چۆن پرسیاربكەین؟!
مەم بورهان قانع


لە خوارەوە ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكەم بۆ چۆنێتیی پرسیاركردن لەكاتی سازكردنی چاوپێكەوتن، یان دیداری رۆژنامەنوسیی دا، ئەمەیش بۆ ئەوەی پرسیارەكانی مێدیاكارەكە، زیاتر پیشەیی بن و خزمەتی خودی مێدیاكارەكە و كەناڵەكانیان و هەروەها سەرخستنی چاوپێكەوتنەكانیشیان (بەشێوەیەكی پیشەییانە) بكەن.
گرنگترین شێوازی پرسیاركردنەكان بەمجۆرەن:

1- پرسیارەكانت زۆر كورت بن.

2- ئەو مانایانەی پرسیارەكانت دەیگەیەنن، دەبێت پوخت و رون و رەوان بن؟

3- هەوڵمەدە لە یەك پرسیاردا، چەند پرسیارێك بكەیت.

4- ئەو پرسیارانە بكە، كە لای زۆرینەی هاونیشتمانییان بونەتە جێگای پرسیار.

5- ئەو كەسەی پرسیاری لێدەكەیت، دەبێت زۆرترین زانیارییت لەبارەی خۆی و كارەكەیەوە هەبێت.

6- دەبێت لە پرسیاركردن دا رێزگرتنی میوانەكەت بەهێند وەربگریت (چ جوڵەی دەست، چ جۆری دانیشتنت، چ شێواز و ئوسلوبی پرسیارەكانت).

7- نابێت لەكاتی پرسیاركردن دا، زۆر بە شان و باڵی میوانەكەت دا هەڵبدەیت، چ بە وشە بێت، یان بە دەربڕینی سیما و جەستەتەوە دیاربێت.

8- بۆت نییه هەمو پرسیارێك بكەیت. پرسیاركردن ئەخلاق و بنەمای خۆی هەیە. مەرجنییە هەمو زانیارییەك كە دەستت كەوتبێت، بشێ‌ وەكو پرسیار روبەروی میوانەكەتی بكەیتەوە.

9- هەوڵبدە كەمترین پرسیارت لە پێش سازكردنی چاوپێكەوتنەكەدا ئامادەكردبێت، ئەمەیش بۆ ئەوەی لە كاتی چاوپێكەوتنەكەدا، پرسیاری زیندو دروست ببێت و بیكەیت. تەنها هەندێ‌ پرسیار پێشوەختە ئامادەبكە، كە داتا و بەڵگەنامەی گرنگ لەخۆبگرن.

10- لە پرسیاركردن و دواتر وەرگرتنەوەی وەڵامەكان دا، زۆر رێزی كات بگرە. ئەگەر ماوەی كاتی چاوپێكەوتنەكەت 25 خولەك بێت، وەها مامەڵە بكە كە تەنها پێنج خولەكت هەیە و دەبێت زۆرترین پرسیار بوروژێنیت و زۆرترین وەڵامیش بدرێتەوە بە وەرگر (متلقی).

11- ئەگەر وەڵامی پرسیارێكت وەرنەگرتەوە، سوربە لەسەر وەرگرتنەوەی وەڵامەكەی و، بۆ ئەمەیش، بە شێواز و داڕشتنەوەی جیا، هەمان پرسیار بكەرەوە.

12- پرسیاری راستەوخۆ مەكە (لە هەندێ‌ حاڵەتی دەگمەن دا نەبێت). بۆ نمونە مەڵێ‌: "تۆ فایلێكت لەسەر ئاشكرابوە كە تێوەگلاویت بە دزینی 200 هەزار دۆلار". بەڵكو باشتروایە بڵێیت: "چی دەڵێیت دەربارەی ئەو فایلەی بڵاوكراوەتەوە و باس لەوە دەكات كە 200 دۆلار لەسەر دەستی تۆ دیارنەماوە؟!".

13- هەوڵبدە لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا، پرسیاری ئاسایی بكەیت و پرسیارە گرنگ و هەستیارەكان بخەرە نیوەی كۆتایی چاوپێكەوتنەكەوە.

14- لە پرسیاركردندا، دوربە لە تۆمەتباركردنی میوانەكەت، یان لایەنی دیكە (چ راستەوخۆ بێت، یان ناڕاستەوخۆ).

15- هەرگیز بەناوی "كەسی یەكەمی تاك"ەوە پرسیارمەكە، بەڵكو هەوڵبدە بەناوی كەسی سێیەمی تاك، یان كۆوە پرسیاربكەیت. بۆنمونە بپرسە: "بەشێكی پارتە سیاسییە كوردییەكان رایان وایە كە تۆ وایت و وا...". یان: "فڵان پارلەمانتار، تۆی بەوە تۆمەتباركردبو كە واو وات كردوە.. رای تۆ لەمبارەیەوە چییە؟!"... هتد.

16- پرسیارێك مەكە؛ خۆت وەڵامەكەی بزانیت. واتا پرسیاری ساویلكانە مەكە. بۆ نمونە كە چاوپێكەوتن لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم دا دەكەیت، مەپرسە: "ئایا جەنابتان پێتانوانییە ئەم سیستمی بایۆمەترییە، خزمەتی پرۆسێسی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان دا دەكات؟". یان لە بەرێوەبەری گشتیی ئاسایش مەپرسە: "تۆ پێتوانییە ئاسایش شەونخونیی كردوە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان، لەكاتێكدا هەندێ‌ لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیی ناڕەزایی دەردەبڕن بەرانبەر بە كارەكانی ئەم دەزگا ئەمنییەی كوردستان؟!"... هتد.

17- هەرگیز لەكاتی سازكردنی چاوپێكەوتندا، مەڵێ‌: پێموایە، بە بڕوای من... هتد. بەهیچ جۆرێ‌ رای خۆت دەرمەبڕە. وەرگر پێویستی بە رای تۆ نییە، بەڵكو رای میوانەكەی دەوێت.

18- ئەو كەسەی چاوپێكەوتنی لەگەڵدا دەكەیت و پرسیاری لێدەكەیت، هەوڵبدە پێشەكیی چونە نێو دیالۆگەكەوە زۆر كورت بێت و مەڵێ‌: "میوانەكەم"، یان "پرسیارەكانم"، چونكە ئەو میوانی تۆ نییە و میوانی كەناڵەكەتە، ئینجا ئەو پرسیارانەیش كە ئاڕاستەی دەكەیت، پرسیاری تۆ نین و پرسیاری كەناڵەكەتە و گوزارشت لە كەناڵەكەت دەكەن.

19- ئازایەتیی و پیشەییبونی مێدیایی، لەوەدا نییە میوانەكەت بشكێنیت. ئەوەی دانیشتوە و پرسیاری لێدەكەیت، میوانی كەناڵەكەتە و، كەناڵەكەت داوایلێكردوە وەڵامی پرسیارەكانتان بداتەوە و ، میوانەكەیش كاتی خۆی بەئێوە بەخشیوە، بۆیە دودڵمەبە لە رێزگرتنی.

20- رێگا مەدە لە وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارەكان دا، میوانەكەت سنوری ئێتیكیی ببەزێنی و رۆبچێتە نێو ژیانی كەسیی خەڵكانی ترەوە، یان باسكردن لە پرسێك؛ كە بەزیان بۆ سەر ئاسایشی گشتیی، یان تایبەتیی بشكێتەوە.


خه‌ڵك 

AM:02:41:13/07/2017