هونەری قسەکردن (ئارگومێنت)
د. سه‌ردار عه‌زیز
لە کۆمەڵگای کوردیدا قسەکردن چەند شێوازێکی هەیە کە زۆریان لاوازن. لە ڕاستیدا قسەکردن بە گشتی وەک کردارێکی نەرێنی دەبینرێت. ئەوەی لێرەدا دەیڵێم بە مەبەستی وروژاندن ئەوەیە کە ئێمە هونەری قسەکردنمان نیە. پێناسەی من بۆ قسەکردن بریتیە لە ئەو دەربڕینە باڵایەی کە لە کەسێکەوە دەردەچێت بەرامبەر کەسێکی تر، یان دیاردەیەک، یان بیروڕایەک، بەبێ دەربڕینی هیچ نەخۆشییەک. مەبەستم لە نەخۆشی ئەو بارە دەرونیە کە کەسی قسەکەر لە میانەی قسەکردندا دەریدەبڕێت. بۆ نمونە دەربڕینی کوردی بە زۆری پڕیەتی لە ئیرەیی، لە کینە، لە هەڵچون، لە باری دەرونی شڵەژاو، لە ئیگۆ، لە برینداری، لە بێتوانایی بۆ بینینی خود لە چاوی کەسێکی ترەوە. لە ئەنجامی ئەمەدا زۆرینەی دەربڕین لە دونیای کوردیدا دەربڕین نیە لە پرسێک، دیدێک، ئاگاییەک، ئارگومێنتێک، بیرێک، بەڵکو دەربرێنە لە هێرش، بە تایبەتی هێرش بۆ سەر کەس و کەسایەتی.

کاتێک ئەمە خەسڵەتی سەرەکی گفتوگۆ، قسەکردن، دەربرین یان ئارگومێنتە، ئەوا ئامانج یان دەرئەنجام هەمیشە بریتیە لە دان پیانەنان، سڕینەوە، بریندارکردن، توندوتیژی، زبری، شڵەژان، نکوڵیکردن. هەموو ئەمانە دەربڕن لە کەسایەتیەک کە ناتوانێت دان بە ئەویتردا بنێت، سنگفراوان بێت، بە خۆیدا بچێتەوە، گەشە بکات، بەرەوپێشەوە بروات.

لە سەروی هەموو ئەمانەوە زۆربەی قسەکردنی کوردی دەربڕین نیە لە ئەویتر و خەسڵەتەکانی ئەویتر، زۆرینەی خەڵك کە باسی ئەویتر دەکەن باسی خۆیان دەکەن. تەنها هۆکاری ئەوەی مرۆڤەکان کێشەیان هەیە لە گەڵ ئەوانیتردا ئەوەیە کە لە بنەڕەتتدا کێشەیان هەیە لە گەڵ خۆیاندا.

بۆ ئەوەی قسەبکەین دەبێت سەرەتا تێگەیشتنی خۆمان بۆ ئەو دیدە، ئەو کەسە، ئەو باوەڕە دەربخەین کە قسەی لە سەر دەکەین. پاشان، دیدی ئەویتر بزانین، دووەم، دەبێت، لە سەر بنەمای هەردوو تێگەیشتنەکە ئەو کورتی و کەلێن و بۆشایی و کێشانە ببنین لە ئەویتردا. ئینجا دەرئەنجاممان دابڕێژین. بە تایبەت بە پێشاندانی ئەوەی کە چی وەهای لە ئەویتر کردوە کە توشی ئەو کێشانە بێت کە ئێمە دەستنیشانمان کردوە.
کەواتە ئارگومێنت شەڕ نیە، سەرکەوتن نیە، بردنەوە نیە، نمایش نیە بەڵکو پرۆسەی یەکتر تەواوکردنە.
بەڵام مێژوو و ئەدەبیات و نوسینی کوردی یەک دەقی لەمجۆرەی تیادانیە.

کە تۆ توانای قسەکردنت نەبوو، توانای پێکەوەبوون، رێکخستن، کارکردن، گەشەکردنت نابێت. ناتوانی دەزگا دروستبکەیت، حیزب پێک بهێنێت، رێکخراو پێکەوبنییت، گروپی فیکری بونیاد بنێیت.

ئەمە بە ڕونی دیارە کاتێک ئێمە چ ڕەهەندێکی مۆدێرنە وەردەگرین: ئێمە حەزمان لە دەسەڵاتە، لە چەک، لە هێز، لە شمەک، لە پۆشاک، لە ئامێر. بەڵام تاقەتی دەزگا و یاسا و سیستەم و رێکخراو و فیکر و دیبەیت و دایەلۆگ و زانستمان نیە. ئەوەی جێگەی سەرنجە یەکێک لە زاڵترین چەمکی دوای ڕاپەڕین لە دونیای ئێمەدا چەمکی ڕەخنەیە، تەشەنەکردنی ئەم چەمکە لە بەر ئەوەنیە کە ئێمە عاشقی کانتین، بەڵکو لە بەر ئەوە زۆر بە ئاسانی دەخلیسکێت بۆ بوارە دێڕینەکانی خۆمان لە هێرش و برنیدارکردن و جنێو و سڕینەو و بریندارکردن. لە ئەنجامدا تەنها دەقێکی ڕەخنەیی لە دونیای کوردی بەرهەم نەهات لە چەند دەیەی ڕابوردودا، بەڵام زەریایەک لە تەقلیدیات هاتە ئاراوە.


سپی‌ میدیا 

AM:06:46:22/09/2018