‌فەرھاد پیرباڵ لەنێوان عاتیفەی خەڵک و ستەمکاریی حوکمەتدا
ناسک واحید

دنیای ئێمە دنیایەکی ناھاوسەنگە، چونکە ھەمیشە یان عاتیفە بڕیار لەسەر ژیانمان دەدات، یان ستەمکاریی دەستەیەکی بەھێز، یانیش ستەمکاریی حوکمەت بڕیار لەسەر ژیان و ئازادیمان دەدا. لە کوردستان ھیچ یاسایەکی دروست بۆ بڕیاردان لەسەر کێشە و ژیانی مرۆڤەکان نییە، خۆ ئەگەر یاسایەکی وەھاش ھەبێت ئەوە ھیچ جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو ھەمیشە عاتیفە و سوڵحی عەشایەری یان زوڵمی ھێز و حوکمەت جێگای یاسای گرتووەتەوە.

لە کوردستان  چەوساندنەوە و پێشێلکردنی ئازادیی تاک بووە بە واقع و لە ھەر کوێدا بێت ئەگەری ڕوودانی ھەیە، دەستگیرکردنی (فەرھاد پیرباڵ) جۆرێکە لە بڕیاردانێکی ستەمکارانەی حوکمەت بەسەر ژیان و ھەڵسوکەوتیدا. لە ھەمان کاتیشدا ئەو بەرگری و کەمپەین و ھاشتاگەی ھاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێکە لە بڕیاردانێکی عاتفی لەسەر ژیانی مرۆڤێک. وە عاتیفەیەکی کاتییە بۆ ئازادکردنی نەک چارەسەر بۆ کێشەی فەرھاد پیرباڵ. کاتێک مرۆڤ چارەسەری کێشەکان دەداتە دەست عاتیفە، ئەو دەمە چارەسەرکردن لە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی دێتە دەر و ھەڵە لە دوای ھەڵە بەدوای خۆیدا دەھێنێت و دووبارە مرۆڤەکان دەداتەوە دەست ستەمکاری.

ناکرێ فەرھاد پیرباڵ لەسەر بنەمای ھاشتاگی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و عاتیفەی خەڵک ئازاد بکرێت و بە ھەمان ھەڵسوکەوتەوە بخرێتەوە ناو شەقام و ھاووڵاتیان، چونکە جوێندان و تەشھیرکردنەکانی (فەرھاد پیرباڵ) لەسەر شەقام جۆرێک بوو لە یاریکردن بە کەرامەتی مرۆڤ. دیسانەوەش دەستگیرکردنەکەی خودی خۆیشی ھەر دەچێتەوە چوارچێوەی یاریکردن بە کەرامەتی مرۆڤ، لە ئێستادا فەرهاد پیرباڵ نە دەبێ لە شەقام بێ نەیش لە زیندان! ئەو پیاوە پێویستی بە چارەسەری پسپۆڕی دەروونییە، نەک زیندا ن و ئازادیی کاتی و زنجیری پۆلیس.

لێرەدا دوو ئەگەر ھەیە؛ یەکەم، ئەگەر بەھۆی عاتیفەی خەڵک و بەبێ بەرنامەیەکی تەندروست ئازاد بکرێت، دیسان ھەمان ھەڵسوکەوت دەکات و ڕووبەڕووی ستەمکاری و زیندان دەبێتەوە. ئەگەری دووەمیش ئەوەیە ئەگەر بەم شێوەش لە زیندان بمێنێتەوە باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونیشی ئەگەری زۆر خراپبوونی ھەیە.

کوردستان بەڕوونی فەراغی یاسایی پێوە دیارە، دەستگیرکردنی نووسەرێکی وەھا کە دۆخێکی نامۆی ھەیە یاسا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، گەر ھاووڵاتیان دەیانەوێت لە کوردستان بۆ ھەر کێشەیەک و ستەمکاریەکی دەسەڵات بە شوێن واتا و دەلالەتی بەرەنگاریدا بگەڕێن، دەبێت بەوردی ھۆکاری کێشەکان دیاری بکرێن و بەدوای چارەسەری یەکجاری بگەڕێن، نەک چارەسەری کاتی و عاتفی. چوار ساڵی ڕابردوو شاھیدی ئەو ڕاستییەن کە ئەو جۆرە لە مۆدێلی ناڕەزایی عاتفی ھاووڵاتیان بێئەنجام و بێسوودە و بەھۆیەوە کێشەکان وەک خۆیان بەردەوامن. بە نموونە؛ ناڕەزایەتی بۆ مووچە، لە کۆتایی مانگ کاتێک حوکمەت بڕێک پارەی کەمی دەدا، گیرفان و ژیانی مووچەخۆر دەبووژایەوە و بایکۆت ڕادەگیرا! لە کۆتایی مانگێکی داھاتووی تر کاتێک دیسان گیرفان خاڵی دەبوو و ئارەزووی بایکۆتکردن دەکەوتەوە سەری مووچەخۆر. بۆیە تا ئێستاش بڕیاری پاشەکەوتی مووچە بەردەوامە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان بۆ کوردستان سەبارەت بە ھەر کێشەیەک عاتفی و کاتییە و بنەبڕکەری کێشە نییە بە یەکجاری، ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتیی ھاووڵاتیان (بزووتنەوەیەکی ڕیفۆڕمستی) نییە تا بەیەکجاری ستەمکاری نەھێڵێت و یاسا بخاتەوە ژیانی تاکەکان. ئەگەر ناڕەزایەتییەکان واقعی و وەک بزووتنەوەیەکی  ڕیفۆرمستی بن  لەم کاتەدا ستەم و ستەمکاری حوکمەت ھەرچەندە بازنەی دەسەڵاتەکەی فراوانتر و پایەکانی بەھێزتر بکات، ناڕەزایەتی و بەرەنگاری دروستی ھاووڵاتیان دەتوانن کۆتایی بە ستەمکاری بھێنن.

لەم دۆخەی ئێستای فەرھاد پیرباڵدا، ئەوەی کە دەبێت ڕۆڵی گەورە ببینێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، بە فشار دروستکردنێکی دوور لە عاتیفە لەسەر حوکمەت بۆ بنەبڕکردنی ئەم جۆرە لە دەستگیرکردن بە گشتی نەک تەنھا دەستگیرکردنی فەرھاد پیرباڵ بەتەنھا. ئەم جۆرە لە دەستگیرکردن ئەرکی ڕێکخرەوەکانی  کۆمەڵگەی مەدەنی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئیدی دەبێت بپرسین لە کاتێکدا نوسەرێک لە دۆخێکی وەهادا لە زیندانە، ئایا کاریگەریی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوێدایە؟! 

وێستگه‌ نیوز 

AM:01:16:29/04/2018