسمانی ئەدەبەوە..
جەبار جەمال غەریب
دۆزینەوەی ئەو هۆکار و کاریگەرییانەی کە شوێنیان لەسەر کەسایەتی و بیرکردنەوەی ئەستیرەکانی نەتەوە هەیە کارێکی پڕ بەیاخە، شایانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیە، هەر لەبەر ئەوەشە من بەدوای سەرەداوەکانی فۆرمەلەبوونی بیری نەتەوایەتیی پیاوێکدا دەگەڕێم، کە شوێندەستی بەسەر ڕووخساری نەتەوەیی میللەتێکەوە دیارە. دەکرێ ئەو بەشە وەک بەشی دووەمی ئەو بابەتە سەیر بکرێ.
دووەم بەڵگەی نەشوونماکردنی بیری نەتەوەیی لای دڵدار:

دڵدار و بەچە شێرانی کورد
ئاسف ڕۆڵێکی دیار و کاریگەری هەیە لە دروستکردنی و فۆرمەلەبوونی کەسایەتیی نەتەوەیی دڵدار، لە تەمەنێکی هەستیاردا و لە کاتی گونجاو بە شێوازی کاریگەر ڕێنمایی دڵداری کردووە.
لە مەخموور یەکەم وانەی نەتەوایەتیی لە ڕێگای ”کوردبوونیەوە" داوەتێ، هەر لەو سەفەردا ترسی لە چەک دەشکێنێ و فێری بەکارهێنانیشی دەکات، وانەکانیش هێشتا بەردەوامن، هەر بۆ زانیاری، ئاسف لە کارەکەی مەخمووری دەردەکرێ و دێتەوە هەولێر و دواتر دەچێتە بەغدا:
{کاکەم ئاسف لە بەغدا گەڕایەوە، هەر لە عەینی گەڕەک خانوێیکی زۆر خۆشی گرت}.
لێرە وانەکانی ئاسف بۆ دڵدار دەست پێدەکەنەوە، زۆر ڕوونە کە ئاسف جگە لە بیر و ئەندێشەی نەتەوە هیچی دیکەی لەلا گرنگ نەبووە، ئەوانەی مێژووی هەستی نەتەوایەتی و حزبی هیوا دەنووسنەوە، لە ڕێگای ژیانی ئاسفەوە دەکرێ زۆر نهێنیی ئەو حزبە ئاشکرا بکەن، ویستوویەتی هەر ئەو فکرانەش لە مێشکی دڵداردا موتوربە بکات:
{ئاسف برادەرێکی زۆری ئەهاتنە لا، زۆر جاران منیان دەر ئەکردە دەرەوە و دەرگایان لەسەر خۆ پێوە ئەدا. نەم ئەزانی بۆ چی؟ شەوێکیان (سەعدی جەلالی) موعەلیم هاتە لای ئاسف، سەعد جەلال گەنجێکی ئەسمەری قەد و باڵا، خوێن شیرین، چاوەکانی ڕەش و گەورە، جلکی زۆر جوان و ڕێک و پێکی لەبەر دەکرد. ل پاش ئەوەی کە دانیشت منیان دەرکردە دەرەوە، هێندەی پێنەچوو ئاسف منی بانگ کرد، چوومە لایان، سەعدی جەلال پێی وتم:
- (یونس) تۆ لە مەکتەب ڕەفیق و برادەرت زۆرە؟
وتم:
- بەڵێ.
وتی شتێکت پێ دەڵێم ئەگەر بە قسەم بکەی پاسکیلت بۆ دەکڕم.
وتم:
- بە بێ پایسکل بە قسەت دەکەم.
هەندێک پێکەنی، وتی:
- ئافەرین، تۆ کوردیت؟
وتم:
- بەڵێ کوردم.
وتی:
- هەموو ڕۆژێ لە مەکتەب لەگەڵ برادەرەکانت یەکتر بگرن، بە خۆتان بڵێن ”بەچە شێر" وە ئەوەی وتی من کورد نیم لێی بدەن. موزەکەراتی دڵدار..لاپەڕە ٣٣}.

ئاسف لەگەڵ (برادەرێکی زۆری) بێتە ماڵێ و یونس یان هەر کەسێکی دیکە بکەنە دەرێ، مانای چییە؟ بێ گومان ئەوان بۆ کاری ڕێکخستن و حزبی هاتوون و کارەکەشیان کۆبوونەوەیە، وردەکاریی ئەو کۆبوونەوە حزبیانە لە یادەوەریی زۆربەماندا هەیە، تا ماوەیەکی دوور و درێژ دیاردەیەکی کۆمەڵگای کوردی بوو، چ کۆبوونەوەکان بەنهێنی بووبن، کە لە زۆر سەردەمەکان وابوون، چ ئاشکرا بووبن. بەشی هەرە زۆری کۆبوونەوەکانیش دەنووسرانەوە و تۆمار دەکران، بەڵام حزبەکان بە هەر بیانوویەکەوە بێ ئەرشیفیان نییە. گونجاوترین بیانووش یان هۆکاریش پاراستنی نهێنیی حزب و سەلامەتیی گیانی ئەندامەکانیانە، کە ناکرێ لاریمان لەسەری هەبێ، چونکە بەدرێژایی مێژووی عێراق، حزب یاساغ بووە، سزای ئاشکرابوونی ڕێکخستنەکانیشی زۆر قورس بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو حزبەکان نەوەت و هەشت ساڵیان لەبەر دەست بوو تا ئەرشیفی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆیان بنووسنەوە. سەدەی ڕابردووش وەک تەواوی سەدەکانی دیکە و مێژووی تەواوی نەتەوە دەچێتە خانەی نەبوونەوە، تەنیا لەبەر نەبوون و ناتەواویی ئەرشیف و دۆکیومێنت.

کۆبوونەوەکانی ماڵی ئاسف هی کام حزبە بووە، ئەو کاتە تەنیا کاریان ڕێکخستن بووە یان کاری دیکەشیان کردووە؟ دەشێ مەزندە بکەین و بزانین، دەکرێ هەندێ بەڵگە لەو بوارەدا هەبن، بەڵام دڵدار نەیویستووە بچێتە ناو ئەو وردەکارییانە، یان هەر سەردەمەکە ڕێگای پێ نەداوە، بۆیە منیش بەدوای ئەوەدا ناچم، هەر چەند ڕێگای سیاسیی ئاسف دیارە:
{شەوێکیان سەعدی جەلالی موعەلیم هاتە لای ئاسف}.

پێویست ناکات ئێمە سەعدی جەلال ببینین مادام دڵدار دیویەتی، کە بیشی بینین لەبیری دەکەین، بەڵام دڵدار بۆ ئەبەد وێنەکەی دەنووسێتەوە:
(سەعدی جەلال گەنجێکی ئەسمەری قەد و باڵا، خوێن شیرین، چاوەکانی ڕەش و گەورە، جلکی زۆر جوان و ڕێک و پێکی لەبەر دەکرد). 
زۆر کەمن ئەو نووسەرانەی بەو شێوە وردە وەسفی کەسایەتییەکان دەکەن، هەتا لە ڕۆمان و چیرۆکیشدا، کە نووسەر دەستی کراوەترە، ئان فڕانک لە بیرەوەرییەکانیدا شتێکی ئاوای کردووە، لە وتارێکی تایبەتدا هەردووکیان لەو بواردا بەسەر دەکەمەوە.

ئەوەی گرنگە فەزایەک بۆ دڵدار پێکهاتووە کە تەواو گونجاوە بۆ فۆرمەلەکردنی کەسایەتییەکی نیشتمانی و نەتەوەیی. گەنجێک وەک سەعدی جەلالی ڕێک و شیک، کە دەبێ ژوانی لەگەڵ ژیان هەبێ، بەڵام ئەوەتا خەریکی جۆشدان و ئامادەکرنی نەوەی تازەیە. هەموو ئەوەش لە سۆنگەی ئەوەوە دێت کە کورد دەیەوێ بەرامبەر ئەو بە بچووک و هیچ و کۆیلە تەماشاکردنەی هەستی شانازیکردنی بە خۆیەوە هەبێ، وەک کەسایەتیی نەتەوەیی دانی پێدا بنرێ. 

ئەو ئامانج و هیوایە تەمەنی هەزاران هەزاری وەک ئاسف و سەعدی و دڵداری تێچوو، بە ڕاستی تێچوونێکی قورسە، نرخی کوردبوون زۆر قورسە، بەبێ ئەوەی تا ئەمڕۆ ئەو هیوایە هاتبێتە دی. هەمووانیش ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئیسنان لەپێش هەموو شتێکدا، گیانەوەرێکی سروشتییە، پێ دەگات و کامڵ دەبێت و پیر دەبێت و دەڕزێ، بۆیە ئەرکێکی سروشتیی ئینسان بەکارهێنانی عەقڵ و ئیمکانیەتی بەر دەستیەتی بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی جەستەی خۆی. بەڵام ئەرکی ئینسان بەهۆی جیاوازیی ڕەگەزی و نەتەوەیی و دینی زۆر قورس کراوە، بە ڕاددەیەک مرۆڤ تا دەمرێ فریای ئەوە ناکەوێ وەڵامی پێداویستییەکانی جەستەی خۆی بداتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کورد تا ئەمڕۆ وەک مرۆڤ ناژی، (پڕۆژەی ئینسانبوونی) ئەم مەخلووقەی ناوی کوردە، بۆ دوای سەلماندنی کوردبوونەکەی دواخراوە، کە تا ئەمڕۆ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ئەمەش نییە.

یەکەم کار و ڕێکخراو کە بە مەبەستێکی نەتەوەیی دروست بووە و دڵدار ڕۆڵی سەرەکیی تێدا گێڕاوە، ئەو گرووپەیە کە ناوی (بەچە شێر)یان لێ ناوە. ئەوەش پەیوەندیی بە رەتکردنەوەی کوردەوە هەیە لە لایەن هەموو دەسەڵاتەکانەوە. کورد دەبێ فێر بێ نەترس و بەچە شێرە، ئەگەر لە یارییەکی منداڵانەشدا بێ. ئەو شانازییەی بە کوردبوونەوە دروست بووە، کە ئێستا خەریکە لەلایەن ئەو کەسانەوە گاڵتەی پێ دەکرێ کە تامی ئەو شانازییەیان نەکردووە، بە ئازایەتی و بوێریی چەندان ئاسف و سەعدی جەلال و خوێنی چوار ئەفسەرەکە و مێرمنداڵانی وەکوو دڵدار و هاوڕێکانی و هەزاران هەزاری دیکە هاتووەتە بەرهەم، بەڵام ئەوان ئەوەندە پتەو دایان ڕشتووە، کە دەکرێ لق و پۆپی لێ بکرێتەوە، بەڵام مەحاڵە بلەرزێ و بشکێنرێ.

دڵدار دەنووسێ:
{بەیانی لە مەکتەب بایی سێ ئانە قەزوانی سوێرم کڕی، بەسەر سێ چوار برادەرم دابەش کرد و پێم وتن:
- ئێمە کوردین بەچە شێرین، با بگەڕێین ئەوی نەبێتە بەچە شێر بەچە ڕێوییە لێی بدەین.

ئەم فکرەیەیان زۆر لا خۆش بوو، گەڕاین سێ چوار کەسی دیکەمان بە زەبری مشتەکۆڵە و دەنکە قەزوان، کردە (بەچە شێر) هەفتەیەکی پێ نەچوو کە مەکتەب زۆرترینی ببوونە بەچە شێر. موزەکەراتی دڵدار..لاپەڕە، ٣٣} 
ئەوە تەنیا یارییەکی مێرمنداڵانە نییە، ئەوە وانەیەکی عەمەلییە. کە ئاسف و سەعدی جەلال سیناریۆیەکەیان نووسیوە، ئەوانە بەنیازی فیداکردنی گیانی خۆیان هاتبوونە مەیدان، یان بۆ فێرکردن (نەوەی هاتوو) ئامادەی گیانبەخشین بوون، نەک وەک ئێستا کە لە ئامانج و دیدی تەسکی خۆیان دەڕوانن، پێیان وایە ئەوانەی لەپێناو میللەتەکەیان بەرگرییان کرد و شۆڕشیان هەڵگیرساند، چەند هەڵاتوویەکی سەربازی و چەند لە یاسا دەرچوویەک بوون، ڕاستی و عەدالەتی کێشەکەیان لەبیر چووەتەوە. تێگەیشتنی دڵدار لەو تەمەنەدا تا ئەو ئەندازە بڕی کردووە، کە کوردە و کوردیش دەبێ بەچە شێر بێ. بۆ سەرکەوتنیش لەو ڕێگایەدا دوو هۆی گونجاوی هەڵبژاردووە.

بەخشیش (قەزوان) و ترساندن (لێدان). دەکرێ ئێستا، یان نەوەی ئێستا پرسیاری ئەوە بکات، چۆن دەکرێ دروستکردنی رووحی نەتەوەیی بە بەرتیل و ترساندن بێ؟ ڕاستە ئەوەی دڵدار زۆر سادەیە و لەسەر ئاستی چەند مێرمنداڵێکە، بەڵام لە کوێی ئەو دنیایەدا کۆکردنەوە و دروستکردنی هەستی هاوبەشی نەتەوەیی بێ توندوتیژی و ترساندن بووە. بەپێچەوانەوە کورد هەوڵی دروستکردنی و بەرزکردنەوەی رووحی نەتەوەیی نەداوە، بەڵکو ئەو فەزایەی بۆیان دروست کردووە هەمیشە کوردی خستووەتە حاڵەتی بەرگرییەوە، بەرگری تەنیا لە وجوود و مانەوەی.

لەگەڵ ئەوەشدا کورد لە دروستکردنی هەستی نەتەوەییدا وەک کیانێکی یەکگرتووی هاوبەش تا ئەمڕۆ لاسای نەتەوەکانی دیکە دەکاتەوە، کارەکە ڕاستەقینە نییە، شتێکە وەک کۆپیکردن، دەنا لە ناخی خۆیدا نەک ڕقی لە نەتەوەکانی دیکە نابێتەوە، بەڵکوو هەمیشە بچووکیان دەکات، تا ئەمڕۆ کورد پێویستی بەوە هەیە ڕێنمایی بکرێ تا ناوی منداڵەکەی نەتەوەیی بێ، تا بە کوردی بخوێنێ، تا پارێزگاری لە بەها نەتەوەییەکانی خۆی بکات. هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بەو شێوە سادەیە نا، بەهێز و بە سوپا و بە زیندان و کوشتن پەیوەست بوون بە ڕووحی نەتەوەی خۆیان کردە دەستوور و یاسا. هەر کەس پابەندی نەبێ سزای قورسی هەیە. 

تورکەکان وەک نموون، زیاتر لە سەد ساڵە لە قووڵایی مێشکی تورک دەنووسن، (شانازییە کە تورکم) خەباتی مستەفا کەمال ئەتاتورک بە ڕستەیەکی تا ئەوپەڕی دنیا شۆڤێنی دەستی پێ کرد:
- چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی دەڵێ من تورکم.

لەو ڕستەیەدا تورکێک هیچ بژاردەیەکی نییە، جگە لەوەی شانازی بە تورکبوونی خۆیەوە بکات، نەک هەر ئەوە داڕشتنی ڕستەکە بە جۆرێکە کە دەبێ ئەو کەسەی کە تورکیش نییە، هەر بڵێ من تورکم و شانازییشی پێوە بکات. ئەوە ڕستە سادە و پڕ بەرائەتەکەی دڵدار نییە، کە تەنیا وەک شانۆگەرییەک لەنێوان چەند قوتابییەکی کورد کردوویانە. ئەو ڕستەیەی ئەتاتورک هەزاران و ملیۆنان کەسی کردە جەلاد و پلەدار و شۆڤێنی و دڵڕەش و پیاوکوژ، لەبەرامبەریشدا نەتەوەیەکی بە ئینسان و شار و گوندەوە کردە قوربانی و ماڵ و ژیان و شار و وڵاتی وێران کردن.
لەبەرامبەر ئەو قسە سادەی دڵدار، کە تا ئەمڕۆش کورد هەر بەو سادەیە نەتەوەییە، عیسمەتی نوونوو، دووەم کەسایەتیی جووڵانەوەی نەتەوەی تورکی تورکیا، دەڵێ:

- لەم وڵاتەدا تەنیا تورک دەژی، هەر کەس خۆی پێ تورک نییە با بڕوا.

ڕەقترین قسەش کە سەرۆکێکی تورکیا کردبێتی، جەمال گورسەرە، لەناو دیاربەکری قەڵای کورداندا، دەڵێ:
- لەو وڵاتەدا تەنیا تورک دەژی، هەر کەس گوتی من تورک نیم و کوردم تفێک بکەنە ناو چاوی.

ئەوەتا کورد تەنیا لەبەر ئەوەی کوردە دەبێ تف لەناچاوی بکرێ، ئەوەیە موسیبەتی گەورە، ئەوەیە نەفرەتی کورد. وەک داوا لە پاسارییەک بکەی بڵێ من بۆقم، لە پشیلەیەک بڵێ من کەروێشک یان ڕێویم.

ئەو قسە پڕ سووکایەتی و خوێنینانە لە سەردەمی دڵدار و تۆزێک دواتر کراون، نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوو، کە گەلانی ناوچەکە بەتایبەتی (تورک و فارس و عەرەب) کێرڤی نەتەوەییان تا دوا پلە بەرز ببووەوە، هەوڵیان دەدا، کورد بکوژن، دیلی کەن، مێشکی بشۆنەوە، لەناوی بەرن، هەستی نەتەوایەتیی ئەو سێ نەتەوەیە لە کوشتنوبڕین و وێرانکرنی کوردستان خۆی نماییش کرد. نە توانییان کورد لەناو بەرن، نە توانیشیان کەسایەتییەکی هێمن و سوودبەخش و داهێنەر بۆ نەتەوەکانی خۆیان دروست بکەن. ئەو سیاسەتە نەبوایە، هەرگیز ئاسف و دڵدار بیریان لە نمایشێکی ئاوا نەدەکردەوە، کوردیش هەوڵی نەدەدا بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی سەد ساڵی تەواو بەشاخەوە بێ. 

دڵدار دەنوسێ:
{ڕۆژێکیان مودیر کۆی کردینەوە، وتی:
- لەناوپاش ئەوی بڵێ بەچە شێرم سەری دەشکێنم، ئەوی بڵێ بەچە ڕێویم لاقی دەشکێنم، هەمووتان بران کوڕی پیاون، کوردن.

ئەم مناوەرەیەی سەعدی جەلال بەم دوو کەلیمەیە نیهایەتی هات، بەڵام لەپاش شەش ساڵ تەئسیرس خۆی بەخشی.. موزەکەراتی دڵدار..لاپەڕە ٣٤).

ئەو ڕووداوە لە شێوەی قەزوان کڕین و هەرای قوتابخانە کۆتایی هاتووە، بەڵام لە کەسایەتیی دڵداردا شوێنی خۆی بۆ ئەبەد جێ هیشووە، بەرهەمەکانی دڵدار بەڵگەی ئەوەن کە ڕووحیەتی بەچوە شێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر جێگایان لە دڵیدا کردووەتەوە. 

باسنیوز 

AM:02:50:20/03/2018