ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌روازه‌ی چاكسازییه‌
پارێزەر رێکان ساڵەیی

جۆن لۆكی فه‌یله‌سوفی به‌ریتانی ده‌ڵێت: راستی، هێزی پێویست نییه‌ تا بچێته‌ عه‌قڵه‌وه‌. ئێمه‌ش لێره‌دا ده‌ڵێین گه‌نده‌ڵكاری لەبەشێکی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان پێویستی بە‌به‌ڵگه‌‌و سه‌لماندن نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خواست‌و ویستی ئێمه‌یه‌ وه‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ چۆن‌و كه‌ی‌و كێ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێم چاكساز‌و پاكساز ده‌كات؟
خستنه‌ رووی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ئێستادا بۆ په‌یدا بوونی هه‌ندێك هێزی سیاسی نوێ ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌، كه‌ بە‌ده‌نگی به‌رز باسی چاكسازی ده‌كه‌ن‌و گوێی ئێمه‌یان كاس كردووه‌، تاكه‌ خواستشیان به‌ده‌ستهێنانی كورسی په‌رله‌مان‌و ده‌سكه‌وته‌كانی تری پێگه‌ی حزبایه‌تییه‌، ئه‌مه‌ش بە‌ڕوونی پێمان ده‌ڵێت جیاوازیه‌ك نییه‌ له‌نێوان حزبە‌كوردییه‌كان، چونكه‌ چاكسازی‌و پاكسازی سه‌ره‌كی‌و سه‌ركه‌وتوو له‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌ستپێ ده‌كات‌و ده‌سه‌ڵات‌و جومگه‌كانی تری حكومه‌تی به‌دواوه‌ دێت هۆكاره‌كانی ئه‌م پێشخستنه‌ی چاكسازی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ شی ده‌كه‌مه‌وه‌:
یه‌كه‌م: گه‌ر حیزبە‌كۆنه‌كان‌و ئه‌و حیزبە‌نوێیانه‌ی كه‌ دروستیش بوونه‌ زۆرترین كورسی په‌رڵه‌مانیش به‌ده‌ست بێنن، تاكه‌ شت له‌په‌رله‌مان بتوانن بیكه‌ن ده‌ركردنی یاسا‌و چاودێری كردنه‌، دواتر هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌ ده‌بێ ئه‌و یاسایه‌ی ئه‌وان ده‌ریان كردووه‌ جێ بە‌جێ بكات، ئێمه‌ له‌ڕابردوودا بینیمان زۆر یاسا ده‌ركرا‌و دادگاكان جێبه‌جێیان نه‌كرد.

دووه‌م: نەهدێ لەدادگاكان كه‌ مه‌یدانی یه‌كلای كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانن، له‌سه‌ر خواستی تاكه‌كه‌س‌و لایه‌نه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چن‌و رۆژانه‌ ئه‌مه‌ به‌رچاو ده‌كه‌وێت له‌دادگاكان، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات دادگاكان ماف نه‌گێڕنه‌وه‌ بۆ خاوه‌ن مافه‌كان‌و بڕیاری دروست نه‌ده‌ن له‌و كه‌یسانه‌ی له‌دادگاكان هه‌یه‌.

سێیه‌م: دابه‌ش بوونی دادگاكان بۆ سه‌ر ناوچه‌كان، دادگاكان ده‌سه‌ڵاتیان له‌سنووری كارگێڕیه‌كی دیاریكراو تێپه‌ڕناكات به‌و ره‌هاییه‌ی یاسا رێگه‌ی پێداوه‌.

چواره‌م: گرینگترین خاڵ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك چاكسازی‌و پاكسازی ده‌كه‌یت پێویسته‌ گه‌نده‌ڵكاران دادگای بكرێت تاكو یه‌كلایبێته‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ گه‌نده‌ڵن، چونكه‌ گه‌نده‌ڵ بوونی هه‌ر كه‌س‌و لایه‌نێك پێویستی بە‌بڕیارێكی دادوه‌ری هه‌یه‌‌و ئپێمه‌ش پێمان وایه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بە‌دادگایه‌كی بێ خه‌وش‌و دادپه‌روه‌ر ده‌كرێت.

پێنجه‌م: ده‌سه‌ڵاتی جێبە‌جێكردنیش په‌یوه‌ندی به‌هێزی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ داداگان، بۆ نمونه‌ كاتێك حكومه‌ت فه‌رمانبه‌رێكی له‌فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌بێ هۆ ده‌رده‌كات ئه‌و كێشه‌ی نێوان فه‌رمانبه‌ر‌و حكومه‌ت ده‌چێته‌ به‌رده‌م دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی، دووباره‌ لێره‌دا هیچ چاكسازیه‌ك ناكرێت گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری دادپه‌روه‌ر نه‌بێت.

شه‌شه‌م: كاندید‌و لایه‌نگر‌و به‌رپرس‌و سه‌رۆك‌و… حیزبه‌كان هه‌موویان باسی چاكسازی ده‌كه‌ن‌و به‌رده‌وام ژماره‌‌و ئاماری فرۆشتن نه‌وتی ئه‌م وڵاته‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ژماره‌ی گه‌وره‌ گه‌وره‌‌و به‌ڵگه‌ی ته‌واو بۆ سه‌لماندنی گه‌نده‌ڵی‌و خیانه‌تی نیشتیمانی‌و فرشتنی خاك‌و فریودانی خه‌ڵك ده‌هێننه‌وه‌ به‌ڵام خۆیان چاك ده‌زانن چونكه‌ ده‌سته‌‌و دادگاكان دادپه‌روه‌ر‌و سه‌ربه‌خۆنین بۆیه‌ هه‌وڵه‌كانیان بێ سووده‌‌و هیچ به‌هایه‌كی نییه‌. جا بۆیه‌ من وه‌ك پاڕێزه‌رێك بە‌ڕوون‌و ئاشكرا ده‌یڵێم هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێت چاكسازی بیكات پێویسته‌ بە‌خێرایی‌و بە‌هه‌موو توانایه‌وه‌ هه‌وڵی چاكسازی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بدات به‌ر له‌هه‌ر شتێك، بە‌پێچه‌وانه‌وه‌ چاكسازیه‌كه‌ی پێویستی بە‌چاكسازی ده‌بێت.
ئاوێنه‌

AM:02:44:09/05/2018