‌جه‌مال خاشقچی‌ جیهانی‌ هه‌ژاند
بورهان شێخ ڕەئوف



جه‌مال خاشقچی‌ یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌نووس و یه‌كه‌م كه‌سی‌ ئۆپۆزه‌سیۆنی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌ نیه‌ كه‌ بێ سه‌رو شوێن ده‌بێت به‌ڵكو پێشتر زۆركه‌سی‌ تر ته‌نانه‌ت له‌ شازاده‌كان واته‌ له‌ئه‌ندامانی‌  بنه‌ماڵه‌ی‌ پاشایه‌تی‌ ئال سعودیش بوون به‌ هه‌مان ده‌ردی‌ خاشقچی‌ چوون و شوێن بزر بوون .

له‌وانه‌ ناسر سه‌عید كه‌ له‌ ساڵی‌ 1979 ه‌وه‌ له‌ شاری‌ به‌یروت ی‌ پایته‌ختی‌ لوبنان شوێن بزركرا له‌وساوه‌ تائێستا كه‌س نازانێت چی‌ لێهاتووه‌ هه‌روه‌ها شازاده‌ سوڵتان بن توركی‌ له‌ شاری‌ جنێف له‌ ساڵی‌ 2003 ڕفێنرا هه‌روه‌ها شازاده‌ توركی‌ بن به‌نده‌ر كه‌له‌ فه‌ره‌نسا داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌ری‌ سیاسی‌ كردبوو ساڵی‌ 2015 ئه‌ویش له‌ به‌رچاوان نه‌ماو شوێن بزركرا هه‌روه‌ها چیرۆكی‌ جه‌نراڵ عه‌لی‌ قه‌حتانی‌ یه‌كێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی‌ پاسه‌وانی‌ نیشتمانی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌ كه‌ له‌ زیندانه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌دا بوو له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا گیانی‌ به‌خشی‌ ئه‌مانه‌و زۆری‌ تریش له‌ پشتی‌ زیندانه‌كانه‌وه‌ن له‌ چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نی‌ و مافی‌ مرۆڤ  كه‌ تۆمه‌تی‌ تیرۆر دراوه‌ته‌ پاڵیان  كه‌ چاوه‌ڕوانن حوكمی‌  هه‌ڵواسین و له‌ سێداره‌دان به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ‌ بكرێت .

خاشقچی‌ چی‌ لێهات 
له‌ سه‌عات یه‌كی‌ نیوه‌ڕۆی‌ 2/10 /2018 ڕۆژی‌ سێشه‌مه‌وه‌ هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ناوبراو به‌ جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆی‌  بڕاوه‌ و كه‌س هه‌واڵی‌ نازانێت دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌زگیرانه‌ توركیه‌كه‌ی‌ خه‌دیجه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌ له‌وكاته‌وه‌ چاره‌نووسی‌ نادیاره‌ هیچ هه‌واڵیكی‌ ڕاست ودروست به‌رده‌ست نه‌بوو  له‌سه‌ر روداوه‌كه‌ , تاوه‌كو ڕۆژی‌ شه‌مه‌ ئاژانسی‌ ڕۆیته‌رز له‌ دووسه‌رچاوه‌ی‌ توركیه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ سه‌ره‌تایی‌ له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ ده‌ست كه‌وت باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ جه‌مال خاشقچی‌ له‌ناو كونسڵخانه‌ی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌دا له‌ ئه‌سته‌نبوڵ كوژراوه‌ و لاشه‌كه‌ی‌ بۆ ده‌ره‌و براوه‌ .

كاتێكی‌ زۆری‌ پێنه‌چووله‌م هه‌واڵه‌ی‌ ڕۆیته‌رز  تاوه‌كو ڕۆژنامه‌ی‌ واشنتۆن پۆست ئه‌و ڕۆژنامه‌ی‌ كه‌ خاشقچی‌ بۆی‌ ده‌نووسی‌ هه‌واڵی‌ تری‌  ده‌رباره‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ تیرۆركردنی‌ ناوبراوی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ دوو سه‌رچاوه‌ی‌ نزیك له‌ تیمی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كاره‌ساته‌كه‌ , كه‌باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌و تیمه‌ی‌ كه‌ تاوانی‌ تیرۆره‌كه‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌  پێكهاتوون له‌ پازده‌ كه‌س كه‌ له‌ سعوودیه‌وه‌ هاتوون .

هه‌واڵێكی‌ سه‌رسووڕهێنه‌رتر له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ پێگه‌ی‌ میدل ئێست ئی‌ بڵاوی‌ كرده‌وه‌  كه‌ گوایه‌ خاشقچی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌و پێش ئه‌وه‌ی‌ له‌شی‌ ئه‌نجن ئه‌نجن بكه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر وه‌حشیانه‌و دڕندانه‌ و هه‌موو ی‌ تۆماركراوه‌ له‌ كاسێتێكدا و گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا .

هه‌واڵ و چیرۆكی‌ ئه‌م تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی‌ به‌ناوبانگی‌ واشنتۆن پۆست دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
عه‌ره‌بستانی‌ سعوودیه‌ نكووڵی‌ ده‌كا ؟ 
كونسڵخانه‌ی‌ سعوودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ به‌ توندی‌ ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خاشقچی‌ لای‌ ئه‌وان تیرۆر كرابێت یان لای‌ ئه‌وان بێت و  ده‌رگای‌ كونسڵخانه‌كه‌ی‌ بۆ په‌یامنێرانی‌ ئاژانسی‌ ڕۆیته‌رز كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانی‌ باره‌گاكه‌یان بكه‌ن به‌ڵام دواتر به‌ فه‌رمی‌ دانی‌ نا به‌ وه‌دا كه‌ له‌ناو قونسڵخانه‌كه‌دا شه‌ڕه‌ده‌م دروست بووه‌و دواتر خاشقچی‌ كوژراوه‌ .

كاردانه‌وه‌ی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ 
بزربوون و نه‌مانی‌ نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسی‌ ناوداری‌ سعوودیه‌ جه‌مال خاشقچی‌ كارادانه‌وه‌و نیگه‌رانی‌ زۆر ی‌ به‌ دوای‌ خۆیدا هێنا له‌ ناوه‌نده‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ و  میدیای‌ و مافی‌ مرۆڤ ...تد به‌شێوه‌یه‌ك وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا  نیگه‌رانی‌ زۆری‌ خۆی‌ ڕاگه‌یاندو وتیان له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ڕوداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن .

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ڕێكخراوی‌ لێبووردنی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ڕێكخراوی‌ په‌یامنێرانی‌ بێسنوور و نیگه‌رانی‌ توندی‌ خۆیان ڕاگه‌یاند ئه‌مه‌یان به‌ پێشێلكردنی‌ ئاشكرای‌ ئازادی‌ ڕاده‌ربڕین و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی‌ دیموكراسی‌ و تێكدانی‌ كه‌ش و هه‌وای‌ ئازادی‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا .هه‌موو ئه‌وانه‌ جگه‌له‌ چه‌ندین سیناتۆر و ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ كه‌ به‌توندی‌ ئیدانه‌ی‌ ئه‌و تاوانه‌یان كرد .

بێده‌نگ کردن و ده‌م داخستنی‌ نه‌یاران
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعوودیه‌ ده‌چێته‌ قاڵبی‌ ده‌م داخستن و كپ كردنی‌  هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سربه‌كه‌ی‌ ( بن سلمانه‌وه‌ن) كه‌ شازاده‌ی‌ جێنشینه‌ و به‌ته‌مایه‌ له‌ زووترین كاتدا له‌ سه‌ر كورسیه‌كه‌ی‌ باوكی‌ دابنیشێت به‌ تایبه‌تی‌ دوای‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ت و شاڵاوی‌ گرتن وزیندانی‌ كردنه‌ فراوانه‌ی‌ كه‌ ده‌ستی‌ داوه‌داتێ‌ دژ به‌ پیاوانی‌ ئاینی‌ و بزنسمان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌ مافی‌ ژنانیش ده‌كه‌ن .

له‌ كۆتاییدا من ئه‌م چه‌ند دێڕه‌م له‌سه‌ر خاشقچی‌ نووسی‌ وه‌كو به‌رگریه‌ك له‌ ڕای‌ ئازاد له‌ كاتێكدا وه‌كو هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ باسی‌ ده‌كه‌ن كه‌ خاشقچی‌ باكگراوندێكی‌ ئیخوانی‌ هه‌یه‌و دۆستی‌ ئه‌ردۆگانه‌و به‌ بنچه‌ش توركه‌  و زۆر شتی ناڕه‌وا ی‌  دژ به‌ كوردانی‌ ڕۆژاوا نووسیووه‌ بێگومان به‌رامبه‌ر باشووریش  له‌ كاتی‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌دا توێتی‌ زۆر ی‌ كردووه‌ .

به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ندێك كه‌س و قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ست ده‌ڵێن نابێت  میدیای‌ كوردی‌ باشی‌ خاشقچی‌ بكات كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ قاڵبی‌ ده‌مداخستن و سه‌پاندنی‌ ڕایه‌ ك كه‌ئه‌و تاقم و كه‌سانه‌ ئازادن باسی‌ نه‌كه‌ن .

وێستگه‌ نیوز 

AM:02:01:22/10/2018