سه‌ره‌تا پێویسته هه‌ر یه‌کێک له ئێمه، وه‌ک خوێنه‌رێکی هاوڵاتی ئه‌و پرسیاره له‌خۆمان بکه‌ین، ئایا هۆکاری راگرتنی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، وه‌کو یه‌که‌مین ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلی له کوردستان، چی بوو؟ بۆچی نه‌یتوانی به‌رده‌وامبێت؟ من بۆخۆم پێموایه بۆ دوو هۆکاری سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه، هۆکاری یه‌که‌م: له‌پێناوی پاراستنی متمانه و سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌ی که پێیده‌وترێت میدیای سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن، ئاماده نه‌بوو بچێته هیچ گه‌مه‌یه‌که‌وه که بڕوای پێنه‌بوو، وه کاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر له‌ده‌ستدانی ئه‌و متمانه‌ی که له لایه‌ن خوێنه‌رانییه‌وه پێیبه‌خشرابوو که ئه‌مه خۆی له خۆیدا سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌یه که پێیده‌وترێت ئه‌خلاقی کاری پیشه‌یی بوون، هه‌روه‌ها ته‌سلیم نه‌بوون به‌و بڕیار و مه‌رجانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستکه‌وتی مادیی و مه‌عنه‌وی، ده‌یانویست به‌سه‌ریدا بسه‌پێنن و بێده‌نگی بکه‌ن له‌ڕه‌خنه‌گرتن. هۆکاری دووه‌م: هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوه مادیی و مه‌عنه‌وییانه‌ی که میدیای سه‌ربه‌خۆ پشتی پێده‌به‌ستن، له‌لایه‌ن ئه‌و ڕۆژنامه و که‌ناڵانه‌ی که به بوودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاح له‌لایه‌ن دوو حیزبی باڵاده‌ست پاڵپشتی ده‌کران، قۆرخکران. ئه‌مه وایکرد زۆرێک له‌و رۆژنامانه‌ی که هاوشێوه‌ی هاوڵاتی بوون، توشی کێشه‌ی دارایی هاتن، هه‌ژار که‌وتن و راگیران، هه‌ندێکیشیان به‌ناچاری به لاوازی مانه‌وه.
ئه‌م دۆخه مه‌ترسیداره‌ی له‌ئێستادا له کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، سه‌لماندنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته تاڵه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له دوای ڕاپه‌رین، له‌ژێر ناوی شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی و دیموکراسی خۆی سه‌پاندووه، له رێگای په‌روه‌رده‌کردنی کادری گوێڕایه‌ڵ و به‌کارهێنانی میدیای حزبییه‌وه کار له‌سه‌ر درووستبوونی کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ چاو‌دێر و بێ ره‌خنه ده‌کات. درووستبوونی کۆمه‌ڵگایه‌ک که مرۆڤه‌کان تێیدا بێ پرسیار‌و بێ بیرکرنه‌وه ژیان بگوزه‌رێنن، هه‌روه‌ها کار له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی عه‌قڵیه‌تێک ده‌کات که پێیان وابێت سه‌رکرده و حزب له بری هه‌موو، بیر ده‌کاته‌وه‌و دونیایان بۆ ده‌کات به به‌هه‌شت! له‌ئه‌مه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه، کاتێک راستییه‌کان بۆ کۆمه‌ڵگا ده‌بێت به وه‌هم، مرۆڤه‌کان بێ ئومێد و بێ هیوا ده‌سته‌وه‌ستانبن، هیچ ئاماده‌گییه‌ک و قسه‌یه‌کیان نه‌بێت له به‌رامبه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، که ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا، به‌ره‌و دۆخێکمان ده‌بات، خراپتر له‌وه‌ی که له ئێستادا له کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت!!.
بۆیه دووباره هاتنه‌ناوه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، بۆ ناو گۆڕه‌پانی راگه‌یاندن له‌م دۆخه پڕ له‌قه‌یرانه‌ی که له ئێستادا کوردستانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، مژده‌یه‌کی ئومێد به‌خش و دڵخۆشکه‌ره، له هه‌مانکاتدا سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ئومێدێکی نوێ و بیستنی ده‌نگێکی جیاوازه، جیاواز له‌و ده‌نگانه‌ی که چه‌ندین ساڵه به‌ناوی میدیای سه‌ربه‌خۆوه، له لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی(پارتی و یه‌کێتیی)به داهاتی گشتی پاڵپشتی ده‌کرێن. ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی، وه‌کو میدیایه‌کی سه‌ربه‌خۆ و ڕه‌خنه‌گر، سه‌ره‌تایه‌که بۆ شکاندنی ئه‌و بێ ده‌نگی و بێ ئومێدیه‌ی که له ئێستادا باڵی کێشاوه به‌سه‌ر تاک به تاکی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، له هه‌مانکاتدا چۆڵنه‌کردنی گۆڕه‌پانه‌که‌یه بۆ ئه‌و قه‌ڵه‌م و ده‌نگه فرۆشراوانه‌ی که چه‌ندین ساڵه به‌ناوی ڕۆشنبیر و میدیای بێلایه‌ن، کار له‌سه‌ر موقه‌ده‌سکردنی سه‌رکرده و سوڵتانه‌کان ده‌که‌ن، خه‌ریکی جوانکردن و په‌رده‌پۆشکردنی شکسته‌کانی ده‌سه‌ڵات و حزبه‌کانیانن.
بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕه‌پانه‌که له‌مه زیاتر چۆڵنه‌کرێت، بۆ میدیای سێبه‌ر و ئه‌و میدیایانه‌ی که له‌لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان، ئاڕاسته ده‌کرێن، بۆیه پێویسته به هاوکاری و پاڵپشتی خوێنه‌ران و نوخبه‌ی ڕۆشنبیر، ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر چاودێریکردنی ده‌سه‌ڵات و درووست‌کردنی میدیایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی که ئه‌مه ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی هه‌موو قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستێکی راسته‌قینه‌یه.
هاوڵاتی