سێ دیمەنی ژیان و سێ سەرنجی ڕۆژنامەنووسی
نوری بێخاڵی
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سێ دیمەن، سێ ڕووداو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسیبووکدا زۆرترین قسەیان لەسەر کرا. یەکەمیان وێنەی (مەلا تاهیر بامۆکی) لەگەڵ تاقانە کچەکەی بە جلی بوکێنییەوە، کە خەڵکێک زۆر دڵڕەقانە و بەبێ ئەوەی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە، کەوتنە وێزەی ئەو پیاوە ئایینییە. دووەمیشیان ڕووداوەکەی هاتوچۆی سۆران بوو، کە سێ کەس بەهۆیانەوە بوونە قوربانی و خەڵکێک بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی بەهاناوەچوون، بە دیار برینەکانیانەوە لە فەیسبووک ڕاستەوخۆی دەکرد، لەگەڵ گەنجەکەی هەڵەبجە، کە لەسەر عارەبانەیەک فەریکە سێو دەفرۆشێ و پۆلیسێکی شارەکە، بە بەرچاوی ئەو خەڵکەوە تەرازوو و شتومەکەکانی دەپێچێتەوە و گەنجە هەرزەکارەکەش بێدەسەڵات، لە پشتی عارەبانەکەیەوە دۆش داماوە.


هەر سێ دیمەن لەوەدا جێی سەرنجن، کە بەداخەوە هێشتا خەڵکێکی زۆری ئێمە، بێبەزەیی و دڵڕەقانە لەڕێی سۆشیال میدیاوە، گرێ دەروونییەکانی خۆی بە ئازاری خەڵکی دیکە دەکاتەوە. بە جۆرێک هەنووکە سۆشیال میدیا لەناو کورددا بووەتە هۆکارێکی ترسناک بۆ لێدان لە شکۆی مرۆڤ.

 

باوکایەتیی ڕاستەقینە
لەبری تیر و توانج تێگرتن و خستنەپاڵی تۆمەتی نەشیاو، دەبوا دەستخۆشی و سوپاسگوزاریی مامۆستا (بامۆکی) بکەن، کە بەشداریی لە خۆشیی کچەکەیدا دەکات، لە ڕۆژگارێکدا نەک هەر پیاوی ئایینی، تەنانەت زۆربەی هەرە زۆری خوێندەوار و ڕۆشنبیری کورد، شەرم لەوە دەکەن بەشداریی خۆشی و زەماوەندی خوشک و کچەکانیان بکەن. هاوکات دەبوو ئەم هەڵوێستە جوان و مرۆڤ و ژیاندۆستییەی، بکرێتە نموونەی سەرمەشق بۆ باوک و کوڕانی کۆمەڵگاکەمان.
بەداخەوە، ئەم کاردانەوەیە پێمان دەڵێ کۆمەڵگای ئێمە هێشتا نەخۆشە، دووڕوو و درۆزنە. ئەگەر بەدواداچوون بکەین، ڕەنگە زۆرێک لەوانەی بەهۆی ئەم خۆشی دەربڕینەی باوکێکی بەتەمەن، بە شووکردنی کچە تاقانەکەی و سەلماندنی باوکێتیی ڕاستەقینە، شەکریان شکاندووە، دوور نییە هەر لەوانە بن، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زمانیان کیلۆمەترێک لەسەر توندوتیژی دژی مێینە درێژە.
پیاو (باوک و برا)، داوەشێ و داڕزێ، لەوە باشترە بە پۆزەوە لە زەماوەندی کوڕ، یان براکەی سەرچۆپی بگرێ، بەڵام سەرکز (وەک ئەوەی ئابڕووی تکابێت!)٫ شەرمی بەوە بێت بەشداری لە زەماوەند و خۆشیی کچ، یان خوشکەکەیدا بکات.
من نەک هەر ئەو مامۆستا بەڕێزە ناناسم، بەڵکوو دان و ماشم لەگەڵ کەمترین پیاوی ئایینی دەکوڵێ، بەڵام هەڵوێستی جوامێرانە و مرۆڤ و ژیاندۆستانە، دەبێ بەرگریی لێ بکرێ. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە کە کۆمەڵگاکەمان هێشتا کۆمەڵگایەکی نەریتگەرا و باوەڕسالارە و کاریگەریی فەتوایەکی ئایینی بەسەریانەوە لە سەدان لێکۆڵینەوەی زانستی و فیکری زیاترە. پێشنیار دەکەم، لایەنی پەیوەندیدار فەتوایەک دەربکات، کە بەشداریکردنی باوک و کوڕ لە زەماوەندی کچ و خوشکەکانیاندا، نەک هەر واجب، بەڵکوو بکاتە فەڕزی عەین!



منداڵی تاوانکار و باوکی تاوانبار!
چەند مانگێک پێش ئێستا برادەرێک تەلەفۆنی بۆ کردم، کە فریای بکەوم و بچمە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس. بەپەلە چوومە بنکەکە، لە ژووری بەرپرسی بنکە برادەرەکەم و براکەیم لەگەڵ یەک دوو پیاوی دیکە، کە دیار بوو پڕ و تووڕەن، بە ڕەنگ هەڵبزڕکاوی بینی.
دوای چاک و چۆنی و پرسیار، دەرکەوت کوڕی برادەرەکەم، کە سێ ساڵ لە کوڕەکەی من بچووکترە، لەگەڵ کوڕێکی هاوتەمەنی خۆی، کە لە هەمان قوتابخانەن، لە کۆڵان بووەتە شەڕیان و چەقۆیەکی لە کوڕەکە داوە، کە منداڵی یەکێک لەو یەک دوو پیاوانەیە لەوێ دانیشتوون.
کوڕی برادەرەکەمیان بە دەستی کەلەبچەکراو هێنایە ژوورەوە و لە ترسان، خوێنی لە جەستەیدا وشکی کردبوو. کاتێ دیمەنی کوڕەم بەم ترسان و ڕەنگپەڕیویە بینی، بە ئەفسەری بنکەکەم گوت:
جەنابی ئەفسەر، بە قسەی من دەکەن کەلەبچەکە لە دەستی ئەو منداڵە بکەنەوە و بینێرنەوە ماڵەوە، لەجیاتی ئەو، باوکی کەلەبچە بکەن، بیخەنە زیندان و دادگایی بکەن!
ئەوە هیچ کە هەستم بە تووڕەیی و ڕەنجانی برادەرەکەم و براکەی کرد، بەڵام ئەفسەرەکە پرسی بۆ؟
گوتم چەندین جار بەو برادەرەم گوتووە ئاگاداری کوڕەکەت بە، ئەو هەموو نازپێدان و پارە بەبەرەوەکردن و سویچ دانە دەستە (چییە پارەداری!) بەسە. پێم گوتووە یەک دوو جار کوڕەکەتم درەنگی شەوان لە کافتریا و نێرگلەکێشان و لەگەڵ منداڵ و تواڵی سەرەڕۆ بینیوە، کە ڕۆیشتوون بە تەنناش هەڵساوە و گەردەلوولێک دووکەڵی لەدوای خۆی جێ هێشتووە.
کەواتە برادەرەکەم چەقۆی لە منداڵەکە داوە، نەک کوڕەکەی. ئاخر ئەگەر یەک ڕۆژ سویچی ئۆتۆمبێلەکەی نەدابوایە، کە هێشتا تەمەنی یاسایی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری تەواو نەکردوو.. ئەگەر تەنیا جارێک پێی گوتبا کوڕم بەم درەنگی شەوە لە کوێ بوویت؟ لەگەڵ کێ بوویت؟ بەدڵنیاییەوە کوڕە نەدەگەیشتە ئەو ڕۆژەی، بەم منداڵییەوە، چەقۆ هەڵگرێ و بیوەشێنێ!
بۆیە هەقە باوکی هەموو ئەو منداڵانە زیندانی و دادگایی بکرێن، کە منداڵەکانیان لە خوار تەمەنی یاسایی چەقۆ دەوەشێن، یان خەڵک لەژێر تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەشێلن.
ڕووداوە دڵتەزێنەکەی سۆران و زۆر ڕووداوی دیکە، کە دەرەنجامی سەرەڕۆیی منداڵی خوار تەمەنی یاسایی و کەمتەرخەمیی باوک و خێزانەکانن، پێمان دەڵێن، پێش پۆلیس و دادگا و یاسا، پێویستە بە پەروەردەی دروست و باوکایەتیی ڕاستەقینە، بەر بە بەلاڕێداچوون و تاوانکاریی منداڵەکانتان بگرن.

 

دڵی گەنج و جوانیی نیشتمان
شکاندنی شکۆی مرۆڤ، ڕەنجاندنی دڵی دەیان گەنجی سیاچارە و نەگبەتی ئەم وڵاتە، لەپای چی و لەپێناو چی و کێدا؟


ئەو گەنجە جوان و بەشمەینەتانەی نیشتمان، کە لەناو ئەو قەیران و بێکاری و چارەگە مووچەیەدا، لەبری پەنابردن بۆ کاری نەشیاو و ئەنجامدانی تاوان و بەلاڕێداچوون، دەیانەوێ قووتی شکۆمەندی و ئەلاحەددەی دەستیان بخۆن، بە چ بیانووێکەوە ئاوا بە بەرچاوی خەڵکەوە ڕووشکێن دەکرێن و نیشتمانیان لە لا ناشیرین دەکەن؟


دەزانن ڕەگی سەرەکیی تیرۆر لە قووڵایی فیکردا نییە، بەڵکوو ئەوە بێدادی و هەژارکردن و شکاندنی شکۆی مرۆڤن، کە دواجار تیۆریزە دەکرێن و بۆ بەرهەمهێنانی فەزایەکی پڕ لە توندوتیژی و توندڕۆیی، لە لایەن مونەزیر و گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستییەکانەوە دەقۆزرێنەوە؟


بەڕاست، ئەو گەنجە کاسبکارەی هەڵەبجە (ئەم سەرنجەمان هەر بۆ ئەو ڕووادوە نییە، بەڵکوو بۆ دەیان و سەدان دیمەنی دووبارەی لەم چەشنەیە لە تەواوی کوردستان) و عارەبانە شڕ و شەقەکەی، کە ڕەنگە بژێویی خێزانێکی لەسەر بێت، شاری ناشیرین کردووە، یان گەندەڵی و بێدادی؟


تکایە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، کە مافی ئەوە بەو گەنجانە رەوا نابینن پارچە زەوییێک، گۆڕەپانێکی کاسبییان بۆ دابین بکەن، ئەوا بە لایەنی کەمەوە سنوورێک بۆ ئەو هەموو بێڕێزییە بە گەنجە کاسبکار و دەستگێڕ و عارەبانچییەکانی نیشتمان و دڵشکاندنیان دابنێن و چیتر ماستەرپلانی شار و ڕاگرتنی جوانیی شەقام و ئەو قسە سواوانەمان بۆ مەکەنە پاساودانەوەی ئەم حەمکە سووکایەتیکردنە بە گەنج و دڵڕەنجاندنیان!


باسنیوز  

AM:06:08:04/06/2018