کورد لە هاوکێشەی ئەمریکادا
کارۆخ خۆشناو


ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک (ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) دۆست و هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکایە، واتە کورد لە هاوکێشەی ئەمریکادا (ژمارەیەکی خوێندراوەیە) ئەویش بە هۆی ئەو فاکتەی کەوا کورد پڕۆ ڕۆژئاوا و پڕۆ ئەمریکایە، ئەم فاکتەش لە تێکشاندنی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە و شەڕڤانان سەلمێنرا، بەمانایەکی تر دەتوانین بڵێین کورد هاوبەشێکی متمانە پێکراوی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لەسەروبەندی نزیک بوونەوەمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، دوو پرسیاری گرنگ دێنە پێشەوە:

1- ئایا کورد چۆن بتوانێت درێژە بە بونی خۆی بدات لە ناو هاکێشەی ئەمریکادا؟

2- ئایا کورد چۆن بتوانێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا لە هاوبەشێکی سەربازی و تاکتیکی و کورت خایەنەوە بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانێکی سیاسی و ستراتیژی و درێژخایەن؟
 
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە (لە ئەگەری بردنەوەی تڕەمپ یان بایدن)دا پێویستە داڕێژەرانی بڕیار لە کوردستان ئەم شەش خاڵە لەبەرچاو بگرن:

1- پێویستە کورد لە زووترین دەرفەتدا هەوڵی ڕێکخستن و بەهێزکردنی ناو ماڵی خۆی بدات، واتە (بەهێزکردنی بارودۆخی خودی) لەهەمان کاتدا پێویستە کورد خوێندنەوەیەکی لۆژیکی بۆ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە هەبێت، واتە ( تێگەیشتن لە باردۆخی بابەتی)

2- پێویستە کورد هەڵبدات لە پاڵ ڕێکەوتنی سەربازی، ڕێکەوتنی سیاسیش لەگەڵ ئەمریکادا واژوو بکات، بە مەبەستی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی کوردستان لە ئەگەری هەر هێرشێک کە لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

3- گرنگە کورد ئامادەباشی بکات بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی (گرێبەستی سەدە و ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم) چونکە کۆی ئەم ڕێکەوتنانە لێکەوتەی (ئەرێنی و نەرێنی) بۆ سەر کوردستان دەبێت، هەروەها گۆڕانکاریەکانی ئەم ناوچەیە کۆمەڵێک (دەرفەت و هەڕەشە) بۆ کوردستان لەخۆ دەگرێت، هەموو ئەم ڕێکەوتنانەش لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئەمریکادا ئەنجام دەدرێن و لە دەیەی داهاتوودا (تاکو ساڵی 2030) تەواودەکرێن.

4- ئەگەر کورد بیەوێت هەمیشە پارێزراو بێت لەلایەن ئەمریکا و ئەوڕوپاوە، ئەوا کورد پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆ هەوڵبدات دامەزراوەکانی لەژێر چەتری دەستورێکی مۆدێرندا ڕێک بخات، واتە هەوڵبدات لێژنەی نوسینەوەی دەستور لە پەرلەمانی کوردستان کارا بکاتەوە، تاکو لە ماوەیەکی دیاریکراودا (ڕەش نوسی دەستور بکرێتە سپی نوس) و بخرێتە دەنگدان و پاشانیش جێبەجێکردنەوە.

5- هاوشان لەگەڵ تۆکمەکردنی ڕێزەکانی ناوخۆ، پێویستە کورد لە ئاستی دەرەکیشدا گرنگیەکی تایبەت بە پڕۆسەی (لۆبیکردن) بدات، بەتایبەت لە ئەمریکادا پێویستە هەوڵبدات پشتگیری دامەزراوە جیاوازەکانی ئەمریکا بەدەست بێنێت وەک (کۆنگرێس، کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە، پنتاگۆن، ناوەندەکانی توێژینەوە و پینک تانک) چونکە ئەم دامەزراوانە بەشداری کارایان هەیە لە داڕشتنی ستراتیژیەت و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.

6- پێویستە کورد لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) ڕێکەوتنی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا واژوو بکات، واتە گرنگە کورد بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا هاوتەریب و پاڕاڵێڵ بکات، بۆ ئەوەی کوردیش لە پاڵ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا هەمیشە پارێزراو بێت، بەمانایەکی تر پێویستە کورد لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش سیاسەت لەگەڵ ئەمریکا بکات، نەک هەوڵبدات لەسەر بنەمای سۆز (دڵداری) لەگەڵ ئەمریکادا بکات، چونکە سیاسەت لە ئەمریکادا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دادەڕێژرێت نەک لەسەر بنەمای سۆزداری!

لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی سەرەوەدا، پێویستە کورد بەردەوام بێت لە سیاسەتکردن بە ئاراستەی هاوسەنگی ڕاگرتن لە نێوان ئەمریکا و نەیارانیدا (بەتایبەت ئێران)، چونکە بەرژەوەندی کورد لە شێوازێکی سەردەمیانەی سیاسەتکردنە، بە ئاراستەی باڵانس ڕاگرتن.

سەرۆکی ئینستیتیۆتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی

AM:10:21:26/10/2020