شكۆی مرۆڤ لەهەموو شتێك گرنگترە
لەتیف حسێن



ئەوەی لەبەردەم نانەواخانەی دارین روودەدات، زۆر دەمێكە ئێمە هاوار لەدەست ئەمجۆرە لەتاوان دەكەین كە بەرامبەر بە شكۆی مرۆڤەكان دەكرێت، بەڵام بەداخەوە كەس گوێی نەگرت، بەداخەوە ئەو میدیایانەی ئێستا هاواریان لێ بەرزبۆتەوە، چەندینجار بە تكا تكایان لێكراوە لەسەر ئەمجۆرە مەترسیی و دەستدرێژیی و دیاردەی چەكدارییەی لەم وڵاتەدا پەیدابووە كار بكەن، بەڵام خۆیان نەكردە خاوەنی، بەداخەوە بەهۆی بانگەشەوە بابەتەكە كراوەتە مادەیەكی ریكلامی.

قسە لەسەر ئەوە نییە، كە گومانی تیا نییە هەر كەس و حزب و لایەنێك پشتگیریی و قسەی لەسەر ئەمجۆرە لەكەسانی دەروون نەخۆش هەبێت، كە بێ‌ گوێدانە هیچ بەهایەك و بەبەرچاوی یاساوە هێرش دەكاتەسەر گەنجێك، لەو كەسە نەخۆشترو بیمارترە، بۆیە ناكرێت ئەمجۆرە تاوانانە بكرێنە ریكلام و پەلاماری یەكتری پێبدرێتەوە، لەكاتێكدایە زۆریشمان هۆكاری سەرهەڵدانی ئەمجۆرە لە مرۆڤ لە ژینگەیەكی وەهادا دەزانین.
ئەوەی ئیشی هەموومانە ئەوەیە، كە رێگە نەدرێت لەپەنای هیچ حزب و كەسێكداو لەپاڵ ژینگەیەكی شێواودا پەلاماری دڕندانە لەلایەن كەسانی دەروون نەخۆشدا دووبارە ببێتەوە، با هەموومان ژینگەو هۆكارەكان نەهێڵدرێن، ئەوانەشی ئەمجۆرە كارانە دەكەن با یاساو لایەنی پەیوەندیدار ناچار بەوە بكەین، رێكاری یاسایی و سزای خۆیان وەربگرن و خەڵكانی هاوشێوەیان پەندی لێوەربگرن، نەك ئەم بابەتەش بكەینە ریكلامی هەڵبژاردن.

ئەبێت ئەوەش بزانین كە ژینگەو هۆكارەكانی سەرهەڵدان و بوونی ئەمجۆرە لەتاوان بەردەوام بوونی هەیە لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا، بۆیە ئەبێت هەر قسەكردنێكمان لەسەر ئەم بابەتە بەئاراستەی نەهێشتنی ژینگەو هۆكارەكانیدا بێت...

ململانێ و ناكۆكی سیاسیی و حزبی لەم وڵاتەدا ئاوێكی رشتووە، كە ئەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین چەندین حاڵەتی وەها دوبارە ببێتەوەو زۆرێكی تری دروستكردووە، كە جگە لەپەلاماردان زمانی تر نازانێت، بەس تەماشای ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییەو زمانی زۆرێكمان بكەن، لەدەرەوە سەیری مامەڵەی یەكتری بكەن، بزانن چۆن ئازابووین بۆ ئەوەی پەلاماری یەكتری بدەین، هەریەكەو بە جۆرێك بۆ شكاندنی یەكتری ئامادەكراوین.
ئێستاش باوەڕموایە تا ئەم ململانێ و ئامانجی ناشەریفانەی سیاسەت و حزبایەتی بەردەوام بێت، ژینگەی پەلاماردان بنەبڕ ناكرێت، هەموو كاتێكیش ئەبێت ئەوە بزانین شكۆی مرۆڤێك لەهەموو شتێكی ئەم دنیایە بەبەهاترو گرنگترە.

رادیۆ نه‌وا 


AM:04:11:03/10/2018