میدیاكار مافی خۆیه‌تی خۆی كاندید بكات، به‌ڵام…
عادل قه‌ره‌داغی‌

ئه‌وه‌ی وا له‌ "میدیاكاران” ده‌كات په‌نا بۆ كایه‌كانی دیكه‌ی ژیان ببه‌ن یان له‌سه‌ر حزبێك خۆیان كاندید بكه‌ن بۆ په‌رله‌مان یان كاندیدی بكه‌ن تا ده‌نگ كۆبكاته‌وه‌، بی ئایینده‌یی كاری میدیایه‌ له‌ كوردستان بۆ میدیاكاره‌كان. بۆیه‌ زۆر كه‌س ده‌یه‌وێت په‌ل بۆ كه‌نارێكی دیكه‌ بهاوێی و خۆی له‌ زۆنگاوی میدیای كوردی دووربخاته‌وه،‌ چونكه‌…

هه‌تا ئه‌م ساته‌ كورد نه‌بووه‌ته‌ خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی میدیایی پرۆفیشناڵ و پیشه‌گه‌ر تا میدیاكاره‌كانی ئایینده‌ی خۆیانی تێدا بدۆزنه‌وه‌و ته‌نها ناوه‌ندێكی پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی و سه‌نگه‌رێكی ته‌سفییه‌ی حیساباتی سیاسی و ئابوورین و به‌ كورتی هێشتا كورد ئیعلامی نییه‌ و ئیعلانی هه‌یه‌.

له‌وه‌ش كاره‌ساتبارتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌س له‌ ناو میدیای كوردستاندا نابیته‌ پسپۆڕ له‌ كاره‌كه‌ی خۆیدا، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌س كاری به‌ پسپۆڕیی میدیاكه‌ خۆی نییه‌ و میدیاكار هه‌ر هێنده‌ی گه‌یشته‌ ئاستێك ببێته‌ ناوێك یان شاره‌زایی بگاته‌ ئاستێك بناسرێت، به‌ هه‌مووان هه‌وڵی سه‌ركوتكردن و په‌راوێزخستنی ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر بێتو بیه‌وێت وه‌ك میدیاكاری راسته‌قینه‌ كار بكات و نه‌چێته‌ بازنه‌ ئیعلانچییه‌كه‌وه‌!.

بۆیه‌ زۆر كه‌س له‌وانه‌ی له‌ میدیا كارده‌كه‌ن تێده‌گه‌ن هه‌ر ده‌بێت موه‌زه‌فێكی موتیعی ئه‌وانه‌بن كه‌ كاندیدیش ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ له‌ خه‌می پیشه‌كه‌یاندا نیین و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر موه‌زه‌فی ته‌حته‌ ته‌ڵه‌ب بن، بۆ له‌ دائیره‌یه‌كی سه‌رووتر نه‌بن یان له‌ په‌رله‌مان به‌ ئیمتیازات و چاره‌نووسێكی باشتره‌وه‌؟!.

بۆیه‌ لاتان سه‌یر نه‌بێت كه‌ میدیاكاره‌كان هه‌وڵ بۆ په‌رله‌مان ده‌ده‌ن یان وڵات جێده‌هێڵن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئایینده‌ بێت بۆ كه‌سی میدیاكار و رۆژنامه‌وان هێشتا له‌م وڵاته‌دا نییه‌ و ته‌نها به‌ ڕێكردنی رۆژه‌ له‌گه‌ڵ میدیاكانیان، كه‌م كه‌س ماوون باوه‌ڕیان به‌وه‌ بێت ده‌توانن له‌ میدیادا ببنه‌ پیشه‌گه‌ر و پسپۆڕ. ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكانی میدیاكانیش له‌ رێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانیانه‌وه‌ سیڤی بۆ پۆستی دیكه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌، نه‌ك له‌ میدیادا قووڵ ببنه‌وه‌!.

ئاوێنه‌ 

AM:04:51:28/07/2018