گلان‌و هەڵسانەوە
هەرمن ئەحمەد


یەك چەكوشی تری لەسەربوایە، لەبنەوە ئەسكەلەكەی دەردەهێنا، (بیناسازیك).
یەك تۆزی تر بزمارەكە لێ بدرایە تەخت‌و تاراجی  دارەكەی دەردەهێنا،  (دارتاشیك).
ئەو دڵۆپە لەحیمەی ئاخیر نەبوایە، بەهیچ خۆی نەدەگرتەوە،  (ئاسنگەرێك).
یەك قولپی تری بدایە، قاپێكی یەك فلسێكی نەئەكرد، (نۆكاو فرۆشێك).
ئەو نوزە نوزەی دواجار فریاتكەوت، ڕیتمی دەنگی ڕێك كردەوە، (ئاوازدانەرێك).
دوو دەمبگی تری پێدابكێشایە، شڕوشیتاڵی دەهۆڵەكەی دەدڕی، (دەهۆڵ ژەنێك).
وانەیەكیان فێركردین، بە سەد پرۆفیسۆر نەوترێتەوە،  (مامۆستای زانكۆ).
ئەم گەمەی ئاخیر نەكرایە، گلانی بێ هەستانەوە بوو (شەقام).

ئەمە گێڕانانەو تێگەیشتنی  چین‌و توێژە جیاجیاكانی كوردەوارییە، كە هەیانە لەمەڕ رووداوە یەك لەدوای یەكەكانی كە  بەسەر كوردستان هاتووە، خۆیندنەوەو شرۆڤەی جیاجیان بۆ دەكرێت، كە پڕن لە خەمخۆری‌و ترسی شەوتانی یەكجاری.
سەرلێشواندن‌و ناتەبایی نێو پێكهاتەكانی كوردستان،  هەروەها  تێكچوونی سیاسەتی حزبەكان لەگەڵ یەكترو هستریایی یەكتر قبوڵ نەكردن، بۆتە مایەیی داغانكردنی  یەكریزی‌و  هەستی  نەتەوەیی‌و نیشتمانی،   سەیر لەوەدایە هەموو دەنگۆكان گوزارشت لە تەبایی‌و  برایەتی‌و  یەكریزی كوردەواری دەكەن، دەمی هەر كەسێك دەكەیتەوە گازندە لە ئەوانی دی دەكات‌و،  بە نا بەرپس ناوی یەكتری دەبەن،  كەچی هەرچی گرفتە ناوخۆییەكانە، بەستەلەك ئاسا قەتیس ماوەو بەئاستەم پێنگافی ورد دەبڕێت.
كەواتە سەرلەنوێ پێویستیمان بە  تازەگەری‌و ریفۆرم هەیە، ئەو پاشخانە كە بۆتە هۆی وێرانكردنی زیاتر لە چارەكە سەدەی لە خەبات‌و  خۆبەڕێوەبردن،  پاشینەیەك‌و   سیاسەتیكی هەڵە بوو، چارەنوسی گەلێك كرا بەقوربانی بەرژەوەندییە حزبی‌و  كەسییەكان،   ئێستا كاتی ئەوەیە بیربكەینەوە  لە خۆدەربازكردنێكی راستەقینە دوور لە دونیای فۆرمالیستی لەگەڵیشیدا برەودان بە  بڵاوكردنەوەی بۆچوونی معریفی لەسەر ئاستی زانستی‌و  سیاسی كۆمەڵایەتی‌و  ئایینی، ئەو پرنسیپە تەقلیدو كۆنانە بگۆڕین بۆ برەنسیپی هۆش دژبە پرەنسیپی دەبەنگی، قەڵەم‌و  دەنگە نوێكان دەتوانن زۆر رۆڵی هۆشیاری بنوینن، تهەڵكێش كردنیان لەپێناو ئەوەی   هەست بەكار  بەرپرسیارەتی راستەقینە بكەن  لە بونیات نانی یەكدەنگی نیشتمانی.

هەڵبەتە ئێستا لەبەردەم  قۆناغێكی نوێداین، لێرە بەدواوە سگنال‌و  سیاسەتی نوێ ئەبیستین‌و  بەدی ئەكەین، لەلایەك نیوەی خاكت داگیر ئەكرێت‌و  لە نیوەكەی تریشدا شەریك ئەبن لە بڕیارو بەڕێوەبردن.
ئەم سەردەمە نوێیە یەكجار بارگرانی‌و  فشاری سایكلۆجی لەسەر هەر كەسێكمان دروست دەكات، لەوپەڕی بەهێزییەوە بخرێتەوە چوارچێوەی بڕیاری نەخوزراوی دەرەكی كارێكی ئاسان نیەو پڕە لە ناعەدالیەتی.

لەگەل ئەوەش،  وەك هەر تاڵاوێكی تری مێژوومان ئەم دیاردە نەخوازراوە بەڕێ دەكەین  بە هەڵدانەوەی لاپەرەیەكی نوێ بۆ یەكدەنگی ناوخۆیی، هەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە سیاسەتی حەكیمانەو مێتوودی لۆجیكی هەیە تا  قسەی سەر زارو لاپەڕەكان ببێتە واقع بۆ دەستەبەركردنی یەكریزی نیشتمانی.

چاودێر 

AM:02:52:20/03/2018