چۆن رێگری لەشێواندنی سیمای شارەکان بگرین؟
د. سەیران تەها

چۆن رێگریی لەشێواندنی سیمای شارو شارۆچكەكان بگرین لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا؟

پێشنیارێك بۆ شارەوانی‌و یەكە ئیدارییەكان

لەوەتەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچن كارەساتی پیسبونی ژینگە و شێواندنی سیمای شارستانێتی شارو قەزاو ناحیەكان بەردەوام دەبن، ئەمە جگە لە دروست بونی ژینگەیەكی پڕ لە ژاوەژاو و ناڕەحەتی و بێزاركردنی هاوڵاتیانی گەڕەك و شوێنی یەكە نیشتەجێبونەكان بەهۆی بەكار‌هێنانی دەنگ بەرزكەرەوە لە بنكەكانی بانگەشە كردن لە گەڕەكەكان و دیاردەی بەكارهێنانی هۆڕینی سەیارە بەشێوەیەكی بێزاركەر و دروست كردنی قەڕەباڵغی و ئاهەنگ گێڕان لە ناوەڕاستی شەقامەكان، كە بەربەست و رێگری بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروست دەكەن، لەگەڵ هەمو هەڵمـەتێكی نوێی بانگەشەكاندا سەرلەنوێ ئەم دیاردە ناشارستانیانە دەست پێ دەكاتەوە. هەرچەندە بە دەیان سمینار و كۆڕ كۆبونەوەكان ئەنجام درا بێت، یان لە رێگەی میدیاكانەوە بو بێت هەوڵ دەدرێت و داوا دەكرێت كە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان بە شێوازێكی شارستانیانە ئەنجام بدرێت و دور بێت لە شێواندنی سیمای شارەكان.

 

پرسیارەكە ئەوەیە سودی هەڵواسینی ئەم شەڕە پەڕۆیە لە چیدایە؟ ئایا بەم ناشرین كردنانەی بازاڕ وكوچە و كۆڵانەكانی شار و شارۆچکەكان هاوڵاتیان دەنگی زیاتر بە كاندیدەكان یان بە حیزبی فڵان دەدەن؟ كارەساتەكە لەوەدایە كە هیچ جیاوازییەك لە بەرنامەو تێڕوانینی لیست و كاندیدەكانی حیزبە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەكاندا نابینرێت لە هەڵمەتی بانگەشەكردنیاندا. هیوادار بوین كە جیاوازی لە عەقڵیەتی بانگەشەكردنەكاندا هەبوایە، هیوادار بوین كێبڕكێ لە ئاستی بەرزی هەست كردن بە بەرپرسیارێتی و مەدەنی بونی پرۆسەكە و شێوازی بیركردنەوەی كەسایەتیەكاندا هەبوایە، بەجۆرێك خودی كاندیدەكان رازی نەبونایە پۆستەرو وێنەكانیان بە عەمودی كارەبا و ترافیك لایت و بەرزە پرد و شەقام و شوێنە گشتیەكان هەڵبواسرێت.

 

دەبێت هەمو گروپ و لیستەكان ئەوە بزانن كە چەند دیمەنێكی قێزەون و ناشرینە كە كە شار بە پەڕۆ و لۆگۆكانتان دادەپۆشن، چەند لە ناخدا هاوڵاتیان نەفرەت لەو جۆرە عەقڵیەتە دەكەن؟ هەمو ئەو پرسیارە دەكەین چی دەبێت ئەگەر تێچونی ئەو پارانەی سەرف دەكەن لە وێنەو هەڵواسینی پۆستەری كاندیدەكان بۆ مەبەستێكی خێرخوازی یان بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەكان یان بۆ نۆژەنكردنەوەی خوێندنگاكان، یان یارمەتیدانی خوێندكارە نەدارەكان تەرخان بكرێت؟ چەند سیمایەكی شارستانی و جێگای دەست خۆشی دەبو ئەگەر هەر لیستێك شەقامێكی سەرەكی یان دیوارێكی راگریان وەربگریاتە لەژێر سەرپەرشتی شارەوانیەكان بۆیاخیان بكردایە، یان دەتوانن لە وێستگە و شوێنی راوەستاندنی پاسەكان ئەوانەی شكێنراون و تێكچون چاكبكرێنەوە و ئەوانەی چەتر و شوێنی دانیشتنی تێدا نیە بۆ هاوڵاتیانیان دروست بكردایە، یاخود كارییان لەزیادكردنی سەوزایی باخچەكان و سەرشەقامەكـانیان بكردایە ئینجانەی شكاو و بە زنجیر بەستراوەكانیان بگۆڕییایە، ئەمانە و دەیان كاری جوانكاری و هەڵمەتی پاككردنەوە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت لەبری هەڵمەتی تێكدان و كاولكاری بۆ ئەو كاندیدانەی كە لە دابین كردن ئیمتیازاتی تایبەتی و مسۆگەر كردنی دەستكەوتی خانەنشینی پەرلەمانی لە دوای چوار ساڵ هیچ دەستكەوت و چاوەڕوانیەكی ترمان لێیان نابێت.

 

جا لە پێناو رێگری كردن لە ناشرین كردن و پیسكردنی ژینگەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان پێویستە شارەوانی سلێمانی و پارێزگای سڵیێمانی خاوەن دەسەڵات و بڕیاری یەكلاکەرەوە بن، رێگری بكەن لە داپۆشینی سەرجەم شەقامە سەرەكیەكان و بەرزەپرد و پردی پەڕینەوەكان بە نایلۆن و پەڕۆی رەنگاو رەنگ و لۆگۆی حیزبەكانیان. پێویستە شارەوانی هەڵوێست و كاردانەوەی جدیانەی هەبێت، تەنها بە سەپاندنی غەرامە چارەسەری ئەم كێشەیە ناكرێت لە كاتی بانگەشەكاندا. رەنگە باشترین دەستكەوت بێت بۆ شارەوانی و دەتوانێت نرخ بۆ هەڵواسینی هەر پۆستەر و وێنەی كاندیدێك دیاری بكات، بەپێی قەبارە و ژمارەی پۆستەرەكانیان نرخەكانیان بۆ زیاتر بكرێت، ئەمە جگە لەوەی دەتوانرێت ژمارەی هەڵواسینی پۆستەرەكان سنوردار بكرێت لەو ژمارەیە تێنەپەڕێت كە شارەوانی دیاری دەكات. هەروەها شارەوانی دەتوانێت بارمتەی یاسایی لە هەر كاندیدێك، جگە لە لیست و قەوارە سیاسیەكان وەربگرێت بەرامبەر بە پاكکردنەوە و جێ نەهێشتنی ئاسەواری بانگەشەكان. پێویستە وێنە هەڵواسین لەهەمو كوچە و شەقامە گشتیەكان لەسەر عەمودی كارەبا و بەرزە پردەكان بە هەمو شێوازێك قەدەغە بكڕێت.

 

هەروەها دەستكەوتێكی تری گونجاوە بۆ شارەوانی سلێمانی بە دانانی شاشەی گەورە و سكرین و لە چەند شوێنێكی دیاریكراو لەناو سەنتەر و شوێنە گشتیەكانی شاردا تەنانەت لە قەزاو ناحیەكان كە وێنەی كاندیدی هەمو لایەنەكان وەربگرێت بەشێوەیەكی یەكسان و بەبێ جیاوازی لە بەخشینی كات و بە نرخێكی گونجاو و دیاریكراو بۆیان پەخش بكرێت. لەهەمان كاتدا سودی دارایی بۆ هەمو حیزبەكان و كاندیدەكانیشیان دەبێت، لە بەهەدەر نەدانی پارە لەم بارودۆخە خراپەی ئابوریدا، لە بری خەرج كردن و بەهەدەردانی پارەكانیان بۆ بانگەشەكردن و سەرف كردنی لە پۆستەرات و هەڵواسینی پەڕۆی رەنگاوڕەنگدا، باشترە كە شێوازێكی گونجاوتر بگرنەبەر ئەویش بە دروست كردنی كارت و لفلێتی تایبەت بە زانیاری لەسەر ژیان و چالاكی كاندیدەكان بڵاوبكرێتەوە، دەتوانرێت لە مۆڵەكان و لە بەڕێوەبەرایەتی و شوێنە گشتیەكان دابەش بكرێت، ئەمە جگە لە بونی بەرنامە لە تیڤی و رادیۆیەكاندا، هەرچەندە ئێستا خێراترین و بەربڵاوەترین شێواز كە رۆڵێکی كاریگەرترو بینراوتر و پەسەندترە لەلای هاوڵاتیان ئەویش دروست كردنی پەیج و فەیسبوك و دەیان هۆكاری تری سۆشیال میدیایە بۆ پەیوەندی كردن و گەیاندن. لەهەمان كاتدا پێویستە خودی هاوڵاتیان رۆڵیان هەبێت و ئەوەندە وشیاربن، كە رێگە بە تێكدان و پیسكردنی دیواری ماڵ و شوێنی نیشتەجێبونەكانیان نەدەن، پێویستە هیچ دوكاندارێك رێگا نەدات وێنەی هیچ كاندێك بە پەنجەرەو دەرگا و دیواری دوكانەكەیەوە هەڵبواسرێت.

 

لەكۆتاییدا دەڵێین رەنگە باشترین رێگا بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرو كارەساتی هەڵمەتی كاولكاری بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، وەك داواش كراوە لە رێگەی كەم كردنەوەی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانە كە لە بری مانگێك لە دو هەفتە زیاتر نەبێت.

 

*مامۆستای كۆلێژی یاسا – زانكۆی سلێمانی

ئاوێنه‌ 

AM:04:38:28/08/2018