به‌شداریی ژن له ژیانی سیاسی‌دا، له دونیای ئه‌مرۆدا یه‌كێكه له‌و پرسه گرنگانه‌ی كه به پێوه‌ر و بنه‌مایه‌ك داده‌نرێت بۆ نیشاندانی ئاستی پێشکەوتوویی جڤات و كۆمه‌ڵگەکان. وه‌ك کردەیەکە له نموونه‌كانی پراكتیزه‌كردنی (ئازادیه‌كانی ژنان) و پێوه‌رێكیشه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كراوه‌یی و ئاستی پەرەسەندنی دیموکراسیەت. به‌ڕای ئه‌وان كۆمه‌ڵگه نه به‌ره‌وپێش ده‌كشێ نه و نه داده‌كشێ ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی ژنان گۆرانكاریی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت.
بە گەڕانەوەمان بۆ مێژوو، دەبینین به شێوه‌یه‌كی گشتی ژنان به‌شدارییەکی سیاسی لاوازیان هه‌بووە، به تێپه‌ڕبوونی كات، لە قۆناغ و سەرده‌مە جیاوازەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. له وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر، به‌پێی ئاستی هۆشیاریی كۆمه‌ڵگه‌و سیستەمی سیاسی و حوکمڕانێتیان، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئامادەیی سیاسیان بەرفراوانتر بووە.
پەرلەمان وەک بەشێک لە دامەزراوە سیاسیەکان وەکو ناوەندێکە بۆ پشکداریی ژنان لە سیاسەت و رووکارو ئەدایەکی دیار‌و بەرچاوی سیاسەتیشە لە وڵات‌دا، بەڵام نابێت ئەوە لەیادبکرێت مەرج نییە بەرزی ئاستی بەشداریی سیاسی ژنان، بەتایبەت لە پەرلەمان، مانای ئامادەیی راستەقینەی ژنان بێت. ئەگەر هاتوو خاوەنی قورسایی و سەنگ نەبن لە ناوەندەکانی بڕیار‌و ناوەندەکانی جێبەجێکار.
لە کوردستانی باشووردا، ژنان خه‌باتگێڕ و شۆڕشگێربوونە، بەشداریی شەڕەکانیان کردووە، لە دیوه‌خانەکاندا خاوەن بڕیار بوونە و جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست بووه. بۆ وێنە خانزادی میری سۆران، سەرکردەی لەشکرو فەرمانڕەوای میرنشینی سۆران بووە. هەرچەندە ئەم حاڵەتانە دەگمەن بوون و نەبوون بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و کلتووری. بەڵام ئەوەمان نیشاندەدات کە لە کۆمەڵگەی کوردی ژنانیش لەم بوارەدا رۆڵ و کاریگەریان هەبووە.
ئەوەی کە دەمانەوێت ئاماژەی پێبکەین، بەشداریی سیاسی ژنانە لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 1992. سەربەخۆبوونی هەرێم لە رووی ئیداریی و سیاسیەوە دەرفەتێک بوو بۆ هاتنەپێشەوەی ژنان لە مەیدانی سیاسی‌دا. حیزب ڕێگە خۆشکەری سەرەکی بوو، کە ژنان لە رێگەیەوە پشکیان لە کاری سیاسی و حوکمڕانی وەرگرت. هەرچەندە دەبێت قسە لەسەر ئەوەش بکەین کە ئایا ژمارە یان رێژە مانای بەشداریی راستەقینەی ژنان دێت؟
واباشترە فێمینیستە کوردەکان کار بۆ زیادکردنی ژمارەی ژنان لەهەر بوار‌و ناوەندێکدا نەکەن ئەگەر هاتوو پێوەری جیاوازی لەبەرچاو نەگرن، چونکە هەم ڕێژە و هەم جیاوازی دوو شتن تەواوکەری کامڵ‌بوونی ئامادەیی و لێهاتووی ژنانە لە گشت بوارەکاندا، وادەکات خواست و کارکردن و تێڕوانینەکانی ژنان بۆ دیاردەکان بەگوێرەی سروشتی ئەوان بێت و هەوڵقوڵاوی ناخێکی ژنانە و داواکاریی ڕاستەقینە و چێژبەخشبێت بۆ ئەوان. نەوەک لاساییەکی کوێرانە کە بەناوی ماف و ئازادیەوە دەرخوارد بە تاک دەدرێت و ئامانجی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی ژنانیش وەک ئەولەویەتی سەرەکی وەلاوە بنرێت.
بەشداریی سیاسی ژنان له كوردستان ته‌سكبووه‌ته‌وه ناو خه‌باتی پارته سیاسییه‌كان، به شێوه‌یه‌ك كه خاڵی ده‌ستپێك و كۆتایی کاری سیاسی ئەوێیە، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ژن شووناسی خۆی وه‌ك خاوه‌ن بڕیار له‌ده‌ست بدات و ملكه‌چی ئایدیا گشتیه‌كانی حزب بێت، نه‌توانن ئایدیا تایبه‌تیه‌كانی ژنان لەهەمبەر سیاسەت به ته‌نیا پراكتیزه بكه‌ن. کەساتیەکەی زیاتر ئاراسته‌كراوه.
ئه‌مه‌ش وایكردووه پێگه و ڕۆڵ و كاریگه‌ریان، ڕواڵه‌تی و ڕوكه‌شانه بن، له سیاسه‌تیشدا هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و كلتوور‌و دابونەریتە - كۆمه‌ڵایه‌تییه بمێنێته‌وه كه ئه‌قڵیه‌تێكی پیاوسالاری و خێڵه‌كی بۆی بیناكردووه . ئه‌مه‌ش جۆرێكیتری سه‌ركوتكردنی ژنانە بەشێوەیەکی مۆدێرنانە، کە ناتوانن وه‌ك پێویست له پرس و بڕیاره سیاسیه‌كاندا به‌شداربن، لاوازی ئاستی هۆشیاریان ببێت به بەهانە بۆ هێشتنه‌وه‌ی ژن له‌و فه‌زا ته‌سكراوه سنوورداره‌ی كه دیاریكراوه بۆ به‌شداریش سیاسی ژن.
هێنانی ژن بۆ ناو په‌رله‌مان، دیارترین نموونه‌ی به‌شداریی سیاسییه، به‌و پێیه‌ی ڕه‌وایه‌تی به دیموكراسیه‌تی سیسته‌می سیاسی ده‌به‌خشێت، یان به مانایه‌كی تر له رێگای كاندیدكردن و دواتر به ئه‌ندامبوونی ژنان له په‌رله‌مان سیسته‌می سیاسی مۆدێرنه بكرێت.
په‌رله‌مانی هەرێمی کوردستان، له ڕووی زیادبوونی ژماره‌ی كاندیدی ژن و به پشت به‌ستن به سیسته‌می كۆتا به به‌راوورد به خووله‌كانی پێشوو گۆرانكاری به‌سه‌ر داهاتووه. به‌ڵام زیاتر گۆرانكاریێكی ڕووكه‌شانەیە. بەشێوەیەکی گشتی په‌رله‌مان بۆته شوێنی خۆپێگه‌یاندن و ئه‌زموون په‌یداكردن، هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناتەندروستی پێوه‌ری كاندیدبوونی ژنان، لەوانە پاڵپشتی خێڵەکی و پاڵپشتی جەماوەری وڕادەی ملکەچی بۆ حیزبەکان.
چەندین هۆکار دەستیان لە لاوازی کاراکتەری سیاسی ژن دا هەیە لە هەرێمی کوردستان. لەوانە کەسایەتی ژن، بەواتایەکی تر کەسایەتی کاندیدە ژنەکان بەشێوەیەکی گشتی کەسێتی پاشکۆ و ئەدایەکی لاوازی هەیە، لەگەڵ ئەوەی پەروەردەیەکی پیاوسالارانەو ژێردەستەو خۆ بەکەمزانیی هەبووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر سەربەخۆبوونی کەسایەتی ژن هەیەو وای کردووە لە بڕیار‌و هەڵسوکەوتەکان بگەرێتەوە بۆ چاولێکردنەوە لە کەسایەتی پیاو، دروشمەکان زیاتر پیاوانەن تا ئەوەی لە ناخێکی ژنانەوە هەڵقوڵابن و دەربڕی خواست و ویستی ژنان بن.
تەنانەت تا ئێستا زۆر بەکەمی بگرە دەتوانرێت بگوترێت کە هەر باسی فێمینیست بوونیان نەکردووە و شارەزاییەکی ئەوتۆیان دەربارەی نییە کە بابەتێکی هەرە گرینگە بۆ سەرەتای هەنگاونان بۆ ژنبوونی خود. لە بەرنامەی کار‌و دروشمەکانیاندا ئەوەندەی پلان و کاری حیزبی‌یان هەیە و ئیشی لەسەر دەکەن، ئەوەندە كار لەسەر تەندروستی ژنێکی گوند، یان ژنانی کەم دەرامەت، نەخوێندەوار، خاوەن پێداویستی....هتد ناکەن. هەروەها بەکۆیلەکردنی مۆدێرنانەی ژنیان نەکردۆتە بەرنامەی کاریان، کەچی داواش لە ژنان دەکەن دەنگیان پێبدەن و بیانکەن بە نوێنەری خۆیان.
لەهەمانکاتدا بیرکردنەوەی دەنگدەران بە مەبەستی هەڵبژاردنی کاندید، ئاراستەیەکی ناتەندروستە و سیمای رۆشنبیری سیاسی ونە. روخسارێکی جوان، لەنجه ولاری ژن، لەلای زۆرێک لەوان پاڵنەرن بۆ هەڵبژاردنیان لەچاو پاڵنەری زیرەکی و بەتوانایی و لێهاتوویی کاندیدە ژنەکان. بێجگە لەوەی بنەماڵە و عەشیرەتگەریی نەک تەنها ژنی کاندید، بەڵکو بۆ کاندیدە پیاوەکانیش هەمان شتە، پێوەری هەڵبژاردنیان پێوەرێکی شیاو نییە، ئەوەندەی حیزبایەتی و خزمایەتی کاردەکات، ئەوەندە ئاستی مەعریفی و زانست و زانیاری و توانا‌و شیاوییەتی کارناکات. کاندید هەیە هەرجارەو ناونیشانێک و پیشەیەک دەداتە پاڵ خۆی، چونکە پێیوایە چەواشەی خەڵک ئاسانترە تا قبوڵکردنی سەرنەکەوتنی یان خۆدەرنەخستن بەوەی کە ئاستی پیگەیشتوویی و تێگەیشتوویی لاوازە.
فێمینیستەکان وای دەبین، کە پێویستە پشتگیریی لە هاتنە پێشەوەی ژنان بکرێت، تا زۆرترین رێژە بتوانن بەشداربن. ئەوەتا سیستەمی کۆتا هەیە کە لە رێکەوتننامەی سیداو، پەیماننامەی نەهێشنی جیاکاریی لەدژی ژنان سیداو (The Convention on the Elimination of All Forms of Discrimination Against Women) لە 1979. رێژەی %30 وەک کۆتای ڕەگەزیی ئیلزام کرد لەسەر وڵاتە ئەندامەکانی تاوەکو لەئەنجوومەنی نوێنەران پەیڕەوی لێبکەن. هەندێکیان وای دەبینن تا کاندیدێکی ژن هەیە، دەنگ بە کاندیدێکی پیاوان نەدەن. بەڵام لەهەمان کاتدا هەندێکی تریشیان باوەڕیان بەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەی پێویستە رێژەیەکی زیاتری ژنان بچنە پەرلەمان، بەڵام نابێت توانا‌و شیاوی ئەوان پشتگوێ بخرێت و کاراکتەرێکی لاوازی ژن لەسەر حیسابی کاراکتەرێکی بەتوانای پیاو بچێتە پێشەوە. بۆیە ئەرکی فێمینیستەکان ئەوەیە پەرە بە ئایدیا‌و رەفتاری فێمینیزم بدەن و فێمینیستەکان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن، هەرچەندە ئامانج لەمەدا، خزمەتێکی باشتری دۆزی ژنانە، کە خەمخۆریەکی زیاتریان هەیە بۆکێشەو گرفتەکانیان. هەرچەندە هەتا پرسی سیاسی و نەتەوەیی و حیزبی هەبێت، تەنانەت کاندیدە ژنەکانیشمان بابەتی ژنان و ژن‌بوون و کەموکورتیەکانی ژنان ناخەنە ئەولەویەتی کاریانەوە.
كه‌واته لێره پرسیارێك چه‌كه‌ره ده‌كات، ئایا ژن له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا خۆی خاوه‌ن كاریزمایه یان حزب كاریزما ده‌دات به ژن؟
ئەوەی کە راستربێت بەشێوەیەکی گشتی حیزب كاریزما به ژنده‌دات، ئه‌گه‌ر ئه‌م پێوه‌رانه‌ی ئاماژه‌پێكران پێوه‌ری كاندیدبوونی ژن بن بۆ وه‌رگرتنی جڵه‌وی سیاسی، چونكه حزب له‌ناكاوه‌وه كۆمه‌ڵێ ژن دێنێته ناو مەیدانی سیاسی كه پێشتر هیچ ئاماده‌كاریێك یان باگراو‌ندێكی وایان نه‌بووه كه به‌هۆیه‌وه بتوانن ڕۆڵی سیاسه‌تمه‌دار و سه‌ركرده بگێڕن، ره‌نگه چوارچێوه‌ی ئه‌زموونیان زۆر سنوردار بێت. به شێوه‌یه‌ك كه ته‌نها ئاماده‌بن له ژێر كاریگه‌ریی په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌كانی حزبدا بمێننه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ی كه حزب باوه‌ڕی به بوونی ڕاسته‌قینه‌ی ژن نییه له ناوه‌نده‌كانی بڕیاردا، به‌ڵكو به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ژنی له په‌راوێزی هاوكێشەكان هێشتۆته‌وه، زیاتر وەک رووکارێکی دیموکراسیانە دەیەوێ نیشانیان بدات .
شەهلا ساڵح/ مامۆستای یاریدەدەر/ماستەر لەسیاسەت لەبارەی فێمینیزم
جوان عه‌بدوڵڵا/ یاسایی وچالاكوانی سیاسی
k24