دەربارەی راگرتنی پەخشی ناوخۆیی "ئێن ئاڕ تی"
مەم بورهان قانع

راگرتنی پەخشی ناوخۆیی کەناڵی "NRT" لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دا، سەرەڕای ئەوەی کە بەرێوەبەری گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیریی رایگەیاندوە: "لای ئەوانەوە، کەناڵەکە ھیچ کێشەیەکی یاسایی نییە"، ئەم داخستنە بە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕگەی پێنجەمی مادەی دوەمی "یاسای رۆژنامەگەریی لە کوردستان دا"، واتا یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٨ی پارلەمانی کوردستان دادەنرێت کە رێگانادات بە قەدەغەکردن و راگرتنی پەخشی ھیچ کەناڵێکی میدیایی لە ھەرێمی کوردستان دا.

لە پرسێکی لەمجۆرەدا، کە ھەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ سەر کاری رۆژنامەگەریی و ئازادیی رادەربڕین و بەرتەسککردنەوەی  ڕووبەری ئازادیی کاری میدیایی و رێگریکردن لە گەیشتنی پەیام و گوتاری میدیایی بۆ ھاوڵاتیان و ھەروەھا دروستکردنی ئاستەنگ بۆ کاری میدیایی، پێویستە رۆژنامەنوسان و داواکاری گشتیی و پارلەمانتاران (ئەوانەی لە خەمی ئەم ئازادییەدان و ژمارەیان لە پەنجەکانی تەنھا دەستێک تێپەڕناکات)، رێگریی لەم پێشێلکارییە یاساییە بکەن، کە پێشێلکارییە بەرانبەر بە زیندوترین کایەی کولتوریمان، کە کاری میدیاییە.

راگرتنی پەخشی ناوخۆیی ئەم کەناڵە لە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێم دا، پێویستی بەوەیە بەدواداچون و دواتریش لێپێچینەوەی ورد بکرێت؛ بەرانبەر بەو کەسانەی لەپشتی بڕیارێکی لەمجۆرەوەن، وەکچۆن ئەم راگرتنە، راستەوخۆ  حکومەت لێی بەرپرسیارە، کە کابینەیەکی لێوانلێوە لە پێشێلکاریی یاسایی.

NRT


AM:03:24:30/08/2018