كوشتنی میدیای ئازاد، كوشتنی فرە دەنگیی
مەزهەر كەریم

چارەسەری گرفت‌و رێگرییەكانی بەردەم میدیای ئازاد چین؟ ئەمە پرسیارێكە لەپاش راگرتنی رۆژنامەی ئاوێنەوە زۆر دەورژێنرێ‌، بێگومان كێشەو ئاستەنگەكانی بەردەم میدیای ئازاد زۆرن، لەپێشیانەوە نەبونی دەرفەتی یەكسان بوە لەبەردەم كاری میدیایی لەهەرێمی كوردستان، كە میدیاكان لەبازاڕدا لەڕێگەی جۆری بەرهەمەكانیانەوە كێبڕكێ‌ بكەن، دەسەڵات‌و بەرپرسە باڵا دەسەڵاتدارەكان بۆ كوشتنی دەنگە ئازادەكان دەیان‌و بگرە سەدان كەناڵا‌و رۆژنامەو سایتی سیچبەریان قوت كردوەتەوەو پارەیەكی زۆرو زەبەندیشیان بەسەردا رژاندون، چونكە هەمیشە دەسەڵاتدارانی هەرێم میدیای ئازادیان بەمەترسی بۆ سەر ئایندەی دەسەڵاتی خۆیان‌و بەرژەوەندیەكانیان زانیوە.

 بە بەرنامە‌و بەچەندین رێگەو شێوازی جیاواز كاریان لەسەر نەهێشتنی ئەم روبەرە ئازادانە كردوە، لەتیرۆرو هەڕەشەوە بگرە تا دەگات بەكڕین‌و فریودانیان بەئیمتیاز بەخشینەوە.
ئەو هەمو تیڤی‌و ڕۆژنامەو هەفتەنامەو سایت‌و پەیجانە دەسەڵاتی ئەم هەرێمە پارەیەكی بێ ئەژماریان بۆ تەرخان دەكات كاریان كورت بوەتەوە بۆ شێواندنی رای گشتی‌و گەمژاندن‌و شاردنەوەی زانیاری راست‌و پێشێلكاریی یاسا‌و گەندەڵییەكانیان.

لەلایەكەوە كە دەسەڵات چەندین ئامڕازی بەكارهێناوە بۆ كوشتنی میدیای ئازاد، لەلایەكی دیكەشەوە تا ئێستا لەكوردستان زەمینەیەكی وا نەڕەخساوە هاوڵاتیان هاوكارو هاوخەمی میدیای ئازادبن، هەرچەندە هێشتا خوێندنەوە نەبوە بەكلتور لەم وڵاتەدا، بەڵام بەلامەوە سەیرە ئەوانەی كە زۆر لەخەمی میدیای ئازادان‌و زۆر باسی هەفتەنامەی ئاوێنە دەكەن لەگەڵ ڕێزم بۆ بەشێكیان زۆربەیان ئامادە نەبون هەفتانە یەكی هەزار دینار بدەن بۆ كڕینی رۆژنامەكە. لەكاتێكدا میدیای ئازاد سەرچاوەی داهاتەكەی زۆر سنوردارە، كە تەنها فرۆش‌و ریكلامە. بەمەرجێك میدیای ئازاد بەبێ‌ جیاوازیو لایەنگیری خزمەتی سەرجەم چینەكانی كۆمەڵگا دەكات‌و كار لەسەر چەسپاندنی یەكسانی‌و دیموكراسی سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگا دەكا‌و رەگەزێكی سەرەكی پرۆسەی سەقامگیریی دیموكراسییە لەهەر وڵاتێكدا. 

بەنەمانی میدیای ئازاد زیانێكی گەورە بەر پرۆسەی دیموكراسی‌و ئازادی ڕادەربڕین‌و فرە دەنگی دەكەوێت. لەناوچونی میدیای ئازاد هۆكارێكە بۆ چەواشەكاری زیاترو قوڵكردنەوەی گیانی حزبایەتی‌و شەخس پەرستی‌و شاردنەوەی راستییەكان لەهاوڵاتیان‌و دیزە بەدەرخۆنە كردنی گەندەڵی‌و پێشێلكارییەكان.

ئاوێنه‌ 

AM:06:37:12/08/2018