ڕۆژنامەوانی و دەستەڵاتی چوارەم
بورهان شێخ ڕەئووف

زاراوەی دەستەڵاتی چوارەم بە ھەموو کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەبێژن بە گشتی و ڕۆژنامەوانی بەتایبەتی لەلایەکی ترەوە ئەوەندەی ئەم زاراوە بۆ کاریگەری لە سەر ڕای گشتی چ بۆ گۆڕینی و یان زەمینە سازکردن بۆ خوڵقاندن و ڕازیکردنی وەرگر واتە کۆمەڵاتی خەڵک بۆ بابەتێک کە ئامانجێکی گرنگی لە پشتەوە بێت بۆ ڕێنوێنی و ھاندانی ڕای گشتی ، ئەوەندە پەیوەندی بە بواری ڕۆشنبیری ھۆشیاری مەعریفەوە نیە

لەچی یەوە ھاتووە ئەم زاراوە ؟

ھەرچەندە بیر و  بۆچوونەکان جیاوازان لەسەر ناونان و سەرھەڵدانی ئەم زارەوە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمەوە دوای ئەو پێشکەوتن و بازدانە خێرانەی کە ڕۆژنامەوانی بە خۆیەوە بینی  ھەندێک بە وەی دەبەستنەوە کە ئەمیش دەستەڵاتی چوارەمە دوای دەستەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری  بەو پێ یەی کە کاریگەری و زۆری لە سەر خەڵکی ھەیە کە کاریگەرییەکەی لە حکومەت دامودەزگاکانی تر کەمتر نیە .

لەلایەکی ترەوە  ڕاو بۆچوونی جیاواز ھەیە لە سەرسەرھەڵدانی ئەم زاراوە و کێ بۆ یەکەم جار بەکاری ھێناوە , ڕایەک ھەیە کە یەکەم جارمێژوونووسی ئسکتلەندی (توماس کارلیل) بەکاری ھێناوە لە کتێبی ( پاڵەوانەکان و پەرستنی پاڵەوان ) ساڵی ١٨٤١ ز اینی کە چەند ڕستەو دەستەوااژەیەکی لە بیرمەندی ئێرلەندی ( ئیدمۆند بیرک )  وەرگرتبوو کە باسی سێ پارتەکە یان سێ چینەکە   کە حوکمڕانی وڵاتیان دەکرد ئەو سەردەمە واتەپیاوانی ئایینی  و دەوڵەمەندەکان و ڕەشە خەڵکەکە  (گەل) کە وتوویەتی پەیامنێران و ڕۆژنامە نووسانیش چین و پارت و دەستەڵاتی چوارەمن و کاریگەری زۆریان ھەیە لە سەر کۆمەڵگا بگرە لە سێ چینەکەی دی زیاتر .

ئەمڕۆ لەم سەردەمی پێشکەوتنە خێرایانەی زانست و تەکنۆلۆجیادا کە جیھان بووەتە گوندێکی بچکۆلانە و لە ھەمانکاتدا سیستەمی دیموکراسی چ بە ڕاست و چ بە درۆش بە ئاست و ڕادەی جیاجیا  لێرەو لەوێ پیادە دەکرێت ھەموو ئەمانە بە چی پێوانە و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکریًت کە کێ دیموکراسی و دیموکراسخوازە و لە کوێ مافەکان پێشێل دەکرێت  ئەگەر میدیا و ڕۆژنامە نووسان نەبێت .

لەبەرئەوە بە بێ میدیا و ڕۆژنامە نووسان و ڕاگەیاندنەکان زۆر ئەستەمە دیموکراسی جێبەجێ بکرێت و لەبەرئەوە میدیا و میدیاکاران کۆڵەکەو بنەماو ڕگەزێکی زۆر کاریگەر و پێکھێنەرو خوڵقێنەری سیستەمی دیموکراسین و بەبێ میدیا ستەمە باس لە دیموکراسی بکرێت تەنانەت بۆ نموونە ھەڵبژاردن کە سەرەتاو دەستپێکی سیستەمی دیموکراسیە بەبێ میدیاو ڕاگەیاندن بەڕێوەناچێت چ لە ھاندانی خەڵک بۆ بەشداری چ بۆ بانگەشەی لیست و کاندیدەکان دواتر چۆنێتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و ئاستی پاکی و بێگەردی پرۆسەکە کە میدیا ڕۆڵی چاودێری کردنی لە گەڵ داموودەزگاکانی تردا دەگرێتە ئەستۆ .

بۆیە لە ساڵی  ٢٠٠٥ دا  کۆنگرەی  نێو دەوڵەتی ساڵانەبۆ ئازادی ڕۆژنامە نووسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ( کە میدیای ئازادو سەربەخۆ و فرە  ڕەنگ فاکتەرێکی  بنەڕەتیە بۆ مسۆگەرکردنی لێپرسینەوەو شەفافیەت و بۆ بەشداریکردن وەکو ڕەگەزێکی بنەڕەتی بۆ حوکمڕانیەکی  ڕەشید  وە گەشەکردن لەسەربنەمای مافەکانی مرۆڤ ).

میدیا دەبێت چۆن بێت ؟

بۆ ئەوەی میدیا ڕۆڵی ڕاستەقینەو کاریگەری خۆی ببینێت پێویستە لە ئاستێکی باڵای بەرپرسیارێتی دا بێت بە تەواوی پیشەیی و ورد بین و ڕاستگۆ  و بێلایەن بێت لە ڕووماڵەکانیدا بۆ ڕووداوەکان و ڕێزگرتن لە یاساو پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی چونکە وەکو پێشتریش ئاماژەم پیێدا ئەمڕۆ بە ھۆی پێشەکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە میدیا کاریگەری ڕاستەوخۆ و خێرای لەسەر ڕووداوەکان ھەیە ھەر سەرپێچی یەک یان گواستنەوەی ھەر بابەت و مەسجێکی نابەرپرسانە و ناپیشەیی بۆی ھەیە کارەسات و ڕووداوی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە بۆیە دەبێت میدیاکاران لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیە مێژووییەدا بن و لە ھەمان کاتدا پێویستە مافی میدیاکاران پارێزراو بێت بە یاسا و ئازادی و نان و سەرچاوەی ھەواڵ و زانیاری پێویستیان بۆ فەراھەم بکرێت.

NRT

AM:03:35:25/06/2018