جارێکیتر هاوڵاتی
سیروان رەحیم




هاوڵاتی لە هەلومەرجێکدا دەستبەکار دەبێتەوە کە ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمە نوقمی شەڕ و کێشەی گەورە و ئاڵۆزن. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئاشکراکردن و بینینی "ڕاستی" پاشان گواستنەوەی کارێکی ئاسان نییە. ئەو ئاستەنگانەی لە شەڕ و کێشەئاڵۆزەکانەوە سەرچاوە دەگرن، ڕێگرن لەپێش هەنگاوەکانی میدیادا، شەڕ و پێکدادانەکان بەر لەهەموو شتێک "ڕاستی" دەپێکن و وێرانی دەکەن. لە ڕەوشی ئیمڕۆدا میدیایەک بێگومان ئامانجی بینین و گواستنەوەی ڕاستییەکان بێت، هەرگیز کارەکەی ئاسان نابێت. کاری میدیا کارێکی سەخت و بارێکە گران لەو ناوچە ئاڵۆز و پڕ لە شەڕ و شۆڕەدا. 


کارەکە سەخت و ناهەموارە، بەڵام کارێکیشە گرنگ و هاوکاتیش کاری مرۆڤگەلێکە هەڵگری ئاکار و هاوکات بوێریش بن، ئەومرۆڤانەی دەزانن نرخی ڕاستی چییە، حاڵیین لەوەی چاوبەستکردنی جڤات و لێڵکردنی بینین لە چاوی خەڵکدا هەموان بەرەو چ خەرەندێک دەبات.


 گومانی تێدا نییە ئیمڕۆ لە هەرێمەکەی ئێمە هیچ میدیایەک نییە بیەوێت یان بتوانێت ڕاستییەکان بگوازێتەوە، ئەمە دەردێکی گەورەیە و هۆکارەکانی ئەو دەردەیش زۆر و جۆراوجۆرن. نەبوونی میدیای سەربەخۆ هۆکاری سەرەکی بزرکردن، شاردنەوە و زۆرجاریش شێواندنی ڕاستییەکانە. بەڵام ئایا هیچ میدیایەک هەیە بتوانێت بەتەنیا دەسەڵاتی بەسەر ئەو کارەدا بشکێت، بێگومان نا. بەڵام گرنگ دەستپێکە، ئەگەر هاوڵاتی لە دەرچوونەوەیدا بتوانێت ئەو دەستپێکە دەستەبەر بکات، ئەوا ئامانجێکی زۆر گەورە دەپێکێت و دەبێت بە نمونەیەک بۆ کەسان و میدیای تریش هەنگاوی وەها بنێن. ئاخر هاوڵاتی لەو بوارەدا و لەسەرەتای کارکردنی خۆیدا نمونەیەکی گرنگە. 


گومان لەوەدا نییە میدیا یەکێکە لە ماشینە هەرە گرنگەکانی گۆڕانکاری و هێشتنەوەی کۆمەڵگە بەزیندوویی. هەر جڤاتێک چاوی تیژی میدیای بەسەرەوە نەبێت دادەوەشیت. بەڵام چ چاوێک؟ دەبێت چاوێک بێت شتەکان وەکو خۆی ببینێت و وەکو خۆی بیانگوێزێتەوە، نەک چاوێک بێت بەمەبەست لێڵ ببینێت یاخود بینینێک کە ئامانجی تایبەتی لەپشتەوە بێت. لە زێدەکەی ئێمە کاری میدیا و بەرژەوەندی سیاسی و تایبەتی بەجۆرێکی ترسناک تێکەڵ بوونە. گرنگە لە کاری لەمەودوای هاوڵاتیدا مۆدێلێکی جیاواز پێشکەش بکرێت. پێویستە ئەوانەی کار دەکەن ڕۆژنامەوان بن و لە هەست و نەستیاندا کاراکتەری سیاسی بزر بێت. هەست و نەست و خەم لە کاری ڕۆژنامەوانیدا دەبێت لە خزمەت بینین و پێشکەشکردنی ڕاستیدا بێت. هەر کاتێک دڵی ڕۆژنامەوان بۆ ڕاستی لێینەدا و نابینا دژایەتی بکات، یان لایەنگری هێز و بەرژەوەندی سیاسی بوو، ئیتر کردەی ڕۆژنامەوان بزر دەبێت و بەشێوەیەکی ترسناک ئەو دوو کارە "سیاسەت و میدیا" تێکەڵ دەبن. تێکەڵبوون و یەکانگیربوونەوەی سیاسەت و میدیایش بەرئەنجامی وەکو ئەوەی ئیمڕۆی دەبێت، بەرئەنجامێکی تاڵ و نەخوازراو. ئەو تێکەڵبوونەیە ئێستا نیشتمانی ئێمەی نوقمی ئاڵۆزی و سەرلێشێوان کردووە. 


هیوادارم هاوڵاتی و ڕۆژنامەوانەکانی ئەو دوو شتە تێکەڵ نەکەن، سیاسیبوون یان ڕۆژنامەوان، کە ئێستا و پێشتریش زۆریک وەها دەکەن و ئەو دووکارە هاوکات لەخۆدا کۆدەکەنەوە و بەرجەستەی دەکەن. بەهیوام لە کاری داهاتووی هاوڵاتیدا شتی لەوجۆرە ڕوونەدات و شتێکی تەواو جودا پێشکەش بکرێت.


سەرباری هەموو ئاستەنگەکان و سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و ئاڵۆزییە، دەستپێکردنەوەی هاوڵاتی کارێکی گرنگ و زۆریش پێویستە بۆ ئێستا و بۆ داهاتوویش. 
هەموومان بە هیوایەکی گەورە و بە عیشقێکی تایبەتەوە چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی هاوڵاتی دەکەین. 


بەهیوای سەرکەوتنی هاوڵاتی و قەڵەم و هەموو هەوڵەکان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە. 


هاوڵاتی

AM:09:38:04/04/2018