شرۆڤەکاریی تەندروستی، خەریکە دەبێتە ڤایرۆسێکی دیکە!!
غازی حەسەن

بەهۆی زۆری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و فراوانبوونی کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتیی و کردەی پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی ئێجگار خێرا، کە خەریکە بڵێین لە ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر و بەرفراوانتر کاریگەریی لەنێو دەروون و ڕەفتاری خەڵک دروست دەکەن.

پێش ئەم دەرد و بەڵا گەورەییەی ناوی نراوە (ڤایرۆسی کۆرۆنا) مرۆڤایەتی تووشی شلەژان و تۆقانێکی مەترسیدار بووە. پێش ئەم بەڵایە ڕەخنەگرانی بواری ڕاگەیاندن بەجدی گلەیی و نووکتە و ڕەخنەیان لەدژی شرۆڤەیی سیاسی و نەمانی سنوور و بنەما لەقسەکردن و شیکاری ڕووداوە سیاسییەکان دەست پێکرد، ڕەخنەکانیشیان لەکردەوەدا بەشێوەیەکی گشتی دروست بوون، چونکە لەئەنجامی بێ دەسەڵاتی (دەسەڵاتی ڕاگەیاندن) نە گۆشت بۆ قەساب و  نەنان بۆ نانەوا نەمابوو. ئەمەش نەک هەر تەنیا هاووڵاتیانی بەئاراستەیەکی هەڵدێر و کەند و کۆسپ دەبرد، خەریک بوو ناخی بینەر و بەکارهێنەرانی ڕاگەیاندیش تووشی کرمێ بوون و ڕەوشتیشیان بەرەو خۆرکە لێدان ببات.

(کۆرۆنا) هەموو شتێکی لەبیربردۆتەوە، لەڕاستیدا ڕاگەیاندنەکان مرۆڤایەتیان لە(ترس و خێرا بڵاوبوونەوەی) ئەم دەردە کوشندە مرۆڤ تۆقێنەرە وریا کردەوە، ئەمە ئەرکێکی مرۆیی و دروستی ڕاگەیاندنە. ئەنتەرنێت ڕێبەرایەتی ئەم ئاراستە مرۆییە دەکات، چونکە ئەوەی ڕاگەیاندن بەڕێوەی دەبات و بەم خێراییە چووست و چالاکە زانیارییەکان بڵاودەکاتەوە، ڕەگی بە ئەنتەرنێت بەستراوەتەوە. خوێنی هەواڵ بەدەماری ئەنتەرنێتدا دەڕوات.

من باسی ڕاگەیاندنی کوردی دەکەم، کە هەندێکجار ماکی ناوچەگەریی بە گوتاری هەواڵەکانیان دیارە، تەنیا لەوەسفی کۆرۆنای نەعلەتیش جۆرێک لەئاماژەی نوقەدار لەباسکردنی خەڵکی ناوچەکان دیارە و تەنیا جیاوازیی لەناوهێنانی بەرپرسان و دەزگاکانی تەندروستی و لیژنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش هەست پێ دەکرێت. ئەمانە خۆجیاکردنەوەیە لەنێو ڕاگەیاندنەکانی یەک ناوچە و گروپیش دەردەکەوێت، ڕەنگە بەڕێوەبەر و خودی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکان هەست بەم جیاوازکارییە نەکەن، یان پێیان وابێت هێندە بەشاراوەیی ئەم گوتارە بەڕێوەدەبەن ژیریان پێش کاردانەوە خراپەکان کەتووە و کەس هەستیان پێ ناکات، لەمەد بەهەڵە چوون، چونکە ئەم هەڵسوکەتە بەر لەوەی عەقلی و لۆجیکی بێت، کردەیەکی دەروونی و فریودەرانەیە، نەعامە ئاسا وایە، سەری لەژێر خاک و کلکیشی لەدەرەوە دەلەقێتەوە.

گرنگ، شرۆڤەکاری تەندروستی هێندە زۆربوون، قسەکانیان هێندە درێژ و پڕ و تەڕاوە لەزانیاریی، نەک هەر وەرگرەکان پێویستیان بەترافیک و کاتێکی زۆر دەبێت بۆ لێتێگەیشتن، ڕەنگە خودی قسەکەرەکانیش لێیان تێک بچێت و قسەی بەیانیان وەکو نیوەڕۆ نەبێت و ئەوەی نیوەڕۆشیان وەکو قسەکانی ماڵ نووستنان نەبێت، ئەم گۆڕانە خێرا و فراوان ئاخاوتن و بێ ئاگایی و زۆر قسەکردن و یەکتر نەخوێندنەوەیە لەنێو دەزگا جیاوازەکان هێندە زەق و ماڵوێرنکەرە، گوێگر و بەکارهێنەرانی ڕاگەیاندنەکان لەجیاتی ئارامکردنەوە، تووشی شلەژان و دڵەڕواکێ و نیگەرانی دەروونی پتر دەکات، گەیشتۆتە ئاقارێک هەندێک ئەم شێوازە بە (درۆ و تۆقێنەر و ترسناک) وەسف بکەن.

دیارە ڕاگەیاندنی کوردی دەست بۆ هەر شتێک ببات، بەم دەردەی دەبات، ئەگەر سەرنجی ڕاگەیاندنە پڕۆفیشنالە نێودەوڵەتییە خاوەن بڕیارەکان لەسیاسەت و کۆمەڵایەتی بدەین، لەچوارچێوەیەکی سنووردار قسەدەکەن، نەبوونەتە کونە درۆ، بەکەیفو ماشای خۆیان پازپازانێ و ساپ ساپانێ لەنێو زانیارییەکان ناکەن و تورەگە و گۆترە قسە ناکەن، بێژەر نابێتە شرۆڤەکار و شرۆڤەکار ماڵ و شوێنی نووستنی لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن دانانێت، هەر بەرپەسە و بەپێی بۆچوون و مەزاج و خواستی کەسی خۆی لێدوان نادات.

شرۆڤەی تەندروستی خەریکە بەهەمان دەردی شرۆڤەی سیاسی دەچێت، کورد گوتنەی دەک بەقوڕمان گرتبێت، دەست بۆ هەر شتێک ببەین، خراپی دەکەین. زێڕ دەکەینە زبڵ. ئەوەی من باسی دەکەم، بەشێکی قسە و سەرنجی کەسانی ئاساییە، نەک کەسانی پسپۆری بواری ڕاگەیاندن، بێگومان ئەگەر کار گەیشتە ئەوەی کەسانی ئاسایی لە (هەواڵ و زانیارییەکان) گڕ ببنەوە و لێی بێزار بن، واتە کاری هەواڵی تەندروستی و شرۆڤەکان گەیشتوونەتە شوێنێکی خراپ، یان کورد گوتەنی لەشوێنێکی خراپ ڕۆژمان لێ ئاوا بووە. خەریکە شڕۆڤە تەندروستییەکانمان لەجیاتی قڕکردنی ڤایرۆسەکە،  خەریکە هەستکردنی خەڵک قڕ دەکەن و خۆی دەبێتە ڤایرۆسێکی دیکەی دژ لەزانیاریی و لێکدانەوەی زانستی و هێوربوونەوەی هاووڵاتی، گریمانەی ئەوەش دەکرێت وەکو ژنێکی حەفتا ساڵی پێی گوتم (تکایە تکایە هەواڵەکان داخە، دڵم تەقی) ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی مێشک و هۆش و نەست و دەروونمان بترشێت، دواتریش بترسێین.   



AM:06:34:30/03/2020