‌میدیای کوردی لە چاوەڕوانی خنکانی ئایلانەکاندا
سۆران ڕەشید

شتێکی‌ ڕوونە، میدیا لە زاڵترین ئامڕازەکانی‌ پەیوەندییەکردن و گەیاندنە، دەتوانێت پەرە بە شتە باشەکان بدات و ڕێگری لە خراپەکان بکات و یارمەتی‌ بڵاوبوونەوەی‌ بدات، هەرچەندە بەداخەوە پێچەوانەکەشی‌ ڕاستە، بۆیە دەزگا میدیاییەکان، هاوڕێ لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوونەتە بەشێکی‌ گرنگی ژیانی‌ هەموو تاکێکی‌ کۆمەڵگە.
میدیا، بە هەموو جۆر و بەشەکانییەوە، پەیامی جۆراوجۆر دەگەیەنێتە کۆمەڵگە، بابەت و شتەکانیان دەگەیەنێت و هۆشیاریان دەکاتەوە و دواتر کاریگەری دەبێت لەسەر ئاڕاستەکردن و هەڵوێست و کاردانەوەی‌ تاک بۆ ئەو ڕووداو و بابەتانە.

لە ئێستادا، میدیا لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ڕوماڵی چەندین بابەتی سیاسی و ئابوری و چەند قەیران و ناکۆکییەکن، بۆ نمونە، کەمی کارەبا و ئاو، دواکەوتنی‌ موچە و نەبوونی‌ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ناکۆکی لایەنەکان، راستە ئەوە ئەرک و مافێکی‌ بنچینەیی میدیا کە قسە لەسەر ئەو بابەتانە بکەن. 

بەڵام جیاواز لە پێویستی‌ ڕوماڵی بابەتە گەرم و جێی مشتومڕەکانی‌ ناو خەڵک، پێویستە ڕۆڵی بنیادکەرانەی‌ زیاتر ببینێت، ئەویش ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە بۆ بابەتگەلێک کە ئاگایان لێی نییە، بۆیە میدیا پێویستە گرنگ و مەترسی و دەرئەنجامەکانی‌ ئەو بابەتانە بخاتەڕوو کە کۆچی نایاسایی (کۆچ بە قاچاخی) یەکێکە لەوانە.
بەپێی نوێترین ئاماری فیدراسیۆنی‌ سەراسەری پەنابەرانی‌ عێراق لە هەرێم ، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیكەی ٢٤ هەزار هاوڵاتی هەرێم كۆچیان كردوە بۆ دەرەوە، بە گشتی‌ و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا، ٥٥٠ هەزار هاوڵاتی عێراق بە ڕێگەی‌ نایاسایی کۆچیان کردووە.

هەر بەپێی ئامارەکان، تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە ١٥٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون کە ژمارەیەکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و تەنها لە دوو مانگی ڕابردووشدا، زیاتر لە ٤٠٠ کۆچبەری نایاسایی هەرێمی کوردستان کە لە زیندانەکانی‌ تورکیا دەستگیرکرابوون، دیپۆرتی هەرێم کراونەتەوە.

کێشە سەرەکی میدیاکانی‌ کوردستان لەم بوارەدا ئەوەیە، بە بەردەوامی‌ ڕوماڵی کۆچی نایاسایی ناکەن تاوەکو چیرۆکێک یان ڕووداوێکی‌ تراژیدی و ئامارێکی‌ ترسناک نەبینن، بۆ نمونە، لەدوای بڵاوبوونەوەی‌ وێنەکانی‌ تەرمی ئایلانی کوردی کە منداڵێکی‌ کۆچبەر کورد بوو لە کەنار ئاوەکانی‌ دەریای ئیجە لە ساڵی ٢٠١٥، شاشەی‌ هەموو تی ڤیی و ڕوپەڕی هەموو ڕۆژنامەکانی‌ گرتەوە، بەڵام دواتر ڕوماڵەکانیان بە تەواوی خاو کردەوە تاوەکو رووداوێکی‌ دیکە جەرگبڕ کە نقومبوونی‌ بەلەمێکی‌ کۆچبەرانی‌ کورد بوو لە ساڵی ٢٠١٦، جارێکی‌ تر بابەتی‌ کۆچی نایاسایی بووە سەردێڕێ یەکەمی میدیاکان.

لەدوای دەرکەوتنی‌ داعش لە هەرێمی کوردستان و عێراق، شەپۆلێکی‌ گەورەی کۆچی نایاسایی بەرەو وڵاتانی‌ ئەوروپا دەستیپێکرد، خەڵکی دەیان و سەدان رووداوی ناخۆش و تراژیدیایان بینی‌، سەدان کۆچبەر خنکان، هەزاران کێشەی‌ کۆمەڵاتی‌ لێکەوتەوە، بە ملیۆنان دۆلار بە هەدەردران و چوونە دەرەوەی‌ وڵات، بەڵام ڕوماڵی میدیا لە ئاستی‌ پێویستدا نەبووە، چەند راپۆرت و هەواڵێکی‌ کەمی لێکراوە بەبێ لێکۆڵینەوە و بەرنامەی بەدواداچوونی‌ درێژ و تێروتەسەر.

لەکاتی‌ ڕووماڵەکانیشدا، میدیا تەنها باسی‌ لە هۆکارەکانی‌ کۆچکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ دەرەوە، بەڵام زۆر بە کەمی هەوڵدراوە لە میدیاکانەوە خەڵکی هۆشیاربکرێنەوە لە مەترسییەکان کۆچ و هاندانی‌ خەڵک بۆ کۆچنەکردن.
بۆیە بە ڕای من، پێویستە میدیاکان لە هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێک بنێن بۆ باشترکردنی ڕوماڵەکیانان لەم ڕووەوە.

پێویستە دەزگا میدیاییەکان بە بەردەوامی ڕوماڵی کۆچ و کۆچی نایاسایی و مەترسی و دەرئەنجامەکانی‌ بکەن، دۆکیومێنتاری قوڵتر و بەرنامەی‌ زیاتر بکەن تاوەکو کۆچبەر و ئەوانەشی بە نیازی کۆچن لە مەترسی ڕێگا و دەرئەنجامەکانی‌ کۆچ و سیاسەتی‌ وڵاتان شارەزا ببن، پێویستە میدیا کاری زیاتر بکات لە نیشاندانی‌ بەدیلەکانی‌ کۆچ و هەلی مانەوەی‌ گەنجان لە وڵات.

هاوشێوەی‌ زۆربەی‌ میدیا و ئاژانسە جیهانییەکان کە ڕیپۆرتەر و ڕۆژنامەنوسی تایبەت دانراون بە بابەتی‌ کۆچ، پێویستە لە ناو دەزگاکانی‌ هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژنامەنوسی شارەزا و تایمەتمەند دابنرێن کە بە بەردەوامی لەسەر ئەو بابەتە کار بکەن و تیمی ڕوماڵی کۆچی نایاسایی فراوانتر بکرێت، هەندێجار، پێویستە پشت بە ڕۆژنامەنوسی فریلانس ببەسترێت بۆئەوەی‌ بە وردی و فراوانی و لەسەرخۆ کار لەسەر بابەتەکە بکات.
پێویستە باشترین و نوێترین خولی فێرکاری و پێدانی‌ زانیاری بکرێتەوە بۆ ڕۆژنامەنوسان تاوەکو بتوانن لە بوارەکەدا شارەزا ببن و بەئاگا بن لە داتا و ئامارەکانی‌ کۆچ و نوێترین زانیاری لەسەر بابەتەکە، بە تایبەت پەیوەست بە هەرێمی کوردستان.

پێویستە ژوری هەواڵی دەزگاکان راگەیاندن سیاسەتێکی‌ داڕشتن و نوسینی بێلایەنیان هەبێت دەربارەی‌ بابەتەکە، نابێت بابەتی‌ کۆچ تێکەڵی بابەت و ناکۆییە سیاسی و ئابوریییەکان بکرێت.
پێویستە ڕۆژنامەنوس و ڕیپۆرتەرەکان زانیاری دروست و ورد و پشتڕاستکراوە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی‌ گرنگ و جدیەتی‌ بابەتەکە لەخەڵک تێبگەیەنن.

پێویستە میدیاکان پەیوەندییەکی‌ باشیان لەگەڵ ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانی بواری کۆچبەراندا هەبێت و ڕوماڵی کار و چالاکییەکانیان بکرێت و هەوڵ بدرێت دەرفەتیان پێ بدرێت تاوەکو قسەی خۆیان بکەن.
نیشاندانی‌ چاوچنۆکی و فێڵەکانی‌ قاچاخچی و ڕێگاکانی‌ هەڵخەڵەتاندنی کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە، ئەرکێکی‌ گرنگی میدیایە و پێویستە مەترسی ئەم بابەتە بۆ کۆچبەر بخرێتەڕوو، زۆر گرنگە میدیا باسی‌ ژیانی‌ ناو کامپ و ئەو وڵاتانە بکرێت کە کۆچبەر ڕووی تێدەکەن.

بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێم، بەبێ ڕوماڵێکی‌ میدیایی باش و کاریگەر، کێشە و قەیرانە مرۆییەکان بە تەواوی کاریگەرییە خراپییەکانیانەوە بەردەوام دەبن و ئاشکرا نابن بۆ خەڵک و سودی لێ نابینن.

وێستگه‌ نیوز 

AM:05:01:11/08/2018