بەرپرسیاریی میدیا لە دۆخی ئاڵۆزدا
لەتیف حسێن
لەیادی 121 ساڵەی رۆژنامەگەری كوردیدا، جگە لەو چالاكی و مەراسیمە جیاوازانەی كە لە كوردستاندا ئەنجام دەدرێن بۆ ئەم یادە، هەقە ئێمەی رۆژنامەنووس و میدیاكار لە خۆمان بپرسین كە ئاخۆ میدیای كوردی یان كارە رۆژنامەیییەكانی ئێمە تا چەند لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدایە كە لەسەر شانمانە بەرامبەر بە قۆناغ و دۆخە جیاوازەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی كوردستاندا؟

گومانی تێدا نییە رۆژنامەگەری قۆناغی جیاوازی بڕیوەو گۆڕانكاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت گۆڕانكاری لە رووی تەكنیك و خێرایی گەیاندنەكانەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەی جارەكان لەبری ئەوەی ئەم گۆڕانكارییانە ببنە باشتر خزمەتكردن و گەیاندنی هەموو زانیاری و بابەتە رۆژنامەییەكان كە لە سوودو بەرژەوەندی خەڵكدا بێت، بەداخەوە لە دۆخێكی وەك ئەمڕۆی ژیانی خەڵك میدیا رۆڵی خراپ دەبینێت و نەبۆتە هۆی ئەوەی میدیا بە تەواوەتی ببێتە جێ‌ متمانەی خەڵكی و پێدانی بەرچاو روونی و زانیاریی و شیكارییە جیاوازەكان بە وەرگرانی خۆی، چونكە خۆمان دەزانین ئێستا میدیا تەنها ئەركەكەی تەنها لە پێدانی زانیاری و گەیاندنی هەواڵدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو پەلی كێشاوە بۆ شیكاری و لێكدانەوەی جیاواز لەسەر كۆی ئەو بابەتانەی كە میدیا دەیانوروژێنێت، هەربۆیە ئەم ئەركە نوێیەی میدیا ئێمەی رۆژنامەنووس و میدیاكار دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی تەواوەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەبەرامبەر هەر بابەتێك كە بۆ خەڵكی دەخرێتەڕوو بەرپرسیارانە مامەڵەی لەتەكدا بكرێت…

لەدۆخێكی وەك ئەوەی ئێستا كە وەك مارشاڵ ماكلۆهان دەڵێت دونیا وەك بوتڵێكی شوشەی لێهاتووەو هەرچی تێدایە بەرچاوو بینراوە هێندە شەفاف بووە، كە بەشێكی زۆری ئەم شەفاف بوونە میدیا دروستی كردووە، بەرپرسیارێتی میدیا هێندەی تر زیاد دەكات، چونكە لە دۆخێكی وەهادا ناكرێت میدیا ببێتە هۆكاری ناسەقامگیریی و بێمتمانەیی خەڵك بە دۆخی ژیانی خۆی، كە دواجار سەردەكێشێت بۆ چەندین كێشەو قەیرانی گەورەی ناو كۆمەڵگە كە تاكەكان گیرۆدەی نائومێدی دەكات و دیاردەو حاڵەتی نەخوازراوو خراپ لەناو كۆمەڵگەدا ئاسایی دەكاتەوە، وەك ئەوەی لە ئێستادا لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا دەبینرێت، بەجۆرێكی زۆرجار مرۆڤ لەئاست ئەو روداوو حاڵەت و دیاردانەدا تووشی سەرسوڕمان و شۆك دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەداخەوە میدیا مامەڵەیەكی مەبەستدارو ئەجێنداداری لەگەڵدا دەكات، كە نەك نابێتەهۆی كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر خەڵكی بەڵكو هێندەی تر دۆخەكانی ئاڵۆز كردووە….

ئەو ژینگە نالەبارەی كە لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە لە ئێستادا بۆ خەڵك خوڵقێنراوەو لەبارە بۆ هەموو كێشەو بێشە كۆمەڵایەتی و خێزانییەكان، كە دواجار بوونەتە مادەی خامی كاركردنی میدیاو میدیاكاران، هێندەی تر ئێمەی رۆژنامەنووس دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەوە بەرامبەر بە ژیانیی و گوزەران و دۆخی كۆمەڵگەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەم دۆخە مەترسیدارەوە بگوازینەوە بۆ دۆخێكی ئارامترو رۆڵمان هەبێت لە كۆتایی هێنان بە دۆخێكی نالەبار كە هیچ كاتێك گەر بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت، دەسەڵاتی چوارەم و زۆرجاریش كە بۆتە دەسەڵاتی یەكەم و فشارهێنەر بۆ چاككردنی هەر دۆخێك كە بۆ خەڵكی قورس و گران بێت، لەبەردەم مێژوودا میدیا بەرپرسیاری یەكەم دەبێت لەئاست ئەو هەمووە بێباكیە بێ‌ سنوورەی كە میدیا لەناو ژینگەی رۆژنامەگەریدا بەرهەم هاتووە، كە بە بڕوای من لەم بارودۆخەشدا میدیا لەئێستاوە ئەو بەرپرسیارێتییەو نیشانەكانی خراپ مامەڵەكردن و كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر تاك و كۆمەڵگە دروستكردووەو گەیشتۆتە ئەو رادەیەی كە خەڵكی میدیا بەهۆكاری هەڵاوسانی كێشەكان بزانێت و لەبری فشار دروستكردن بۆ هۆكارەكانی دروستكردنی ئەو ژینگە ئاڵۆزە، فشاری لەسەر تاك و كۆمەڵگە دروستكردووەو وای لێهاتووە خەڵكی خۆ دوورگرتن لە هۆكارەكانی گەیاندن بە پشووی دەروونی بزانێت…

وێڕای پیرۆزباییم لە هاوپیشەكانم لەم یادەدا، ئومێدەوارم لە دۆخێكی وەها ئاڵۆزدا ئێمەی رۆژنامەنووس و میدیاكار لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بین، دوارۆژی كۆمەڵگەو كێشەو نیگەرانی و خەمەكانی خەڵك بە باشی بكەینە مادەی خامی كاركردنمان و رۆڵمان هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكان و گەیاندنی خەڵكی بەكەناری ئارام، چیتر لەباتی هەتوان خوێ‌ نەكەینە برینەكان و چیتر هەر یەكەمان شینی لەیلای خۆمان نەكەین


كوردستانی‌ نوێ‌ 

AM:04:42:23/04/2019