جینۆسایدی ئێزیدیەکان
سه‌ردار عه‌زیز

شەوێکی هاوینی گەرم بوو لە گەرمیان، لە سەر کورسییەک لە سەر سەکۆکەمان دانیشتبوم تەماشای ئاسمانی پڕ لە ئەستێرەم دەکرد، ئەمە تاکە سودی کاتی بێکارەباییە، کە ئاسمانی پڕ لە ئەستێرە دەبینیت، بە هەردوو دەستم مێشولە (هوڕەم) لە خۆم دوور دەخستەوە، لە پڕ زەنگی تەلەفونەکەم لێیدا، ژمارەیەکی نەناسراو بوو. کە قسەمان کرد خێرا زانیم ئەمریکیە، داوای کرد یەکتر ببینین. ڕۆژانی پاشتر یەکترمان بینی، ئەوە دەروازەیەک بوو بۆ نزیک بونەوە لە ڕێکخراوی یەزدا و بە ئاگابون لە نزیکەوە لە جینۆسایدی ئێزیدیەکان.
جینۆسایدی ئێزیدیەکان یەکێکی ترە لەو ڕوداوە تراژیدیانە کە کۆمەڵگای کوردی لە باشور پەرتکردوە. هەرچەندە ئەوەی ئاگای لە ئەدەبیاتی بواری کۆلۆنیالیزم و تۆقان و پاتاڵبون بێت بە ئاسانی تێدەگات کە ڕەگەکانی ئەم دیاردەیە زۆر و ئاڵۆزن. لە داهاتودا دێمەوە سەر ئەبجێکشن یان بە کوردی پاتاڵ بوون، بە تایبەتی لای جولیا کریستیڤا.

ئێزیدەیەکان ئالانگاری زۆر دروست دەکەن بۆ هەمو دەوروبەریان، تەنها چونکە دەیانەوێت بە ئێزیدی بمێننەوە. هەردوو پرۆسەی بە ئیسلام بون و بە کورد، دیارە بە کوردبون دیاردەیەکی نوێیە، وەک ترسێک بە سەریانەوەیە. ئەوان لە بەرامبەر ئەمەدا پەرت بوون. تەنها تەماشای کورد خۆی بکە لە بەرامبەر فشارەکانی دەوروبەری چۆن توشی پاتاڵ بون بوە. ئەم پرۆسەیە پەرتبونە لە نێوان بون و واقیعدا.

دژایەتی جینۆساید کارێکی ئەخلاقی سەختە. چونکە جینۆساید لە کرۆکی هەمو کەلتورێکدایە. بۆ ئەوەی دژی جینۆساید بیت دەبێت بەبێ هیچ گومانێک ئەویتر هەرچۆنێکە وەک خۆی قبوڵی بکەیت. بەڵام ئەمە لە ناوچەی ئێمەدا بونی نیە. بە تایبەتی کاتێک کە کەلتوری کوردی لە هەمان فۆرمی ئیسلامی سوننیدا لە دایک دەبێت. ئیسلام خۆی بە باڵاترین دەزانێت لە بەرامبەر هەمو ئەوانیتر لە دونیادا. خۆی بە بەهەشتی دەزانێت هەمو ئەوانیتر بە دۆزەخی. کێشەی گەورەی ئەم دیدە ئەوە نیە کە جار جار لە فۆرمی توندی وەک قاعیدە و داعشدا دەردەکەوێت، بەڵکو ئەوەیە کە دەرگای بە سەر خۆیدا داخستوە لە بەرامبەر هەمو عەقڵانی بونێکدا. هەرگیز تاکە پرسیارێک لە خۆی ناکات، چونکە لە ڕاستیدا پارادیمی دینی بە تەواوی دژ بە پرسیار و گومان و تێرامان و بیرکردنەوە و پیاداچونەوەیە.

لە لایەکی ترەوە بەرهەمهێنانەوەی جینۆسایدی ئێزیدی لە هەناو شەڕی ناوخۆی کوردیدا گەورەترین تاوانە بەرامبەر بە ئەوان. شەڕی ناوخۆی کوردی لە نەوەدەکان دەست پێدەکات و ئیتر وەک شێرپەنجە هەر پەل دەهاوێت، لە فۆرمی نوێدا خۆی بەرهەم دەهێنتەوە. ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵک شەڕکەری ئەو شەڕەن. 
ئەوە کێشەی ئیسلامە کە ناتوانێت ئێزدی قبوڵ بکات، ئەوە کێشەی ناسیونالیزمی کوردیە کە ناتوانێت ئێزیدی بون وەک شوناسێکی جودا قبوڵ بکات.


AM:09:46:03/08/2019